٣\١\٢٠١١
تاج
و تەختى ژێردەسێتیت بۆچیە!؟

کامیل ژیر
تۆ کە
تێر و دەوڵەمەند و پێشەوا یا رابەرێبى
نان و خوانى ناکەسانت بۆچیە؟
با سەرێ یا ئەفسەرێبى، بۆ دژانت نۆکەرێبى
ناوو ئەستێرە و نیشانت بۆچیە؟
* * *
گەر لەکۆڕێکى سەرانا، سەرنەوى یا دابڕابى
تۆپ و لافى خانەدانیت بۆ چیە؟
پارە هەر بۆ پارەبێ، ئێشکگریبى، تاکو مابى
بآ دراویت، پاسەوانیت بۆچیە؟
* * *
مەى کە سەرخۆشت نەکات و بۆ خەم و ئاشووب و شەڕبێ
پێکى تاڵى ژارى مارت بۆچیە؟
کۆچ و بارت بێ کەسێک و دوورەخاک و بۆلەوەڕبێ
ساز و تارى راگوزارت بۆچیە؟
* * *
باوەڕێ نەتخاتە سەر ڕێ ورشەدارى مایەخەمبێ
ئاگرى ئەو بیرە تووشەت بۆچیە؟
نازەنینێ دڵ نەبەخشی، خاتو زینى کاکەمەمبێ
ئاوەڵێتى بووکەشووشەت بۆچیە؟
* * *
بێ دەسێکى ئاوەدان و بێ دەمێ ناوت بهێنێ
ماڵى زۆرى بێ شومارت بۆچیە؟
کەم بژى تۆ کەڵ بژى تا یادگارێکت بمێنێ
کوڵ و بارى ڕۆژگارت بۆچیە؟
* * *
بێ بەرامە و بۆنى سینەى، باهەوارى سەرچڵیبێ
شاگوڵى دەستى نەیارت بۆچیە؟
بارەگاکەت شێوەکارى باڵەخانەى (بابل)ێبێ
بێ (ئومێد)ێ لالەزارت بۆچیە!؟*
* * *
دایکەکانى رۆڵەکوژراو تاکو ئێستەش لێوبەبارن
ئاهەنگى سوورى شەوانت بۆچیە !؟
دوژمنانت کەرت و پەرتن بێئەمانن گورگى هارن
ناوبژیوانیی ئەوانت بۆچە !؟
* * *
گەل بەکامى دڵ نەبێتە پاسەوان و پشتیوانت
دیوەخانى بێکەسێتیت بۆچیە !؟
بێ قەوارەى سەربەخۆیی و یەکتەنێتى نیشتمانت
تاج و تەختى ژێردەسێتیت بۆچیە !؟
_____________________________
*
بابل:
مەبەست لەباخچە هەڵواسراوەکانى بابلە.
*
ئومێد:
ئەو ئافرەتە کوردەبوو کە
پاشاى بابل خواستى و باخچەهەڵواسراوەکانى بابلى بۆ کرد.
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|