تا دیوەخانان
لەلایەن پارتى و یەکێتى یەوە دابینبکرێت
کۆمەڵگاى کوردى مرۆڤى لاواز بەرهەم دەهێنێـت.

پێشڕەو حەمید
کورد ئەگەر وەک نەتەوە یەکێک بێت لەنەتەوە ڕەسەنەکانى کۆمەڵگاى
مرۆڤایەتى ئەوا وەک کەمەڵگایش یەکێکە لە کۆمەڵگا دواکەوتوەکانى و
تائێستاش وەک کۆمەڵگایەکى خێڵەکى درێژەبەمانەوەى خۆى ئەدات و
نەیتوانییەوە لەگەڵ گۆڕانکاریەکانى سەردەمدا یەکبگرێتەوەو واز لەو
سروتانە( تقلید ) بهێنێت کە لەمپەرێکى چالاکە بۆپاشخستنى و جێمانى
لەوڕەوتەى کە ئەگەرلەگەڵیدا بەردەوام بێت دەیکاتە کۆمەڵگەیەکى هوشیارو
لێبوردەو ژیان دۆست ، یەکێک لەهەرە سیفەتە ( خو ) ناتەندروستەکانى
کۆمەڵگاى کوردى گەرمکردنى بازاڕى ( دیوەخان ) ە کانیەتى ، دیوەخانى
ئاغاکان ، دیوەخانى شێخەکان ، دیوەخانى سەرۆک حیزبەکان و هتد ، ئەم
جۆرە دیوەخانانە هەریەکەو لەکات و سەردەمى خۆیدا بەفۆرمى جیاوازجیاواز
کار بۆگەرمترکردنیان کراوەو لەوپێانەوەشدا گەلێک کەس بونەتە قوربانى
سەرخستنى پرۆژە گەلى دیوەخانەکان .
تاکە باڵادەستەکانى کۆمەڵگاى کوردى لەڕێگەى بەکارهێنانى هێزە وە
بەردەوام لەهەوڵى ئەوەدابوە کە زیاتر خۆى بسەپێنێت و هەمیشە بەردەرگاى
دەرەوەى دیوەخانەکانى پڕ بێت لەخزمەتکار و پاسەوان و لەژوەر تاریکەکانى
دیوەخانەکانیشیاندا پڕبێت لەکەنیزە بۆدەستگەرمکردنەوەو دامرکاندنەوەى
ئارەزوەکانیان .
دیوەخانى کوردى ئەگەر لەماوەى سەد ساڵى ڕابردودا جێکۆى شۆڕشگێرەکان
بوبێـت و لەبرى بارەگاى حیزبى سیاسى ئێستا ، هەمیشە جیگاى
کۆڕوکۆبونەوەو داڕشتنى ) پلان ) ە بەرگریەکان بوبێت لەبەرامبەر
دوژمونانى نەتەوەدا ، ئەوا بەهەمانشێوەش هەرلەو سەردەمانەدا جیگاى
داڕشتنى ( پیلانى ) دژ بە خاوەن دیوەخانەکان بوەو هەناسەى باڵاى ئەو
هێزانەبووە کە هەمیشە خواستویەتى کە کورد لەسەر نەخشەى کۆمەڵگاى
مرۆڤایەتى دا بسڕێتەوە ؟! چونکە هەیشە پیاو گەلێکى باڵا دەست لەناو
نەتەوەى کوردا بونیان هەبوە کەلەپێناو مانەوەى دیوەخانەکەى و شەوە
سورەکانیادا خیانەتى لە نەتەوەکەى کردووەو لەدژى ئامارەتەکانى تر
هاوکارى سەرخستنى پیلانەکانى دوژمونانى کوردى کروە بۆ لەناوبردنى ئەو
ئاماراتانەى کە مێژوى دورو نزیکمان پێمان دەڵێن خیانەتى کورد لەکورد
هەرەسى پێهێناون .
دیوەخانى کوردى سەرەڕایى ڕۆڵبینینى پۆزەتیڤانەى لەهەندێک لەمەسەلە
چینایەتى وکێشە سیاسى وکۆمەڵایەتیەکاندا ، زیاتر ڕۆڵى کاراى بینیى وە
بۆ فەرامۆش کردنى ئەو هەوڵانەى کە کارى بۆ بڵاوکردنەوەى چەمکى لێبوردەی
و لێکتێگەشیتن کردوە ، بەتایبەتى ڕۆڵبینیى ئێستاى دیوەخانى کوردى
لەدەرەوەى ئیتیکى ئاکارە ئینسانیەکانەوە و هەندێک جار ئەم جۆرە
دیوەخانانە ڕۆلى دادگاکان دەبینین و بە یاساى خێڵ ئەو مرۆڤانە دادگاى
دەکەن کە بەشدارە لەبەزاندنى ( سنورى بازنە خێڵەکیەکاندا ) بەتایبەتى
ئەو کچ و ئافرەتانەى کە لەلایەن بەرپرسان و مرۆڤە شەهوەت بازەکانەوە
بەزۆرەملێى خۆیانیان تێدا خاڵى دەکەنەوە و لەبرى ئەوەى دیوەخانەکان
هۆکارێک بێت بۆ وەرگرتنەوەى شەرەفى ئەتککراویان و ڕۆڵێکى فریاد ڕەسانە
لە وپێناوەدا ببینێـت ، دور لەهەمو عورفێکى ئینسانیانە چەند سمێل
بابڕێکى دیوەخان سەرپشک دەکات بۆ سورکردنى دەستەکانیان بەخۆینە
حەڵالکراوەکانیان .
ئەو مرۆڤە مێینانەى کە بەهێزو پاڵپشتى کردنى دیوەخانەکان یارى
بەچارەنوسیانەوە دەکرێت و شەرەفیان لێوەردەگیرێتەوە، جارێکى تر بەناوى
پاراساتنى شەرفەوە دوبارە لەلایەن پیاوەکانى دیوەخانى خێل و عەشیرەت بێ
شەرەفیان پێدەکرێت و بەبیانوى ( غسل العار ) تاوانیکى تر ئەنجام ئەدەن
.
سەرەڕاى ڕۆڵبینینى دیوەخانەکان بەو ئاقارە ژیان کوژیانەدا هێشتا
پیاوەگەروەکانى کوردستان واز لە ئەقڵێتى دەرەبەگیایەتى و خێلەکى
ناهێنێـن و دەرگایەک بەرٍوى ئەو هەمو پێشکەوتنانەى مرۆڤایەتدا ناکەنەوە
کەئێستا لەبەردەم دەرگاکانماندایەوە سیحرى دیوەخانەکان کۆڵمیان داوە ،
دیوەخانەکان بەهەمو شیوەکانییەوە لەئێستا هۆکارێکە بۆمانەوە و زاڵبونى
ئەقڵێتى کۆنەپارێزى بەسەر هەوڵى کرانەوە و واقیع بینانەى ئەو تاک
گەلانەى یان ئەو ڕیکخراوە مەدەنیانەى کە دەیانەوێت ئەقڵ و ئاراستەکردنى
پرسیارو درکاندنى گومانەکان بگەڕێننەوە بۆ تاک و خودى مرۆڤ ، کە
ئەقڵێتى دۆگماى دیوەخانەکان لەنێو بازنە تەسکەکانى خۆیدا تەل بەندى
کردون .
تا دەرگاى دیوەخانەکان دانەخرێن ، ئەوا کچان و ژنانى کۆمەڵگاى کوردى
هەمیشە لەبەر دەم مەترسى کوشتن و ئەتکردندان و بەناوى پاراستنى
شەرەفەوە بیشەرەفى بەرامبەریان دەکرێـت ، تا دەرگاى دیوەخانەکان
دانەخرێن ، کۆچەو کۆڵانەکانى کوردستان خاڵى نابێتەوە لەو بونەوەرانەى
کە لەژێر پشتوێنەکانیانەوە ( دەمانەچە ) کانیان دەشارنەوە، تاسەردانى
بەرپرسان بەناوى بەسەرکردنەوە ى خزمانەوە بەردەوام بێت،
تەلەفزیۆنەکوردیەکان هیچ هەواڵێکى بایەخدار و پرلەزانیارى لەدەرەوەى
سنورى دەسەڵاتى یەکێتى و پارتیدا بۆ بینەران ناگۆێزنەوە ، تا دوکەڵ
کێشى دیوەخانەکان ژینگەى ئەم وڵاتە پیس بکات ، قردێلەى پرچى قوتابیە
کچان جگەلە ڕەنگى خۆَلەمیشى هیچ ڕەنگێکى تر نانوێنێ ، دەرگاى
دیوەخانەکان دابخەن ، تابۆ ئەوەىئەم جارەیان لە سفرەوە دەستپێنەکەینەوە
وئەوەى ئەمڕۆبەدەست هاتوە لەماوەى 80 ساڵ لە قوربانیداندا ، نەبیتە
بەشێک لەخەونێکى لەدەستچوو.
تا دیوەخانـــانە لەلایەن پارتى و یەکێتى یەوە دابینبکرێت و بەشێک
لەسەروەت و سامانى کوردستان بۆ پیاوە موقەدەسەکانى دیوەخان بڕوات ،
ئەوائەم کۆمەڵگایە بەردەوام دەبێت لەبەرهەم هێنانى مرۆڤى هەزیل و بێ
ئیرادە دا .
PeshrawHameed@gmail.com
|