په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٢

    تاعوون لە هۆڵى بلیارددا.

رێبین ئەحمەد خدر

١.

دۆزەخ ئاگری گرتووە
بەدبەختییە
من دەنێرن لەبەھەشت
سەتڵێک ئاو بێنم!

٢.

فریشتەکە
فڕینی بیرچۆتەوە،
زەمینی لێ بۆتە تاراوگە.

٣.

کاتێ ڕۆشتم
چاوەکانت پڕبوون لە فرمێسک،
پیازت پاک دەکرد.

٤.

تەواوی لێوەکانی گەڕەک کۆبوونەتەوە،
ماچێک لەحەوشەکەمان شین بووە.

٥.

وەک چۆن چاوەڕێی
پاسمان کرد،
ئاوا چاوەڕێی
ئازادییمان کرد.

٦.

دڵفڕاوانم..
لەجەھەننەم بۆ گوناھبارێگ ئاگر نەمابوو،
پێشنیارمکرد
کەمێک بە ئاگری من بیسووتێنن!

٧.

لە دەرگای ماڵی ئایندەم دا
حەیف
رابردوو بە خەواڵوویی لێی کردمەوە.

٨.

منداڵەکە
کەللەسەرێکی کرد بە دەخیلە
تا بە پارەکەی کۆللارەیەک بکڕێ.

٩.

کۆتری نامەبەر
بێ ئیش بووە،
کەس نامەی پێدانانێرێت.

١٠.

گوڵدانێکی گەورە بەبەردەممدا ڕەت بوو:
پیکابێک دواوەی پڕبوو لەکچ،
لە کار دەھاتنەوە.

١١.

دڵۆپە ئاوێکمان چاند
گەشەی کرد،
بوو بە کوورە.

١٢.

دەست لەملی خۆر
- وێنەیەکم لەگەڵ
ھاوین گرتووە،
بەئاستەم قاچێکی زستان دەرچووە
بەفر دەبارێ و
تۆ شێرەبەفرینە دروست دەکەی.

١٣.

بۆیاغی زەرد لە شیعرەکانم دەدەم
تا پایز تێپەرێ و
ھەڵنەوەرێن.

١٤.

من بە پەتی سێدارەوە دەلەرێمەوە
ڕێواس لە کێوەکان ھاتۆتەخوار
دەستی ئەفسانەی گرتووە
- چواردەورمان پڕە لە دێو.

١٥.

تاعوون لەھۆڵی بلیارددا ھەڵدەفڕێ
پیرەی چاویلکە سوور گۆرانی دەڵێ :
خانمەکە سینگی من ئوتووکە
خانمەکە لەکراسەکەم گەڕێ.

١٦.

مەمکەکانت بەھەزار جل و بەرگ ون نابن
تەنانەت
بە جادووگەریش.

١٧.

ھەبوو نەبوو کیسەڵێک ھەبوو زۆر خێرابوو،
لەماڵەوە دەریانکرد،
لەدارستانیش
(کڵاشم دڕا و ھیچم پێ نەبڕا).

١٨.

گۆی زەویم بچووک کردەوە
ئاوی ھەموو رووبار و دەریاکانم کردە پەرداخێک
- خواردمەوە
درەختەکانم وەک سەوزە ھەڵلوشین
چیاکان وەک کێک
- ئاژەڵەکانیش،
مرۆڤەکان نا،
من لەبەر ئەوان زەمینم بچووک کردەوە!

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک