په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١١\٢٠٢٠

تا کەی درۆ ئەکەن؟


ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب   


بە ھۆی شکست و ئیفلیج بوونی حکومەتەوە رۆژانە گوێمان لە کۆمەڵێک درۆو دەلەسەو قسەی بریقەدار ئەبێت و بەرپرسان سەریان لێشێواوەو نازانن و ناتوانن رێگا چارەیەک بۆ موچەی ھاوڵاتیان و کێشەکانی کوردستان بدۆزنەوەوو بۆ ئەوەی درێژە بە درۆکانیان بدەن ھەریەک لە سەر ئاوازێک ئەخوێنێت و سەما ئەکات و بەو رەفتارە قیزوەنە خەڵک فریو ئەدەن و مانگ دریژ ئەکەنەوە لە ٣٠ و ٣١ رۆژ بۆ ٦٠ و ٦٢ رۆژ یان زیاترو خەلکیش بەم داھێنانەی حکومەت پێئەکەنن و لە ھەمان کاتیشدا ریسوای ئەکەن.


بۆ دامرکاندنەوەی رق و کینەو ئاگری دەروونی ھاوڵاتیانی بێ موچە یەکێک لە درۆزنەکان ئەڵێت ڕەوشی دارایی ھەرێم بەرەو دۆخێکی باشتر ھەنگاو ئەنێت و، یەکێکی تر ئەڵێت ئەگەریرێککەوتنلەنێوانھەرێموبەغداھەیەو لە چەند رۆژی داھاتوو حکومەتی عێراق پارەکەی ھەرێم ئەنێرێت و تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە ــ ٣٢٠ ــ ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ڕەوانە ئەکرێت و گەشبینم حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق ئەگەنە ئەنجام و بەمزوانەپرسیموچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارەسەر ئەکرێت و، ئیتر بەو شێوەیە درۆزنەکان زۆرتر ئەبن و فەرمانبەران و مامۆستایان چاوەرێی ھیمەت و بەرەکەتی بەرپرسە باڵاکانن کە شەوو رۆژ بۆ گیرفانی خۆیان کار ئەکەن.


درۆزنەکان زۆرن و ھەرچی بکەن کەس متمانەی پێیان نییەو بۆ نموونە ئەگەر بارودۆخی ھەرێم باشە ئەی بۆچی موچەی فەرمانبەران نادەن و چاوەرێی چین؟ و ئەگەر رێککەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە بۆ پارەی خەڵک نادەن و بە تەمایی چین؟ و وەک دەر ئەکەوێت تاقمی نوری المالکی و عەمارالحکیم و حیدر عەبادی و سائرونی موقتەداو حزبە شیعەکان دژی ناردنی پارەن و لە پەرلەمانی عێراق و لە سەر تەلەفزیۆن رۆژانە چەندین دموچاوی ناشیرین و کەسانی چاوچنوک و بڵح ئەبێنرێن و ھەر یەک بە جۆرێک بە سەر کوردو کوردستان ئەزژێتەوەو قسەی نەشیاو ئەکەن و، بەرامبەر بێتوانایی و رەفتاری چەوتی حکومەت خەڵک باجی ئەو سوکاییەتییەش ئەداتەوە.


حکومەت پەنا بۆ درۆ ئەبات و ھەموو شتێک ئەخاتە ئەستۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کوروناو، بەرپرسانی حکومەت باش ئەزانن و لە بیریانە ئەوان نەیاتوانیوە موچەی خەڵک لە کاتی خۆیدا بدەن کاتێک نرخی تەوت بەرز بوو پەتای کوروناش بوونی نەبوو ئەوەش راستی حکومەتە شکستخواردووەکەی کوردستانەو ھەروا درێژپێدەری حکومەتە شکستخواردووەکانی کابینەکانی پێشوترە.


باشە ئێوە بە دوو مانگ بە داھاتی نەوتی کوردستان و دەروازە سنورییەکان و باج و دەسکەوتی تر نەتوانن پارەی مانگێکی موچەخۆران مسۆگەر بکەن ، ئەی بۆ دانشتون و بە تەمای چین ؟ و ، ئەگەر راست ئەکەن دەست لەکار بکێشنەوەو با خەڵکی تر جێی ئێوە بگرێتەوەو خۆتان بە ناردنی شاند بۆ بەغدا چیتر ھیلاک مەکەن.


بۆ چارەسەری سەرجەم کیشەکانی کوردستان پێویستە:


ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی نھێنی ــ ٥٠ ــ ساڵەی نێوان ھەرێمی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی نەوتی کوردستان بە خۆرایی نەدرێت بە تورکیا.


ھەوڵ بدرێت پەردە لە سەر ئەو رێککەوتنە پر شەرمەزارییە ھەڵماڵرێت چونکە بە بێ رەزامەندی پەرلەمان و گەلی کوردستان کراوە.


ئەبێ بەپێی رێککەوتن و راستگۆیانە نەوت رەوانەی کۆمپانیایی سۆمۆ بکرێت و ئەو ھەنگاوەش دەمی دۆژمنانی گەلی کوردستان ئەدورێتەوەو لە کارە گڵاوەکانیان دوور ئەکەونەوەو گوشاریان بۆ سەر ھەرێم نامێنێت بەڵام ئەگەر حکومەت پابەند نەبێت بەو رێککەوتنە ھیچ کەس ناتوانێت پارە بۆ ھەرێم بنێرێت.


باشە ھەموو کات دەستوری عێراق رێگا چارە بێت بۆ چارەسەری کێشەکان و نەوەک لە کاتی ھەستکردنی حکومەت بە لاوازی بیر لە دەستور بکاتەوەو بکروزێتەوەو لە کاتی ھەستکردن بە توانای خۆی واز لەو دستورە بێنێت و پشمگوێ بخات.


وازھێنان لە خۆگیڤکردنەوەو لوتبەرزی وقسەی بێبنەماو درۆکردن.


بنبرکردنی قاچاغچێتی بە نەوت و و شتومەکی ترو کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان.


پشتبەستن بە خەڵکی کوردستان و ئەم و ئەوو کۆنفرانس بەستن بێسوودەو ھەوڵبدرێت ھەموو کیشەکانی لە ریشەوە بەپێی یاسا چارەسەر بکرێن نەوەک لە سەر سێنگ دەرپەراندن.


باشە دۆست و ناحەزانی کوردستان لە یەک جیا بکرێنەوە.


گرنگی بدرێت بە ناردنی شاندێک بە سەرۆکایەتی کەسانی خاوەن بریار بۆ ئەوەی ھەرچی گیروگرفت و کێشە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند ھەیە چارەسەر بکرین وکۆتایی بەناردنی شاندی بێدەسەڵات بھێنن چونکە لە چوون و گەرانەوەی ئەو شاندە لاوازانە تەنھا پارە خەرج کردنە و تا ئێستا ھیچیان نەکردووەو لە قسەی زل و کۆنفرانس بەستن نەبێت.


٢٧\١١\٢٠٢٠
ماڵپه‌ڕی ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک