په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

تاکى کورد منداڵەکەى کۆپیدەکاتەوە...!!...دیاردە و ڕاوێژ .

     
حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ*


زۆر لە دایک و باوکان،هەروەها مامۆستاکانیش وا دەخوازن کە منداڵان وەکو ئامێرێکی گوێڕایەڵ وابن و هەموو ئارەزوویەکی ئەوان جێبەجێبکەن..ئەوان دەیانەوێت مناڵ هیچ کەسێتیەکی نەبێت و ببێتە کۆپیەکی تەواو لە کەسێتی ئەوان ... بۆ وێنە دایک و باوکی بیرمەندو بیریار دەیانەوێت منداڵەکەیان خەریکی کاروباری بیرکاریی قورس بکات و هەموو توانایەکی خۆی هەر بۆ ئەو کارە تەرخان بکات..هەروەها دایک و باوکی وەرزشکار دەخوازن منداڵەکەیان لەش و جەستەیەکی پتەوی وەرزشی هەبێت و هەر خەریکی مەشق و راهێنانی وەرزشی بێت ، یان دایک و باوکی دەوڵەمەند بەربەست و تەگەرە دەخەنە بەردەمی منداڵەکەیان کەوا خۆی تێکەڵ بە منداڵی خێزانە هەژارەکان نەکەن..ئەو دایک و باوکانەش کە هەر سەرقاڵی سیاسەتن و خەباتگێڕن دەیانەوێت منداڵەکەیان تەنها خولیای سیاسەت و نیشتمانی لە کەللەدا بێت و بەلای هیچ حەزو خولیایەکی دیکەدا نەچێت .. ئەو باوانانەش کۆنەخواز و موحافیزکارن، هەمیشە فەرمانیان ئەوەیە کە منداڵەکانیان لە سنووری دیاریکروای خێزاندا بسوڕێتەوەو دەرکەنار و لاچەپ ڕاوەستن لە هەر ئارەزوویەکی منداڵانە کە زۆرینەی منداڵی کۆمەڵگا پێوەی سەرقاڵن . بەڵام لەراستیدا پێویستە ئەو جۆرە دایک و باوکانە چاک بزانن کە منداڵ بوونەوەرێکی ئازادو سەربەستە ناکرێت وەکو پارچە قوڕێک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بەئارەزووی گەورەکان فیگوڕو پەیکەری لێ دورست بکرێت .


منداڵ بوونەوەرێکی هەستیارەو بەرەنگاری هەزاران تاقیکردنەوەو گرفت و کۆسپ و ئاریشە دەبێتەوەو بەزۆر بارودۆخی جیاوازدا تێدەپەڕێت..لەمنداڵی توڕەبوون و هەڕەشە لێکردنی بۆ ئەوەی کە گوێڕایەڵمان بێت کارێکی سەخت و دژوارە بۆ منداڵەکە و بۆ گەورەکانیش لە هەمانکاتدا !


ئەو منداڵەی کە لەژێر زەبرو فشاری فەرمان و ئامۆژگاری تووڕە ئامێزی زۆروزەوەندەی باواندا بناڵێنێ، شێوازێکی پەروەردەی دژوار و سەختی بەسەردا بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی کە دەقاودەق و سەد دەرسەد کۆپییەکی دایک و باوکی بێت، بەپێی خواست و ئارەزووی ئەوان رەفتارو هەڵسوکەوت بکات بەبێ ئەوەی کە خواست و خولیاو ئارەزووی منداڵەکە بدۆزێتەوەو رەچاو بکرێت و بەهێندە وەربگیرێت ، مامەڵەی مرۆڤێکی ئاسایی لەگەڵدا ناکرێت کە خاوەنی تواناو هێزو وزەی تایبەتی خۆیەتی !


بێگومان لە ئاکامدا ئەم منداڵە دووچاری ترس و دڵەڕاوکێ و چەپاندنی (کەپتکردنی) حەزو ئاواتەکانی منداڵێ خۆی دەبیـَتەوە ... هەمیشە هەست دەکات بەرامبەر هەر رەفتارو هەڵسوکەوتێکی کە ئەنجامی بدات کەوا لەژێر قامچییەکی توندایە ، ئیتر ئەم منداڵە دووچاری دوو حاڵەت دەبێتەوە یان ئەوەتا تووڕەو پەست دەبێت، سەرچڵ و سەرکەش رادەوەستێ رەنگە گڕۆزو وڕکاوی لێدەرچێت، لەسادەترین کێشەو گرفتدا دەستە وەستان و دەستەویەخە دەبێت ، متمانەی بەخۆی نامێنێ، بڕوای بەخۆی و بڕیارەکانی خۆی نامێنێ، وردە وردە ئەم منداڵە گۆشەگیرو دوورە پەرێز دەبێت ، کەم لەگەڵ خەڵکدا دەگونجێت و سەردەکەوێت، یان ئەوەتا دەقاودەق دەبێتە کۆپیەکی گەورەکان، بەئارەزووی ئەوان دەژی، تەنها لاساییکردنەوەی باوان دەزانێت ، ناتوانێت کەسێتی تایبەتی خۆی بچەسپێنی ، نابێتە خاوەنی هێزو دەسەڵاتو بڕیاری خودی خۆی، ئەم منداڵە لەو کەسێتییانە دەبێت کە بەبێ لێکدانەوە و گفتوگۆ هەموو دەسەڵاتێک قبوڵ دەکات، زوو باوەڕو متمانە بە خەڵک دەکات، بریارێکی خۆی پێنادرێت ، بۆ هەموو کێشەو گرفتێک و بڕیاردانێک پشت بەکەسانی دەوروبەری دەبەستێ، بەتایبەتی لەکاتی تەنگانەو کاری دژوارو عاسی ناتوانێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، بەرامبەر هەموو رووداوێک دەچەمێتەوە، لە بەرامبەر کارەساتی ئاساییدا ورە بەردەدات، وەکو ئامێرێکی لێدێت بەدەست خەڵکیەوە و بەپێی ئارەزووی خۆیان دەیبنرێنن و زوو دەبێتە کوێلەی هەموو کەسێک !


لەبەر ئەوە ئەم شێوازە تەرزە لە پەروەردەکردن ، کە باوان دەخوازن بە ئارەزووی خۆیان منداڵ بخەنە ژێر رکێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە منداڵ گوێڕایەڵ و کۆپی کەسێتی خۆیان بن ، کارێکی خراپ و نابەجێ دەکەن ، پەروەردەیەکی کۆنەخوازو نێگەتیڤی و نابووت پیادەدەکەن ، ئەم جۆرە پەروەردەیە پشت بەتوندوتیژی و چەقبەستوویی و تۆخترکردنەوەی داب و نەریتی سواوی دێرێن دەبەستی َ ، سوود لە پەند و حیکمەت و زانینی هاوچەرخ وەرناگرێت .. تەنانەت سوود لەو فەرموودە مەزنەی ئیمامی عەلی (خوا لێی رازی بێت) وەرناگرن کەبەر لە هەزارو چوارسەد ساڵ فەرموویەتی (منداڵەکانتان بۆ سەردەمی خۆتان پەروەردە مەکەن ) کە ئەمەش حیکمەت و مەعریفەیەکی زۆر گەورەی تیادیەو زانا مەزنەکانی بواری دەروونناسی ئەم سەردەمەش جەخت لەسەر ئەو شێوازە پەروەردەیە دەکەنەوە..چونکە راست و دروستە..ئازادی و سەربەستی بەخشین بەکەسێتی منداڵ لەبیرکردنەوەو رەفتارنواندن و یاریکردندا هەروەها دەسەڵات و هێز و رکێف نەسەپاندن بەسەر منداڵدا،منداڵ لە کەشوهەوایەکی ئازاددا پەروەردەو گۆشدەکات ، ئاسوودەیی و هێمنی پێدەبەخشێ ، باوەڕو متمانە بەخۆی و دەوروبەرەکەی زیاد دەکات ، کەسێتی منداڵ سەرکەوتوو دەبێت لەوەدا کە دەتوانێت بەرەنگاری کێشەو گیروگرفتەکانی خۆی ببێتەوەو بڕیاری چارەسەرکردنیان بدات ...


دووچاری راڕایی و گومان و ترس و دڵەڕاوکێ نابێتەوە ... ئەم منداڵە خۆی هاوسەنگی دروست دەکات لەنێوان گوێڕایەڵی (کوێرانە)و عینادی و کەللە رەقی (سەرچڵانە)دا ..! پەروەردەی ئازادو پیادەکردنی شێوازی نەرمونیانانە زۆر گرنگترو پێویستترە لە بەکارهێنان و پیادەکردنی هێزو رکێفی گەورەکان بەسەر منداڵانەوە ، لەبەکارهێنانی توندوتیژی و هەڕەشەکردن و تووڕەبوون لە منداڵان باشترە ، بەکارنەهێنانی توندوتیژی و دەسەڵات بۆ کۆپیکردنەوەی منداڵ و دووبارە بوونەوەی کەسێتی گەورەکان و باوان ..کەسێتی منداڵ گەشەپێدەکات ، هەستی بەرپرسیارێتی لەلای منداڵ بەهێزتر دەکات ، رێز لە گەورەکان دەگرێت بەبێ ئەوەی لێیان بترسێت،گوێڕایەڵیان دەبێت بەبێ ئەوەی ببێتە کوێلەو بەندەیان ... ئەرکەکانی خۆی رادەپەڕێنێ بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مافەکانی خۆی ببێ .. دەرفەتی خۆی وەردەگرێ تاکو بە ئارەزووی خودی خۆی خەون و بیروخواستەکانی دەرببڕێت ، بەئاشکراو بەبێ شاردنەوە لەخۆی و لە ئارەزووەکانی خۆی دەدوێت !


مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵدا بەو پێوەری حسێبی مرۆڤی ئاسایی بۆ بکرێت و بەلاوازو بەکەموکوڕی تەماشای نەکرێت ، وەکو گەورەیەک سەیر بکرێت کە خەون و خواست و خولیای تایبەت بەخۆی هەیە ، هەڵەو راستی بەهێمنی فێر بکرێت ، چاکەو خراپەی بە نەرمونیانی فێربکرێت ، توندوتیژی و لێدان و هەڕەشەو قسەی ناشرین و جنێودانی لەگەڵدا بەکارنەیەت ، منداڵ بناغەی کەسێتییەکی سەرکەوتووی بۆ بنیات دەنرێت ..! پەروەردەکاران و باوان و مامۆستایان پێویستە لە سەریان بەخۆشەویستی و میهرو سۆزەوە مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکەن ، هێمن و ئارام بن نەک تووڕەو توند رێزی لێبگرن و کەسێتی منداڵ بەهێند وەربگرن ، نرخ و بەها بۆ وزەو ئیرادەو توانای لە بننەهاتووی دابنێن ، سەربەست و ئازاد گۆشی بکەن کە بڕوای بەخۆی هەبێت و فێری ئاخاوتن و گفتوگۆی بکەن لە شوێنی شەڕو شەرانگێزی و هەڕەشەلێکردن .. ئەگەر بەدڵنیایی و رێزو هێمنیەوە ئامۆژگاری منداڵ بگرێت لەجیاتی ئەوەی کەللەڕەق و سەرچڵ بێت ، گوێڕایەڵ و هێمن و ژیر دەبێت ..!
 

 

*حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ: توێًژەرى کۆمەلایەتى