١٦\٣\٢٠١٢
تاڵانکردنی بانکەکەی ھەڵەبجە و
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی.

عەلی مەحمود محەمەد
مرۆڤ کە بیرکردنەوەی باشی ھەبوو بۆ کردارەکانی ،کرداری خراپ ناکات ،چونکە
ئەو بیرکردنەوەیە دەگۆڕێت بۆ ھەست و کاریگەری لە سەر کردارە خودییەکان
دادەنێت، بەڵام شەڕی ھەڵەبجە یەکێک لە بیرکردنەوە سەقەتەکانی
سیاسییەکانی ئەوسای کورد بوو کە کرا،بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی باشی
لێناکرا، لە زۆر لاوە کە دەیخوێنیتەوە شوێن پەنجەی شەیتانانە بە
تاوانەکەوە دیارەو ناشرینییەکانی بە عەبای دڕاوی ئەم سیاسییانە
ناشاردرێتەوە.مێژووی تاوانی ھەڵەبجە مێژوویەکە لە ناو گازو ئێسک و
پروسک و تاواندا غەرق بووە.
ئەوانەی تاوانیان ئەنجامدا لە ھەڵەبجە ،لە بەعسەوە بۆ ئێران و بۆ تاکی
لایەنە کوردییەکان (( چونکە تاوانی دزی دەخرێتە ئەستۆی تاکەکان ، بەڵام
لێپرسینەوەو سزا دان لە ئەستۆی لایەنەکانە ، کە نەیانکرد ئەوجا دەبنە
شەریکە بەش )) مرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیان کوشت،بۆیە ھەر ھەوڵێک بۆ
سووککردنی تۆمەتەکەیان بدرێت و داکۆکیان لێبکرێت دەچێتە چوار چێوەی
خیانەت لە قوربانیانی تاوانەکە.
تاوانی ھەڵەبجە ھەر ئەوە نییە کە نغرۆ بوونی شار لە گازی کیمیاوی و ڕوی
دڕندەیی ڕژێمی بەعس دەربخات، ئەوانەی ئەمڕۆ قازانجیان بینیوە لە
ڕوخاندنی سەدام بێن لە ھەڵەبجە ، لەسەر مۆنمێنتی قوربانیان و
کەلاوەکانی نەعلەتی رژێمی بەعس بکەن و شەرعیەت بە دەسەڵات و
کردارەکانیان و جەنگەکانیان بدەن، سیاسیەکانی کورد ھەمیشە قازانج و تام
لە بینینی ڕۆڵی قوربانیەوە دەبینن،تۆمەتبارانی ١٦-٣ش کە دزیان کرد و
ھەڵەبجەیان بە ھەڵەکانیان بۆ ئەو مەرگە ساتە برد بە ھێنانی ئێران،
خۆیان بە بەشێک لەو قوربانیانە دەناسێنن،بۆ ئەوەی چیاووکی سیاسیان پێ
بدرێت.
ئەو جەنگاوەرانەی لە پەلاماری ھەڵەبجەدا ،ڕزگار کردنی دراوی ناو
بانکەکەی ھەڵەبجەیان بە بەھاتر دەزانی لە ڕزگار کردنی خەڵکی ھەڵەبجە ،ئەمە
کەسایەتی راستەقینەی ئەو فەرماندارانە دیاری دەکات، واتا لە پلە بەندی
بەھاکاندا لای ئەوان پارە گرنگترە لە مرۆڤ، پارەیەک ھەمیشە
تاقیکردنەوەی باڵا بووە بۆ فەرماندارانی کورد و ھەمیشە بەرەو بێباوەڕی
و خیانەتیانی بردووە وەک عەلی وەردی دەڵێت :تا بەرژەوەندی زیاتر بێت
باوەڕ لاواز تر دەبێت .چیرۆکی تاڵانکردنی بانکەکەی ھەڵەبجە، تاکو دنیا
دنیایە، لە پاڵ وێنەکەی عومەر خاوەر، دەربڕی مەزڵومیەتی خەڵکی ئەم
شارەیە، کە لە چرکە ساتێکدا روح و ماڵ و سەرمایەکانیان ھەموو
پێکەوەدزران، بڕینی بانکی ھەڵەبجە لە دیرۆکی تاوانەکاندا بوو بە
سومبولی تاڵان و بڕۆی شار، ھەروەک چۆن عومەر خاوەر بووە بە سومبولی
٥٠٠٠ شەھید .
تاوانی ھەڵەبجە پڕە لە چیرۆکی سەیر و سەمەرە ،چ لە لایەن بەعس و
ئێرانەوە ، یان لە لایەن لایەنەکانی کوردییەوە ،بەمەش ھەندێک پێشمەرگەی
تاوانکار بوونە جەلاد جەماوەریش بووە قوربانی دەست قوربانی وەک ئێدوارد
سەعید دەڵێت بوونە قوربانی قوربانی ، جیھانی غەریب و عەجائیب ، ناشرینی
بێ وێنە. ناشرینیەکانی ئەو کات ، بە دەسەڵات و ھێزو دەوڵەمەندی ئەمڕۆی
تۆمەتباران ھەرگیزاو ھەرگیز ناشاردرێتەوە و جوان ناکرێت ، بە
زەبروزەنگیش پرسیارەکان لە قوڕگی جەماوەر خەفە ناکرێن، ھەر دەبێت
لاپەڕەکانی ھەڵبدرێتەوە بۆ ئەوەی وەک خۆی چۆن بووە ئاوا بچێتە مێژوەوە.
ئەزموونی سەرنەکەوتوو پێویستی بە شیکردنەوەی قول ھەیە نەک
شاردنەوە،پێویستە لێکدانەوەی لەسەر بکرێت، پێویستە بە بۆچوونی نوێوە
سەیری ئەو ئەزموونە بکردرێت ،ھەموو ئەزموونێک بە نرخە ئەنجامگیری
لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە لە سەری بکرێت، شیکردنەوەی ئەزمونەکان باشتر
کەسە سەرکەوتوو و شکست خواردووەکان لە قۆناغە مێژووییەکاندا دەناسێنێت،
لە ئەزموونە تاڵەکان مرۆڤەکان وەک ئەوەی ھەن دەناسرێن و قیناعەکان
ھەڵدەماڵرێن. ھەڵسوکەوت پێچەوانەی بیروباوەڕ ،لایەن توشی قەیرانی
ناسنامە دەکات .ئەمەش وایکرد ھەموو بیروباوەڕەکانی بکەوێتە ژێر
پرسیارەوە،گومان لە سەر ھەموو رابردووی درووست بکات، ھەڵەبجە بەم ئەرکە
ھەڵستا و ئەم پەیامەی گەیاند، تەواوی بیروباوەڕی ئەو شۆرشگێڕە
ئەفسونیانەی بردە ژێر پرسیارەوە .
سەرکردەکانی ئەوکات کە بڕیاری ئەم کردە سەربازییەیان دا ھیچ کات
نایانەوێت باس لەم تاوانە بکرێت و بەرەو روی رەخنە ببنەوە ،چونکە لە
نیەتیاندا نییە دووبارەی نەکەنەوە ،جۆرج سانتیانا دەڵێت :ئەو کەسانەی
کە ناتوانن ڕابردوو وەبیر خۆیان بھێننەوە، تاوانبارن بە دووبارە
کردنەوەی(( ل١٣٢، نھێنی سەرکەوتن لە ژیاندا-برایان ترێسی ،و.محەمەد
شەھدی ،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژھەڵات ٢٠٠٩)).
یەکەم کاری ھێزە داگیر کەرەکەی ھەڵەبجە لە دوای ١٥ی ئازار، نە پاکسازی
شار بووە لە ھێزە سەرکوتکەرەکان، نە رێکخستن و ھوشیار کردنەوەی خەڵک
بوو لە ھەموو ئەگەرێک ، نە سەردانی رێکخستنەکان و ماڵی شەھیدان بووە،
بەڵکە تاڵان بووە:پاش شکستی چاوەڕوانکراوی ھێزەکانی بەعس و دابەزینی
ھێزە کوردی و ئێرانییەکان و مەجلیسی ئەعلا، کارە دزێوەکانی تاڵان و دزی
و فەرھودی فەرمانگەکان لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێوە دەستیپێکرد کەوتنە
فڕاندنی سەیارەو مومتەلەکاتی دائیرەکان،پاشان بووە کێشە و کێبڕکێ بۆ
داگیر کردنی بیناکان بۆ کردنیان بە بارەگای حیزبی (لڤین- ئەو ھەڵە
ستراتیژییەی کیمیابارای لێکەوتەوە- یاسین رەسول عوسمان - ژمارە ٨٧
بەرواری ١٥ی مارتی ٢٠٠٩ ل١٢).
ئەوەندەی لە شەڕی ھەڵەبجە گرنگی بە پاراستنی بانکی شار و پارەی ناو
قاسەکەی درا لە لایەن فەرماندە سەربازییەکانی پێشمەرگەو ئێرانەوە، بە
ئەندازەی زەڕەیەکی ئەوەندە گرنگی بە سەلامەتی خەڵکی شار بدرایا، ئەوە
ژمارەیەکی زۆر کەمتر لەوەی ئێستا ھەیە قوربانی دەدرا، ئەوانەی ئێستا من
دەیاننووسمەوە، وتەی من نین ، بەڵکە شایەدی و وتەی خودی فەرماندەکانی
ھێرشەکانن بۆ سەر شاری ھەڵەبجە، وەک دەبینیین لە ناخۆشترین ھەل و مەرجی
سەربازیدا ، لەسەردەمی مەرگی بە کۆمەڵی گەلدا ، فەرماندەکان ھەموو بیر
و ھۆشیان لای دەسکەوتە و ژیانی چەندین ھاوڕێی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە
لە پێناو پاراستنی پارووی چەوری ناو قاسەکە : ئێوارەی یەکەمی گرتنی
ھەڵەبجە ، یەکێک لەو شوێنانەی بایەخی زۆرمان پێ دا (( بانقی )) ھەڵەبجە
بوو - کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل
٥٢ .
دوای گرتنی شاری ھەڵەبجە ینک ئەرکی پاراستنی بانکەکەی گرتۆتە ئەستۆ ،بۆیە
ھەموو تۆمەتەکان بەرەو رووی ئەو دەکرێتەوە لە بڕینی بانکەکە ((چەند
پێشمەرگەیەکی ینک کە ژمارەیان ١٥ کەس دەبوو بە سەرپەرشتی م،ح،ع ماوەتی
بە فەرمانی بەرپرسەکەیان بانکیان گرتە ئەستۆ ،لەو ماوەیەدا دووجار بە
کۆستەرەو لەحیم ھەوڵیان دا قاسەی بانکەکە بشکێنن ، بەڵام بە ھۆی
تۆکمەیی قاسەکەوە کە لە ناو دیواردا بوو ،بۆیان نەشکێنرا (لڤین - ژمارە
٨٧-ل١٥).
قادری سەعید سۆفی بەڕێوەبەری بانکی ھەڵەبجە بڕی پارەی ناو بانکەکە
دیاریدەکات (( بانکی ھەڵەبجە ئەوکات بڕی ٧٨٠٠٠٠ دیناری خەڵکی تێدا بوو
ھەموی دزرا )) (کێ بانکەکەی ھەڵەبجەی بڕی - لڤین ژمارە ٨٧ - ل ١٦ -
ھونەر حەمە ڕەشید - عیرفان ئەحمەد-بژار ناشاد ) .
قادر سۆفی سەعید: بانک دوو کلیلی ھەبوو، یەکێکیان لای من بو،
یەکێکیشیان لای بەرپرسی سندووق بوو،ئەوانەی بانکەکەیان بڕی کلیلیان
نەبوو ،بەڵکە بە تی ئێن تی دەرگاکەیان تەقاندبوەوەو شکاندبویان،دواتر
ھەموویان دزیبوو ،کە ئێمە دوایی گەڕاینەوە بۆ ھەڵەبجە ،بۆمان دەرکەوت
بەم شێوەیە دزراوە ( لڤین ژ ٨٧ -ل١٧).
بەڵام پێشمەرگەیەکی ئەوکاتی ینک رای جیاوازیان لەمبارەیەوە ھەیە :
فایەق گوڵپی (بانقی ھەڵەبجە پێش تەقاندنەوەی کلیلەکەی وەرگیرابوو لە
بەڕێوەبەری بانقەکە ،پێش تەقاندنەوەی پارەکە دزرابوو،من وامبیستووە
بەڕێوەبەری بانقەکە کلیلەکانی داوەتە شەوکەتی حاج مشیر و ئەو پارەکەی
دزیووە ،یەکێتی و پارتیش دواتر ھەندێک لە کادیرەکانی خۆیان سزا دا
لەسەر ئەو بابەتە ،ھەندێک لەو کەسانەیان گرت وەک کەماڵ شاکیر لە سنە ،بەڵام
دوایی حکوومەتی ئێران دەستیخستە ناو کارەکەو سوڵحیانکرد لە نێوان
خۆیاندا، بەڵام ئەوە دەڵێم کە مامۆستا شاھۆو حەمەی حەمە سەعید یەک
شتیان نەدزیووە،کە ئەوان زۆر دژایەتی منیش دەکەن لە ناوچەکە ،ناکۆکی
نێوان نەوزاد نۆرۆڵی و شەوکەتی حاجی مشیر لەسەر مەسەلەی ھەڵەبجە بوو ،کە
شەوکەت ھەندێک شتی ھێنابوو ،بەڵام نەوزاد شکاندبووی ( لڤین -٨٧ -ل١٧)،
بەمجۆرە دەبینین بە ٨٧٠٠٠٠ دیناری ئەوکاتە دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە
بەڵکە پەلاماری شتی بچوکیشیان داوە.
لە کاتێکدا ھەڵەبجە بۆنی سێۆو سیرە بۆگەنی خەردەل دای گرتبوو،
قوربانیان بە لۆری تەرمەکانیان بار دەکرا و بە کۆمەڵ دەنێژران بە بان
یەکترەوە بە بەرچاوی کامیراکانی جیھانەوە، عومەر خاوەر خەوی ئەبەدی بە
ڕزگارکردنی کوڕە تاقانەکەیەوە دەبینی، مردن بە موو لە ھەمووانەوە دوور
بوو، کەس باوەڕی بە چاوی خۆی ناکرد لەو شەوە چارەنووس سازەدا فەرماندەی
گشتی ڕزگارکردنی ھەڵەبجە خەوی پەمبەیی بە ڕزگارکردنی قاسەکەوە
دەبینی،ئەمەی خوارەوە وتەی من نییە، بەڵکە دانپێنانی خودی فەرماندەی
ھێرشەکەیە بۆ سەر ھەڵەبجە، وڵات بە وڵات خەڵک دەنێرێت لە بری داو
دەرمان بۆ کۆسرەو مەکینەی لەحیم و موجازەفە بە روحی ھاوڕێکانییەوە
دەکات بۆ دراو : بۆ شەوی ١٦-١٧-٣-١٩٨٨ چەند بە ئامێری ھۆکی تۆکی ھەوڵم
دا تاوەکو (( کاک مەجیدی حاجی علی )) م پەیدا کرد و لێم پرسی کێ لای
بانقەکەیە ئایا ئێوە ئێستا لە کوێن ، وەڵامی دامەوە ئێمە وە ھەموو
پێشمەرگەکان لە شار نەماوین و کەس خۆی لەناو شاردا ناگرێت لە ترسی
کیمیاباران ، کەس خۆی نادا بە کوشت بۆ پاسەوانی کردنی بانق. ووتی خەمت
نەبێ نەک ھەر ئێمە ھیچ کەس لەو گەڕەکەدا نەماوە لە ترسی کیمیاوی، بۆ
ڕۆژی ١٨-٣-١٩٨٨ تۆزێک بارودۆخەکە ھێور بوویەوەو بۆردومانی ناو شار
کزبوو ، دوبارە داوام لە(( کاک مەجید حاجی علی )) کرد کە بە خۆی
پێشمەرگەکانی بڕۆنەوە ناو شار بۆ پاراستنی بانقەکە کە تا بزانیین چی لێ
بکەین ھەر بەو شێوەیە بە ھەزار حاڵ توانیمان پێشمەرگەکانی ڕازی بکەین
بڕۆنەوە ناو شار ئاگایان لە بانقەکە بێت ھەرچەندە ھەموو ئەیان ووت ((
کاک شەوکەت )) پێشمەرگە ناتوانێ لەناو شاردا بمێنێ ، ھەندێکیان بریندار
بووبوون ڕۆیشتبونەوە بەرەو ووڵاتی خۆیان لە دیوی ئێرانەوە ، ئەوەشی کە
ماوە خۆیان ناخەنە بەر مەترسی مردن لەبەر قاێەیەک کە نازانرێ چی تێدایە-
کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل٥٣ .
تەنھا بە نیگابانیکردن لەسەر پاراستنی قاسەکە نەوەستان ، بەڵکە کۆمەڵێک
پێشمەرگەی بێچارە ، جەستەی خۆیان خستە بەر مەترسی بڕیاری چاوچنۆکانەی
فەرماندەکانیان، لەو ڕۆژانەدا نەک تەنھا مرۆڤ، بگرە بەرد و شاخ زەوییش
خۆی لەبەردەم شوێنەواری ژەھر بارانەکە ناگرت، کەچی نیگابانی و پاراستنی
بانکەکە بەردەوام بوو بە چرکەش لێی جیانابنەوە، ئەگەر ھەموو خەڵکی
ھەڵەبجە گیانەڵایان بدایا بۆ تۆزێک داوو دەرمان، ڕزگارکەرانی شار
گوێیان لێیان نەبوو وەک بینیمان و خوێندمانەوە لە زمانی خۆیانەوە، مێش
نابوو بە میوانیان چونکە ماسکی دژ گاز و دەرزی دژە کیمیاویان پێبوو ،
بەڵام بۆ شکاندنی قاسەکەو پاراستنی دەستکەوتەکان ناوی لە ھەوڵی
بێوچاندا بوون و بە دوای حەتمییەتەوە بوون بۆی ، وڵاتان دەگەڕان بۆ
پەیداکردنی ئامێر و دەزگایەک تا نێچیرەکەیان بۆ ئازاد بکات و
دەرگاکەیان بۆ بکاتەوە .
ھێشتا تارمایی کیمیاوییەکە بە تەواوەتی نەنیشتبوەوە، تەرمی قوربانیان
لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان نەنرابوون، بەرپرسانی پێشمەرگە بۆ شاری پاوە لە
رۆژھەڵاتی کوردستان دەچن بۆ ھێنانی کۆسرە و لەحیم تا قاسەکەی پێ بشکێنن
، بۆ ئەوەی دەستیان بە دەسکەوتەکانی ناوی بگات و غەنیمەکەی ناوی حەڵاڵ
بکەن : بۆ ئەم مەبەستە (( کاک حامید و مامۆستا
ساڵح )) ڕۆیشتن بۆ پاوە
لەوێ (( دینەمۆو کۆسرەکەیان ھێنا )) چونکە لە ھەڵەبجە کارەبا نەمابوو
بەھۆی بوردومانەکەوە . ڕۆیشتبوون زۆر ھەوڵیان دابوو بۆ بڕینەوەی قاێەکە
بەڵام بێ سوود بوو ھیچی لێ نەبڕی بوییەوە چونکە پۆڵایەکی زۆر قایم بوو
. بۆ ڕۆژی ١٩-٣ ھاتنەوە لام ووتیان ھیچ سوودی نی یە و ناکرێتەوە -
کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیرل ٥٤ .
لە ١٦-٣ بە دواوە شار بۆتە وێرانە، نغرۆ بووە بەسەر یەکدا ، بەڵام
بەرپرسان بە بست لە قاسەکە دوورناکەونەوە، لەو کاتەی ھەزاران کەس لە
خەڵکی ھەڵەبجە کوێر دەبن بە گازی کیمیاوی، ئەمان نیگابانی چڕتر
دەکەنەوە لەسەر قاسەکە، چاوەکانیان زەقتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی
تاڵانییەکەی ناوی. لە کاتێکدا سەدان منداڵ بەبێ سەرپەرشتیار دەمێننەوە
لە پەناگەو ناو شیوو دۆڵەکان خۆیان گرمۆڵە دەکەن و لە برسان
فرمێسکەکانیان دەخۆنەوە و دەبنە نیچیری ئێرانییەکان و تا ئێستا
نابینرێنەوە، ھەزارانیان بەدەم سوتانەوە خۆزگەیان بە مەرگ دەخواست،
کەچی ڕزگارکەرانی ھەڵەبجە، دەورو پشتی قاسەکە چۆڵ ناکەن لە پێناو
گەیشتن دەسکەوتەکەی ناوی ، پەلەیانە زوو بیشکێنن و پارەکەی ناوی فریای
ئەوخەڵکە بخەن و گەرمیان بکەنەوە ، کە لەو دیوو سنوورەوە لە برسان و لە
سەرما یەک لە دوای یەک بەدەم ئازارەوە سەر دەنێنەوە !! ، ئەمەیە درۆزنی
و دوڕویی سیاسەتە، کەچی گوایا لە ناکاودا زرمەی ناخۆشتر لە
کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە دەبیستن ، خەونەکانیان دەبێت بە سەراب،
ھەرچەندە جەماوەر ئەوەندە درۆی بۆ کراوە باوەڕی بەم سیناریۆیەی
خوارەوەش نییە(( بۆ ئاگاداری ئەم نوسینەی کاک شەوکەت لە وەڵامە بە
تۆمەتبارکردنەکان بۆیە وەک داکۆکینامەیەک نوسراوە تا تۆمەتەکان لەسەر
خۆی بڕەوێنێتەوە ، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت ئەوجا بڕیاری
تۆمەتبارکردن بدرێت )) : شەوی ٢١-٢٢-٣-١٩٨٨ لە کاتێکدا من و مامۆستا
ێاڵح قادر و کاک حامیدی حاج خالید و کاک قادر کۆکۆیی لەگەڵ کۆمەڵێکی تر
لە لێپرسراوەکانی ((ی ن ک )) لە عەبابەیلێ بووین سەعات ((١٠)) شەو
گوێمان لە تەقینەوەیەکی گەورە بوو لە ناو شاری ھەڵەبجەدا - کارەساتی
کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیرل٥ ٥ .
کە ئەم ھەواڵە جەرگبڕە ناخۆشە دەبیستن، بێشک بەلایانەوە لە
بۆردومانکردنی شاری ھەڵەبجە جەرگبڕتر بوو، ئێشی لە ٥٠٠٠ تەرمی شار
گەورەتر بوو، بۆیە بە پەلە خۆیان دەگەیەننە بانقەکە ، بە بان تەرمەکانا
دەڕۆن و ئاوڕ لە نوزەی بریندارەکان نادەنەوە ، کەچی بە وتەی خۆیان بەبێ
ئومێدی دەگەڕێنەوە، ھەرچەندە بەشێکی زۆر لە خەڵکی ھەڵەبجە گومانیان لە
ڕاستی ئەم وتەیە ھەیە : ھەر شەو سەعات ((١٢)) کاک حامیدی حاجی خالید و
مامۆستا ێاڵح کە ئەو ھەواڵەیان بیست یەکسەر ڕۆیشتین بۆ ھەڵەبجە،
سەردانی بانقەکەیان کردبوو کە دیبوویان بە تەواوی دیوارەکانی ڕووخاون و
(( قاێەکەی )) تەقی بوویەوە ... کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری
١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل ٥٦ .
((سەر لە بەیانی من و مامۆستا ێاڵح ڕۆیشتین یۆ ھەڵەبجە و سەردانی لای
بانقەکەمان کرد ھیچ پاسەوانێکی لێ نی یەو قاێە و بیناکە ھەموی
تەقێنراوەتەوە لە ناو بەرد و ئاسن و دیوارە ڕوخاوەکانیدا تەنھا دوو
نیوە تورەکەی بچووک پارەی ئاسنمان دۆزییوەوە لە (( ١٠ فلس +٢٥ فلس +٥٠
فلس+١٠٠ فلس+٢٥٠ فلس)) کە ھەمووی نەی ئەکردە شەش ھەزار دینار . سەیر
لەوەدابوو کە ھەموو ماندووبووین تەنھا یەک لەت دیناری کاغەز یان ١٠
دیناری یان ٢٥ دیناریمان نەدۆزییەوە کە بیسەلمێنێ کە قاێەکە بە پارەوە
تەقێنراوەتەوە ، ئەگەر چەند نموونەیەکمان دەست کەوتایە دەرئەکەوت
قاێەکە بە پارەوە تەقێنراوەتەوە- کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری
١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل ٥٧ .
دوای تەقاندنەوەی قاسەکەش لە خوێنی بە ناھەق ڕشاوی پارەکەی ناوی خۆش
نابن و لێپرسینەوەی لەسەر دەکەن ، کەچی خوێنی ٥٠٠٠ ھاووڵاتی کەس نییە
لێی بپرسێتەوە و تەرمەکانی بژمێرێت و خاوەندارییەتیان لێ بکات ، جگە لە
وێنەکانیان نەبێت: پێش نیوەڕۆی ٢٣-٣-١٩٨٨ لەوێ کۆبوینەوە کە لێپرسراوی
یەکەمی حیزبەکان ھاتبوون لە ناوچەکەدا ، چونکە کۆبونەوەکە لەسەر داوای
من بوو ، لە پێشدا من قسەم کرد پێم ووتن تەقینەوەی ئەم بانقە نابێت
ھەروا بە ئاسانی بڕوات بە تایبەت ئێمە وەک (( ی ن ک)) لێپرسراوی یەکەم
بووین لە سەرەتای شەڕدا کە شاری ھەڵەبجە گیراوە ٥٨ .گرنگ نییە بانکەکە
و پارەکەی ناوی کەوتبێتە دەست کێ، کە زۆر ڕیوایەت و چیرۆکی جۆراوجۆری
لەسەر دەگێڕنەوە، گرنگ ئەوەیە ئەوەی دزیوییەتی بەشێک بووە لە ھێزی
بەناو ڕزگارکەری ھەڵەبجە " سەری ھەڵەبجەییەکان بۆ بەعس ماڵەکەشیان بۆ
ھێرشبەران " .
ئەوەی جێگای سەرنجە بۆ ئێمە، ئەوەندەی گرنگی بە بانکەکەی ھەڵەبجە دراوە،
ھەزاریەکی ئەوەندە گرنگی بە چارەنووسی خاوەند پارەی ناو بانقەکە
نەدراوە!، دیارە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەندی شەرعی پارەی بانقەکە تاکە
ڕێگا ئەوەیە لە خاوەنەکەی ڕزگاریان بێت .
بینیمان ھەڵەبجەییەکان پێکەوە بۆ مەرگ بردراون، شەریشِ لەسەر
میراتەکانیان سازکراوە، ھەموو کات لە مێژووی نوێی کورددا شەڕ بۆ
دەسکەوتی شوێنەکانە نەک خەڵکەکەی .
قەرەبووکردنەوەو داوای لێبوردنکردن.
پشیلە ھەر پشیلەیە و تاوانیش کێ بیکات ھەر تاوانە پێویستە لێپرسینەوە
لە بکەرانی بکرێت، ئەو لایەنانەی ( ینک ، پدک، سۆسیالست ،بزووتنەوەی
ئیسلامی،مەجلیس ئەعلا- کۆماری ئیسلامی ئێران) کە بڕیاری ئەم جەنگە
نەگریسەیان داو ھەڵەبجەیان بۆ چالاکییەکەیان ھەڵبژارد و دەستیان کرد بە
تاڵان و رێگە گرتن لە خەڵک و بە بارمتە گرتنیان تاوانیان ئەنجامداوە بە
تایبەتی بڕیار بە دەستانی ئەوکاتی ئەو لایەنانە کە تا ئێستا بێدەنگیان
ھەڵبژاردووە، ھەموو ئەوانەی گلاونەتە تاوانەکەوە بە تایبەت رابەرە
دەستڕۆیشتوەکانیان لە بڕیاردان، رابەرایەتیکردن، زانینی جەنگەکەو
ئاگادارنەکردنەوەی خەڵک و لایەنەکانی رۆژھەڵات،دزیکردن و رێگە گرتن لە
ھاووڵاتیان بەرپرسن لە بەشێک لە تاوانەکە و پێویستە داوای لێبوردن بکەن
لە قوربانیان و بنەماڵەکانیان، ھاوکات لایەنەکانیان پێویستە لە بودجەی
حیزبەکانیان بەشێک لە قەرەبووکردنەوەی ھەڵەبجە بە تایبەت بانکی ھەڵەبجە
و دزینی ماڵی ھاووڵاتیان بگرنە ئەستۆ .
کۆمەڵگاکان کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە ڕێبەرەکانیان پرسیاری بەجێ و باش
لە خۆیان بکەن و دان بە ھەڵەکانیان بنێن، ئەوان نەیان زانیووە کە کونی
بچوک دەبێتە ھۆی نقوم بونی کەشتی گەورە، بڕیارێکی ھەڵەی سەربازی بچووک
(( ھەڵەی گەورە بوو )) لەوانەیە کارەساتی مەزنی وەک ھەڵەبجەی
لێبکەوێتەوە .
ئەو چەکدارانەی ئەو رۆژە ھەڵەبجەیان کرد بە شاڕێگای سەفەری پاسداران بۆ
کەربەلا ،ھیچ گرنگیان بە ھاووڵاتیان نەدا ومرۆڤایەتیان لە ناخی خۆیان
کوشت:سام لابود یەکێ لە کرێکارەکانی کەشتی ماریا لوئیزا گیانی خۆی بۆ
تۆمار کردنی فلیمێک لە بریندار بوونی دوولفین بەھۆی ڕاوە ماسی لە
مەترسی ھاویشت ل٢٤٢- ھەنگاوی بچووک بۆ سەرکەوتنی گەورە -ئانتۆنی ڕابینز
،و.محەمەد شەھدی -دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی ڕۆژھەڵات ٢٠١٠
پێویستە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار بوو لە شەڕی ھەڵەبجە قەرەبووی
ئەوانە بکەنەوە کە نەیتوانیووە گرەنتی پاراستنی ژیانیان بکەن بە
تایبەتی لە تاوانەکانی جینۆساید، دەبوایا لایەنە سیاسیەکان گرەنتی
پاراستنی ژیانی ھاووڵاتیانیان بکردایە لە بری دزینی ماڵیان و رێگە گرتن
لە رزگارکردنی خۆیان.
بۆیە ئەوان ھەموویان لە تاوانێکدا ھاوبەشن،ئەویش ئەوەیە نەیانتوانی
ھاوکاری و کۆمەکی ئەو خەڵکە بکەن کە ژیانیان خستە مەترسییەوە .
لە کاتێکدا لایەنە کوردییەکان ھیچ کەسێکیان سزا نەدا بەرامبەر بەو
ھەموو کارە دزێوانەی لە ھەڵەبجە و ئەنفال ئەنجامدران کەچی دەبینین :ژەنەرال
یاماشیتا لە گەڵ ٩٠٠ یابانی دیکە لە دوای جەنگ بە تاوانی جەنگ
ئیعدامکران ،بە تاوانی ئەوە ئیعدام کران لە کۆتایی جەنگدا سەربازەکانی
تاوانیان ئەنجام دابوو ،لەو کاتەی کۆنترۆڵی بەسەریانا نەمابوو ((ژەنەراڵ
یاماشیتا)) ٥٠١ سنە الغزو مستمر -نعوم تشومسکی،المدی ،گبعە الپانیە
١٩٩٩ێ٣٨٦.
بە پێچەوانەشەوە زۆر جار لە مێژوودا لە ژێر پەردی ڕزگار کردندا تاوان
ئەنجام دراوە و کەچی لە تاوانبار نەپرسراوەتەوە:ساڵی ١٩٦٥ زانکۆی
ئۆکسفۆرد دکتۆرای شەرەفی بەخشی بە ترۆمان کە فەرمانی بۆردومانی
ھیرۆشیماو ناکازاکی دا ، لە کوردستانیش بە ھەمان شێوە زۆر جار دەبینین
خەڵات دەبەخشرێتە ئەو تاوانبار و تۆمەتبارانەی پرسی جینۆسایدی گەلی
کورد.
لە کاتێکدا خەڵکی ھەڵەبجە بەھۆی دەبەنگی بڕیاردەرانی شەڕی ھەڵەبجەوە
سەرو ماڵیان چوو ، ئەو پارەیەی دایان نابوو بۆ رۆژی رەش بووە پاروی
چەوری دزەکان ،ھاووڵاتیەک ئاوا چیرۆکی ھاووڵاتییەکی داماو دەگێڕێتەوە
کە ھەولی وەرگرتنەوەی پارەکەی بووە لە بانکی ھەڵەبجە :بانکی ھەڵەبجە
دەکەوێتە ناوەندی شار و بانکێکی کۆن و تۆکمە بوو، لەو کاتەدا پیاوێکی
دراوسێمان بەڕێوەبەری بوو ، زۆر باش لە یادمە لە حەوشەکەماندا باوکم و
بەڕێوەبەری بانک و چەند پیاوێکی دراوسێمان گفتوگۆیان دەکرد دەربارەی
ھێرشەکە و ئایندەی ھەڵەبجە و کاردانەوەی ،پیاوێی ھەورامی ھات و داوای
١٦٠٠٠ دیناری سویسری دەکرد، بەڕێوەبەری بانک سوێندی خوارد کلیلەکانی
لێسەندراون و ئاگای لە بانک نەماوە، لە راستیدا نازانم ئایا پیاوانی
رژێم کلیلەکانیان لێسەندبوو یان پێشمەرگە و ھێزە کوردییەکان (لڤین -ژ٨٧
-ل١٥).
ئەم کارە دزێوانەی لە ھەڵەبجە ئەنجامدران ھەموو دەچنە چوارچێوەی تاوانە
نێونەتەوەییەکانەوە کە زۆربەیان ئێران ئەنجامی داون (( تاوانە گەورەکە
کە کیمیا باران و ئەنفالکردنی خەڵکەکەیەتی بەعس ئەنجامی داوە )) ،بەپێی
مادەی ٨ خاڵی د،فەقەرەی ئەلف لە ئەرکانەکانی تاوان بە پێی پەیمانامەی
رۆما "پێشێلی گەورە بەرامبەربە پەیمانەی جنێف ١٢-٨-١٩٤٩ کرا لە :"لە
ڕوخاندن و دەست بەسەردا گرتنی مومتەلەکاتی نا سەربازی چ حکوومی یان
سڤیل"قوتابخانە،کارخانە،کتێبخانە،نەخۆشخانە،بانک.... ".ئیعدامی بێ
دادگایی دیلەکانی کۆمەڵە و ناچار کردنی یەکیان بۆ کارکردن لە ڕیزەکانی
بەرامبەر ،پەلاماری ناوچەی سڤیل نشین، دەرکردن و گواستنەوەی خەڵکی
ھەڵەبجە دوای داگیرکردنی ... .
المادة٨(٢)(هه)٥
جريمة الحرب المتمثلة في النهب
الاركان
١- ان يقوم
مرتكب الجريمة بالاستيلاء على الممتلكات معينة.
٢- ان يتعمد
مرتكب الجريمة حرمان المالك من هذه الممتلكات والاستيلاء عليها
للاستعمال الخاص او الشخصي.
٣- ان يكون
الاستيلاء بدون الموافقة المالك.
٤- ان يصدر
السلوك في السياق نزاع مسلح غير دولي او يكون مقترنا به.
٥- ان يكون
مرتكب الجريمة على علم بالظروف الواقعية التي تثبت وجود نزاع مسلح ((
ص309وثائق اساسية مختارة ذات صلة بالمحكمة الجنائية الدولية "منشورات
محكمة الجنائية الدولية",طبعة الثانية
٢٠٠٩ )).
دەبوایە دوای راپەڕینی خەڵکی کوردستان، بەرپرسانی دەستڕۆیشتووی
لایەنەکانی جەنگی ھەڵەبجە بچونایەتە سەر مەزاری شەھیدان و داوای
لێبوردنیان لە ھاووڵاتیان بکردایە، لە بودجەی حیزب و حکوومەت رێژەیەکی
زۆریان بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ھەڵەبجە ببڕدایەتەوە، ھاوکات بە نرخی
رۆژ و بە خستنە سەری قازانج بە پێی ھێزی کڕینی ئەو ٨٧٠٠٠٠ دینارە
لەوکاتە قەرەبووی زەرەرمەندانی بانکی ھەڵەبجەیان بکردایەتەوە، ھەرچەندە
ھەنگاوێکی زۆر بچووکی ناتەواو لەم بوارەدا نراوە وەک بەڕێوەبەری بانکی
ئەو سەردەمە دانی پێدا دەنێت،ئەوەش لام روونە زۆربەی بەر
دەستڕۆیشتووانی ناو حیزب کەوتووە:
قادر سۆفی سەعید : ئێمە تا ماوەیەکی زۆر پارەکانمان بۆ ئەو کەسانە
دەگێڕایەوە کە داوایاندەکرد، بەڵام دواتر وەستێنرا ،بەھۆی ئەوەی خەڵک
زۆر درۆیانکرد،لەوەی کە چەندێک پارەیان لە بانقدا بووە (لڤین -ژمارە ٨٧
- ل ١٧).
لە کۆتاییدا دەڵێم کاتی ئەوە ھاتووە سیاسییە بڕیار بە دەستەکانی
ئەوکاتی لایەنەکانی شەڕی ھەڵەبجە با لە ١٦ی ئادار بچنە ھەڵەبجە و داوای
لێبوردن لە خەڵکەکەی بکەن و لە مومتەلەکات و بودجەی حیزبەکانیان
قەرەبووی زیانلێکەوتوان و ھەموو دانیشاوانەکەی بکەنەوە .
تێبینی :ئەم بابەتە درێژکراوەی بەشێکە لە پەرتووکێک لە ساڵی ٢٠٠٥ بە
ناوی چەند لاپەڕەیەکی شاراوە لە جینۆسایدی گەلی کورد بڵاوم کردۆتەوە .
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|