تاڵه‌بانی به
ته‌وافوق ده‌وڵه‌ت دروست ده‌کات!

موحسین که‌ریم
جه‌لال تاڵه‌بانی له کاتی کۆبونه‌وه‌یدا
له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی فه‌ره‌نسا رای گه‌یاند که عێراق به‌ره‌و ئه‌وه‌ده‌چێ
تواناکان و سه‌رچاوه‌کانی به‌کاربێنێ بۆدامه‌زراندنی ده‌وله‌تێک که
خاوه‌نی ئابوریه‌کی به‌هێز بێت و رزگاری بووبێت له‌پاشماوه‌کانی
رژێمه سه‌رکوتگه‌ره یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کا‌ن. له‌وه‌ڵامی پرسیارێکی
رۆژنامه‌ی کودستانی نوێ- شدا ووتی:" هه‌تا عیراق هه‌بێت، ته‌وافوق
پێویسته، عیراقێک که له‌کوردو عه‌ره‌ب و تورکمان و مه‌سیحی و موسڵمان
و ئێزدی و سابیئی و شیعه‌و سوننه پێکهاتووه، به‌ته‌وافوق نه‌بێت حکوم
ناکرێت."
جه‌لال تاڵه‌بانی نمونه‌ی ده‌وڵه‌تێکی وه‌کو لوبنان پێشنیار ده‌کات بۆ
عێراق. لوبنان ئه‌گه‌رچی به‌رواڵه‌ت وه‌کو ده‌وڵه‌تێک دێته‌پێشچاو
به‌ڵام له‌راستیداهیچ سیمایه‌کی راسته‌قینه‌ی ده‌وڵه‌تی پێوه نیه.
کۆمه‌ڵێک میلیشیا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیان به‌پێی هاوسه‌نگی هێزی
سیاسی-چه‌کداری نێوانیان و له‌سه‌ر بنه‌مای ئیسلام و مه‌سیحی،
قه‌بیله‌و تائیفه و ناوچه‌گه‌ری دابه‌شکردوه. ده‌وڵه‌تی لوبنان
ناوێکی ره‌مزیه بۆدابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌نێوان سه‌رکرده‌و
براوه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆی ئه‌و ووڵاته که له‌ساڵی 1975 بۆ ساڵی1991ی
خایاند. ده‌وڵه‌تێک که سه‌رۆک و وه‌زیره‌کان و ئه‌ندام
په‌رله‌مانه‌کانی به‌وراده‌یه ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه که هێزێکی
میلیشیایی و ده‌وڵه‌تێک له‌پشتیانه‌وه بێت.
تاڵه‌بانی ده‌یه‌وێ نمونه‌ی ده‌وڵه‌تی لوبنان له عێراقدا دروست بکرێ.
ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافق دروست بکرێ که هه‌تا
ووڵاتی عێراق بمێنێ به‌وجۆره‌بێت. ده‌یه‌وێ ده‌وڵه‌تێکک دروستبکرێ که
هاووڵاتیه‌کانی هه‌تا هه‌تایه مۆری کورد‌و عه‌ره‌ب و تورکمان، مه‌سیحی
و ئیسلام، شێعه‌و سونه، یه‌زیدی و سابئه به‌ناوچه‌وانیانه‌وه بنرێ.
هه‌تا هاتایه به‌پێی ئینتمایان بۆ ئه‌و گروپه جۆراوجۆره ئه‌تنیکی و
دینیانه ماف و ئه‌رکه‌کانیان دابین و دیاری بکرێ. بۆئه‌وه‌ی که هه‌تا
هه‌تایه خه‌ڵکی عێراق گیرۆده‌ی وه‌همو خه‌یاڵاتی ناسیۆنالیستی و
نه‌ته‌وه‌گه‌ری و تائیفه‌گه‌ری و دین بن تا ئه‌مانیش و وه‌چه‌کانیان بۆ
هه‌تاهه‌تایه سه‌رۆک و سه‌رکرده‌و فه‌رمانڕه‌وای خه‌ڵک بن و گیرفانیان
هه‌تا هه‌تایه پڕ‌و هه‌ڵاوساوو تاجی ده‌سه‌ڵات وسه‌ره‌وه‌ریش له‌سه‌ر
سه‌ری خۆیان ونه‌وه‌کانیان هه‌تا هه‌تایه ببریسکێته‌وه!
بێگومان ده‌وله‌تێک ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافوق دروست بێت به
تێکچونی ته‌وافوقیش هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. ته‌وافوقیش له‌سه‌ر بنه‌مای
هاوسه‌نگی هێزی سیاسی و چه‌کداری نێوان میلیشیاکان ئه‌نجام دراوه‌و
ده‌درێ. به‌به‌سه‌رچونی کاتیش هاوسه‌نگی سیاسی-چه‌کداری تێکده‌چیت،
چونکه توانای ئه‌و هێزانه بۆهه‌تاهه‌تایه وه‌کو خۆی نامێنێته‌وه.
به‌مپێیه ته‌وافوقی نێوان ئه‌و هێزانه‌ی ده‌وڵه‌تی ته‌وافوقی دروست
ده‌که‌ن هه‌مووکاتێک ئه‌گه‌ری تێکچونی هه‌یه و له‌ئاکامی ئه‌وه‌شدا
ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و تێکچونی ده‌وڵه‌ت هه‌یه. عێراقێک که
چه‌ندین ده‌وڵه‌تی جۆراوجۆر سه‌ریان تێکێشاوه‌و هه‌ریه‌که‌یان یارمه‌تی
و پشتیوانی هێزو گروپێکی چه‌کداری-میلیشیایی ده‌که‌ن، نفوزیان هه‌یه
له‌ناو گروپه چه‌کداریه‌کانی عێراق و ده‌توانن کاریگه‌ری له‌سه‌ر
ره‌وتی روداوه سیاسه‌کانی عێراق دابنێن، هه‌ریه‌که‌یان هه‌وڵده‌دات بۆ
گۆرینی ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ی که هه‌یه به‌قازانجی خۆی. بۆیه ئه‌گه‌ری
دامه‌زراندنی و مانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته ته‌وافوقیه‌ی که تاڵه‌بانی
باسی لێوه ده‌کات وه‌کو ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هێلکه‌یه‌ک وایه که
له‌سه‌ر ته‌نافێک دانرابێت!
ئه‌گه‌ر لوبنان له‌ماوه‌ی 18ساڵ به‌رواڵه‌ت دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تی
ته‌وافوقیدا چه‌ندینجار روبه‌رووی شه‌ڕی کورتماوه‌ی ناوخۆی نێوان
میلیشیا ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بۆته‌وه، ئه‌گه‌ر حیزبوڵڵه فه‌رمانڕه‌وای
واقعی باشوری لوبنانه‌و سوپا‌و ده‌زگای موخابه‌راتی و گه‌یاندن و
هه‌موو شتێکی خۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆژه به‌یروتی پایته‌خت و
گه‌ره‌کێکی به‌ده‌ست میلیشیاکانی حیزبوڵڵه‌و دورزیه‌کان و
هاوپه‌یمانه‌کانیانه‌وه‌ن، ئه‌وا ئه‌و نمونه‌یه بۆ عێراق هیچ شانسێکی
جێبه‌جێبوونی نیه. جێگاورێگای جیوپۆلیتیکی و ئابوری عیراق به‌هیچ
جۆرێک له‌گه‌ڵ لوبناندا قابیلی به‌راوردکردن نیه. ووڵاتێک که
به‌درێژایی هه‌زاران کیلۆمه‌تر سنوری له‌گه‌ڵ چه‌ندین ووڵاتی گرنگی
ناوچه‌که‌دا هه‌یه و به‌چه‌ندین داوی سیاسی و کۆمه‌ڵاتیه‌وه
پێیانه‌وه ده‌به‌سترێته‌وه. ووڵاتێک که یه‌کێکه له گه‌وره‌ترین
به‌رهه‌مهێن و دوه‌م سه‌رچاوه‌ی یه‌ده‌کی نه‌وتی جیهان ناکرێ
تاهه‌تایه له‌سه‌ر ته‌نافی ناجێگیری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی رابگیرێ.
ئه‌وه‌ی که تاڵه‌بانی خۆی ده‌ڵێ ده‌وڵه‌تێک که ئابوریه‌کی به‌هێزی
هه‌بێت، به‌بێ ده‌وڵه‌تێکی جێگیر ویه‌کده‌ست و تۆکمه بۆسه‌رمایه‌داری
عێراق بۆ راکێشانی سه‌رمایه‌و وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه‌ی جیهانیش
مه‌یسه‌رنابێت.
له‌لایه‌کی دیکه‌وه به‌شێک له‌هێزه‌کانی بۆرژوازی عێراقی ئه‌و راستیه
تێگه‌یشتون که ناتوانن ده‌وڵه‌تێکی ته‌وافوقی دروست بکه‌ن و شانسی
ده‌وڵه‌تێکی له‌وجۆره له‌عیراقدا نزیک به‌سفره. ماوه‌ی 6 ساڵه ئه‌و
بۆچونه‌ی تاڵه‌بانی له‌ناو شه‌ڕی تائیفی و ته‌قینه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی
شه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی دا شکستی خۆی نمایشده‌کات. بێهوده‌نیه که مالکی
له سه‌رکرده‌یه‌کی ئیسلامی سیاسی شێعی و له ره‌وتێکی تائیفیه‌وه
پێگه‌ی خۆی ده‌گوڕێ بۆ ره‌وتێکی ئیسلامی-ناسیۆنالیستی که په‌یامی
"یه‌کپارچه‌یی نیشتمان" و "سه‌روه‌ری عێراق" و ده‌وڵه‌تی عێراق
به‌رزده‌کاته‌وه و له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکاندا به
هه‌ڵکردنی ئاڵای "ده‌وڵه‌تی یاسا" نه‌ک ده‌وڵه‌تی فیدراڵی و ته‌وافوق
زۆرینه‌ی کورسیه‌کانی پارێزگاکانی عێراق بۆخۆی مسۆگه‌ر ده‌کات.
پێموایه ره‌وتێکی وا که نه‌ک ده‌وڵه‌تی ته‌وافوق به‌ڵکو ده‌وڵه‌تێکی
تۆکمه‌و یه‌کده‌ست که کۆنترۆلی به‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی و ناوچه‌کانی
عێراقدا هه‌بێ و بتوانێ جێگیریی سیاسی و ئارامی و ئاسایشی ئابوری بۆ
سه‌رمایه دابین بکات جێگه‌ی پشتیوانی ئه‌مریکاو ووڵاته
عه‌ره‌بیه‌کانی ناوچه‌که‌و تورکیاش ده‌بێ. خه‌ونه‌که‌ی تاڵه‌بانیش
له‌مه‌حه‌کی زه‌مانه‌دا به‌تاڵده‌بێته‌وه.
22/11/2009
----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
هه‌ڕه‌شه‌ی
بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێم و په‌رله‌مانه‌وه
په‌یوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه نییه!
یاسای هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه په‌سه‌ندکرا و
له‌لایه‌ن جه‌لال تاڵه‌بانی- سه‌رۆکی کۆمار‌و، عادل عه‌بدولمه‌هدی-
جێگری شێعه‌ی تاڵه‌بانی یه‌وه ئیمزاکرا، به‌ڵام گارق هاشمی- جێگری
سونه‌ی تاڵه‌بانی یاساکه‌ی ره‌تکرده‌وه. له‌لای خۆشیه‌وه مه‌سعود
بارزانی- سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دژایه‌تی خۆی بۆ یاسای ناوبراو خسته‌روو،
هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی کرد که ئه‌گه‌ر یا‌ساکه به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستای
بچێته‌پێشه‌وه ئه‌وا هه‌رێمی کوردستان بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن!
حیزبی ئێمه(حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان) له به‌یاننامه‌ی مه‌کته‌بی
سیاسی‌دا ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق ئه‌وه‌ی راگه‌یاند که
بایکۆتی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه ده‌که‌ین، چونکه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که
که‌مترین پێوانه‌کانی هه‌ڵبژاردنێکی ئازادانه‌ی تێدانیه، به‌شداریکردن
و راکێشانی خه‌ڵکی کوردستانیش بۆناو ئه‌م هه‌ڵبژاردنه گرێدانه‌وه‌ی
چاره‌نوسی سیاسی کوردستانه له‌چوارچێوه‌ی فیدراڵیزمی له‌قولۆقی قه‌ومی
و تایفیدا به‌عێراقه‌وه. ئه‌وه‌مان راگه‌یاند که هه‌ڵبژاردنه‌که
بۆئه‌وه‌یه شه‌ر‌عیه‌ت بداته‌وه به ده‌سه‌ڵاتی هێزه ناسیۆنالیست و
شۆڤێنی و ئیسلامی و تائیفیه‌کان که به‌زۆری چه‌کو به پاڵپشتی ئه‌مریکاو
ئێران و ووڵاتانی کۆنه‌په‌رستی ناوچه‌که ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی خۆیان
به‌سه‌ر خه‌ڵکی عێراقدا داسه‌پاندوه. به‌شداریکردن تێیدا بۆ خه‌ڵکو
هێزه سیاسیه‌کانی کوردستان وه‌ستانه‌وه‌یه به‌ژی خواستی جیابونه‌وه‌ی
کوردستان که خواستی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی کوردستانه‌و حیزبی ئێمه‌ش
وه‌کو تاکه رێگاچاره‌یه‌کی سیاسی مومکین و عادیلانه بۆ کۆتایی هاتن
به کێشه‌ی کورد‌و هه‌ڵواسراوی سیاسی کوردستان خستویه‌تیه به‌رده‌م خه‌ڵک
و رایگشتی و هێزه سایسه‌کانی کوردستان و عێراق.
یاسای هه‌ڵبژاردن نه‌ک هه‌رئه‌وه‌ی ته‌ئکیدکرده‌وه که ئامانجی هه‌ڵبژاردنی
په‌رله‌مانی عێراق بۆئه‌وه‌یه ره‌سمیه‌ت بداته‌وه به‌ده‌سه‌ڵاتی
میلیشیا قه‌ومی و تائیفیه‌کان و جیاوازی و دابه‌شکردنه قه‌ومی و
تائیفیه‌کان قوڵتربکاته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موان ئاشکراکرد که
بریتیه له‌پرۆژه‌یه‌کی سیاسی که رووی له‌وه‌یه هیچ ئاسه‌وارێک له
پێناسه‌ی هاوڵاتیبون بۆ دانیشتوانی عیراق نه‌هێڵێته‌وه. له‌لایه‌کی
دیکه‌شه‌وه راسته‌وخۆ ده‌یه‌وێ به‌دانانی مه‌رجی 30 ساڵ و بونی
بڕوانامه‌ی دواناوه‌ندی بۆ کاندیدبوون، به‌شێکی سه‌ره‌کی چینی کرێکار‌و
ژنان، که به‌هۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی عێراقه‌وه نه‌یانتوانیوه
ئاستێکی گونجاوی خوێندن ته‌واوبکه‌ن و هه‌روه‌ها توێژێکی فراوانی
لاوان که ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18 بۆ 30ساڵدایه به‌ته‌واوه‌تی له مه‌یدانی
سیاسی بکاته‌ده‌ره‌وه. ته‌نها ئه‌م دوو به‌ڵگه‌یه، بێجگه له‌هه‌موو
ناوه‌رۆکی کۆنه‌په‌رستانه‌و مۆرکی ئیسلامی و قه‌ومی و تائیفیی یا‌ساکه،
به‌سه بۆئه‌وه‌ی هه‌رهێزێکی سیاسی که باسی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵک ده‌کات
ئه‌و یاسایه‌و هه‌ڵبژاردنێک که ئه‌و یاسایه بڕیاره بنه‌ماو مه‌رجه‌کانی
دیاری بکات توڕهه‌ڵبدات.
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێم، وه‌کو مانۆرێکی سیاسی به‌پێچه‌وانه‌ی
تاڵه‌بانی و نوێنه‌رانی ناسیۆنالیزمی کورده‌وه له په‌رله‌مانی عێراق
دژی یا‌ساکه وه‌ستایه‌و هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌کات، به‌ڵام
هه‌ڵوێسته‌که‌ی بارزانی وه‌کو هه‌ڵوێسته‌که‌ی هاشمی له‌به‌رئه‌وه‌یه که
ژماره‌ی کورسیه‌کانیان له‌چاو باقی رکابه‌ره ئیسلامی و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی
دیکه‌یاندا که‌مترده‌بێته‌وه‌و به‌مپێیه‌ش له دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی
میلیشیاییدا و له‌بردنی داهاتی خه‌ڵکدا به‌شێکی که‌متریان پێده‌بڕێت.
بارزانی به‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی ده‌یه‌وێ خۆی وه‌کو نوێنه‌ری ره‌سمیی
ناسیۆنالیزمی کورد نیشان بدات و گۆڵێکیش له‌تاڵه‌بانی، هاوکاری ئه‌مڕۆ
و مونافیسی سیاسی ده‌یانساڵه‌ی، بکات و چه‌ند کورسیه‌کی زیاتریش بۆ
ناسیۆنالیزمی کورد مسۆگه‌ربکات.
بۆیه ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان به‌رامبه‌ر به‌و مانۆڕ‌و گه‌مه سیاسییه‌ی
بارزانی که به‌ڕواڵه‌ت بۆبه‌رگریکردنه له‌وان چاوکراوه‌و هوشیاربن. ئه‌و
هه‌ڕه‌شه‌یه شه‌ڕی چه‌ند کورسیه‌کی زیاتره بۆخۆیان و شه‌ریکه سیاسیه‌کانیان
و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه
نیه، هه‌روه‌کو ته‌جروبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌وان نیشانی داوه که
سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی ئه‌وان له‌گه‌ڵ خواست وئومێد و به‌رژه‌وه‌ندیه
سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکدا چه‌ند ناته‌با و دژبه‌یه‌کن! به‌شداریکردن
یان بایکۆتکردنی خه‌ڵک له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی په‌رله‌مانی عێراقدا بۆئه‌وه
نیه که چه‌ند کورسیه‌کی زیاتر به پارتی ویه‌کێتی و باقی حیزب و
گروپه ناسیۆنالیستی و ئیسلامیه‌کانی کورد ببڕێت، به‌ڵکو راسته‌وخۆ
په‌یوه‌نده به‌چاره‌نوسی سیاسی کوردستان و مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی و
پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆوه له‌کوردستان. به‌شداریکردنی خه‌ڵکی
کوردستان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌باری سیاسیه‌وه ماناکه‌ی ده‌بێته ئه‌وه‌ی
که خه‌ڵک خه‌ریکن به‌ده‌ستی خۆیان مل به‌فیدرالیزمی قه‌ومی پێ له‌هه‌وای
بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی ده‌ده‌ن و به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی خۆیانه‌وه ده‌جوڵێنه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه بایکۆتی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌لایه‌ن خه‌ڵکی
کوردستانه‌وه ئه‌و په‌یامه سیاسیه به هه‌موو لایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێ که
نایانه‌وێ بچنه‌وه ژێرده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تێک و ده‌وڵه‌تێکی
ئیسلامی-عروبی نه‌ته‌وه‌په‌رست و خوازیاری ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆن له‌کوردستان.
هه‌ڕه‌شه‌ی بایکۆتی بارزانی شه‌ڕی چه‌ند کورسیه‌کی زیاتره به‌ڵام ده‌بێ
بایکۆتی خه‌ڵکی کوردستان شه‌ڕی سه‌ربه‌خۆیی بێت!
21/11/2009
|