تاقە رێگەی چارەسەری كێشەی كەركوك كامەیە؟
جەلال دەباغ
كێشەی كەركوك بە مەبەستێكی تایبەتی و بۆ ئامانجی سیاسی و ئابوری كراوەتە هۆكارێك بۆ هاندان و پەیداكردنی كێشەی جۆربەجۆر لەگەڵ كوردستان.
كوردستان كە بەشێك بووە لە ولایەتی موسڵ و دوای داڕمانی دەوڵەتی عوسمانلی و كۆتایی شەڕی یەکەمی جیهان و دابەشكردنی بەشێك لە خاكە داگیركراوەكانی ژێردەسەڵاتی، دراوەتە عیراقی تازە دروستكراو كە تەواوی باشووری كوردستان لە داگیركراویی دەوڵەتی عوسمانلییەوە بۆتە ژێردەستەو داگیركراوی دەوڵەتی عیراق.
كێ هەیە ئەو راستییە مێژوییە نەزانێ كە باشووری كوردستان بە كەركوكیشەوە، بەوجۆرە بۆتە بەشێك لە عیراق.
باشووری كوردستان دوای گۆڕكردنی رێژیمی پێشوو، سەرۆكە فاشیستەكەی، لەگەڵ تەواوی عیراقدا و بەپێی دەستوری هەمیشەیی گەیشتە بڕیاردانی رێژیمی فیدراڵی. گەیشتە پەسندكردنی دەستووری هەمیشەیی لەدەنگدانێكی گشتیدا.
ئیتر چۆن و بە كام لۆجیك دەبێ كەركوك وەك هەولێرو سلێمانی و دهۆك نەبێ و بەشێك نەبێ لەم كوردستانە؟
مەگەر تەنیا بە لۆجیك و بیری شۆڤینیستانەی بەشێك لە فەرمانڕەوایانی ئێستاو پاشماوەكانی بەعسی سەدام ـ عەفلەقی و رێژیمە بەدناوەكەیان.
هەر لەم بیرو بۆچوونەشەوەیە هەندێك نووسەرو ئەندام پەرلەمانی عیراق و دام و دەزگای راگەیاندن باسی"خستنەسەرـ ئیلحاق"ی كەركوك بەكوردستانەوە دەكەن! نەك گێڕانەوەی كەركوک بۆسەر هەرێمی كوردستان. هەروا لافی ئەوە لێدەدەن گوایە كوردان دەیانەوێ كەركوك زەوت بكەن و بیخەنە سەر كوردستان، وەک بەشێك نەبێت لە كوردستان، كە لایەنە شۆڤینیستەكان دەیانەوێ بەیەكجارەكی دایببڕن.
شتێكی ئاشكرایە كە هەر دوودڵی و هەر هەڵوێست لاوازییەك لەلایەنی حزب و هێزە كوردستانییەكانەوە، یان لەلایەن حكومەت و پەرلەمانی كوردستانەوە، بەزیانی كوردستان و بەقازانجی دوژمنان و نەیاران دەگەڕێتەوە.
هەندێك دەڵێن راستە كەركوك بەشێكە لە كوردستان، بەڵام دەبێ"نەرم و نۆڵ و دیبلۆماسیبین"
با پەلەنەكەین و ئەگەر گێڕانەوەی كەركوك دواشبخرێت ئاساییە!!
هەندێك دەڵێن با ئەوە پەسندبكەین پارێزگای كەركوک ببێتە فیدراڵییەك!!
ئێستاش بیرێكیتر هێنراوەتە ناوەوە، ئەوێش ئەوەیە داوابكەین كەركوك سەربەخۆبێت!! بەڵام چۆن وكێ ئەم "سەربەخۆییە" بڕیار دەدات؟ لە كێ سەربەخۆ بێت؟ لە هەرێمی كوردستان؟!
هەندێكیش داوادەكەن نێوەندێتی (مەركەزییەت)ی حكومەتی بەغدا بەهێزتر بكرێت و سوپای عیراق دەسەڵات بەسەر هەموو خاكی عیراقدا بگرێت بە كوردستانیشەوە!! بەم بۆچوونەشیان لە دەستورو لە فیدراڵیی بڕیاردراو لادەدەن و دەیسەلمێنن كە نە باوەڕیان بەدەستورەونە بە فیدراڵی.. ئەو هەندە لەپەرلەمانی عیراق و لە حكومەتیشدا باڵادەستن.
لە راستیدا مەسەلەكە ئابوورییەو سامانی نەوتەكەیەو بەو هەموو نەوت و سامانەی عیراق تێرناخۆن وەك داواكرابێ عراق لەو سامانەی كوردستان بێبەشبێت.
وەك رۆژی روون ئاشكرایە ئەم بیروباوەڕ گەندەڵانە كە لاوازدەبن جۆرە هەڵوێستێكیان دەبێ و كە كەمێك بەهێزتردەبن هەڵوێستێكیتر.. جا وەرە ئەگەرسوپای عیراق زۆر بەهێزتر بێتەوە دەبێ چیمان پێبكەن؟
ئالێرەوە دەگەمە ئەو ئەنجامەی كە هیچكام لەو بۆچوونانە چاری بنەڕەتیی كێشەكە ناكەن.
هەمووی مانێڤرو فڕوفێڵ وتەڵەكەبازییە كە لەگەڵ كوردستانی دەكەن.
تاكە رێگەی چارەسەری بنەڕەتیی كێشەی كەركوك ئەوەیە بێچەندوچوون، بێ ئەملاو ئەولا، بێ دواخستنی چەندجارە، بێ دەستێوەردانی دەرەكی، پارێزگای كەركوك بگەڕێتەوە سەر كوردستان. ئەوەیە كێشەی كەركوك نەخرێتەدەست نەتەوە یەكگرتووەكان، نەخرێتەدەست هیچكەس. حكومەتی فیدراڵی تەواوی سنووری راستەقینەی كوردستان دانپێدابنێت تا فیدراڵییەكە هەر مەرەكەبی سەر كاغەزنەبێت.
لەبەر ئەوەش كە بەندی ژمارە(140)ی دەستووریان دواخستووەو نایانەوێ پیادەی بكەن.. رێگەی هێنانەدیی ئەو ئامانجە هەستان و رابوونی جەماوەرە، بەتایبەتی لە سەرجەم شارو شارۆچكەو ناوچەكان لە مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرانسەریی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان تا گێڕانەوەی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و یەكخستنی هەموو تواناكان بۆ ئاوەدانكردنەوەو بەرەوپێشچوون.
|