١٧\١١\٢٠١٥
تاقیکردنەوەی
ویژدان و کوردایەتیی ساختە.

پێشرەو حەمید
ئەوانەی ھاو خەم بون لەگەڵ گەلی فەرەنسادا و بەشێکیانیان وێنەی
پرۆفایلەکانیان تێکەڵ بەئاڵای فەرەنسا کرد، لەلایەن کۆمەڵێکی ترەوە
کەوتنە بەر ھێرش و سوکایەتی پێکردن!! ئەوانەی سوکایەتیان کرد بەو
کەسانە وەھا بیانویان دەھێنایەوە کە لەکاتی نەھامەتیەکانی گەلی کورد و
شەھید کردنی ھەرسێ ژنە قارەمانەکەی کورد کە لەپاریش تیرۆرکران ،
فەرەنسیەکان بێ باک بون و ھاوکاریی کوردیان نەکردو ھاو خەم نەبون و
ھەڵوێستیان نەبوو بەرامبەر بە دەوڵەی ئیرھابی تورکیا.
بەداخەوە ھێشتا ئەو بەرێزانە لە خەوێکی خەفڵەتاویدا دەژین و بیانو
بۆکوشتن و ئیھانەکردن و لەناو بردن دەھێننەوە و جۆریک لە شەرعیەت
بەکوشتنی خەڵکی سیڤل ئەدەن ، ھەموئەوانە دەبێت بزانن کە ئەوانەی لە
عێراق و سوریا و ناوچەکانی تری ڕۆھەڵات دەکوژرێن ھەربەدەستی
ئەوخەڵکانەیە کە لەژینگەی ئەو وڵاتانەدا پەروەردەبون و گەورەبون ،
بەڵام فەرەنسیەکان لەناو ماڵەکەی خۆیاندا بەدەستی ئەو گروپانەوە
دەکوژرێن کە لە ژینگەی وڵاتەکانی ئێمەدا لە ئاسیا و ئەفریقا گەورەبون و
پەروەردەگراون.
ھاوخەم بون و دەربڕینی دڵ تەنگی بۆکوشتنی مرۆڤ تاوان نیە ، ئەوەیشی ئەو
جۆرە ھاوخەمیانە بە بیانوی ترەوە دەبەستێتەوە و وەھا خۆی نیشان ئەدات
کە لەبەر کورد بونی وەھا ھاتوە تە زمان و دژی ئەو کەسانەیە کە
ھەڵوێستانە نەبوە بۆ میللەتەکەیان لەکاتی نەھامەتیەکانیاندا ، ئەوا ئە
گەر بەخۆیان بزانن یان نـــا ، ئەوە شەرعیەت بە بەکوشتن ئەدەن و ھیچ
کات خەمێکی ئینسانیانەیان نەبو نایشان بێت و بەوکوردایوتیە ساختەی
خۆیان ناتوانن ڕێگە لە درەوشانەوەی ویژدانی زیندو بگرن.
فەرەنسیەکان لەکاتی کۆڕەوەکەی میللەتی کورد لە ساڵی ١٩٩١ جیھانیان
وەئاگا ھێنا لەوەی میللەتی ئێمە لە چی دۆخێکدایە ، فەرەنسیەکان بون کە
وڵاتانی ئەندامی ەئنجومەنی ئاسایشیان ناچارکرد کە ھێلی دژە فڕین دابنێت
و میللەتی ئێمە لە ھێرشی فڕۆکەکانی بەعسیەکان بپارێزێت ، فەرنسیەکان
بوون کە سەرۆکەکەیان نارد تا سەردانی کوردستان بکات و پاڵپشتی خۆی بۆ
شەڕە ڕەواکەمان لەدژی خوێریەکانی داعش دەر ببرێت ، فەرەنسییەکان
بوون کە لە ''کۆشکی
ئالیزیە'' پێشوازییان لە ژنە قارەمانەکانی
یەپەژەکرد و بەشانازییەوە باسی ئازایەتی ژنانی کوردیان دا بەگوی
جیھاندا ، دانیاڵ میتەران " داکی کوردان " ئەویش ھەر فەرەنسی بوو کە
ئەم نەوەتازەیە نایناسن و نایشزانن فەرەنسیەکان چیان کردوە بۆیە بەشێک
لەوانەی سوکایەتی بە ھاو خەمی کوردان دەکەن بۆ فەرنەسیەکان ئەو
موراھیقانەن کە کاریان تەنھا کۆپی پەیستە و ھیچی تر و ناتوانن یەک دێر
بەباشی بخوێننەوە.
ئەم وەبیرھێنانەوە بۆ ئەوەنیە کە ئێمە شەرعیەت بدەین بە
بەرگریکردنەکەمان لە و کەسانەی ھاوخەمی ئازارەکانی مرۆڤن و ئەوانەی
ھاوسۆز بون لەگەڵ فەرەنسیەکان ، بەڵکو بەدیوێکی تردا ئەمە سەرەتایەکە
بۆ بەرچاو ڕونی ئەو کۆمەڵەخەڵکەیە کە سوکایەتی بەھەمو شتێک دەکەن و ھیچ
خەمێکیان نیە و بونیان لە ژیاندا زیادەیە و ناتوانن بەردێک لەسەرە
رێگای خۆش بەختی مرۆڤایەتیدا وەلا بنێنن و ڕێگە پاشتر پاک بکەنەوە.
ماڵپهڕی پێشڕهو حهمید
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|