٢٧\٩\٢٠١١
تارمایى
خۆکوژیى لە نێوان قەدەرگەرایى و دەسەڵاتدارییدا.
- سەرنجێک بۆ دیاردەى
خۆکوژیی و توانەوەى تاک لە کۆمەڵگاى کوردیدا
-

رێبین
ئەحمەد خدر
رەنگە هیچ لەوە ترسناکتر نەبێت، بکەوینە دۆخێکى ترسناک و چاو لەو
ترسناکییە بپۆشین.ئەوەتا من ددانى پێدادەنێم کە ئیستا لە ساتێکى
تاریکدا دەژین - رەنگە ئەو تاریکییەش تا رادەیەکى زۆر جیاوازبێت لەو
تاریکییەى رۆژانە لە تەلەڤزیۆن و رۆژنامە و راگەیاندنەکاندا دەکرێن
بەهەواڵ.لەوەدا جیاوازنییە کە هەمووان لەهەمان رەوشى سامناکدا دێین و
دەچین و دەرهاویشتەکانى دەبینین، لەوەدا جیاوازە کە هۆکار و ریشەى
تاریکییەکان وەک یەک نین، بەڵکو زۆر لەیەک جیاوازن.
ئەمرۆ ئەوەى زیاتر برینەکانى قووڵ کردوون ئەو وتار و هەواڵ و
بۆچوونانەن کە مەرگ و خۆکوژى و کوشتنەکان گرێ دەدەن بەپاساوى زۆر سادە
و بێ مانا - سادە بەو واتایەى کوشتن و خۆکوشتنەکان دەکا بە شتێکى
ئاسایى و..، بێ مانا بەو واتایەى ناتوانێت خۆکوژییەک وەک ئەوەى کە هەیە
شیبکاتەوە، خێرا دەیخاتە ئەستۆى شتێکى تر و خۆى لێ رزگار دەکات بەمەش
تەنها پەردەیەکى تەنک بەرووى ترسناکیەکەدا دەدات.
هیچمان لەوە بێ ئاگانین رۆژانە هەواڵى خۆکوژى و خۆ سوتاندن و کوشتنەکان
شاشەى تەلەڤزیۆن و کاغەزى رۆژنامە و سەداى رادیۆکان پڕدەکەن، تەنانەت
واى لێهاتووە " مەرگ - خۆکوژى " ببێتە دیکۆر و رازێنەرەوەى
راگەیاندنەکان و برەو پەیداکردنى زۆر لە راگەیاندنەکان، رۆژنامەمان
هەیە تایبەت بە رووداوى خۆکوژى و مەرگ و کوشتەکان - ئەوەندە رێژەى
خوکوژى و کوشتنەکان زیادیان کردووە.
لەناو ئەو رەوتانەش کە گوایە رەوتى بیرکردنەوە و بەدواداچوونى هەواڵى
خۆکوژى و سوتان و مەرگن - بۆچوون هەیە زیاتر مەرگەکان ترسناک و قوڵتر
دەکات، بەوەى کە پۆڵینى مەرگ و خۆکوژییەکان دەکا - بەوەى ئەم خۆکوژییە
کۆمەڵایەتییە و ئەو کوشتنە کێشەى شەخسییە و ئەوەیان دوژمندارییە و ..هتد..ئەمە
لەهەمان کاتدا بۆچوونێکى کۆمێدى و تراژیدیشە کە لە کۆمەڵگایەکى وێراندا
مەرگەکان لەیەک جیادەکاتەوە و هەریەکەیان دەسپێرێتە دەستى پاساوێک و
هەر ئەو پاساوەش ونیان دەکا.
لەماوەى ڕابردوودا چەندان خۆکوژى و کوشتن لە شاروشارۆچکەکاندا روویاندا
و هەموویان تەنها وەک هەواڵ مانەوە دووبارە سپێردران بەدەستى پاساوەکان،
خۆکوژى وەک دیاردەیەک کە ئێستا بۆتە تارماییەک و بە کوچەکاندا
پیاسەدەکات و سەردانى ماڵەکان دەکات شینەکرایەوە، بەڵکو زیاتر پەلکێشى
ئاقارێکى خراپتریان کرد و داپۆشرا.
بەر لە ماوەیەک لە هەولێر گەنجێک بەناوى "عیرفان" لەناو جەرگەى بازاڕ
لەلایەن شۆفێرى تاکسیەک بەنۆ چەقۆ کوژرا، ئەم کوشتنە تەنها وەک هەواڵێک
چووە سەر رووپەرى رۆژنامەکان و بەقەدەر سپێردرا، هەڵوێستە کردن لەسەر
مەرگێک بەم شێوە ترسناکە و چەندان مەرگى تریش دەمانگەیەنن بەوەى بڵیێن
دیاردەى خۆکوژى و کوشتنەکان بەتەنیشت ئێمەدا تێدەپەرن و بێ باکانە
دەیڵێینەوە " ئەجەلى هاتبوو ، قەدەر وابوو ئاوا بمرێ" یاخوود دیدێکى تر
هەڵدەستێ تاوانبار دەکا بە دڕندە و خراپەکارى دەگمەن، وەک ئەوەى ئەم
کوشتنە نامۆبێت بەوەها واقیعێک، ئەم دیدە سادەیەى کە واقیع دابەش دەکا
بەسەر رەش و سپى و چاکە و خراپە و نێوانێک بۆ بیرکردنە لەو رەش و سپییە
ناهیڵێتەوە خۆى لەبنەرەتدا پاساو دروست دەکا بۆ هەموو تاوانبارى و
خراپەکارییەک.
شیکردنەوەى مەرگى "عیرفان" و ئەوانیتریش تەنها بەوە ناگاتە کۆتایى کە
بڵێین تاوانبارەکە دڕندەبوو یا دەوڵەت - حکوومەت بە سزاى خۆى بگەیەنێت،
بەڵکو دەبێ بۆى برۆینە هەناوى کۆمەڵگا و پێکهاتەى کۆمەڵگاى کوردى کە
رۆژ بەرۆژ و قۆناغ بەقۆناغ ئەم تاوان و مەرگ و تراژیدیایانە تێیدا
دەبنە رووداوى ئاسایى و پرسەیەک هەمووى دادەپۆشێ.دەوڵەت - حوکمەتیش بێ
توانا و دەستەوەستان تەنها کارى ئەوە دەکات کە شوێنى تاوانەکە
لەبەرچاوى خەڵکەکە ون بکات و بەنجێک لە رووداوە سامناکەکە دەدات -
خوودى دەسەڵاتدارى بەم بەنجکردنە پەرە بە تاوانەکان دەدا. دەوڵەت
بەخەیاڵى خۆى بەدواى تاوانبار و خراپەکارەکاندا دەگەڕێت و پەیوەندى
بەخوودى "تاوان" و "خراپەکاری" ەوە نییە، دەوڵەتى بێ باک و سەردەرهاتوو
لەناو ئەم واقیعە سامناکانەدا تاوانبار لەسێدارە دەدا و تاوان ئازاد
دەکات، خراپەکار زیندانى دەکات و ژیان دەدا بەخراپە.
ئینجا ڕووداوى مەرگهێنى "بەناز" یش دووبارە سادەکرایەوە بۆ یەک رەهەند.
کەس گومانى لەوەنییە دەسەڵاتدارى لەو هەرێمەدا دەستى خستۆتە ناو هەموو
کاروبارو دەلاقە ئابوورییەکان و بۆ بەرژەوەندى و کورسییەکانى خۆى
پێشێلى ژیانى خەڵکى کردووە، هەر خوودى دەسەڵاتدارى بۆخۆى - دەست
بەسەراگرتنى تەواوى کۆمەڵگا لەلایەن کۆمەڵێک کەسى کورسى دۆست ئافاتێکى
گەورەیە، رۆژبەرۆژ ئیرادەى تاکەکان هەڵدەمژێت و ناچار بەمەرگیان
دەکات،ئەمەش هەمان مۆدێلى سەردارى باوک (براکان) ە لەخێزاندا - ئەو
مۆدێلەى کە گرنگە لە ئێستادا لەهەموو نموونەیەک زیاتر بکرێتە رەگى
شیکردنەوەى ئەم دیاردانە، بۆ هەر یەک لەم رووداوانە بروانین دەتوانین (خێزان)
وەک دەزگایەک کە لە ئێستادا هەیە و بۆتە کارگەى دروستکردنى ئەم
نائومێدییە بکەینە دەزگا و ئامێرى راڤەکردن.
هەموو ڕووداوەکان لەشوێنێکدا بەیەکەوە پەیوەندییان هەیەو پەیوەستن بە
هەمان کۆمەڵگاو ژینگەى کۆمەڵایەتییەوە، تاکى کورد کاتێ لەناو وەها
سیستەمێکدا نائاگا هەنگاو دەنێت ، دەبێ لەوە تێبگا نوقڵ و جەژنەکانى
ئەم سیستەمە نوقڵ و جەژنى مەرگن - لەخێزانەوە دەست پێدەکەین کە چۆن هێز
و ئیرادەى تاکەکان دەکرێتە دیارى باوک و براکان و.. خوشکەکان رادەستى
قەدەر دەکرێن -لەناو ئەم سیستەمەدا هەموو خوشکێک دەبێ بە خاوەنى
ئاوێنەى قەدەر - بۆ ئەوەى هەرکات ستەمى لێکرا پێى بڵین و خۆیشى بڵێ (
ئەمە خەتاى ئاوێنەى قەدەرەو ، ئەو قەدەرى منى ئاوا نیشان داوە).
ئەمە بەتەنها دۆخى خوشکەکان نییە، بەڵکو دواجار پیاوى سەردار کە
نموونەى ( دەوڵەتى سەردار و هێزى ئیلاهییە) خۆیشى دەکەوێتەوە ناو
دۆزەخەکە.لەناو دۆزەخیشدا ئاگر کەس ناناسێت.بۆیە کاتێ گەنجێک خۆى
دەسوتێنێت و خۆى دەکوژێت دەبێ لەوە تێبگەین ئاگرى گەوەردا رۆیشتووە
تاوەکو گەیشتۆتە مەرگ و سووتان و توانەوە.
ئەوەى کە دۆخەکەى ناهەموارتر کردووە ئەو هێڵە بەناو فکرییەیە کە
دەیەوێت ( دەسەڵات) بکات بە چەق و گەنجان زیاتر شەیداى دەسەڵات بکات،
لەبرى ئەوەى وابکات پشت لەدەسەڵاتدارى بکەن دەیانبا بەرەو دەسەڵاتداری
- واى نیشاندەدا بەهەشت لەدەسەڵاتدارى دادەتاشرێ و بەگۆرینى چەند کەسێک
دونیا دەبێت بە فیردەوس، هەر هەمان هێڵ تاکەکان دەبا بەرەو قەدەرگەرایى
و بێ ئیرادەکردنیان : هەمان هێڵە گەنجەکان لەبرى بیرکردنەوە لە
دروسکردنى دنیایەکى تر و یاخیبوون لەم دنیا داڕماوە شەیدا دەکات بە
مەشروب خواردنەوە و نێرگەلە کێشان و عاشقى ئۆتۆمبێل - پەیوەندییەکى زۆر
هەیە لەنێوان خۆدانە دەست دەسەڵات و خۆدانە دەست قەدەر و پشت کردنى تاک
لە ئازادى و ژیانى خۆى.
هەر ئەو هێڵەیە کە هەموو رەنجى گەنج دەفرۆشێ بە چەندین مسقاڵ زێڕ و
بازارى پێ دەخاتە هەلەکە سەما، و گەنجى پێ دەکرێ بەموڵک.خۆدانە دەست
ئەوەى کە ئەوە قەدەرى منە، لەئەساسدا ئەمە خوودى خۆکوژییە.( ئەمە قەدەر
و نسیب و چارەنووسى منە) ئەو دەربرینانەن کە ئێستا کۆمەڵگایەکى بێ
بنەمایان دروستکردووە و رۆژبەرۆژ رێژەى خۆکوژى و کوشتن زیاد دەکەن،
هەڵە دەکەین کە پێمان وابێت ئەم خۆکوژییە تەنها لەئەوانەدا بەرجەستەیە
کە ئەنجامیان داوە، ئەمە پەردەیەکە تەواوى کۆمەڵگاى داپۆشیوە- خوودکوژى
بەسەدەها جۆر لەناوماندا دەژى - بەو جۆرەى کە ژن دەگۆردرێتەوە بە مسقاڵ
، بەو جۆرەى کە گەنجان شەیداى دەسەڵاتدارى دەکرێن، بەو جۆرەى کە ئەوین
دەبێتە ئەوینى موڵکدارى و کەس ناتوانێ بێ سەیرکردن لە ماڵ و موڵکى یەک
بەیەکتر سۆز و خۆشەویستى بدات.ئەى ئەمە خودکوژیى نییە؟ ئایا
هەڵگرتنەوەى خۆشەویستى و سۆز و هەڵچنینى دیوارى بەرژەوەندخوازانە
پەردەى خودکوژى نییە؟ ئایا چوونە قەفەسێکى ناچاریانە و رازیبوون بە
دڵۆپە ئاوێکى گەرم لەناو ئەم هەموو تێنێویتیەدا خودکوژى نییە؟
ئەو تارماییەى لەنێوان قەدەرگەرایى و دەسەڵاتدارییدا رۆژانە بەناوماندا
دەروات و دێت، تارمایى خۆکوژى - چیتر هیچ پاساوێک و هیچ بەنجێکى بێ
بنەما دایناپۆشێ، خوودى ئەم سیستەمە بۆخۆى جۆرێکە لە لە دەزگاى خودکوژى
و پێویستە گەنجان و تاکەکان لێى یاخیبن، دەسەڵاتدارى دەبێ پشتى لێ بکرێ
و ناچار بەتوانەوە بکرێت و رەگەکانى بگیرێن، نەوەک ئاڵا و دروشم و
گۆرانى پێدا هەڵبگوترێت، دەوڵەت کە هەمیشە شوێنى تاوانەکان دەسرێتەوە و
موژدەى ئارامى دەدات دەبێ پشتى لێبکرێ نەوەک گلەیى و تکاى لێبکرێت
رزگارمان بکات، ژیان لەژێر سێبەرى دەوڵەت - حکومەتى چەند کەسان و
دەسەڵاتداران هەمیشە لە خەتەردایە، تاک لەژێر سایەى دەوڵەتدا دەبێ لەوە
تێبگات بەردەوام ژیان لەژێر ئەم سیستەمە رستەیەکى بۆ دووبارە دەکاتەوە
ئەویش ئەوەیە :(هەمیشە دەوڵەت لەسەر حەقە) رستەى هەمیشە دەوڵەت -
دەسەڵاتدارى لەسەر حەقە - لەناویدا چەندان شاکارى گەورى ئەدەبى و فکرى
بەرهەم هاتوون راستەو خۆ و ناراستەوخۆ - یەکێک لەو کتێبە دەگمەنانە
کتێبى رۆماننووسى چیکى فرانز کافکایە بەناوى (دادگایى) لەو رۆمانەدا
لەژێر سایەى سیستەمى دەوڵەتگەرادا تاکێک بێ هۆکار و تاوانبارى دەسگیر
دەکرێت و تا کۆتایى رۆمانەکە لەنێو رارەو و ژوورە تاریکەکانى دادگادا
دەیبەن و دەیهێنن - چونکە تاکەکان لەژێر ئەو سیستەمەدا هى خۆیان نین و
هەرکات بۆى هەیە رووبەرووى مەترسى ببنەوە.
لەئێستاشدا رۆژانە مەرگ دەبینین و دەخوێنینەوە و گەنجان بەتایبەتى
رادەستى دۆخێکى قەدەردۆست دەکرێن، مەرگەکانیش بە پاساوگەلى بێ بنەما
دادەپۆشرێن و هۆکارەکان لەیەک جودا دەکرێتەوە، لەکاتێکدا هەستانەوە و
یاخیبوون لەوەها سیستەمێک چارەسەرى ئەم رەوشەیە و دەست هەڵبرینێکە
لەناو مەرگدا،شۆرشکردن لەم شێوەى خێزانەدا و ئەم هەموو زێر و زیوو
قەفەسە..یاخیبوون لەو نێرگەلەو مەشروب و بەرۆبۆتبوونە..پشتکردن
لەچاودێریکردنى ژیانى دەسەڵاتداران و شەیدایى بۆ دەسەڵات..فڕینێکە لەو
دۆڵە تاریکەدا..گەنج دەبێ فرمێسک و ئاخەکانى پشت دەرگاى داخراو رۆیشتنى
یارەکەى وەلابنێ و بزانێ یار لە قەفەسدا یارنییە، وە عیشق لە قەفەسدا
هەنگاونانێ بەبێ ئازادى.ژن دەبێ بزانێ هەرچى مکیاجى دونیا هەیە لەخۆى
بدات جوان نابێ لە ژێر سایەى ئەم سیستەمەدا و هەرچى پێڵاوى پاژنە بەرزە
لەپێى بکات بستێک بەرزنابێتەوە لەناو ئەم خێزانەدا...
ئەمەیە ئەو تاریکییەى دایپۆشیوین..و کەسانێک دەیانەوێ بەچوار پێنج
فڵچەى وشکەوەبوو رەنگى بکەن، ئەوەیە ئەو دۆزەخەى پێى تەنراوین و
دۆستانى دەسەڵاتدارى دەیانەوێ بە دوو سێ سەتڵ ئاو بیکوژێننەوە،
لەکاتێکدا تەنها و تەنها راچەنین و وشیارى و یاخیبوون لەو سیستەمە
دەبنە هۆى بارگۆرینى ژیان و رەنگکردنەوەى تاریکى..تەنها شکاندنى
پەرداخە پر ژەهرەکانى ئەو سیستەمە دەبنە هۆکارى هەناسە هەڵمژینى
مرۆڤ..هەناسەیەک دوور لە کەوتن و توانەوە و خۆخواردنەوە و قەدەردۆستى
کە ئیستا کۆمەڵگایان داگرتووە...هەناسەیەکى تر.
ماڵپهڕی رێبین ئهحمهد
خدر
|