٢١\٥\٢٠١٢
تاوانى کۆمەڵکوژیى
(رۆبۆسکى) شایەنى
ئیدانەکردن بوو، نەک کوژرانى چەکدارانى داگیرکەر.

هیواڕەش
ئایدیۆلۆژیاى ڕەگەزپەرستیى کەمالیزم و ئەو تاوانگەلەى لە پەنایدا
پەیتاپەیتا دژ بە ڕۆڵەکانى گەلى کوردمان لە باکور ئەنجام دراوە و دەدرێ
قێزەونترین لاپەڕەى ڕژێمە توتالیتارە یەکلەدوایەکەکانى تورکیایە ،
نکوڵیکردن لە بوونى گەلى ژێردەست و خاکى داگیرکراو و زمانى دایک ،
تەواوى ڕۆڵەکانى گەلى کوردیان ناچارى پەنادان بۆ چەک و
بەڕەنگاربوونەوەى پەلامارى نەگریسى دوژمنە کۆنەپەرستە تورکى و فارسى و
عەرەبییەکان کردووە و لەو ناوەشدا هەزاران لە ئێمە و دەیانهەزار لەوان
بوونەتە قوربانیى سیاسەتى شۆڤینیزمانەى دوژمنە داگیرکارەکانمان .
شەڕى داسەپاوى داگیرکاران ناڕەوایە و شەڕى بەرگریى ئێمەش ڕەوایە ،
چونکە ئەوان دەسدرێژیکار و مافزەوتکەرن و ئێمەش بەرگریکار و
مافزەوتکراوین ، ئەوان لە ماڵى خۆیانەوە خۆیان کۆک و تەیار دەکەن و
هێرشمان بۆ دەهێنن ، ئێمەش لە ماڵى خۆمان دانیشتووین و بەرگرى لە خۆمان
دەکەین ، ئەوان سامانى وڵاتمان دەدزن و دەیدەنە چەک و کوشتارگەى
ڕۆڵەکانمانى پێ بەرپا دەکەن ، ئێمەش بێبەش لە سەروەت و سامانى خۆمان
جگە لەوەى برسیمان دەکەن کۆمەڵکوژمان دەکەن .
ئەمڕۆ سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ، بە سەغڵەتى و پەرۆشییەوە جگە لە
نیگەرانیى بۆ کوژرانى چەند بکوژێکى داگیرکەرى تورک لەسەر دەستى گەریلا
شۆڕشگێڕەکانى پارتى کرێکارانى کوردستان ، لە هەمان کاتدا زۆر تورکانە
ئیدانەى ئەو چالاکییە قارەمانانەیە دەکات و وەکو ئەوەى گەریلا چووبنە
قوڵایى خاکى تورکیا و تەعەدایان کردبێ ! نەک کەمالیستەکان هاتبنە ناو
خاکى کوردستان بە مەبەستى جێبەجێکردنى سیاسەتى قڕکارانەى ڕۆڵەکانى
گەلەکەمان ، ئەم زمانە پڕدڵسۆزییە بۆ کەمالییەکان بۆ ؟ ئەگەر مەبەست
دژایەتى شەڕ و کوشتن و کاولکارییە ! خۆ تاوانى ڕۆبۆسکى ئەسڵەن لەگەڵ
چالاکییەکى ئاوهادا بەراوورد ناکرێ ، ئەدى بۆچى شەرمنانە هەڵوێستیان
وەرگرت ؟ ! و لەگەڵ ئەوەشدا خۆ گەریلا نە شەڕى هەڵایساندووە و نە کەسى
بێتاوانى کوشتووە و نە لە ختوخۆڕا دەستیان داوەتە چەک .
لەوانەیە پاساوى ئەوەیان هەبێ گوایە دۆخى نێودەوڵەتى و هەڕەشە و
مەترسییەکانى سەر گەلەکەمان وا دەخوازێ زمانێکى (د ى پ ل ۆ م ا س ى) بەکاربێنن ، بۆ ئەمەش باشتر وابوو بێدەنگییان هەڵبژاردایە وەیا دەکرا
بە هەمانشێوەى هەڵوێستى ڕابردوویان لە ئاستى تاوانى گەورەى ڕۆبۆسکى لە
ژێرلێوەوە شتێکیان بووتایە .
دڵنیام ئەگەر تەواوى سەرۆک و سەرۆکایەتییەکانى هەرێمەکەمان نیگەران و
ناخۆشحاڵ بن لە دڵڕەنجانى داگیرکاران بەناوى پاراستنى ئەزمونى باشورى
کوردستان و ئیدانەى زەبرى شۆڕشگێڕانەى گەریلا بکەن ، ئەوا بە
پێچەوانەوە تەواوى خەڵکى بەشمەینەت و خەباتگێڕ بە دڵ و بە گیان
دەسخۆشیى لە هەڵمەتى گەریلا دەکەن ، هەر خەڵکى زەحمەتکێشیش بوو لە
ڕاپرسیدا دەنگیان بۆ سەربەخۆیى کوردستان دا و سەرکردەکان لەباریان برد
و ئێستاش هەر ئەو خەڵکە پشتیوانى خەباتى ڕەواى ڕۆڵەکانى باکورمانن و
بەیاننامە و خۆشکردنى پەیوەندى ئابورى و بازرگانیى سەرکردەکان ،
تۆزقاڵێک لە ئەرکى نیشتمانى و نەتەوەیى دووریان ناخاتەوە ، گەریلاش
پارێزەر و وڵاتپارێزى خاکێکى سوتماک و گەلێکى ستەملێکراون و
پشتیوانیکردنیان ئەرکێکى موقەددددەسە .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|