١٦\٣\٢٠١٢
کۆماری ئیسلامی
ئێران ھەڵەبجەی ژاراوی کرد، نەک سەدام!
وەرگێڕ: ئەم وتارە بە قەڵەمی (Stephen C. Pelletiere)
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ بە سەر تیتری "تاوانی شەڕ یا مەعامەلەی شەڕ" لە
ڕۆژنامەی نیۆیۆڕک تایمز بە ئینگلیسی بڵاو کراوەتەوە و دوواتر ٢٠٠٧
کراوە بە ئاڵمانیش و منیش ھەر ئەوکات لە ساڵی ٢٠٠٧ لە وەرگێڕدراوە
ئاڵمانییەکەیەوە کردمە کوردی و بڵاوم کردەوە، چوون پێموابوو و پێموایە
ئێمە کە خاوەنی کارەسات و کۆمەڵکووژییەکەین پێویستە بە شوێن پرسیاری "بۆچییەتی"
و "چۆنییەتی" ئەو ڕووداوەوە بین و ھەموو ئیحتماڵەکان بخوێنینەوە، بە
تایبەت کە لە زمان و بە قەڵەمی پڕۆفیسۆر پێڵتیر یەکێک لە بەرپرسانی
ڕێکخراوی ئیتلاعات و ئەمنییەتی ئەوکاتی ئەمریکا کە بەرپرسی ڕووداوەکانی
ناوچەکەش بووە، باسکراوە. بۆیە ئەمساڵیش ھەمدیسان بە بۆنەی بۆمبارانی
شیمیایی شاری ھەڵەبجەی خۆشەویست بە دەسکاریی و باشکارییەکەوە دەیخەمەوە
بەر دیدەی خوێنەران، با ئەم لایەنەی ڕووداوی کارەساتباری ھەڵەبجەش
بزانین. بە پێی قسەکانی ستێفن پێڵتیر بۆمباران و ژاراویی کردنی شاری
ھەڵەبجە کاری ئێران بووە و نەک ئێراق لەبەر ئەوەی گۆیا دووای
تاقیکردنەوەی گازەکە دەرکەوتووە کە ئەوەی بڵاوبۆتەوە گازی سیانید یا
گازی خوێنی بووە و لەو کاتەشدا بەس ئێران خاوەنی ئەو گازە بووە و ئێراق
لەوکاتەدا تەنیا خاوەنی گازی خەردێل بووە!
پێشەکی وەرگێڕی ئاڵمانی ساڵی ٢٠٠٧:
کێ لە ڕووداوی ھەڵەبجەدا تاوانبارە؟
لە بەر ئەوەی کە وەحشیگەریەکانی سەدام دیکتاتۆری لە گۆڕ نراوی ئێڕاق بە
بەڵگەوە بسەپێنن و شەڕ دژی ئێڕاق بە کردەوە دەربێنن و دواجار ھێڕشی
نیزامی بکەنە سەر، ھەمو جارێک دوبارەیان دەکردەوە کە دیکتاتۆڕی ئێڕاق
ھەزاران کوردی بە بۆمبی شیمیایی لە ناو بردووە. ئەو دیکتاتۆڕە ھەڵواسرا
بە بی ئەوەی کە ھەموو قۆناخەکانی ئەو دادگاییانە لە سەر ئەو
جینایەتانەی کە ئەنجامی داون کۆتایی پێ بێت. تا ئێستا ھیچ حوکمێکی
ئێعدامی سیاسی لەم نەوعە بەو شێوە بە پەلە ئیجڕا نەکراوە. بەڵام سەدام
بە کام تاوان لە دار درا؟ ھەمو حووکمی تاوانەکەی ئەوە بو کە ئەو دوای
ئەو تێرۆرەی کە لە ساڵی ١٩٨٢ بە مەبەستی کوشتنی سەدام لە شاری دوجێل
کرا، ١٤٢ پیاوی شیعەی بە مەبەستی تۆڵە سەندنەوە لە دادگایەکی
فەرمایشیدا بە دەستوری شەخسی خۆی بە مەرگ مەحکوم کەردبو. بە شێوەیەکی
ناڕوون و سەرساماویی لەو دادگاییەی سەدامدا لە سەر باسی تاوانی شەڕی
ئەو کە بە بۆمبای شیمیایی دژی خەڵکی مەدەنی بە کاری ھێنابێت ھیچ باسێک
نەکرا و ئەمەش ئیتیفاقی نەبو!
پڕۆفیسۆر ستێفن س. پێڵتیر، پڕۆفیسۆر لە خوێندنگای باڵای شەڕ لە ئەرتەشی
ئەمەریکا، وتارێکی لە رۆژنامەی New York Times
نوسیوە و لە ٣١.٠١.٢٠٠٣ بڵاو کراوەتەوە کە ناوبراو لەو بابەتەی خۆیدا،
ھێڕشی شیمیای سەدام بۆ سەر خەلکی مەدەنی بە تەبلیغات دەزانێت.
ھێڕشی نیزامی ئەمەریکا بۆ سەر عێڕاق تا ئێستا (و: ئێستا، واتە ساڵی
دووھەزار و حەوت)، ٦٥٠٠٠٠ قوربانی مەدەنی ڵێکەوتۆتەوە. بە میلیونەھا
کەس بە بۆنەی بە کار ھێنانی ئۆرانیۆم بونەتە قوربانیی بڵاوبوونەوەی (تشعشعاتی)
رادیوئاکتیڤ، و تا ئێستا ھیچ باسێکیان لێ ناکردرێت. بە پێچەوانەوە
سیاسەتمەدارە رۆژئاواییەکان بەس لەوە توڕە بون کە سەدام ١٤٢ شیعەی
ئێڕاقی کوشتووە و تەنیا لەسەر ئەم تاوانە بە خێرایی ئێعدامیان کرد و
ئەمە ئەو کایە بێتامە بوو کە چەند و چۆنەکەی بۆ کەسمان ڕوون نەبۆتەوە!
تاوانی شەڕ یاخۆ مامهلهی شەڕ؟
The New York Times - 31.
Januar 2003

پڕۆفیسۆر ستێفن س.
پێڵتیر
وەرگێڕانی لە ئهڵمانییهوه: ئەیوب رەحمانی
کوردەکانی شاری ھەڵەبجە بە گازێک کە لە سیانید
Cyanid دروست کرابو کوژڕان. ئەو گازەی کە تا ئەوکات لە
شەڕەکاندا لە ڵایەن ئێرانەوە بەکار دەھێنرا. بەڵام لە بەر ئەوەی کە
جۆرج بوشی کوڕ بەھانەی بۆ شەڕ لە گەڵ عێڕاق پێویست بو، سەدامی کرد بە
تاوانباری سەرەکی ئەو کۆمەڵکوژیە.
ھیچ جێگای سەرسوڕمان نەبو کاتێک کە ھیچ جۆرە بەڵگەیەک کە بیسەپێنێت
رژیمی ئێڕاق چەکی کۆمەڵکووژی ھەیە، لە ڵایەن جۆرج بوشەوە پێشکەش نەکرا.
لە وتاربێژییە ساڵانەکەیدا سەرۆکی ئەمەریکا کە ڕو لە خەڵکی وڵاتەکەی
خۆی کردی، زۆرتر جەختی لە سەر بەشە ئەخڵاقیەکەی ھێڕشی نیزامی بۆ سەر
عێڕاق کردەوە و وتی: دیکتاتۆری ئێراق کە ترسناکترین چەکی کۆمەلکووژی
دەست کەوتوە، ئەو چەکەی بە دژی خەڵکی مەدەنی و دێھاتەکان بە کار ھێناوە
و ھەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی، فەلەج، کوێڕ و یا کوشتوە.
ئەو تۆمەتەی کە رژیمی ئێراق چەکی شیمیایی دژی خەڵکی ئێڕاق بە کار
ھێنابێت، ناسراوە. یەکێک لەو بەڵگانەی کە لەم ساڵانەی ئەخیردا دایمەن
باسی لێدەکەن، بۆردومانی ژاراوی شاری کوردنشینی ھەڵەبجەیە کە لە مانگی
مارسی ١٩٨٨ لە ماوەێکی کورت پێش کۆتایی ھاتنی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران/عێڕاق
رویدا و زیاتر لە ٥٠٠٠ مرۆڤ ھەر لەوێ دەسبەجێ گیانیان لە دەست دا. جۆرج
بوش ئەو کات وتی: "رژیمی ئێڕاق خەلکی مەدەنی خۆی ژاڕاوی دەکات" مەبەستی
ئەو بۆردومانی شیمیایی شاری ھەلەبجە بوو و ھەر ئەمەی کردە بەھانەی
ھێڕشی نیزامی بۆ سەر خاکی عێڕاق بۆ ڕوخانی حکومەتی بەعس.
تەنھا شتێک کە سەلمێنراوە و دیارە ئەوەیە کە، کوردەکان لەو رۆژەدا لە
ھەڵەبجە بە بۆمبای شیمیایی بۆردومان کران. بەلام ئێمە قەت بە
دڵنیاییەوە ناتوانین بلەین کە ئەوە چەکە کۆمەڵکووژیەکانی عێڕاق بون کە
لەوێ بە کار ھێنڕان. ئەم ئیدیعایە تەنھا شت نەبو کە لە ڕوداوی
ھەڵەبجەدا بە پێچەوانە نیشانی ڕای گشتی جیھان درا!
من وەک کارناسێکی باڵای سیاسیی ڕێکخراوی سیای ئەمەریکا، کە بەرپرسی
لێکۆڵینەوەی ئێراق لە کاتی شەڕی ئێران و ئێڕاقدا بووم و ھەروەھا وەک
پڕۆفیسۆر لە خوێندنگای باڵای شەڕ لە ئەرتەشی ئەمەریکا لە بەینی
ساڵەکانی ١٩٨٨ بۆ ٢٠٠٣، لە سەر بابەت و ڕووداوەکانی ئەوکاتی ناوچەکە
بەباشی ئاگادارم. من دەستم بە زۆربەی بەڵگە نھێنییەکان، کە لە واشنگتۆن
لە سەر خەلیج کۆکرابونەوە دەگەیشت. لەو کاتانەدا بەرپرسیارەتییم پێ
سپێردرابو کەمن ئەو ڕاپۆرتەی کە ئەرتەشی ئەمەریکا لە ساڵی ١٩٩١ لە سەر
عێڕاق دابوی، ھەڵسەنگێنم، کە عێڕاق چۆن لە شەڕی ئەمەریکا دەتوانێت لە
خۆی بەرگری بکات و لە ئەگەری شەڕدا چۆن خۆی دەپارێزێت؟ بەشێکی زۆر
نھێنی ئەو ڕاپۆرتە بە فراوانی لە سەر کارەساتە کۆمەڵکووژییەکەی ھەڵەبجە
بو.
لە سەر مسموم کرانەکەی شاری ھەڵەبجە ئێمە ھەر ئەوەندە دەزانین کە لە
شەڕەکەی بەینی ئێران و ئێڕاق گازی شیمیایی بە کار ھێنرا. گۆیا
ئێڕاقیەکان گازی ژاڕاویان بە کار ھێناوە بۆ ئەوەی ئەو سەربازە
ئێرانییانەی پێ بکوژن کە شارەکە (و: ھەڵەبجە)یان ھێنابوە ژێڕ کۆنترۆڵی
خۆیان. ھەڵەبجە لە باکوری ئێراق و لە نزیک مەرزی ئێراندایە. خەڵکی
مەدەنیی شارەکە کە لەوێدا تیاچون کەوتبونە نێوان دو جەبھەی شەڕەکەوە.
بەڵام ڕاستییەکانی ڕوداوەکە دواتر ئاشکرا دەبێت. ھەر خێڕا بە دوای
کوشتارەکە، تیمێکی نھێنیی لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لیکۆلینەوەیان
لە سەر چییەتی و چۆنیەتی بە کار ھاتنی گازی شیمیایی کرد و ڕاپۆرتێکی
ئێجگار نھێنییان لە مەڕ ئاکامی لێکۆلینەوەکانی خۆیان پێشکەش بە
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کرد. ئەو ڕاپۆرتە لە ڵایەن ڕێکخراوی ئەمنیەتی
ئەمەریکاوە خرایە ناو ئەو بەڵگە گرنگانەوەی کە لە سەری دەنووسن: "پێویستە
ئەمانە بزانێن". ئاکامی لێکۆلینەوەکە جەختی لەسەر ئەومە کردبووەوە کە
ئەو گازە کە خەڵکی ھەڵەبجەی کوشت، ھی ئێران بو نەک ھی عێراق!
ڕێکخراوی ئەمنیەتی ئەمریکا واتە سیا ئەیزانیی و ئاگادار بوو کە ھەر
دوولا ھەم ئێران و ھەم ئێراق، لەو کاتەدا گازی ژاراویان دژی یەکتر بە
کار دەھێنا. بەڵام شێوەی کوژرانی کوردەکان بە ڕوونی ئەمەی نیشان دەدا
کە ئەوان بە گازی خوێنی (Blutgas)
کوژرابون. گازێک کە لە سیانیدەوە سەرچاوەی گرتووە و دروست کراوە. ئەوە
لە کاتی خۆیدا ناسرابوو و دەزانرا کە ئێڕان لەو جۆرە گازانەی ھەیە و بە
کاری ھێناون. رژیمی ئێراق کە کوژرانی کوردەکان لە ھەڵەبجە بە سەریدا
سەپێنرا، گازی خەردێلی (Senfgas) ھەر لەو دەوروبەرە (و: شارەزوور،
زەردە، سەردەشت، ئاڵۆت و ھتد.) بە کار ھێنابوو بەڵام نەک ناوشاری
ھەڵەبجە. تا ئەو کات بۆ کەس نەناسرابو کە ئێراق گازی سیانید یا گازی
خوێنی ھەبێت، بەڵام ھەموو دەیانزانیی ئێراق گازی خەردێلی ھەیە!
ئەم ڕاستیانە ماوەێکی زۆرە کە ناسراون، بەڵام بە شیوەێکی سەرسوڕھێنەر
ھەر کاتێک باس لە روداوی ھەڵەبجە دەکرێت، ھیچ کەس باسی ڕاستیەکان ناکات!
بابەتێکی زۆر جەنجالی لە مانگی مارسی ڕابردو لە NEW
YORKER ھەمو ڕاپۆرتە ئاشکراکانی ڕێکخراوی ئەمنیەتی ئەمریکای
رەد دەکردەوە و دەیوت کە ئەوە گازی شیمیایی ئێران بوو کە کوردەکانی
کوشت و لەسەر ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ئەمنیەتیش وترابوو کە ڕاپۆرتەکەی سیا
ھەموی ناڕاستە و بەڵگەکان دەستکاری کراون و ھەروەھا باسی ئەوە کرابوو
کە ئەمەریکا لە کاتی شەڕی ئێران و ئێڕاق، لایەنی ئێراقی گرتبو.
من (و: پێڵتیرە) لەم نوسراوەمدا بە تەمای ئەوە نیم کە روخساری ناشیرینی
سەدام و تاوانە دزێوەکانی بۆ بپۆشم. زۆر شت لە سەر بابەتی پێشێلکردنی
مافی مرۆڤ بە ئاشکرا ھەیە کە سەدام دەبێ وەڵامدەرەوەیان بێت. (و: سەدام
ئەوکات ھێشتا دەسەڵاتی بوو) بەڵام ئەمە ڕاست نییە کە سەدام بە
بۆمبارانی شیمیایی ھەڵەبجە تاوانبار بکرێت، چوون گازە سیانیدەکەی
ھەڵەبجە ھی ئێران بووە. (و: ئەم بابەتە دەبوو لە دادگاکانی سەدامدا
ڕوون بکرێتەوە، بەڵام نەیانھێشت سەدام لەوبوارەدا قسە بکات و
دادگاکەیان نەگەیاندە ئەو قۆناخە و کووشتییان، ئەگەر چی من لە
کووشتنەکەشی دڵنیا نیم و لە تاکتیکی ھۆلیوودی دەچوو تا ئێعدام!!) ھەمو
زانیاریی و بەڵگەکان ئەمە دەسەلمێنن کە چەکی شیمیایی لە کاتی شەڕەکاندا
لە لایەن ھەردوو لاوە بە کار دەھێنران. کەواتە بە کار ھێنانی چەکە
کۆمەڵکوژییەکان بە بۆنەی بردنەوە و سەرکەوتن بەسەر یەکتردا لە
شەڕەکاندا بوو. ئەم تاوانی بەکار ھێنانی چەکی شیمیایی لە شەڕەکاندا بۆی
ھەیە ببێتە ھۆکار و بەھانە و ھەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا لە دژی ئێڕاق،
بەڵام تاوانی ھەڵەبجە ناتوانرێت بۆ دەسپێکی ئەم ھێرشە بەرز بکرێتەوە.
ھەمو ئەو کەسانەی پێیان وایە کە لە سەر کارەساتی ھەڵەبجە دەبێ ھێڕشی
نیزامی بکرێتە سەر عێڕاق، دەبێ ئەم شتانەش لە بەر چاو بگرن: بۆچی بۆ
ئێرانیەکان زۆر گرێنگ بوو کە شاری ھەڵەبجە داگیر بکەن؟ بە
لێکۆلینەوەێکی باش لە سەر ئەم پرسیارە، دەتوانین تیشکێکیش بخەینە سەر
ئەوەی کە ئامانجەکانی ئەمەریکا چیە کە دەیھەوێت ھێڕش بکاتە سەر عێڕاق.
دایمە وەبیرمان دەخەنەوە کە ڕەنگە لە ژێر خاکی ئێڕاقدا گەورەترین
کانگای نەوتی جیھانی لێبێت. ھەروەھا ئێڕاق لە باری ستراتێژی ناوچەیی و
جوغرافیایی و ژێئۆپۆلیتیکیشەوە زۆر گرنگە چونکە گەورەترین سیستەمی
ڕوباری لە ھەمو ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە. بێجگە لە ڕوبارەکانی
دیجلە و فوڕات و تیگریس (ڕوباری ئەڕوەند) ڕوبارەکانی زابی چکۆلە و زابی
گەورە لە باکوری ئەو وڵاتەن. ئێڕاق لە سەدەی شەشەمەوە ھەم بەو سیستەمی
ئاویەوە ناسراوە و ھەم بە سیلۆی گەنم و دانی ھەمو ناوچەکە دەناسرێت.
لە پێش شەڕی ئێران و ئێراق، رژیمی ئێڕاق چەند سیستەمەکی بەندئاو یا
سەدی ئاوی زۆر گرنگی لە سەر روبارەکانی ئەو وڵاتە دروست کرد. گرنگترینی
ئەو بەندئاوانە، ئەوەی دەربەندیخانە کە لە کوردستان ھەلکەوتووە.
ئێڕانیەکان ھەڵەبجەیان گرت لە بەر ئەوەی کە کۆنترۆلیان بە سەر بەنداوی
دەربەندیخاندا ھەبێت. لە دەیەی نەوەدەکاندا زۆر جار لە سەر پرۆژەی ھێڵی
لولەی ئاشتی قسە و باس کراوە. کە بە پێی ئەو پڕۆژە دەبو ئاوی
روبارەکانی ئێراق (دیجلە و فوڕات و تیگریس) بە وڵاتانی باشوری خەلیج
بگەینرێت و لەوێشەوە بگەینرێتە وڵاتی ئیسڕائیل. ئەم پرۆژە ھەرگیز سەری
نەگرت، لە بەر ئەوەی کە ئێڕاق دژایەتیی دەکرد لە قەبوڵ کردنی وەھا
پرۆژەێک. کەواتە سەرگرتنی ئەو پڕۆژە ئاوییە کاتێک دەتوانرا بکرێت کە
ئێڕاق لە دەست ئەمەریکاییەکاندا بێت.
بەم شێوە ئەمەریکیەکان دەتوانن چارەنووس و داھاتوی ھەمو رۆژھەڵاتی
ناوەڕاست لەوەی کە دەیان ساڵە ھەیە بگۆڕن. نەک تەنھا لە بەر ئەوەی کە
ئەمەریکاییەکان نەوتی ئێڕاق بێننە ژێڕ کۆنتڕۆڵی خویان، بەڵکو بە تایبەت
لە بەر ئەوە کە ئاوی ئێڕاقیش کۆنتڕۆڵ بکەن. تەنانەت ئەگەر بێت و
ئەمەریکایەکان، ئێڕاق بە شێوەی نیزامی داگیر نەکەن، بەڵکو بەس ھەوڵی
ئەوە بدەن کە دەسەڵات لە دەستی دیکتاتۆڕی ئێڕاق و حیزبی بەعس دەر بێنن،
ھەر ئەمانە خۆیان بە تەنیا بەسن بۆ ئەوەی کە شیرکەتە عەزیمە نەوتیەکانی
ئەمەریکا، قەراردادگەلی زۆر گەورە و ھەرزان لە گەڵ رژیمی داھاتو و تازە
بە دەسەڵات گەیشتووی ئێڕاق ببەستن. (و: کەواتە داگیرکردنی درێژماوەی
ئێراق ھەر لە سەرەتاوە مەبەستی ئەمریکییەکان نەبووە، بەڵکوو ھەبوونی
ڕژیمێکی دەستنیشاندەیان مەبەست بووە، کە بە حیزبی بەعسیش دەکرا!! بەڵام
ھەرچی بێت ئەو ھێرش و ئاڵوگۆڕانە قازانجیان بۆ گەلی کوردی باشووریش
تێدا بوو.)
ئەوەی کە رژیمی بوش پێویستیەتی، ئەمەیە کە ڕای گشتی ئەمەریکا بۆ شەڕ
ئامادە بکات، و ھەموو قسە و باس و نیشانەکان دەرخەری حاشاھەڵنەگری
دەسپێکردنی شەڕێکی داسەپێنراون. لە ھەمو ئەو ھۆکار و بەھانانەش کە
دەیھێننەوە، بۆ ئەوەی بە جۆرێک، بن لادن بە ئێڕاقیەکانەوە گرێ بدەن،
تێیدا سەرکەوتو نەبون. ئەو ئیدیعایانەش کە رژیمی ئێڕاق ھەڕەشە لە
دراوسێکانی دەکات، نەیتوانیوە تا ئێستا بەھانەی شەڕیان بۆ بڕەخسێنێت و
دەنگی پێ نادرێت، بۆ ئەوەی کە ماندویی و تیکشکانە یەک بە دوا یەکەکانی
ئەرتەشی ئێڕاق و گەمارۆ یەک بە دوا یەکەکانی شۆڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی
نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ھەمو کەس دیارە و توانایی و بڕستی لە ئێڕاق
گرتووە. بەم پێشفەرزە، ھێزە نیزامیە تێکشکاوەکانی ئێڕاق لە حاڵی حازردا
ناتوانن ھەڕەشە بن بۆ سەر ھیچ وڵاتێک.
تۆ بڵەی باشترین و کاراترین بەھانەی ھێڕش بۆ سەر ئێڕاق، گرتن و سزادانی
سەدام بە تاوانی دژیی مرۆڤایەتیی لە گەڵ خەڵکی وڵاتەکەی خۆی نەبیت کە
ئێستا بەھێزترین و دەنگھێناوەترین تاوانی جەناییە لە لایەن ڕای گشتی
ئەمەریکاوە؟ و لەم حالەتەدا دڕاماتیکترینیان کوشتاری خەڵکی ھەڵەبجە؟
پێش ئەوەی کە ئێمە لە سەر ھەڵەبجە بچینە شەڕی وڵاتێکی تر، دەبی لە
ڵایەن رژیمی ئەمەریکاوە ھەمو ڕاستیەکان بە خەڵکی ئەمەریکا و ڕای گشتی
بکوترێن، ئەمە شتێکە کە دەولەت بە خەڵک قەرزدارە. ئەگەر بێت و دەوڵەتی
ئەمەریکا بەڵگەی سەلمێنەری لە ڵا بێت کە لە شوێنەکانیتر ژەھری کۆمەڵکوژ
دژی کوردەکان بە کار ھێنڕاون، دەبێ ئاگادار بین بزانین ئەو بەڵگانە،
ڕەنگە ئەوانە بن کە دژی پاڕتیزانە کوردە ئێڕانیە شۆڕشگێڕەکان (و:
گوردانی شوان)، کە دژی رژیمی ئێڕان شەڕیان دەکرد، بە کار ھێنڕابون .
بۆچی ئێمە لکاوین بەس بە کارە قێزەونەکانی رژیمی سەدام حسینەوە؟ لە
کاتێکدا کە دەوڵەتی ئەمەریکا تەنانەت یەکدانە بەڵگەی باوەڕ پێکراویش
لەم بارەوە بە کەس نیشان نادات؟ بێجگە لەمە ئەو ھەمو رژیمە دواکەوتوو و
کۆنەپارێزانە لە جیھاندا ھەن کە تەنانەت لە لایەن واشنگتۆنەوە
پشتیوانیشیان ڵێ دەکرێت! ئەی بۆ ڕێک سەدام حسین؟ (و: لێرە کۆتایی
نووسراوەکەی ستێفن پێڵتیرە)
وەرگێڕی ئاڵمانی: رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی چاپی لەندەن لە ڕێکەوتی
٢٤.١٢.٢٠٠٣ نووسی :
ڕسواییکی تازە لە بارەی دۆنالد ڕامسفێلد دەڵالی تایبەتی ئەمەریکا و
سەدام، دوێنێکە کەوتە بەر چاو. بەڵگە نھێنییە نوێکان کە دەرکەوتوون
ئاشکرای دەکەن کە ڕامسفێلد لە ساڵی ١٩٨٣دا سەفەرێکی بۆ ئێڕاق کردبو، لە
بەر ئەوەی کە پشتیوانی تەواوی دەوڵەتی ئەمەریکا (و: لەمەڕ شەڕی ئێران و
ئێراق) بە ئێڕاق ڕابگەێنێت. ڕامسفێلد لە بەغداد بێ ئیحتیاتانە بەکار
ھێنانی چەکی شیمیایی لە شەڕدا بە ئێڕاق پێشنیاز کردبو. بەڵگە کۆنە
نھێنییەکانی ئەو کات ئەمە دەسەلمێنن کە وەزیری بەرگری ئەمەریکا ٢٠ ساڵ
لە مەو بەر سەفەری کردوە بۆ بەغداد، لە بۆ ئەوەی کە دڵنییایی بە ئێڕاق
بدات، کە تاوانبارکردنی ئێڕاق لە مەڕ بە کار ھێنانی چەکی شیمیایی ، لە
لایەن ئەمریکاوە شتێکی فۆڕمالیتە دەبێت. بە واتایکی تر "پلانی واشنگتۆن
ئەمەیە، کە لە شەڕ بەرانبەر ئێراندا پشتیوانی لە ئێڕاق دەکەن و ھەمو
پەیوەندییەکان بە خواست و ویستی دەولەتی ئێڕاق باشتر دەکەن، ھەر بەم
پێیەش رەخنەکانی دەولەتی ئەمەریکا لە ئێراق ھەمووی فۆڕمالیتەن"
ڕامسفێلد ئەمانەی بە دڵنییاییەوە بە ئێڕاق ڕاگەیاندبوو.
____________________________________________________
کورتەێک دهربارهی نووسەر:
پڕۆفیسۆر ستێفن س. پێڵتیرە، لێکۆڵەری باڵای سیاسی ڕێکخراوی سیای
ئەمەریکا و بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە ئێراق و ناوچەکە لە کاتی شەڕی ئێران
و ئێڕاقدا بوو و ھەروەھا لە خوێندنگای باڵای شەڕ لە ئەرتەشی ئەمەریکا
لە بەینی ساڵەکانی ١٩٨٨ بۆ ٢٠٠٣ خزمەتی کردووە. ناوبراو ھەروەھا
نوسەری کتێبێکە بە ناوی "ئێڕاق و سیستەمی نەوتی نێونەتەوەیی: بۆچی
ئەمەریکا خۆی بۆ شەڕ لە خەلیج ئامادە دەکات؟".
سەرچاوەی ئینگلیسی:
http://www.commondreams.org/views03/0131-08.htm
سەرچاوەی وەرگێڕدراوی ئاڵمانی:
http://www.biologie.de/biowiki/Diskussion:Halabdscha
سەرچاوەی ڕێکخراوی سیا:
US Army War College: Iraqi Power and
US Security in the Middle East. Februar 1990.
ماڵپهڕی ئهیوب رهحمانی
|