![]()
|
٦\٥\٢٠٢٦ تاو و تیرێژێ راودەکەم!
دارا خونچە
هەستدەکەم ئەو هۆنراوەیە هەروەک ''پایزە''ی یارۆم پڕاوپڕە لە ژیان، لەبەرهەندێ پێشکێشی وی دەکەم.
ژیان لە تەک راژەنینی جۆلانێوە لە جوانان دەوری.. ١ ئاخخخ لەو گەڕەلاوژێیە هەم تاڵ و هەم شیرینە! دەی خۆ لەبەر قیڕەقیڕی قەلان و قریوەقریوی قاز و قومریان هیچ ناژنەوین ئەوانەشی لە دووری دوورەەوە تریوەیان دێ ٢ وەسەر سۆمایە قۆقزییەکان دەخلیسکێن ٣ هێدی هێدی دەڕژێنە ژێر پێیوپلی جەور و ستەم! ٤ دەک پێنەگەن ئەوانەی ٥ لە هەڵپەی گەیشتن وە مێخۆشیی هەڵدەدێرن؛ ئەوانەی ژەنگ هەر وە رەنگ دەبینن ٦ نازانن زەنگ لە دەنگ چێبکەن! نا نا.. من چیدی ٧ چاوانم بەرایی نادەن لە نیگایان بگرم ٨ چیدی ناشێ لە پێناوی پرسەی گوڵان دەستبەرداری خونچە پەژمووردەکان بم جا خۆ ئەمن دێنشینی دێی داڕمای ''دەماوەند''م ٩ دوندی ''دەماوەند'' وە من چی! ١٠ لەورا ئارمانج لەسەر پەڕی ١١ ''کەویە بەفر'' و ''وژەوژی با'' نانویسم ١٢ ئیدی ئەمن لەسەر پشتی ''ئەسپەشێ''یان ١٣ پێ لە ئاوزەنگ ١٤ تاو و تیرێژێ راودەکەم ١٥ چۆڕاوی چێژ دەنۆشم و تەکاندەدەم ژیان لە تەک راژەنینی جۆلانێوە لە جوانان دەژەنی! من لە تەک ''تاوپێدانی زەوی و ژەنینی ئاوازی وەکهەڤیی و ١٦ رانانی ژیار''ەوە دەژیم! _______________________________________________________ ١- دەوری: (ورین) وەسەردانیشتنەوە یان چوونە سەر جێیەک و مانەوە لێی جا وە هەر ئامانجەک. ٢- تریوە: شەپۆلی دەنگ و جوولە کە لە گیاندارانەوە دەردەچی. ٣- قۆقزیی: ئاستی بەرزیی و زەقیی کەوانەیی هەر تەنەک. ٤- پێوپل: پێ و پەنجەکان. ٥- دەک پێنەگەن: وە خواست و ئامانجی خۆیان نەگەن. ٦- وە: بە. ٧- چیدی: هیچ جارەکی دیکە، جودایە لە ''ئیدی'' کە واتای ''ئیتر'' یان ''ئەوجا'' دەدا. ٨- چاوانم بەرایی نادەن: ''چاوەەکانم رێ نادەن'' تشتەک ببینم کە نامەوێ. ٩- دەماوەند: ناوی دێیەکی باشووری کوردستانە. ١٠- کێوی دەماوەند: لە رۆژەڵاتی سەرێی ''تاران''ە. ١١- لەورا: چونکێ، چون، لەبەرئەوەی، لەبەرهەندێ. ١٢- کەویە بەفر: رنووی بەفر، پتر بەو پارچە بەفرانە دەگوترێ کە تا هاوین نەتوابنەوە. ١٣- ئەسپەشێ: یەک جۆری ئەسپی لاق باریک و خۆشبەز و خێرایە، بە رەنگی سۆری زەردباو واتە ئاوێتەیەک لە رەنگەکانی سۆر و سپی و زەرد. ١٤- ئاوزەنگ: ئەو جێیە تایبەتەیە کە لە ئاسن چێدەکرێ و سواری ئەسپ لە کاتی سواربوون پێی دەخاتە ناوی، ''ئاوزەنگ لێدان'' هەم وەک تاودان و ئاراستەپێگرتنی ئەسپەکە هەم وەک هاوسەنگیی راگرتن و خۆپاراستنی سوارەکە لە گلان بەکاردێ. ١٥- تیرێژ: تیشکی رۆژ، پتر وە تیشکە باریک و زۆر گەش و رۆشنەکان دەگوترێ. ١٦- وەکهەڤیی: وەک یەک بوون، یەکسانیی، بەرابەریی.
نیسانی ٢٠٢٦ - لەندەن
|