٢٩\٣\٢٠١٥
تا خاوەن ماڵ دزی
گرت؛ دز خاوەن ماڵی گرت؟!

ستار محەمەد قادر
بە حەقیقەت بەوە دەکات نانی کورد سوێر بێت،
بۆیە هەر کەسێک نمەکمان دەکات، دوایی دەبێت بە
دوژمنێکی سەرسەختمان و وەکو مار دەیەوێت پێمانەوە بدات، کێ
لەئێمە شیمانەی ئەوەی دەکرد کورد لەسەر دەستی شیعە هاوپەیمانەکەی
نانبڕاو بکرێت؟ ئەوان تا نەگەیشتن بەهەرەمی دەسەڵات بەشێوەیەک خۆیان
وێنا دەکرد، کە لایەنی مۆڕاڵیان بەهیچ شێوەیەک رێگەیان پێ نادات لەگەڵ
کورددا بەریەک بکەون، سەرو بنی زوبانیان باسیان لەمەزڵومیەتی کورد
دەکرد، کەچی هەر ئەوەندە دەستیان دارەکەی گرد، بەرەو رووی کورد بەرزیان
کردەوە.
لەوپەڕی لاوازی خۆیانەوە بەجۆرەها شێوە ئیشیان بۆ لاوازکردنی پێگەی
کوردو هەرێمی کوردستان دەکرد، لەو باوەڕەدام ئەگەر لەخۆیان دڵنیا
ببوونایە کەبەهێز دەتوانن کورد سەرکوت بکەن، بێ سڵەمینەوە پەنایان بۆی
دەبرد، هەموو ئەمانەش گوزارشت لەنیاز پاکی کورد دەکات، کورد ئەگەر
لەهەر شتێکدا خۆش باوەڕ بێت، نابێت خۆشباوەڕی بکات بەهەوێنی سیاسەت و
سیاسەتکردن، بەدووری نەزانین ئەو ئاوارانەی وا ئێستا لەهەرێمی
کوردستاندا داڵدە دراون و خۆیان و ماڵ و منداڵیان پارێزراون، سبەینێ
ئەگەر لایەنێک ئیشیان لەسەر بکات، کێشەو گرفتی گەورەمان بۆ درووست
دەکەن!
ئەنگیزەی ئەم نووسینەم لەهەڵوێستی کاراکتەرێکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە
کورد پەناو داڵدەی دا لەکاتی لێقەومانیدا، کورد جوانی گوتووە جێگەی مشت
پێ لەقەیە، ئەگەر چاکە وا نەدرێتەوە بۆ چی باشە؟ زۆر زەحمەتە عارەبێک
بدوێنی و ناخی خۆیت بۆ بکاتەوە دان بە مافە رەواکانی کورددا بنێت!
ئەوانەشی وا ئەمڕۆ بە ناچاری پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە،
پاشەرۆژ بۆمان ئاشکرا دەبێت کە بەچ شێوەیەک دانی خێرمان پێدا دەنێن!
لەم رۆژانەدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی چاوم بەنووسینێکی وەفیق سامەڕائی
بەرپرسی دەزگای ئیستیخباراتی رژێمی پێشووی عێراق کەوت، کە داوای
لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ تۆمەتێکی هەڵبەستراو دەکات، بەڕاستی تووشی
شۆک بووم، ئاخر هەر ئەو زاتە لەسەردەمی پرۆسەی ئازادیی عێراقدا، سوێندی
بەسەر سەرکردەکانی کورد دەخوارد، کەچی ئێستا هەوڵەکانی بۆ ئەوە چڕ
کردووەتەوە تا خۆی لەمەرجەعی باڵای شیعە نێزیک بکاتەوە، بەشێوەیەک
دەیەوێت دژایەتی کورد بکات، وێنەی کوردی قوربانی کیمیاباران و ئەنفال و
جینۆسایدی یەزیدیەکان بگۆڕێت بۆ جەللاد، هەزار رەحمەت لەپێشینان کە
گووتوویانە: ئەوەی لەمشک بێت؛ دەبێت جەواڵ بدڕێت؟!
وەفیق سامەڕائی لەژێر تایتڵی (تطهیر العرقی)
بە واتای پاکتاوی رەگەزی دەنووسێت: لەم
رۆژانەدا نامەی زۆرێک لەگوندنشینە عارەبەکانمان پێدەگات، کەسکاڵای ئەوە
دەکەن، هێزەکانی پێشمەرگە، بەتایبەتیش پێشمەرگەی پارتی، لە
دەوروبەری موسڵ، لە رۆژئاوای
کوردستان، هەڵدەستن بەراگواستنی گوندنشینان و رێگەیان پێنادەن دوای
کشانەوەی داعش بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و هێندێک لەو گوندانە
لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تەخت دەکرێن، بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هەندێک سیاسی و ئەندام پەرلەمانی دانیشتووی
پارێزگاکان، خۆیان بەدوور دەگرن بۆ قسەکردن یان ناڕەزایی دەربڕین
بەرانبەر بەسەرۆکی هەرێمی کوردستان، کەسەرۆکی گشتی هێزەکانی
پێشمەرگەیە، ئەمەش شەرمەزاریەو مێژوو لەلاپەڕە رەشەکانیدا تۆماریان
دەکات، ئەگەر راستیەکان پشتڕاستکرانەوە، پێویستە لەسەر نوێنەرە
ئازادیخوازو ئەو سیاسیانەی کە بەبەرژەوەندیە کەسیەکانیانەوە نەگلاون،
لەم بابەتە بکۆڵنەوەو دۆسیەی یاسایی بۆ بکەنەوە، چونکە ئەمە پاکتاوی
رەگەزی و یەکێکە لەتاوانەکانی جەنگ! دەبێت سیاسیەکان ئەوە بزانن،
بێدەنگی لەئاستی ئەم پرسە، بەمانای خیانەتکردن دێت لەوانەی وا دەنگیان
پێداون، ئەوە ئێمە هەموو لایەکمان ئاگادار کردەوە؟!
بێ گومان وورووژاندنی بابەتێکی لەم شێوەیە لەم ساتە وەختەداو لەلایەن
کاراکتەرێکی سووننەی عارەبەوەو هانا بردنی بۆ مەرجەعی باڵای شیعە، کە
کورد خۆی قوربانی شەڕی داعشەو جگە لەبەرگریکردن و رزگارکردنی خاکی
کوردستان لەئەجێندایدا هیچ جۆرە بەرنامەیەکی دوژمنکارانە بوونی نیەو
بەسەرنجەوەچاودێری دۆخەکە دەکاو نایەوێت گرژی و ئاڵۆزی بکەوێتە نێوان
عارەبی سووننەو کوردەوە، دەبێت بەکەم تەماشا نەکرێَ و بەهەند
وەربگیردرێت، بەدووری نەزانین ئەم بابەتە پیلان بۆداڕێژراو بێت، چونکە
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە بریتیە لەوورووژاندنی هەستێکی فاشیستی و شۆڤێنی
عارەبی و ختوکەدانی دژ بەکورد، ئەمەش رێک ئەو پەندە کوردیەمان وەبیر
دەخاتەوە کە دەڵێت: هەتا خاوەن ماڵ دزی گرد؛ دز خاوەن ماڵی گرد؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|