١٣\١١\٢٠٢١
تازەترین
دەنگوباسی سینەمایی سەبارەت بە فیلمەکانی
''٠٩، ئەزموون، بێ
نیشتیمان، خاکی پیس، چوار دیوار و
دوازدەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ھامبۆرگ" لە ئەڵمانیا.
شوان عەتووف
بە چوار فیلمی سینەمایی بەشداریی لە فێستیڤاڵی فیلمی "دھۆک" دەکا.
سینەماکاری
کورد "شوان عەتووف" لەرێی چوار فیلمی سینەماییەوە بەشداریی لە بەشە
جۆراوجۆرەکانی ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" دەکا.
سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" لەرێی چوار فیلمی سینەمایی لەوانە:
فیلمی سینەمایی "٠٩"ە دەرھێنانی "بەختیار فەتاح" لە بەشی "پانۆراما"،
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی"
وەکوو فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵ، فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" لە
دەرھێنانی "توورج ئەسڵانی" لە بەشی "پێشبرکێی سەرەکی" و ھەروەھا فیلمی
سینەمایی "خاکی پیس" لە دەرھێنانی "ئاڵا ھۆشیار" لە بەشی "پێشبرکێی
سەرەکی" بەشداریی لە ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"
دەکا.
ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" لە چەندین بەشی
پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"،
بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردی"، بەشی "ڕوانینێک بە سینەمای جیھان"،
بەشی "پانۆڕامای سینەمای کوردی"، بەشی "نمایشی تایبەت" و ... لە ڕۆژانی
١٥ تا ٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی دھۆک و ھەروەھا لە
ھۆڵە سینەماییەکانی ناوەندی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆک لە ھەرێمی
کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەمە سێیەمین بەشداریی شوان عەتووفە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"
و ئەم خولەش بەشدارە وەکوو یەکێک لە چالاکترین سینەماکارانی باشووری
کوردستان.
شایەنی باسە ئەم بەشدارییەی "شوان عەتووف" لە فێستیڤاڵی "دھۆک"، پاش
تەواو کردنی پرۆگرامی "کورد ئەکتەر" دێت کە تەرخان کرابوو بۆ دۆزینەوەی
ووزە شاراوەکانی نواندن لە کوردستان کە "شوان عەتووف" خاوەن بیرۆکەی
ئەم ھەنگاوە گرینگە بوو.
ئەم بەرنامەیە بینەرێکی زۆریی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و لە ساڵی ٢٠٢١ لەسەر
شاشەکانی کەناڵی "ئێن ئارتی دوو" بۆ یەکەم جار بوو لە عێراق و
ناوچەکەدا لەم جۆرە بەرنامەیە لە بواریی نواندندا ئەنجام بدرێت و
گەنجانی بەھرەمەند، تواناکانی خۆیان بە باشترین شێوە خستەڕوو.
-------------------------------------------------------------------------------------------------
"ئەزموون" لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی
فیلمی "لیدز"ی بەریتانیا و "لیدێن"ی ھۆڵەندا.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە دەرھێنانی
سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" لە شازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "لیدێن" لە ھۆڵەندا و سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "لیدز" لە بەریتانیا باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار
بەشدارە.
فیلمی سینەمایی "ئەزموون" چوارەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "شەوکەت
ئەمین کورکی"، لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش"، بەرھەمی ھاوبەشی ھەرێمی
کوردستان و وڵاتانی ئەڵمانیا و قەتەر؛ لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی
خۆیدا لە بەشی نمایشی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان" لە شازدەیەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدێن" لە وڵاتی ھۆڵەندا نمایشکرا و لە
درێژەدا ئامادەبوونە جیھانییەکانیدا لە سی و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "لیدز" لە وڵاتی بەریتانیا باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای
ئۆسکار بەشدارە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدێن" کە ساڵی ٢٠٠٦ دامەزراوە، بە یەکێک
لە فێستیڤاڵە فیلمە پێشڕەوەکان لە ھۆڵەندا دێتەئەمار و فیلم گەلێک
نمایش دەکات کە تیایدا سنووری نێوان سینەمای ئەم وڵاتە و ڕەوتی سەرەکی
سینەما لە سەرتاسەری جیھان بخاتە بەر لێکۆڵینەوە.
شازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدێن" بە نمایشی زیاتر لە ١٠٠
فیلم لە دەرھێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە بەشەکانی وەکوو؛
نمایشی "فیلمە بڵیندە سینەماییەکان"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلم"، بەشی
"دەرەوەی پێشبڕکێی کورتە فیلم"، بەشی "گێژکردن" و ... لە ڕۆژانی ٢٨ی
ئۆکتۆبەر تا ٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوەچوو.
"ئەزموون" لە درێژەی بەشدارییە جیھانییەکانی خۆیدا لە سی و پێنجەمین
خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدز" لە وڵاتی بەریتانیا و
باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار بەشدارە و لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە
کاتژمێر ٥:٤٥ی ئێوارێی ڕۆژی دووشەمە ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ نمایشکرا و لە
درێژەدا لە کاتژمێر ٤:١٥ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
و ھەروەھا لە کاتژمێر ١:١٥ی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەمە ١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
لە شاری لیدز، دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لیدز" لە لایەن ئەنجوومەنی شاری لیدز و
ڕێکخراوەی فیلمی بەریتانیا و بە نمایشی کۆمەڵێک بەرھەم لە سینەماکارانی
وڵاتانی دنیا لە ڕۆژانی ٣ تا ١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لە شاری لیدز لە وڵاتی
بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
ئەم فێستیڤاڵە، یەکێکە لە گەورەترین ڕووداوە سینەماییەکان لە بەریتانیا
دێتەئەژمار کە دوای فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "لەندەن"، گرینگترین
فێستیڤاڵی ئەم وڵاتەیە. لەم فێستیڤاڵەدا کۆمەڵێک بەرھەم لە فیلمسازە
بەھرەمەندە نوێیەکان، داھێنەرەکان و بەرچاوەکان و ھەروەھا ئەو فیلمانەی
کە تا ئێستا لە بەریتانیا نمایش نەکارون، ھەڵدەبژێرێت و بە نمایش کردنی
ژانڕە جۆراوجۆرەکان لەوانە: خەیاڵاویی، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشن، بەشێکی
کاریگەر و بایەخداری ھەبووە لە ناساندنی بەھرەمەندانی پیشەی فیلم و
سینەما.
"ئەزموون" بەرھەمی کۆمپانیای "میتۆس فیلم"ی بەڕلین و کۆمپانیای "مەستی
فیلم"ی سلێمانی کە بە پاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی
ھەرێمی کوردستان بەرھەمھاتووە و لە لایەن کۆمپانیای ئەڵمانی "ئاڕت ھوود"
ArtHood لە جیھاندا بڵاودەبێتەوە.
بۆ زانیاریی پتر:
https://www.leedsfilm.com
https://www.liff.nl/en
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە ئینستاگرام:
https://instagram.com/the_exam_movie?utm_medium=copy_link
لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی "ئەزموون" لە فهیسبووک:
https://www.facebook.com/The-Exam-%D8%A6%DB%95%D8%B2%D9%85%D9%88%D9%88%D9%86-106319785023346
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی
"ئەزموون"
-------------------------------------------------------------------------------------------------
یەکەمین نمایشی جیھانی "بێ نیشتمان" سێیەمین
بەرھەمی بڵندی "توورج ئەسڵانی" لە ئەمەریکا.
فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" سێیەمین بەرھەمی بڵندی
سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی" لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە سی
و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەکۆئێست" لە وڵاتی
ئەمەریکا و باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکار دەچێتە سەر پەردە.
فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان" لە نووسین، دەرھێنان و
بەرھەمھێنانی سینەماکاری کورد "توورج ئەسڵانی"، بەرھەمی کۆمپانیای
سینەمایی "ماد مووڤی"
و ھەروەھا بەرھەمی ھاوبەشی "ڕەز
ھەڵکەوت ڕەشید" لە ھەرێمی کوردستان، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە
بەشی "ئاسۆی سینەمای جیھان" لە سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "سینەکۆئێست" لە وڵاتی ئەمەریکا دەچێتە سەر پەردەی
سینەماکان.
ئەم ڕووداوە پڕ بایخە سینەماییە، یەکێکە لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە
سەربەخۆکانی دنیا و ھەروەھا فێستیڤاڵی باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ئۆسکارە.
"بێ نیشتمان" لە لایەن کۆمپانیای "تسویر گستر الھە پارسی" (ئێلی ئیمەیج) بە بەرپرسیارییەتی خاتوو "ئیلاھە نەوبەخت" لە ئاستی جیھاندا
بڵاودەکرێتەوە.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەکۆئێست" ڕووداوی سینەمایی "فیلم و
خوڵقاندن" کە یەکێکە لە گرینگترین فێستیڤاڵە فیلمە سەربەخۆکانی دنیا،
بە تەرکیز لەسەر داھێنانی خوڵقێنەرانەی تیکنەلۆژیا بۆ ژیانی ھەرچی
باشتریی خەڵکی جیھان و یەکێک لە بەرچاوترین فێستیڤاڵەکانی ناساندنی
فیلمە داھێنەرەکان دێتە ئەژمار؛ کە لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٧ بە شێوەی
ئۆنلاین بەڕێوەچوو و لەم بوارەدا، لە نێوان فێستیڤاڵەکانی دنیادا و لە
کەشووھەوای میدیا دیجیتاڵییەکاندا پێشەنگە.
سی و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سینەکۆئێست" بە
بەرپرسیاریی "ھاڵفدان ھۆسێی" و سەرۆکایەتی "کاتلین پاوڵ"
و بە دروشمی "ئافڕاندنی نوێخوازیی و تواناسازی" بە
شێوەی ئۆنلاین لە ڕۆژانی ٤ تا ١٤ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لە "سیلیکۆن والێی" لە شاری سەن خۆزە لە ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە وڵاتی
ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت و ھەر ساڵە تیایدا زیاتر لە ١٠٠ فیلم، ئەزموونی
یەکەمین نمایشی جیھانی و ئەمەریکای خۆیان دەکەن و بۆ ھۆگرانی ھونەری
سینەمای نمایش دەکرێن.
خوێنەرانی ڕۆژنامەی بەناوبانگی "یو.ئێس.ئەی تودەی" فێستیڤاڵی
نێودەوڵەتی فیلمی "سینەکۆئێست"یان بە باشترین فێستیڤاڵی فیلمی ئەمەریکا
ھەڵبژاردووە.
لە "بێ نیشتمان"دا کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی وڵاتانی تورکیا،
سووریا، عێراق و ھەرێمی کوردستان، بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی
و فارسی لەگەڵ "ھانی موجتەھیدی" گۆرانیبێژی ناوداری کورد تیایدا ڕۆڵیان
بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاھیت شاھین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش
شەھباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە،
ھاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەھا عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی،
ئاسۆ ڕەفیق، ھەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.
بۆ زانیاریی پتر:
https://www.cinequest.org
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "بێ نیشتمان"
-------------------------------------------------------------------------------------------------
دوو ئەکتەرە کوردەکەی "بەھمەن قوبادی" لە
فێستیڤاڵی فیلمی "تۆکیۆ" خەڵاتیان بەدەستھێنا.
دوو ئەکتەرە کوردەکەی فیلمی سینەمایی "چوار دیوار" لە
دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی "ڕاجێر
واتێرز" لەگەڵ دوو ئەکتەری دیکەی ئەم بەرھەمە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی
فیلمی "تۆکیۆ" خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویان بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "چوار دیوار" لە دەرھێنانی سینەماکاری
ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی "ڕاجێر واتێرز" موزیکزانی بەناوبانگی جیھان، ھەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و ژەنیار
بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیکی ھەرمانی "پینک فلۆید"، بەرھەمی وڵاتی بەریتانیا لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە بەشی
"پێشبڕکێی سەرەکی" سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆکیۆ"
لە ژاپۆن چووە سەر پەردەی سینەما و لە لایەن بینەران، ڕەخنەگران
و نووسەرانی سینەماییەوە پێشوازیی بێوێنەی لێکرا و "فاتیح ئاڵ" و "ئۆنۆر بۆڵدۆ" ئەکتەرە کوردەکانی ئەم فیلمە و خەڵکی
شاری ئامێد و ھەروەھا "ئەمیر ئاقایی" ئەکتەری ئێرانی و "باریش ییلدیز" ئەکتەری تورک، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاویی ئەم ڕووداوە
سینەماییە گرینگەیان بەدەستھێنا.
سی و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆکیۆ" بە سەرۆکایەتی
"ھیرۆیاسۆ ئاندۆ" لە لایەن ڕێکخراوەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سینەمای
ژاپۆن، بە سەرۆکایەتی لێژنەی دادوەرانی "ئیزابێل ھۆپێر" ئەکتەری
ناوداری فەڕەنسی و بە نمایشی زیاتر لە ١٠٠ بەرھەم لە دەرھێنەرانی
وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە ڕۆژانی ٣٠ ئۆکتۆبەر تا ٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
لە شاری تۆکیۆ لە وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
https://2021.tiff-jp.net/en/lineup/film/3401CMP06
https://2021.tiff-jp.net/award_winners_en
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی سینەمایی "چوار دیوار"
-------------------------------------------------------------------------------------------------
ئێرانییە توندڕەوەکان لەسەر "بەھمەن قوبادی"
ھێرش دەکەنە سەر "ڕاجێر واتێرز".
"ڕاجێر
واتێرز" موزیکزانی ناوداری جیھان لە لاپەڕەی تایبەتی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا "بەھمەن قوبادی" بە ھەڤاڵی خۆی وەکوو فیلمسازی
گەورەی کورد ناودەبات و ئێرانییە توندڕەوەکانیش بە نووسینی
کۆمێنتەکانیان ھێرش دەکەنە سەر ئەم گۆرانیبێژ و ژەنیارە بەتوانایە و بە
توندی ڕەخنەی لێدەگرن.
"ڕاجێر واتێرز" موزیکزانی بەناوبانگی جیھان، ھەڵبەستوان، گۆرانیبێژ و
ژەنیار بەتوانای بەریتانی و دامەزرێنەری گرووپی موزیکی ھەرمانی "پینک
فلۆید"، دوای ئەوە کە ترەیلەری فیلمی سینەمایی "چوار دیوار" لە
دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" لە لاپەڕەی تایبەتی تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا بڵاوکردەوە و لە وتارێکی کورتدا نووسی: ھەڤاڵی
من "بەھمەن قوبادی" فیلمسازی گەورەی کورد، فیلمە نوێیەکەی بە ناوی "چوار
دیوار" لە فێستیڤاڵی فیلمی "تۆکیۆ" نمایش کرد. من لە کاتی بڵاوبوونەوەی
"ساتێک بۆ مەستی ئەسپەکان" لایەنگری بەگوڕوتینی بەھمەن بووم. شانازی
دەکەم کە لەگەڵ "چوار دیوار" ھاوکاریم کردووە.
دوای بڵاوبوونەوەی پۆستی "ڕاجێر واتێرز" لە لاپەڕە تایبەتییەکانی خۆیدا،
ئێرانییە توندڕەوەکان بە نووسینی کۆمێنتەکانیان ھێرشیان کردە سەر و بە
توندی ڕەخنەیان لێگرت. ئەوە دەریدەخات لە دوایین سەردانیدا کە "بەھمەن
قوبادی" موزیکزانی ناوداری جیھان "ڕاجێر واتێرز"ی بانگھێشت کرد بۆ
ھەرێمی کوردستان و شاری ھەولێر، دیارە کە ئەم سینەماکارە کوردە لە
دەرەوەی وڵات خۆی بە کورد دەناسێنێت و لە دوایین پۆستی "ڕاجێر
واتێرز"یش دەبینین کە لە لاپەڕەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەیەتییەکانی
ئینستاگڕام، فەیسبووک و توویتێر، لە "بەھمەن قوبادی" وەکوو فیلمسازی
گەورەی کورد ناودەبات و لە تەنیشتیدا ھیچ وشەیەکی ئێرانی نانووسێت و
ئەوە دەریدەخات کە قوبادی لەسەر کوردبوونی خۆی چەندە ھەستیارە و
پێداگریی لەسەر دەکات.
فیلمی سینەمایی "چوار دیوار" لە دەرھێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن
قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی "ڕاجێر واتێرز" موزیکزانی ناوداری جیھان
بەرھەمی وڵاتی بەریتانیا لە یەکەمین نمایشی خۆیدا لە ڕۆژی سێشەمە ٢ی
نۆڤەمبەری ٢٠٢١ لە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی" سی و چوارەمین خولی
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تۆکیۆ" لە وڵاتی ژاپۆن چووە سەر پەردەی
سینەما و لە لایەن بینەران، ڕەخنەگران و نووسەرانی سینەماییەوە
پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا.
بۆ زانیاریی پتر:
https://rockcelebrities.net/roger-waters-shares-the-trailer-of-the-new-film-he-produced
-------------------------------------------------------------------------------------------------
ھەڵبژێردراوانی
دوازدەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ھامبۆرگ" لە ئەڵمانیا دیارکران.
ھەڵبژێردراوانی
دوازدەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ھامبۆرگ" لە شاری ھامبۆرگ لە
وڵاتی ئەڵمانیا دەستنیشانکران.
دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ھامبۆرگ" بە بەرپرسیاریی "یاسیر
ئیرمەک" و لە لایەن ڕەوەندیی کوردیی لە وڵاتی ئەڵمانیا و بە نمایشی ٤٢
بەرھەم لە سینەماکارانی کورد و وڵاتانی بیانی لەوانە: ٤ فیلمی سینەمایی،
١٠ بەڵگەفیلم، ٢٤ کورتە فیلمی چیرۆکی و ئەنیمەیشنی و ھەروەھا ٤ فیلم لە
بەشی "تایبەت بە منداڵان" لە ڕۆژانی ٢٨ی ئۆکتۆبەر تا ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١
لە سینەماکانی "کینۆ"، "زیسە" و ٣٠٠١ لە شاری ھامبۆرگ لە وڵاتی
ئەڵمانیا بەڕێوەچوو و ھەڵبژێردراوانی ئەم ڕووداوە سینەماییە
دەستنیشانکران.
ناوی فیلمە براوەکانی دوازدەیەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ھامبۆرگ"
بریتین لە:
ـ خەڵاتی یەکەم بە کورتە فیلمی "پەڵە" لە دەرھێنانی "شۆڕش وەکیلی"
بەخشرا.
ـ خەڵاتی دووھەم بە کورتە فیلمی "قەرەنتینە" لە دەرھێنانی "محەمەدڕەزا
ئەردەڵان" پێشکەشکرا.
ـ خەڵاتی سێیەم بە کورتە فیلمی "کۆدی ئاواتەکان" لە دەرھێنانی "سەھیم
ییلدیز" بەخشرا.
ـ خەڵاتی لێژنەی دادوەرانیش بە کورتە فیلمی ئەنیمەیشنی "دەسپێی دووبارە"
لە دەرھێنانی "ئەوین بەرازی" پێشکەشکرا.
لە دوازدەمین خولی خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "ھامبۆرگ" ڕێزیی تایبەت
لە سینەماکاری کورد ڕەوانشاد "ڕەحیم زەبیحی" گیرا و تیایدا بەڵگەفیلمی
بڵندی "نانی پیرۆز" دوایین بەرھەمی ئەم فیلمسازە بانەییە لە
بەرھەمێھنانی سینەماکاری کورد "توورەج ئەسڵانی" و بەرھەمی کۆمپانیای
سینەمایی "مادمووڤی" نمایشکرا و ھەندێک لە ھەڤاڵانی ئەم فیلمسازە
کۆچکردووە و چەندین سینەماکاری کوردیش سەبارەت بە کاسایەتی زەبیحی
ھاتنە ئاخاوتن.
بۆ زانیاریی پتر:
https://www.facebook.com/KurdischesFilmFestivalHamburg
https://wetransfer.com/downloads/da7275a76f64b95a3508b970d2a8f4f720211103234801/cc91
a285e25c98ece4411d46471b643620211103234819/ab7fec
http://hkff.info
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|