٣٠\١٢\٢٠١٢
تێبینیم لەسەر
لیستی داھێنەران و سندووقەکەی وەزارەت.

حەمەی ئەحمەد رەسوڵ
لە ساڵی پارەوە ئەو سندوقەم بیستووەو ئەوەبوو: بەشێوەیەکی نھێنی و زۆر
تایبەت ئەو کۆمەکیە بۆ لەچاپدانی کتێب یان دەرکردنی سیدی و پێشکەشکردنی
شانۆگەری و سازدانی فیلم، یارمەتی بەسەر ھەندێکی زۆر کەم لە نوسەرو
ئەدیب و ھونەرمەند و شێوەکار دابەشکراو ناوی ھیچ کەسێک رانەگەیەنرا و
ھیچ دەزگایەک و میدیایەک پێی نەزانی.
بەڵام ئەمساڵ ٢٠١٢ لەڕێگەی سەندیکاو یەکێتی نوسەران و ھونەرمەندانەوە،
فۆرمی تایبەت بە سندوقی داھێنەران دابەشکرا، زۆرێک لە فۆرمەکان کۆپی
کرانەوە، زۆرێکیش شاردرانەوەو دران بە کەس و خزم و ناسیاو (ھەروەک
دابونەریتە کۆنەکەی تاکی کورد!) ھەرچۆنێک بێت ئێمەومانان لە بنکڕەکەیدا
پێمانزانی و بە نائومێدیەوە فۆرمەکەمان وەرگرت و بە برادەری متمانە
پێکراودا ناردمانەوە بۆ وەزارەت، چونکە زۆرێک لە فۆرمە پڕکراوەکانیش
فەوتان و نەگەیشتنەوە وەزارەتی رۆشنبیری (( بۆچی!؟ لەبەر ھۆکاری نادیار..
رەنگە لەبەرئەوە بێت کە ئێمە ھێشتا وەکو ئۆمەتی محەمەد پۆستمان نییە!))..
بەڵام لە دوا رۆژەکانی ئەمساڵدا لە دوو رۆژنامەی سەر بە یەکێتی و پارتی،
لیستێکی دوور و درێژ بڵاو بۆوە بەناوی ٦٩٠ کەسی داھێنەر - کە لە ھەموو
ئەوروپاشدا ئەو ھێندە موبدع و داھێنەرە نیست.. دواجار ھەڵایەکی گەورەشی
لێکەوتەوە کە تۆزقاڵێک ناھەقیشی تیا بوو، چونکە پێش چەند ھەفتەیەکی کەم،
لیستێکی سەر بە ئۆپۆزسیۆن (بەتایبەت گۆڕان) بڵاو بۆوە کە نوسەرو
ھونەرمەندو رۆژنامەنوسی ئەو بزووتنەوەیەو ھەندێک ناوی ناو ئۆپۆزسیۆنە
ئیسلامیەکانیشی تیابوو کە بە پلەی عەقیدو نەقیب و رائیدو تەنانەت لیواش،
خانەنشین کران کە بڕی موچەکەیان دەگاتە١- ٢-٣ ملیۆن/ وەکو باسی لێوە
ئەکەن. بەڵام من خۆم لە میدیاو تیڤی و رادیۆی ئەو ئۆپۆزسیۆنە
چالاکانەوە ھیچ رەخنەو تانەو تەشەرێکم گوێ لێنەبوو، کە رەخنەی
کەللەتەزێن و توندو رۆکێت ئامێز بن و ئاوی سارد بکەن بە دڵی ھەژارو
رەشورووتی ئەم وڵاتە ھەناسەساردەدا. باسی لووش لێدانی بودجەو قووتی
فەقیرو فوقەرایان تێھەڵکێش بەو باسو خواسە نەکرا.
بەڵام وا بۆ ئەم لیستەی وەزارەتی رۆشنبیریە، بەرنامەو مێزگردو تەنانەت
کەمپەینیش راگەیەنرا.. ناوی زۆرێک لەو کەسانە لەکەی کەوتە سەرو
تەشھیریان پێکرا..
راستە ناوی تیایە کە پێویست نەبوو بەو کۆمەکەو ئەوان پلەو پایەی باشیان
ھەیەو لە راپەڕینەوە سودمەندن و بەرھەمیشیان پێنەماوە، بەڵام وەکو چۆن
بووەتە عادەت، مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و واسیتەو حزبایەتی و خزمایەتی
رۆڵی گەورەی تیا گێڕاو لیستەکە بووە لیستی لێشاوێک لە داھێنەر، کە ئەم
ناوەی داھێنەرەش ئیشکالیەتێکی زۆری دروستکردو ئەگەر سندوقێک بۆ کۆمەک
وھاریکاری نوسەرو ھونەرمەندی بەخششکەر بوایە باشتر بوو.. ناوەکانیش
دەبوو نەگەیشتایەتە ئەو ھێندە زۆرەی کە پێی گەیشت..
ئامۆژگاری و قسەی برایانەی بەندە بۆ وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەیە کە کۆمەک
و یارمەتیەکانی بۆ ئەدیب و ھونەرمەندان و روناکبیرانی کوردستان
بەشێوەیەکی دادوەرانەتر بێت و ئەو بڕە پارەیەی بۆ رێزلێنانیش ھەیە
شایستە نیەو زۆر کەمە، شێوازی پێدانەکەشی زۆر نەشیاوە، بە ٤ مانگ
جارێکەو دەبێت رێزلێنەر لەوپەڕی دھۆک و خانەقین و سلێمانیەوە بەرەو
ھەولێر بچێت و ئەو ھەموو ریسکە بەناو رێگاوبانی پڕ لە مەترسیدا بکات،
بۆ ئەو موچە کەمەش.
ئەم کۆمەکەی ئەمجارەش ھەروەھایەو دەبێت ((کاکی داھێنەر)) لە بنی
دونیاوە بگاتە ھەولێرو ئەگەر تا ٣١ی١ی٢٠١٣ نەگاتە ھەولێر ئەوا ھەقی
فەوتاوە. ئەوەش ناھەقیەو بڕیارێکی زۆردارانەیەو نەدەبوو وەھا بوایە،
بەڵکو دەبوایە چەکەکان بچێتە شاری کۆمەک پێبەخشراوەکان و لەڕێگەی بانکی
شاری خۆیانەوە بوایە بەڵام دیارە ھێشتا متمانە نییەو دوو ئیدارەیش ھەر
ماوە.
ماڵپهڕی
حهمهی ئهحمهد رهسوڵ
|