٧\١٠\٢٠١٦
تێگەیشتنی من لە ئەنارکیزم و
ھەڵوێستی
ئەنارکیستەکان لە بەرانبەر ئاین و ھەڵگرانیدا.

زاھیر باھیر
ئاینەکان بە ھەموو لقەکانیانەوە وەکو ھەموو دیارەدیەکی دیکەی
کۆمەڵایەتی ھیچیان ئەسڵی نەخۆشییەکە ، نین ، بەڵکو نیشانەی
نەخۆشییەکانن، کە لە جەرگەی سیستەمەکەدا، خۆیان مەڵاسداوە ، شتێکی دیکە
نین جگە لە ئیفرازاتی سیستەمەکە، چارەسەری یەکجارەکیشیان ، گەر
بمانەوێت، ھەر دەبێت بگەڕێینەوە بۆ چارەسەری سیستەمەکە.
جەنگی ئەنارکیستەکان لەگەڵ خوداکانی ئاسماندا نین، جەنگی ئەوان لەتەک
خوداکانی سەر زەمیندان ، دەسەڵات بە ھەموو جۆرەکانییەوە ، کۆمەڵی
چینایەتی و ھیراشی / قوچکەیی. جەنگی ئێمە نە جەنگی ئایدۆلۆجیەو نە
سەپاندنی ئایدۆلۆجیشە ، چونکە خودی ئەنارکیزم خۆی ئایدۆلۆجی نییە،
بەڵکو ھزرە ، ئایدیایە ، ئایدیاش شیاوی لیدوان و مشتومڕو زیاد و کەمی و
گۆڕانکارییە . جەنگی ئێمە بە ھاوکاریکردن و بەشداریکردنی ھەموو خەڵکانی
دیکە، بۆ بیناکردنی کۆمەڵی ناچینایەتی، کۆمەڵی ناھیراشی /
ناقووچکەیییە ، کە ئەمەش لای ئێمە مەحاڵە بێتە دی گەر خەڵکی لە ھەموو
کون و کەلەبەرەکانی ژیانیاندا خۆیان ڕێکنەخەن و نەدەن لە ڕەگوڕیشەی
ھیراشییەت و لە جێی خۆیانەوە ھەروەزییانە کار و خەبات لە ھەڵھێنانی
ھەنگاوی یەکەمدا بەرەو ئەو کۆمەڵە، نەنێن.
ئێمەی ئەنارکیستان وەکو چەپەکان و کۆمۆنیستەکان سەرەڕمی خەباتمان دژی
دینەکان و ھەڵگرانیان، نییە، تەنھا لە حاڵەتێکدا نەبێت کە ئەوان
دەسەڵاتخواز بن یاخود لە دەسەڵاتدا بن بیانەوێت کە ڕاو بۆچون و
ئایدۆلۆجیای خۆیان و ئەحکامە دینییەکانیان ، بەسەرماندا بسەپێنن، بە
واتایەکی دیکە ئازادییەکانمان لێبسەننەوەو بەردەوامبن لەسەر پارێزگاری
و گەشەپێدانی سیستەم و کۆمەڵی مەوجود کە کێشەی چینایەتی و ھیراشییەت
تیایدا، لە پۆپەدایە.
ئازادی تاک لای ئەنارکیستەکان زۆر گرنگە ، ئا لەو حاڵەتەشدا گەر ھەر
تاکێک پراکتیزەی ئاینی خۆی ، بۆ مەبەستی ئاسوودەیی دەروونی کەسیی خۆی ،
بکات، لای ئەنارکیستەکان، ناسراوە و کێشەیەک لەمەدا نابینێت . سەبارەت
بە ھەڵوێستیشمان بۆ ھەڵگرانی دین ھەر ھەمان ھەڵوێستە بۆ ھەر تاکێکی
دیکەی ئەم کۆمەڵە . ھەر کەسێک بنەماکانی ئەنارکیزم قەبوڵبکات و کار لە
پێناویدا بکات، دەبێت ئامادە بین کە لە گەڵیان ھاوکارو کۆمەککاربین،
وێڕای ھەبوونی ھەموو جیاوازییەکان ھەر لە نەتەوەیی و ڕەگەزیی و جێندەیی
وڕەنگ و پێست و تەمەن و ئاینی و ھتد.
من خۆم ئەزموونی باشم لەگەڵ خەڵکی دینداردا لێرە ( لەندەن ) لەناو
گروپەکانی کە تیایدا کاردەکەم، ھەیە. بۆ نموونە لە گروپێکماندا کە 'ھارینگەی
سۆڵیدارێتی گروپە' کابرایەکی ٨٤ ساڵەی کۆنە قەشە کاری لە گروپدا دەکرد
ئەو لە ھەموو پرۆتێست و خۆپیشدانەکاندا نەک ھەر ئامادە دەبوو بەڵکو
پێشوەخت کەمپەینی بۆ دەکرد ، کابرا بە دەستێکی گۆچانەکەی بەدەستەوە بوو
، بەدەستەکەی دیکەی لفلێت و ڕۆژنامەکەی گروپی، دابەشدەکرد و قسەی لەتەک
خەڵکدا دەکرد ، کە بە مەرجێک لە لاپەڕەی کۆتایی ڕۆژنامەکەدا ، ھەمیشە ٣
بۆ ٤ پەڕەگرافێکی تیادایە کە دەڵێت : ئێمە کێین؟' کە لەوێدا نوسراوە
ئێمە دژی ھەموو دەسەڵات و ھەبوونی ھەموو جۆرە ھیراشییەتێکین ، جالاکی و
خەباتمان بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناھیراشی و ... گەلێکی دیکە.
کابرایەک کە وەکو من پررنسپەکانی ئەنارکیزمی بەدڵ بێت و کاری بۆ بکات،
بۆ ئیشی لە گەڵدا نەکەم؟! ، ئەسڵەن ھەر شانازیشی پێوە دەکەم ، ئیدی با
ئەو ھەموو ڕۆژێک نوێژو تەقوای خۆی بکات. بەداخەوە ئێستا زۆر پیر بووەو
توانای ئەو چالاکییانەی نەماوە.
٣\١\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|