١٣\٣\٢٠١٥
تێکۆشان بۆ
نەھێشتنی دیکتاتۆرییەت ئەرکی ھەموومانە.

ئهحمهد رهجهب
لەمێژەوە و ئێستاشی لە گەڵدا بێت شەڕ
و پێکدادان لە پێناو گەیشتن بە کورسی دەسەڵات درێژەی ھەیە بە تایبەت لە
وڵاتانە دوواکەوتووەکان و کۆمەلەڵگا دوورەکان لە ژیانی دیموکراسی و
یاساو خاوەن کورسییەکانی دەسەڵات شەوو رۆژ ھەڵپە ھەڵپیانەو خەویان
لێناکەوێت وبۆ مانەوەیان پەنا ئەبەنە بەر کاری زشت و بیفەرو نەشیاوو بۆ
ئەو مەبەستە گڵاوە لە گەنجینەی وڵات بە ئارەزووی خۆیان پارە رائەکێشن
ودامودەزگای راگەیاندن ئەکەنەوەو ھەروا چەندین رۆژنامەو گۆڤار
ئەخەنەکارو سامان و قوتی ھاوڵاتیان لە سەر رۆژنانووسانی سەر بەخۆیان و
کەسوکارو دەروێشەکانیان دابەش ئەکەن بە نیازی ریکلام کردن و
پروپاگەندەو کۆکردنەوەی دەنگ وراکێشانی جەڵەوی چاودیرانی پرۆسەی
ھەڵبژاردن بۆ لای خاوەنی (نازو نیعمەت) خاوەنی دەسەڵات.
خاوەن دەسەڵاتەکان زیرەکن وبۆ پاراستنی دەسەڵات کاروباری وڵات ئەدەنە
دەست کورو براو مام و خاڵ و زاواو دەستەو پەیوەندییەکانیان و نموونەی
زۆری ھەیەو، یەکێک لەوانە مێردزمەکەی لای خۆمان گۆر بەگۆر سەدام
حوسەێنی خوێنرێژو دیکتاتۆر لە ماوەی ٢٤ ساڵی رژێمەکەی بایەخی زۆریدا بە
ھەردوو کورەکەی عودەی و قوسەی و، براکانی بەرزان و سەبعاوی و وەتبان
وعەدنان خەیرولڵای کورە خاڵی و برای ساجیدەی ھاوەسەری و عەلی حەسەن
ئەلمەجید (عەلی کیمیاوی) کورە مامی و، زاواکانی حسەێن کامیل و سەدام
کامیل و، ماھر عەبدولرەشید بابی ژنی یەکێک لە کورەکانی و ئەمانە بێ لە
ژنەکانی ساجیدەو سەمیرە ئەلشابەندری و کچەکانی رەغەدو رەناو حەلا کە
تەخشان و پەخشان بە پارەی میللەت و وڵاتەوەیان ئەکرد و، دەڵاڵە
گەورەکەیان خەیرولڵا تولفاحی خاڵی بوو بوو بە ھەموو شتێک لە دزی و
چەپاوڵکردن و رووتاندنەوەی سامانی عێراق، بەڵام سەرەرای ئەم خزم
خزمێنەو نزیکبوونەوەو بە فەرمانی خودی سەدام زۆربەیان بەدەستی یەکتر
کوژران یان دوور خرانەوە.
ھەندێ لەو کەسانەی بوونەتە دیکتاتۆرو خوێنرێژ مرۆڤی تێکۆشەرو خەباتگێر
بوون و توانیانە شۆرش بەرپا بکەن و بچن بە گژ ئیمپریالیزم و دەرە بەگ و
کۆنەپەرستان، بەڵام پاش ئەوەی بوونەتە خاوەنی کورسی دەسەڵات زۆر شتیان
لە بیر کردووەو پشتیان کردووەتە خەڵک و کەس ناناسن جگە لە پارە و
گیرفان پرکردن و، رەوانەی پارەی موڵ بۆ دەرەوەی وڵاتەکانیان و بۆ ئەو
مەبەستە ھاتوچووی گەرم ئەنجام ئەدەن و چاویان ئەکرێتەوەو نموونەش زۆرە.
حاجی محەمەد بێموسو سۆجیب سۆھارتو: ئەم دیکتاتۆرە خوێنریژەو خوێنمژەو
یەک ملێون شیوعی و دۆستانی حیزبی شیوعی کوشتووەو تا بینەقاقەی خوێنە،
ئەم حاجی سۆھارتۆیە پیاوی ئەمریکا بوو، خۆفرۆش و نامەردو سپڵە بوو
کۆدەتای دژ بە ئەحمەد سۆکارنۆ بەرپا کردو، ھەر ئەحمەد سۆکارنۆ بوو جێی
بۆ سۆھارتو کردەوە و، ئەم کابرایە ئابووری وڵاتی بەرەو دوواوە بردو، لە
کۆتایی ساڵانی دەسەڵاتی قوتابیان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و مانگرتن
و، توانیان جاگارتای پایتەخت کەنترۆڵ بکەن و دەورەی پەرلەمان بدەن و
داوای جاکسازییان ئەکردو، لە پاش ٣١ ساڵ لە سەر کورسی دەسەڵات لابراو،
دەرکەوت تەنھا ١٥ ملیار دۆلاری دزیوە و خێزانەکەشی ٧٣ ملیار دۆلار. ئەم
دیکتاتۆرە ئەبی بە فراوانی لە سەری بنووسرێت.
سەدام حسەێن بۆ مانەوەی لە سەر کورسی دەسەڵات و رزگارکردنی رژێمە
خوێناوییەکەی رووی کردە ئەنجامدانی پرۆسەی کۆمەڵکوژی بۆ لە ناوبردنی
گەلی کوردستان و خاپورو وێران کردنی گوندو شاروچکەکانی و، بۆ ئەم کارە
گڵاوە دەستی کرد بە زەنجیرەیەک پرۆسەی نامرۆڤانەو، لە مانگی شوباتی
١٩٨٨ یەکەم زەنجیرەی لە دۆڵی جافایەتی بە تایبەت گوندەکانی سەرگەڵوو
بەرگەڵو روویداو سوپای عێراق و جاش بە تۆپی قورس و چەکی مۆدیرن بە
پشتیوانی تانک و فرۆکەی جەنگی (سۆخۆی و مێگ) وپیلاتۆزو ھەلیکۆپتەر
(سەمتییە) بەر بوونە سوتاندنی گوندەکان و تەقینەوەی کانیاوەکان و
نەھێشتنی تەرو وشک و، بردن و تاڵانکردنی ھەزاران ماڵ و، بۆ وەستاندنی
ئەو پرۆسەیە پێشمەرگە بەرەنگاری ھێرشکەی کرد بەڵام قەت چەکی سووک
بەرنگاری تۆپی قورس و فرۆکەو و چەکی مۆدیرن نابێتەوەو بۆیە لە پاش
شەرێکی قارەمانانەی پێشمەرگە کە چەند رۆژێکی خایاند سوپای عێراق بە
سەرۆکایەتی تاوانبار سوڵتان ھاشم وەزیری بەرگری رژێمەکەی سەدام حسەێن و
حیزبی بەعسی عەرەبی سەرکەوتیان وەدەستھێنا بەڵام رژێمەکەی سەدام بەوەش
نەوەستاو رووی کردە کار ھێنانی چەکی کیمیاوی و بڵاوکردنەوەی غازی
خەردەل بە سەر شارو گوندەکانی کوردستان و، رێک لە ١٦ی ئەم مانگەدا
(مانگی ئادار) ی ساڵی ١٩٨٨ ئەو چەکە قەدەغەکراوە لە لایەن کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ھەڵەبجە
بەکارھێناو، بووە بایسی کوژرانی پێنج ھەزار کەسی سڤیلی بێتاوان کە
زوربەیان منداڵ و ئافرەت و کەسانی بە تەمەن و بە ساڵاچوو بوون و، پاش
وێرانکردنی شار دەیان ھەزار کەس روویان کردە دۆڵ و شاخەکان و سەر
سنوورو، ئەوەی رزگاری بوو خوێ گەیاندە ئێران و، لە ئەنجامی ئەو کارە
قیزەوەنە سەدان کەسی تریش گیانیان لە دەستداو، سەدان و ھەزاران کەس
گیرۆدەی برینی کیمیاوی بوون و تاکە تاکە بەجێمانئەھێڵن و، ھەر بەو شێوە
فاشیزمانەیەو بە چەکی کیمیاوی و گازی خەردەل گوندەکانی کوردستانی بێبەش
نەکردو، لە رێی فرۆکەو بۆمبەوە دای لە سێوسێنانی قەرەداغ و گۆپتەپە و
دەشتی کۆیەو شیخ وەسانان و بادینان و زۆر شوێنی تر.
سەدام حسەێن لە ماوەی ٢٤ ساڵی دەسەڵات توانی سەدان ملیار دۆلار بخاتە
بانکەکانی ئەورۆپاوەو ھەروا کورەکانی و کچەکانی توانیان دەیان ملیار کۆ
بکەنەوەو تا ئێستا لەو پارەیە خەرج ئەکەن و یارمەتی توندرەو تێرۆریستان
ئەدەن بەڵام ئەوەی سەدام حسەێن کۆی کردەوە بێسوود بوو، چونکە ھەموو
دونیا ئەزانن سەدام حسەێن لە کونە مشکێکدا دۆزرایەوەو لە پاش دادگایی
کردنی لە سێدارەدراو، شایانی باسە تاوانبار سوڵتان ھاشم ئەحمەد وەزیری
بەرگری رژێمەکەی بەعس و سەرپەرشتیاری یەکەمین پرۆسەی ئەنفالی چەپەڵ
ھێشتا ماوە بە مەرجێک دادگایی کرا و حوکمی لە سێدارەدانی ھەیە..
زۆر کەس وا ئەزانن تەنھا سەدام حسەێن ٢٤ ساڵ خاوەن دەسەڵات بووەو، ھەر
ئەو دیکتاتۆرو خوێنمژ بووە، بەڵام لە مێژوودا ژمارەیەکی زۆر دیکتاتۆری
درندە لە چەشنی سەدام وحیزبەکەی - حیزبی بەعسی عەرەبی ھەیە و، دیکتاتۆر
و حیزبی واش ھەیە کەم لە سەر کورسی دەسەڵات بوون وەلێ زۆر کوشندەو
گەندەڵ و داپلۆسێنەرو بوون و ئەوانیش خەڵکیی سڤیلیان کوشتووەو پارەو
پول و سامانی وڵاتەکانیان بۆ خۆیان و خێزانیان بردووەو بۆ
نموونە:
• فردیناند
مارکۆس: سەرۆکی فلیپین زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە
سەر کورسی دەسەڵات بوو بە ئاسن و ئاگر دژ بە گەلەکی بوو.
• سان شوێێ:
دیکتاتۆری خوێنمژی میانمار ١٩ ساڵە لەسەر کورسی حوکمەو ھێشتا
تێری نەخواردووەو رۆژانە سەدان کەس ئەکوژرێن.
• جان بیدڵ
بۆکاسا: کە بوو بە ئیسلام ناوی (ێلاح الدین
ئەحمەد بۆکاسای) ھەڵپژارد، لە ساڵی ١٩٦٦ بوو بە فەرمانرەوای ئەفریقیای
ناوەراست و پاشان لە ١٩٧٦ تا ١٩٧٩ خوێ ناونا بە ئیمپراتۆری ئەو وڵاتە،
وەک کەسێکی کریستیانی کاسۆلێک ئەبی تەنھا یەک ژنی ھەبێت بەڵام
ژمارەیەکی زۆری کرد بە ژنی خۆێ و بوو بە خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە کورو
کچ و، ئەوەندە زۆر بوون منداڵەکانی یەکتریان نەناسیوە و، ئەم درندە
جانەوەرە گۆشتی مندالی خواردووەو، نیشانەو بەڵگەکان ئەڵێن ئەم ئیسلامە
گۆشتی ١٠٠ سەد قوتابی مناڵی خواردووە پاش سەربرین و کوشتنیان لە
زیندانێک بە تاوانی ئەوەی ئەم منداڵانە دژی گرانی جلوبەرگی قوتابخانە
نارازی بوون و، لە دەورو بەری تەلارەکەی لە شاری بانجی کۆمەڵێکی زۆر
ئیسقان دۆزراوەتەوە.
• ئیدی ئەمین:
(حاجی ئیدی) ٨ ساڵ خاوەنی دەسەڵات بوو وەک سەرۆک کۆماری
ئۆگەندا. حاجی ئیدی ھەموو کات ئارەزووی کوشتنی بەرھەڵستکارانی و لێنانی
گۆشتی جەستەیان و خواردنی. ئیدی ئەمین بە ئاسن و ئاگرو خوێن وەڵامی
گەلی داوەتەوەو، بەناوبانگە بە داپلۆسینی سیاسی نەیارانی و نەژادپەرست
بووە خەڵکی بەبێ یاسا لە سێدارەداوە، ئەم کابرا موسلمانە حاجییە لە
شاری جەدەی عەربستانی سعودی مرد.
• تیۆدۆر
ئۆبیانگ نگیما مباسۆگۆ: ئەم دیکتاتۆرە ٣٦
ساڵە لە سەرکورسی وڵاتی گینیای ئێکڤاتۆریال،
ئەمە روویەکی دێزی ناشیرینترین دێکتاتۆری جیھانەو، لە سەر سامانی گەل
ژیانی خوێ و خێزانەکەی لە ئەو پەری خۆشیدایە.
• نور سوڵتان
نەزەرباییڤ: ئەم دیکتاتۆرە بێفەرە ئەندامی
مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی شۆرەوی بوو، لەو کاتەوە یەکێتی وڵاتانی
شۆرەوی لە ٢٥ ی کانونی یەکەم {دێسەمبەر} ساڵی ١٩٩١ نەما، ئەم کابرایە
لە سەر کورسی دەسەڵاتەو، بە ھوێ سیاسەتە چەوتەکانی وگیرفان پر کردن و
دزی باری ئابووری وڵاتەکەی رووەو خراپە ئەروات و، تا ئێستا قایم و
توندو تۆڵ کورسییەکەی پاراستووەو، زیرەکانە خۆی ئەپارێزی و قەت رۆژێک
لە رۆژان باوەری بە ئاین و ئیسلام نەبووەو، بۆ ئەوەی خۆڵ بکانە چاوی
خەڵک چوو بۆ حەج و، گەڵی کازەخستان بە حاجی دیکتاتۆر ناوی ئەبەن.
• فیدڵ
ئەلێخاندرۆ کاسترۆ: تیکۆشەری قارەمان و
بەناوباگ و ھاورێێ ھەمیشەیی چیڤارا و، توانیان لە رێی شۆرشە مەزنەکەی
گەلی کوبا رژێمە دیکتاتۆرییەکەی فولگێنسیاو باتیستا لە ساڵی ١٩٥٩ لەناو
بەرن و، ھەر لە ساڵی ١٩٥٩ تا ساڵی ٢٠٠٨ کاسترو بوو بە خاوەنی کورسی
دەسەڵات و، لە پاش ٤٩ ساڵ دەستبەردای بوو، دەسەڵات درا بە راووڵی برای
(دەسەڵاتی دیکتاتۆرو بنەماڵە) لە کوبا رەنگیدایەوە.
• ئوگوستۆ
خۆسیە رامۆن بینۆچێت ئوگارتێ: لە ساڵی ١٩٧٠ داو، لە رێی ھەڵپژاردنێکی
ئازاد سەرۆکی حیزبی سۆسیالی وڵاتی چیلە {شیلی} سەلفادۆر ئالێندێ بوو بە
سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەمریکا بە دڵی نەبوو، کەوتە پیلانگێری و، بۆ
خواستە گڵاوەکانی بینۆچێتی نۆکەری دۆزییەوەو، ئەمیش لە ساڵی ١٩٧٣ وەو،
لە رێی کۆدەتایەکی سەربازی بوو بە سەرۆکی حکومەتی سەربازی چیلەو،
سەلفادۆر ئەلێندی شەھید کراو، کۆدەتاچییەکان بە ئاسن و ئاگر و
ئازاردانی کەسانی تێکۆشەرو کوشتن ولە ناو بردنی رۆڵەکانی چیلە پەرەیان
بە دەسەڵات دا لە ساڵی ١٩٧٣ وە تا ساڵی ١٩٩٠.
لە ئایاری ١٩٨٣ دا ئۆپۆزسیۆن و بزوتنەوەکانی کرێکاران کەوتنە رێکخستنی
مانگرتن و بەرھەڵستی و، ئەم جۆرە کارانە کاردانەوەی ھەبوو لە لایەن
دەسەڵاتەوە و، لە ساڵی ١٩٨٦ پۆلیس و ئاسایش ٨٠ تەن چەک و تەقەمەنی
وراکێت و چەکی ئێف ١٦ یان دۆزییەوە کە بە شێوەیەکی دوور لە یاساو، لە
رێی بەرەی نیشتمانی مانویل رودریگز ناسراو بە {FPMR}
باڵی سەربازی حیزبی شیوعی قەدەغەکراوەو بە یارمەتی کوبا و ئەڵمانیای
رۆژھەڵات و یەکێتی شۆرەوی ھاتووە.
بینۆچێت وەک دیکتاتورێکی خوێنمژ ژمارەیەک خەڵکی سڤیلی بێ تاوان کوشت و
کاتێک فەرمانی سەربرینی ئەم سێ تێکۆشەرە شیوعییەی دەرکرد باری وڵات
شەڵەژاو دەستکرا بە خۆپیشاندان و مانگرتن و
سێ شیوعییەکە ئەمانەن: خۆسێە مانویل بارادا مانویل گۆریرۆ سێبالۆس و
سانیاگۆ ناتینی لە لایەن پۆلیسی وڵاتی چیلە (کارابینیرۆس)
ئەو کارە ئەنجامدرا.
• فرانسیسکۆ
فرانکۆ: دیکتاتۆری ناسراوی ئیسپانیا،
لە ھاوینی ساڵی ١٩٣٦ کۆدە تایەکی سەربازی دژ بە دەسەڵاتی دیموکرات
وسۆسیالیستەکان ئەنجامداو، وەلێ دووەم کۆماری ئیسپانیا دژی کۆدەتاکە
وەستاو، جەنگی ناوخۆ ھەڵگیرساو ٣ ساڵی خایاندو، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس
کوژران و بوونە قوربانی و، جەنگەکە بە سەرکەوتنی فرانکۆ کۆتایی ھات و
لەلایەن ھیتلەرو مۆسۆلینی پشتگیری ئەکراو، فرانکو لە سالی ١٩٣٦ تا ساڵی
١٩٧٥ خاوەن دەسەڵات بوو، واتە ٣٩ ساڵ تا مردنی کورسییەکەی بەرنەدا.
• ئەدۆلوف
ھیتلەر: سەرۆکی حیزبی سوسیالیستی نیشتمانی ئەڵمانیا کە بە ناوی (حیزبی
نازی) ناسراو بوو، دەسەڵاتی ئەڵمانیای لە ١٩٣٣ تا ١٩٤٥ بە دەستەوە بوو،
لە ژیانیدا بانگەشەی بۆ نەتەوەپەرستی ئەکرد دژ بە شیوعییەت. لە ساڵی
١٩٣٣ کرا بە راوێژکاری وڵاتی ئەڵمانیاو، رووی کردە کارکردن لە پێناو
رژێمەکەی و، ھەر لە سەرەتاوە پێناسەکەی دیکتاتۆریەت و فاشیزم بوو،
ھیتلەر لە سەرەتاێی دەسەڵاتەکەی ھەوڵیدا دەست بە سەر ھەندێ ناوچە بگرێت
لە پێناوی گەشەکردنی ئابووری ئەڵمانیای نازیست و، ھەر ئەوەبووە ھۆێ
ناردنی ھێزی (فێرماخت) بۆ داکیر کردنی پۆڵۆنیاو ھەڵگیرسانی جەنگی
دووەمی جیھانی و، لە ماوەی ٣ ساڵدا ئەڵمانیاو ھاوکارانی توانیان دەست
بە سەر ھەموو ئەوروپا جگە لە بریتانیا بگرن و، ھەروا توانیان بەشێکی
فراوان لە ئەفریقاو و رۆژھەڵات وباشوری رۆژھەڵاتی ئاسیاو، ئەو وڵاتانەی
سەر ئۆقیانۆسی ئارام و یەک لە سەر سێی رووبەری خاکی یەکێتی شۆرەوی بگرن
و، لە ساڵی ١٩٤٥ یەکێتی شۆرەوی و وڵاتانی ھاوپەیمان توانیان ئەڵمانیا
گەمارۆ بدەن تا لە کۆتاییدا بەرلین کەوت و ھیتلەر لەناوچۆ.
• حەیدەر
ئەلێێڤ: (١٠ ساڵ) خاوەنی دەسەڵات بوو،
ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی شۆرەوی وجەنراڵ لە دامودەزگای
سیخوری (KGB) بوو، لە پاش نەمانی یەکێتی
شۆرەوی بوو بە سەرۆک کۆماری ئازربایجان یەکێک لە دەوڵەمەنترین وڵاتانی
نەوت، لە کاتی دەسەڵاتیدا بەرتیل و گەندەڵی بڵاو بووەو کەمینەیەک
دەوڵەمەند بوون و زۆرینەی ھاوڵاتیانی ئازربایجان ھەژارو بێ نان، لە
ساڵی ١٩٨٦ میکایل گۆرباتشۆڤ لە سەر دەسەڵات لایبرد بەڵام پاش نەمانی
یەکێتی شۆرەوی لە رێی کۆدەتایەکی سەربازی گەرایەوەو، بۆ داپۆشینی دزی
وکارە خراپەکانی وازی لە ھەموو شتێک ھێناو، رووی کردە رەوتی ئیسلامی و،
پێش مردنی داوای کرد کورەکەی بکرێت بە سەرۆک کۆمار.
• ئیلهام
ئەلێێڤ: لە پاش مردنی حەیدەر ئەلێێڤ ئیلهامی کوری بوو بە میراتگری و
سەرۆک کۆماری ئازربایجان و، لە ساڵی ١٩٩٤ بوو بە یاریدەری کومپانیای
گشتی نەوت و، چەندین رێکەوتنامەی لە گەڵ کۆمپانییەکانی رۆژئاو مۆر
کردو، لە ھەمان ساڵدا بوو ئەندامی ئەنجومەنی وڵات و، بەرپرسی کۆمیتەی
ئۆلمپی ئازربایجان و، سەرۆرکی شاندی ئازەری لە یەکێتی ئەوروپا ( ئەبێ
ھەموو شتێک لە وڵات ھەر خۆێ بێت) و، تا ئێستا کورسی دەسەڵات ھی خۆیەتی
و دەستبەرداری نابێت (تاپۆیە بۆ بنەماڵە).
• عومەر حەسەن
ئەحمەد ئەلبەشیر: لە ساڵی ١٩٨٩ و لە رێی کۆدەتایەکی سەربازی دژ بە
حکومەتی حیزبە دیموکراتییەکانی وڵات بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی ""شۆرش""
و، سەرۆک وەزیران و، سەرۆک کۆمارو فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان. رەخنەی
زۆر لەم حاجیە ئیسلامییە لە لایەن کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی و دامودەزگاکانی
مافی مرۆڤ ئەگیرێت سەبارەت بە کردەوەکانی دژ بە باشوری سودان و دارفور.
• موعەمەر
ئەلقەزافی: بە کۆدەتایەکی سەربازی ساڵی ١٩٦٩توانی ئیدریس ئەلسنوسی شای
لیبیا لابەرێت و ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش و، پاشان خۆێ
بە فەرماندەی شۆرش ناوزەد کردو، لە ساڵی ٢٠٠٨ بە ھۆێ بەخشینی پارە بە
سەر وڵاتانی ئەفریقیا و، لە کۆبۆنەوەی سەرکردەکانی ئەفریقیا بوو بە شای
شاھانی ئەفریقیاو، سەرۆکی یەکێتی ئەفریقیاو، لە پاش دزی و گەندەڵی و
پارە کۆکردنەوە تا گەیشتە ١٥٠ ملیار دۆلارو، بێ لەوەی کچەکەی و
کورەکانی چەندیان کۆ کردووەتەوەو، لە پاش کوشتن و دژایەتی کردنی
نیشتمانپەروەران و، ٤٢ ساڵی دەسەڵات لەناوبراو کوژرا بەبێ ئەوەی
ملیارەکانی یارمەتی بدەن.
• محەمەد
حوسنی سەید موبارەک (حسنی مبارک): پاش کوژرانی ئەنوەر ئەلسادات سەرۆک
کۆماری میسر لە ١٩٨١ بوو بە سەرۆک کۆماری میسرو، لە پاش ٣٠ ساڵ لە
دەسەڵات و، لە ٢٥ی شوباتی ٢٠١١ کە زانی خەڵک خوپیشاندان دژی
دەسەڵاتەکەی ئەکەن وازی ھێناو دەستی لە کاری سەرۆک کۆماری کێشایەوەو،
وەک سەرۆکەکانی تر راینەکردو لە میسر مایەوەو درا بە دادگا گوایە خەڵکی
کوشتوەو لە ئاکامدا بریاردرا تا ماوە ئەبێت لە زینداندا بێت و، لە ٢٩ ی
نۆڤەمبەر/ کانونی یەکەم ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن دادگای قاھیرەوە ئازاد کراو،
ئە حوسنییە ھەمووجار بۆ خۆشی ئەیوت عەلی عەبدوللا ێالح لە من زیاتر لە
سەر کورسی دەسەڵاتە!!، (عەلی عەبدوللا ێالح سەرۆک کومار یەمەن تەنھا ٣٤
ساڵ) لە سەر کورسی زێرین ماوەتەوە.
• بێنیتۆ
ئامیلکارێ ئاندرێیا موسۆلینی: موسۆلینی خاوەن دەسەڵات لە ١٩٢٢ تا ١٩٤٥
وەک سەرۆکی وڵاتی ئیتالیا و ھەروا سەرۆک وەزیران و زۆر کەرەت وەزیری
دەرەوەو، وەزیری ناوخۆو، وەزیری جەنگ و، دامەزرینەری بزوتنەوەی فاشیزمی
ئیتالیایە و، لە ئیتالیا ناونرا( دۆچیی) سەرکردەو، چووە ناو حیزبی
کرێکارانی نیشتمانی بەڵام زوو دەرچوو چونکە حیزبەکە نەیویست ئیتالیا
برواتە ناو جەنگی جیھانی و، کاتێ تووشی شکست بوو ویستی بەرەو باکوری
ئیتالیا را بکات و، لە کۆتایی مانگی ئاپریل / نیسانی ساڵی ١٩٤٥ لەلایەن
بزوتنەوەی بەرگری ئیتالیاوە دەستگیر کراو و، یەکسەر موسۆلینی و ١٧ کەس
لە یاوەرانی لە سێدارە دران و، تەرمەکەیان لە نزیک دەریاچەی کۆمۆ
گواستەوە بۆ ویستگەیەکی بەنزین لە میلانۆ وھەلیاواسی بۆ ئەوەی خەڵک
باوەر بکات کوژراوە.
• کیم ئێل
سونگ: کاتێک جاپۆن کۆریای داگیرکرد لە ١٥ی ئابریل / نیسان ساڵی ١٩١٢
کیم لە دایک ئەبێت و، لە لاویدا پەیوندی بە حیزبی شیوعی چینەوە ئەکات
و" لە ساڵی ١٩٣٥ ئەچێتە ناو کاری خۆبەختکەران دژ بە داگیرکەری جاپۆنی
و، لە ساڵی ١٩٣٧وە ئەبێتە سەرکردەی بەشی شەشەم لە سوپای بەرھەڵستکاری
کۆریاو، لە ساڵی ١٩٤٠ یەکەم سەرکردە ئەبێت کە لە ژیان ماوەو، بە نھێنی
ئەچێتە یەکێتی شۆرەوی و ساڵی ١٩٤٥ لە گەڵ ھێزە چەکدارەکانی شۆرەوی
ئەگەرێتەوەو، لە ساڵی ١٩٤٨ کۆریا ئەبێت بە دوو بەش وکیم ئەبێتە سەرۆک
وەزیرانی کۆریای میللی دیموکرات و پاشان بە کوریای باکور ناو ئەنریت و،
٤٦ ساڵ دەسەڵاتی وڵات بەرێوە ئەبات.
باسی دەوڵەتی عوسمانلی و وڵاتە ئیسلامییەکان و عەربییەکان ناکەم چونکە
پرن لە دیکتاتۆر و خوێمژو ھەریەکەو چیرۆکێکی ن،ێ ھەیە و گەر کات و
توانا ھەبێت بۆ داھاتوو بە جێیان ئەھێڵم.
١٠\٣\٢٠١٥
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|