په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

تەلەفۆنێک کوردی کردەوە قوربانی.


کەمال چۆمانی  


زاکیرەی کورد زۆر لاوازە. ئەو لاوازییە وای لە کورد کردووە هەمیشە دۆڕاوی گەمە سیاسییەکان بێت. ئەمجارە، بە پەیمانێکی "تەلەفۆنی" کورد فێڵێکی گەورەی لێکرایەوە و کرایەوە قوربانی. کورد ئەمجارەش دۆڕا. دۆڕانی ئەمجارەی کورد، راستەوخۆ کاریگەریی ئەبێ لەسەر کۆی پێگەی کورد لە عێڕاقدا.


دۆڕانی ئەمجارە لەناو خودی نوێنەرانی کوردنا، بەڵکو یەکێتیی و پارتیی لە بەغدا دەستیپێکرد. تاڵەبانییش بێئەوەی بگەڕێتەوە بۆ رای گشتیی کورد و پارلەمان و شارەزایان، راستەوخۆ واژۆی لەسەر هەموارکردنەکە کرد. دوای ئەوەی هاشمیی جێگری سەرۆک کۆمار یاساکەی رەتکردەوە و لیستە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە کوردستاندا ناڕەزایەتییان بەرامبەر یاساکە دەربڕی، ئینجا سەرکردایەتیی کوردیش لە خەوێکی قوڵ خەبەری بووەوە.
سەرەتا مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەتوندیی یاساکەی رەتکردەوە. دواتر کوتلە سیاسییەکانی پارلەمانی کوردستان بڕیارەکەیان بە نایاسایی دایە قەڵەم.


دوای رەوانەکردنەوەی یاساکە بۆ پارلەمان، کورد دەرفەتێکی دیکەی بۆ رەخسا کە مافەکانی بگەڕێنێتەوە. دڵخۆشیش بوین بەوەی کە کورد بە هەمو قەوارەکانییەوە لە بەغدا و هەرێم، یەکدەنگ بون لەسەر رەتکردنەوەکە. ئەوەش جێگەی دڵخۆشی بو کە کوتلە سیاسییەکان یەکدەنگن لە بەرامبەر مەسەلە نەتەوەییەکاندا. ئەو هەڵوێستە ئەگەر پێداگریمان لەسەر بکردبووایە، پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بو بۆ عەڕەبەکان و وڵاتە ئیقلیمی و ئەمریکاش کە چیدی چەند سیاسییەک نین بڕیار لەسەر چارەنوسی خەڵک دەدەن، بەڵکو کوتلە سیاسییەکان زۆربونە و ئەوانیش لەژێر داوای رای گشتیی کوردستان هەڵوێستوەرئەگرن. بەڵام تەلەفۆنێکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم، دیسان بووە هۆی بەقوربانیکردنەوەی کورد.


جێی تێڕامانە خەڵکی کوردستان زۆر زیرەکانەتر لە سەرۆکایەتیی هەرێم و تەواوی نوێنەرانی پارتیی و یەکێتیی لە بەغدا شارەزای پەیمانەکانی ئەمریکا بونە. خەڵکی زۆر سادەی کوردستان هەستی بەوە کرد کە غەدرێکی گەورەیان لێکراوە.


هەستکردن بەو غەدرە پێویست بەوە ناکا کە پسۆڕێکی بواری هەڵبژاردن و ئامار بیت، چونکە منداڵێکیش ئەزانێ هەر سێ پارێزگاکەی کوردستان دو ئەوەندەی موسڵ ئەبێت.


دوای هەڵوێستوەرگرتنەکەی بارزانی، کوردان دڵخۆش بون بەوەی کە سەرۆکایەتیی هەرێمیش هەستی بە مەترسییەکانی ئەو یاسایە کردووە. بەڵام دوای تەلەفۆنەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، سەیر بو مەسعود بارزانی هەڵوێستی گۆڕا. پێویستە مەسعود بارزانی لە هەر یەکێک زیاتر سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر کورد شارەزا بێ. ئەمریکا هەر پەیمانێک و دووانی بە کورد نەداوە. چۆن ئەبێ بە تەلەفۆنێک پاشگەزبیتەوە لە هەڵوێستوەرگرتنەکە؟ قبوڵکردنی هەرچییەک ئەمریکا گوتی، کورد لاوازئەکات نەک بەهێزی بکات.


ئەمریکا هەر پەستانی نەخستە سەر کوردان بۆ قبوڵکردنی یاساکە، بەڵکو چەند ئەوەندە فشاری خستە سەر هاشمی و سوننەکانی موسڵ و کوتلە سوننەکان، ئەی بۆ هاشمی قبوڵینەکرد؟ ئایا پێگەی هاشـمی لە عێڕاقدا بەهێزترە کە حیزبەکەشی بۆتە چەند لەتێک یا پێگەی کورد؟ ئایا هاشـمی زۆرتر دۆستی ئەمریکایە یا کورد؟ ئایا کاریگەریی هاشـمی زیاتر بو لە ئازادکردنی عێڕاق لەژێر دەستی دیکتاتۆر یا هی کورد؟ ئایا هاشمی خاوەنی دووەم هێزی ناو پارلەمانی عێڕاقە یا کورد؟ ئایا هاشمی ئەوەندەی کورد رای گشتیی بەهێزبو؟ چەندان پرسیاری تریش.


بەڵام بۆچی هاشمی ملی نەدا بۆ فشارەکانی ئۆباما و کورد ملی دا؟ تاکە وەڵامێک لای من دەستبکەوێت، زاکیرەی کورد زۆر زۆر لاوازە، بەتایبەت هی سیاسییەکانمان. بەکورتی سیاسییانی ئێمە گاڵتە بە چارەنوسمان دەکەن.


هەمو ئەو دۆڕانانەی توشمان دێ، سەرانی سیاسیی کورد لێی بەرپرسیارن. ئەوانن لە لوتکەی دەستەڵاتدا و ئەوانیشن ئەو بڕیارانە قبوڵئەکەن کە دژمان دەدرێن.


لە هەموی سەیرتر، دڵخۆشکردنە بەو پەیمانانەی کە بە کورد دراون لەناو بەیاننامەکەی کۆشکی سپییدا. راستە ئەوە بەیاننامەیەکی رەسمییە، بەڵام ئەوە زیاتر باسی رابردو ئەکا و زیاتریش وەک دڵخۆشکردنێکی عێڕاقییەکانە کە ئەمریکا لە پشتیانە. من هیچ پەیمانێکی کونکریتی نابینم لە بەیاننامەکەدا. ئەوەشی کە لە میدیای حیزبیی باسیدەکرێت، جگە لە هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵانی خەڵک، هیچی تر نییە.

 

 

Chomani_85@yahoo.com