په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠٢٦

تەلەسمی شاشەکان و خێڵی دیجیتاڵی.


ئەرسەلان مەحمود      


مۆدێرنیتەی تەکنەلۆژی هەمیشە بە مانیفێستۆی ڕزگارییەوە دێتە ناو مێژووەوە، بەڵام لە هەناوی خۆیدا پرۆژەیەکی نوێی دەستەمۆکردن هەڵدەگرێ. کاتێ شۆڕشی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمەکانی میدیای نوێ سنوورە جیۆپۆلەتیکییەکانیان تێکشکاند، گوتاری باو مژدەی کۆتاییهاتنی سانسۆر و هەڵوەشاندنەوەی ناوەندە تۆتالیتارەکانی مەعریفەی دەدا، وەهمێکی گشتگیر دروست بوو، ئەوەی گوایە ئەم فەزا بێسنوورە، دیوارە ئەستوورەکانی دۆگمای نەریتی و پاوانخوازیی هەمەکی دەڕووخێنێ و سوبێکتی ئازاد لەژێر داروپەردووی سیستەمە چەقبەستووەکاندا زیندوو دەکاتەوە. بەڵام لە قووڵایی کارکردن و تێڕامانی ئەم ماشێنە زەبەلاحەی پەیوەندیدا، دژوازییەکی ئۆنتۆلۆژیی ترسناک خۆی نمایش دەکات، ئێمە لەبری ڕزگاربوون، تەنها میتافۆڕی زیندانەکەمان گۆڕیوە. تەکنەلۆژیا نەیتوانی مرۆڤ لە ئینتیمای کوێرانە و عەقڵیەتی مێگەلگەرایی دابماڵێت، بەڵکوو تارماییەکانی خێڵی لە فۆرمێکی مەجازی و ئەلگۆریتمیدا دووبارە بەرهەم هێنایەوە.

ئێمە، لە سەردەمی کاپیتالیزمی چاودێری و دیکتاتۆرییەتی خێراییدا دەژین، سەردەمێک تێیدا کات وەک ڕەهەندێکی پێویست بۆ تێڕامانی فەلسەفی و هەرسکردنی مەعریفی، تیرۆر کراوە. لێشاوی بێوچانی داتاکان و گۆڕینی حەقیقەت بۆ زانیارییەکی بەکاربراوی کاتی، ئاوەزی مرۆڤی تووشی جۆرێک لە ئیفلیجیی بوونناسی کردووە. لەم ژینگەیەدا، مرۆڤ لە بکەرێکی هۆشیار و پرسیارکەرەوە دەگۆڕێ بۆ بوونەوەرێکی کاردانەوەیی، بوونەوەرێک لە بری بیرکردنەوە، تەنها وڵامی ئەو ورووژێنەرە دەروونی و شۆکە ساختانە دەداتەوە شاشەکان بەردەوام دەیخەنە بەردەمی. ئەم غەوغایە، هەر کوشتنی بێدەنگی نییە، خەساندنی خودی گومانیشە. لە فەزایەکدا هەمووان لە یەککاتدا هاوار دەکەن، هیچ دەنگێک هەڵگری مانا نامێنێت، حەقیقەت لە ژێر قورسایی زۆریی زانیارییە ڕووکەشەکاندا دەخنکێت و ئاوەزی باو، بە بەرگێکی مۆدێرنەوە دەبێتەوە بە پێوەری باڵا.

تەکنەلۆژیا نەیتوانی مرۆڤ لە ئینتیمای کوێرانە و عەقڵیەتی مێگەلگەرایی دابماڵێت، بەڵکوو تارماییەکانی خێڵی لە فۆرمێکی مەجازی و ئەلگۆریتمیدا دووبارە بەرهەم هێنایەوە. ئێمە لەبری ڕزگاربوون، تەنها میتافۆڕی زیندانەکەمان گۆڕیوە، لە فەزایەکدا هەمووان لە یەککاتدا هاوار دەکەن، هیچ دەنگێک هەڵگری مانا نامێنێت و حەقیقەت لە ژێر قورسایی زانیارییە ڕووکەشەکاندا دەخنکێت.


ترسناکترین دەرهاویشتەی ئەم دۆخە، لەدایکبوونی دیاردەیەکە دەکرێت ناوی بنێین 'خێڵی دیجیتاڵی'. لە قۆناغە پێش-مۆدێرنەکاندا، خێڵ لەسەر بنەمای دەمارگیریی خوێن، جوگرافیا و نەریتێکی چەقبەستوو کۆمەڵگەی بەشدەکرد و ئیرادەی تاکی لە بۆتەی ئێمەیەکی وەهمیدا دەتوواندەوە، ئێستا ئەلگۆریتمەکان هەمان پێکهاتەی دەروونی و کۆمەڵناسییان بە شێوەیەکی زۆر تۆکمەتر بونیادناوەتەوە. پلاتفۆرمەکان مرۆڤەکان دەخزێننە ناو ژوورەکانی دەنگدانەوە،  لەوێدا تاک تەنها بەر ئەو دیدگەیانە دەکەوێت دڵنیایی بە پێشداوەرییەکانی دەبەخشن. لەم فەزا داخراوەدا، جیاوازی وەک هەڕەشەیەکی بوونناسی دەبینرێ. هەر هەوڵێک بۆ تێکشکاندنی تابۆکان، یان هەڵوەشاندنەوەی گوتاری پۆپۆلیستی و چەواشەکاری، ڕووبەڕووی لێشاوی تەکفیرکردنی مەجازی و تیرۆری کارەکتەر دەبێتەوە لەلایەن سوپایەک لە کۆیلەی دیجیتاڵییەوە، بەبێ هیچ مۆڕاڵێکی پیشەیی و ئینسانی، ئامادەن لە پێناو پیرۆزییەکانی خێڵە مەجازییەکەیاندا، شکۆی مرۆڤ و جیاوازییەکانی وردوخاش بکەن. لێرەدا، دیالۆگ نامێنێت، بەڵکوو جەنگێکی سیمبوڵی بۆ سڕینەوەی ئەویتر جێگەی دەگرێتەوە.

بۆیە، تێپەڕاندنی ئەم بنبەستە شارستانی و مەعریفییە، بەبێ یاخیبوونێکی ڕیشەیی لەم نەزمە نوێیە مەحاڵە. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە، چۆن بتوانین لە ناو تۆڕێکدا بۆ ڕامکردنی هزر دیزاینکراوە، سەروەریی عەقڵ و سەربەخۆیی خود بپارێزین؟ لێرەدا دیدی ڕەخنەیی وەک زەروورەتێکی وجوودی دێتە پێشەوە، زەروورەییەتێک چالاکییە ڕۆشنبیرییە لاوەکییەکان تێدەپەڕێنێت و لە جێگەیاندا نەشتەرگەرییەکی بەردەوام لەسەر ئاوەزی گشتی و ئەو ئاوێنە شێواوانەی تەکنەلۆژیا خستوویەتییە بەردەممان دادەنێت. ڕزگارکردنی مرۆڤ لەم تەلەسمە دیجیتاڵییە، پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ درەنگکەوتن، بۆ ڕامانی قووڵ و بۆ دروستکردنی دابڕان لەگەڵ لۆژیکی خێرای بازاڕی زانیاری. تاکە ڕێگە بۆ بونیادنانەوەی تاکی ئازاد، ڕەتکردنەوەی ئەو ئاسوودەییە ساختەیەیە مێگەلە دیجیتاڵییەکان دەیبەخشن، هەڵبژاردنی ئەو تەنهاییە بەئاگایەیە تێیدا مرۆڤ بە جورئەتەوە پرسیارە گەورەکانی بوون لە خۆی و لە جیهان دەکاتەوە. ژیان لە دەرەوەی ئەم یاخیبوونە مەعریفییەدا، تەنها دووبارەبوونەوەیەکی بێهوودەیە لە ناو شاشە ساردەکاندا.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک