په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١١

 تەلەفزیۆنى (کەى - ئێن - ئێن) و ریکلامکردن بە خوێنى شەهیدانەوە.


هیوا رەش    


هەموو هاوڵاتییانى کوردستان دەستى غەدرى دەسەڵاتى ئەم هەرێمە ستەملێکراوەیان بۆ ئاشکرا بووە و ئەزانن دەست بردن بۆ گۆڕانکارى و خۆدان لە باسى گەندەڵى و هەڵدانەوەى لاپەڕەى ڕەشى ناعەدالەتى و ناشیرین کردنى پیرۆزییەکانى حیزب و بنەمالە ، خوێن ڕشتنى بە دواوە بووە و بە دواشدا دێت ، وەلێ ئەوەى کەناڵى ئاسمانى تەلەفزیۆنى کەى ئێن ئێن پێى هەڵدەستێت کارێکى ناجۆر و نەشیاوە ، کە لە داخى دەسەڵاتى ستەمگەرایى بۆتە یەکێک لەو کەناڵانەى بینەرێکى زۆرى هەیە ، ئەم کەناڵە بە بێ ڕەچاو کردنى هەستى بینەران بە ختوکە دانى ناخ و وروژاندنى دەروونیان ، بەردەوام شەهیدە منداڵ و لاوەکانى ئەم دواییەى خۆپیشاندانەکان و چۆنێتى بەشدارییان و بریندار کردنیان و شەهید کردنیان و سەردانى کەس و کاریان و دواندنیانى کردۆتە پردێَک و بەکاریان ئەهێنێ بۆ ڕیکلامى شەڕ و ململانێى ڕکابەرەکانیان .

پێم وایە ئەو کارانەى کەناڵى کەى ئێن ئێن لە ئاشکرا کردنى دزى و تاڵانى و قاچاغچێتى و کەڵەگایى حیزب و بنەماڵە و تەواوى ڕەفتارە دزێوەکانى دەسەڵات کە پێى هەستاوە و بەردەوامى پێدانیان و گەڕان بە دواى درز و کەلێنى زیاترى نەیارەکانیان مافى ڕەواى خۆیانە بۆ بردنەوەى ململانێکەى نێوانیان و وەلاخستنى لە بەرژەوەندى سیاسیى خۆیان و خەڵکیشدا ، بەڵام ئەبێت ئەوەشیان بیر نەچێت کە هەموو ئەو ماڵوێرانییەى سەردەمى شاخ و بیست ساڵەى ئەم دواییەى شاریش پشکى شێرى لە ئەستۆى هەڵسوڕاوانى سەرەکى خودى بزوتنەوەى گۆڕان خۆیانە ، بە تایبەتى لە دەڤەرى سلێمانیدا کە ئێستا زۆربەى ڕووداوە خوێناوییەکان جەستەى خەڵکى شەرەفمەندى ئەو شارەى سوور کردووە .

ڕفاندن و بێسەر و شوێن کردن و کوشتنى بێدادگا بە درێژایى مێژووى شەڕى ناوخۆى حیزبەکان و بە فیشەک وەڵامدانەوەى خۆپیشاندەران و ڕفاندن و شەهید و زیندانى و ڕەشەکوژ کردنی ئەوانەى ناکۆک بوون لەگەڵ بیر و بۆچوونیاندا و دەمکوت و سەرکوتى ئەوانەى لە خۆپیشاندانەکانى ساڵانى ڕابردوودا داواى چاکسازى و گۆڕانیان ئەکرد و هەڕەشە و چاوسوور کردنەوە لە پێشڕەوانى خۆپیشاندەران لەو سەروبەندەدا ، ئەنجامدەرانى ستەم و ڕاوەدوونانەکان زۆربەیان کە لە لوتکەى دەسەڵاتدا بوون و ئێستا هەندێکیان لە ناو بزوتنەوەى گۆڕانن بەڵگەى حاشا هەڵنەگرن ! بێگومان ئەو هەموو ڕۆڵە شەهید و شوێن بزرانە لە کۆمەنیست و عیلمانى و ئیسلامى و ناحیزبیی ، کە ئەوانیش پێکهاتەى جەستەیان لە گۆشت و خوێن و ئێسک و دەمار و ئەندامە هاوشێوەکانى ترى مرۆڤ پێکهاتبوو ، ئەو قوربانییانەى دەستى حیزب لە پێشووشدا بە هەمان شێوە خاوەن دایک و خوشک و برا و هاوڕێ و کەسوکارن و هەندێکیان تەنانەت گۆڕ وونن و کەسوکارى ڕەشپۆشیان مستێک چڵوچێوى جەستەى ڕۆڵەکانیان پێنەدراوەتەوە تا لە بستێک خاکدا بینێژن و بیکەن بە گلکۆى ڕۆڵەکانیان و سبەینانێکى زووى ڕۆژانى هەینى وەکو گشت جەرگ سووتاوانى دیکەى ئەم گەلە بەشمەینەتە بچنە سەر گۆڕەکانیان و هەناسەى گەرمى پەنگ خواردووى سینەیان تێکەڵ بە شنەى ساردى بەیانیانى سەر گۆڕەکانیان بکەن و فرمێسکى قەتیسى چاوى پڕ لە چاوەڕوانییان و گەروویان لەگەڵ پڕمەى گریاندا بتەقێتەوە و گۆڕى خۆشەویستانیانى پێ ئاو بدەن و سوکناییەک بە دڵى تێکشکاویاندا بێتەوە ! ئەو کارەساتە مەرگەساتە بێوێنانە کە شایەنى ئەوەن بزووتنەوەى گۆڕان تۆزى تاوانى خۆیانى لێ بتەکێنن و جگە لە داواى لێبووردن ، بە کڕنووشەوە بەڵێن بدەن و دوا توانایان بخەنە گەڕ بۆ دووبارە نەبوونەوەى ، کەچى بە پێچەوانەوە ڕۆژانە بارودۆخى هاوشێوەى ڕابردوو بە کولاندنەوەى برینى کەسوکارى شەهیدانى خۆپیشاندانەکانى 17 ى شوبات دەمەزەرد ئەکەنەوە و کێرد و چەقۆ و خەنجەرى ڕق و کینە و تۆڵە و بوغزاندنى یەکتر بە هەسانى شاشەى تەلەفزیۆنەکەیان تیژتر ئەکەنەوە .

ئەم پەیامە دۆزەخاوییە جگە لە سووتانى گەلێک بە خاکەکەیەوە ، شتێکى ترى لە هەمبانەکەیدا هەڵنەگرتووە ، بەندە بە بینینى ئەو گرتانەى ڕێژوان و گەرمیان و بیلال و هاوڕێ شەهیدەکانیان و ئاهى ساردى دایک و باب و خوشک و برا و هاوڕێ و کەسوکاریان هەموو جارێک سۆزم جڵەوى عەقڵم بەرئەدا و ئەمگریەنێ ، جا نازانم برادەرانى کەى ئێن ئێنیش لەگەڵماندا ئەگریەن ؟ یان مەبەستیانە گەمە بە هەست و نەستمانەوە بکەن ، بڕوا ناکەم گریانیان بێت ، چونکە چاوبڕکێى دانوستان و سازشیش بەزوویى ئەیانهێنێتە هەلەکەسەما لەگەڵ بکوژانى ئەو شەهیدانەى لە شاشەى تیڤى یەکەیانەوە داد و فیغانى بۆ ئەکەن ! بۆیە پێم وایە ئەوە ڕیکلامێکى قێزەونى سیاسەتبازەکانى هەرێمەکەمانە بۆ گەییشتن بە خەونە مردووەکانیان ، کە بۆتە کلتورێک و بۆیان ماوەتەوە هەر وەکو لە شەڕى نەفرەت لێکراوى کورد کوژیى نێوان پارتى و یەکێتیدا بینیمان کە بە بێ گەڕانەوە بۆ خەڵک ڕێککەوتننامەى ستراتیژیى بۆ دابەش کردنى دەسەڵات و پارە لە نێوانیاندا مۆر کرا ، باشتر وایە فلیمە دۆکۆمینتارییەکانى شەڕى پێشمەرگایەتى و بەرخودان و ئەنفال و کیمیاباران بە شێوەیەکى ئەکادیمى بخرێنە بەرنامەى کارى ڕاگەیاندنەکان تا نەوەکانى دواى ئەو سەردەمە لێوەى فێرى چۆنێتى پیادە کردن و پاراستنى دەسەڵاتدارێتى خۆماڵى و کش مەلیکى حیزبى قائید و بنەماڵەیى ببن و ئاییندەیەکى گەش و نوێ بۆ نەوەکان بنیات بنێن ، نەک تەلەفزیۆنەکەیان سەرقاڵ بکەن بە چاندنى تۆوى توندوتیژى و زەبروزەنگ بۆ گەییشتن بە کورسى دەسەڵات و بودجە و داهات .

باشتر وایە لە کەناڵەکانیانەوە بپرسن بۆچى لە تونس زین العابدین بن على ، خۆى و کوڕ و هاوسەر و کەسوکاریان دەسەڵااتدارى ڕەها بوون و وڵاتەکەیان بەم ئاکامە گەیاند ؟ لە میسر حوسنى موبارەک ، خۆى و کوڕ و هاوسەر ، لە لیبیا موعەممەر قەززافى ، خۆى و کوڕ و کچى ، لە سوریا حافز ئەسەد بەششارى کوڕى دواى خۆى جێهێشت و سعودیە و ئوردن و بەحرەین و کوەیت و --- ئەوانى دیش ، بە هەمان شێوە بنەماڵە تەنها بۆ کوشتن و برسى کردن و دزینى داهات دەستیان بەتاڵە ، بەڵام ئەى بۆچى لە کوردستانێکى بچووکى سێ پارێزگاییدا ئەم هەموو کوێخا خۆ بە خوا زانە زۆروزەوەندە هەن ؟ مەسعود بەرزانى ، خۆى و کوڕ و برازا ، جەلال تاڵەبانى ، خۆى و کوڕ و هاوسەر ، محەمەدى حاجى مەحمود ، خۆى و برا ، نەوشێروان مستەفا ، خۆى و زاوا ، ئەمەو فەیلەسوفە عەوداڵ فلوسەکەشمان لەولاوە بووەستێت کە بە بنەماڵاندنەوە خەون ئەبینێ ، بۆیە خۆى سەرێکى مایکەکە و عەکسەکەشى ئەوى دى لە مستایە ؟ ! ؟ ! ؟ ! ئەمانە کە باسیان ئەکرێت بوونەتە جومگەى سەرەکیى بڕیارەکان و سەرچاوەى نەهامەتییەکانى گەل و بەردەوام بە هەڵدانەوەى قەتماغەى برینەکان و چوونە قوللەى قاف بۆ مەرامى پەنهان و بەرژەوەندى تەسک ، ناخ و دەروونى تاکى کۆمەڵگا تێک و پێک ئەشکێنن ، هەرچەندە ڕاکێشانى کەسە نزیکەکان بۆ ناو مەحفەلى ئەو ڕێبازەى کەسێک قەناعەتى پێى بێت ئاسایى و ڕەوایە ،بەڵام نیگەرانییەکە لەوەدایە ئەم سەرۆک و سەرۆکۆکانە کردارەکانیان مەرامدارە .

پێویستە کۆمەڵانى خەڵکى بەشمەینەت خۆیان بە ناساندنى مەرامە تەفرەدەرانەکان باشتر ئاشنا بکەن و لەگەڵیدا نەفرەت لە دەسەڵاتى بنەماڵەیى بکەن و بە پێداگیرییەوە سوور بوونیان لە خۆپیشاندانەکان ڕابگەیەنن تا گەییشتن بە ئامانجەکان ، چونکە بە مانەوەى دەسەڵاتى بنەماڵەیى خواستە نیشتمانییەکان بە کالا ئەکرێن و لە جوغزێکى بچووکدا ئەیخنکێنن و هەناسەى بێئومێدیى ئەکەنە میوانى سییەکانمان .

لە کۆتاییدا بە هیوام میدیا و کەناڵە کوردییەکان ، بە تایبەتى تەلەفزیۆنەکان ، واز بهێنن لە دەمەلاسکێى بەعسییەکان لە بازرگانیى خوێن و نماییش کردنى مەرگ و تەرم و خوێن و ناڵەى برینداران و کەسوکارى قوربانییانى یەکتر و فوو کرد بە ماڕشى شەڕدا .

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک