٢٤\٦\٢٠١٨
تەڵەی مشک.

وەرگێڕانی: محەمەد بەرزی
لە
درزی دیواری ژوورێکی ماڵە جوتیارێکدا ، مشکێک بەبێ خرتە خرت و جوڵە ،
بە جوانی خۆی شاردبۆوە و بە وردی چاودێری جوتیار و ژنەکەی دەکرد ، کە
خەریکبوون دەمی زەرفێکییان دەکردەوە . مشکەکە دڵی خۆشبوو وایزانی
زەرفەکە پڕە لە خواردنی خۆش و بە تام ، بەڵام سەیریکرد جوتیارەکە
تەڵەیەکی مشکی تێدا دەرهێنا ، پاشان خۆی و ژنەکەی زۆر بە جوانی
پارچەیەک پەنیریان خستە ناوییەوە و لە سووچێکی ژوورەکەدا بە جوانی بۆ
مشکەکەیان نایەوە . کاتێ مشکەکە تەڵەکەی بینی ، زۆر ترسا ، بۆیە بە
خێرایی لە کونەکەی دەرپەڕییە دەرەوە و خۆی گەیاندە باخچەی ماڵەکە و بە
دەنگی بەرز و بێزارییەوە پەیتا پەیتا هـاواریـدەکرد: (لەم ماڵەدا تەڵە
دانراوە!!، لەم ماڵەدا تەڵە دانراوە!!).
مریشکە کونجە کە گویێ لە مە بوو ، قرتە قرتێکی کرد و سەری بەرزکردەوە و
بە مشکەکەی وت : جا با تەڵە دابنرێت ، ئەوە هیچ مەترسی و کێشەیەکی بۆ
من نییە ، بەڵام چاکدەزانم بۆ تۆ کێشەی گەورەیە ، جا چونکە زیانی بۆ من
نییە ، یەک دەنک پێی بێزارنیم و خوایدەکرد لە هەموو سووچێکی ماڵەکەدا
سەدان تەڵەیان دادەنا.
مشکەکە بەو قسە ڕەقانەی مریشکەکە زۆر بێزار و خەمباربوو ، ئنجا
ڕوویکردە ئەو مەڕەی لە نزیک مریشکەکەوە وەستابوو ، زۆر بە پەژارەوە وتی
: ( مەڕی هاوڕێ : لە م ماڵەدا تەڵە دانراوە !! ) . مەڕەکە بەو هەواڵە
دڵتەنگبوو ، بەو پەڕی پەستی و بێزارییەوە وتی : مشکی هاوڕێم ئەو هەواڵە
، هەواڵێکی ئێجگار ناخۆشە ، بەڵام بە ڕاستی من جگە لە دوعای خێر و
پاڕاندنەوە بۆ تۆی ئازیز ، کە بەو تەڵەیەوە نەبێت ، ئەوا هیچ شتێکی ترم
لە دەست نایەت تا بۆ تۆی بکەم ، دڵنیاش بە بەردەوامی دوعای خێرت بۆ
دەکەم تا ئەو تەڵە نەگریسە تووشی زیانت نەکات.
پاشان مشکەکە بە خێرایی چوو بۆ لای مانگا زەردە و وتی : ( مانگای ئازیز
: تەڵەی مشک لەم ماڵەدا دانراوە !! ) . مانگا زەردە زۆر لەسەرخۆ بە
مشکەکەی وت : بە داخەوە بۆ ئەو هەواڵە زۆر ناخۆشە ، بەڵام بە ڕاستی
دانانی تەڵە ، نە هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە هەیە و نە هیچ مەترسییەکیش
بۆ سەر من دروستدەکات.
کاتێ مشکەکە گوێی لەو قسانە بوو ، بەو پەڕی بێزارییەوە گەڕایەوە بۆ
ماڵەوە و بە تەنها بیری لە چارەسەرکردنی مەترسی ئەو تەڵەیە دەکردەوە و
بەردەوام چاوی لەسەر تەڵەکەش لا نەدەبرد و نەشیدەوێرا بچێت بە لایدا.
لە نیوە شەوی ئەو شەوە زۆر تاریکەدا ، تەقەیەکی زۆر گەورە لە ژوورەکەدا
دەنگی دایەوە ، کە ڕێک دەنگی تەقینی تەڵەکەبوو . ژنی جوتیارەکە بە پەلە
و بەو پەڕی دڵخۆشییەوە رایکرد بۆ لای تەڵەکە تا بزانێ مشکەکەی گرتووە ،
بەڵام تەماشایکرد ، تەڵەکە لە جیاتی ئەوەی مشکەکە بگرێت ، کلکی مارێکی
ژەهراوی گرتبوو ، جا چونکە ژوورەکە زۆر زۆر تاریکبوو ، ژنەکە بە جوانی
مارەکەی نەبینی ، هەربۆیە مارەکە خۆی ڕاپسکان و ڕێک دای بە قاچیی
ڕاستێوە و ژانی خستە ناو دڵییەوە و هاواری لیێ هەستان . جوتیارەکە ، کە
گوێی لە هاوار هاواری ژنەکەی بوو ، خێرا هات بە هانای ژنەکەیەوە و گورج
باوەشی پێداکرد و زوو گەیاندییە نەخۆشخانە . پاش چەند ڕۆژێک جوتیارەکە
ژنەکەی بە ئازار و لەرز و تایەکی زۆرەوە هانییەوە بۆ ماڵەوە.
ئەوەی سەیر بوو ئازار و تا زۆر بەرزەکەی تا دەهات زیاتر دەبوون ، بە
تەواوی ژنەکەی پەرێشان و ماندوو کردبوو ، جوتیارەکە هات بۆ لای ژنەکەی
و وتی : گیانە شیرینەکەم : هەموو کەس دەڵێن ، باشترین چارەسەر و
دەرمانی لەرزوتا ، تەنها ئاوی مریشکە . هەر بۆیە گورج چوو مریشکەکەی بۆ
سەربڕی و فروجاوێکی خۆش و بە لەزەتی بۆ دروستکرد . بەڵام ئەوەی سەیر
بوو ژنەکەی بەردەوام بە ئازارەوە دەتلایەوە و نەیدەتوانی لە جێگاکەی
خۆی ڕاستبێتەوە ، جا چونکە بۆ هەواڵ پرسینی ژنەکە ، ڕۆژانە خزم و
ناسیاو و دراوسێکانیان سەردانیاندەکردن ، جوتیارەکەش بۆ ئەوەی خواردن
بۆ ئەو هەموو میوانانە ئامادە بکات ، بە ناچاری چوو مەڕەکەی بۆ سەربڕین.
ماوەیەکی زۆر ژنە چاکنەبۆوە و پاش چەند مانگێک بە ئازارەوە مرد . لە
ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر هاتن بۆ ناشتن و پرسەکەی . جوتیارەکە بۆ ئەوەی
خواردن بۆ ئەو هەموو کەسانە ئامادە بکات ، بە ناچاری چوو مانگاکەشی بۆ
سەربڕین.
مشکەکە بە خەموپەژارەیەکی زۆرەوە و لە درزی دیوارەکەوە هەموو ئەو
بەسەرهاتانەی بە چاوی خۆی بینی . لە دڵی خۆیدا وتی : سەیرکەن ، مریشک و
مەڕ و مانگا زەردە ، چەند گەوج و بێ ئاگا بوون ، لایان وابوو تەڵەکە
کێشەی ئەوان نییە و تەنها کێشەی منە ، کەچی لە پێش مندا ئەوانی تووشی
زیان و لەناوچوونکرد.
جا منداڵە خۆشەویستەکان : کاتێک لە ژیاندا مەترسی لەسەر یەکێکمان دەبێت
، ئەوا ڕاستەوخۆش مەترسی دەبێت بۆ سەر هەموومان ، هەر بۆیە پێویستە
ئاگامان لە یەک بێت و بەردەوام پشت و پەنای یەکتری بین.
_________________________
تێبینیی:
ئەم چیڕۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە.
٢٥\١\٢٠١٨
mkbarzy@hotmail.com
|