په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٧

تەڵەی (سۆسیدیدیس)ی پارتەکانی کوردستان.

عەلی مەحمود محەمەد

 
لە جیھاندا ئێستا مشتومڕەکان گەرمن لە سەر ئەوەی ئەمەریکا سەرکردایەتی جیھان بۆ چین چۆڵ بکات، وەلێ پێیان وایە ئەم پرۆسەیە ئەگەری ھەیە بە شەڕێکی ماڵوێرانکەردا تێپەڕێت ، وەک چۆن لە مێژووی ٥٠٠ ساڵی رابردوو لە کۆی ١٦ گۆڕانکاری و دەستاودەستکردن لە سەرکردایەتیکردنی جیھان رویانداوە، لەوانە ١٢یان لە رێگای شەڕەوە بووە، وەلێ بە دۆزینەوەی چەکی کوشندەی ئەتۆمی و ھایدرۆجۆنی و ئەوانی بەدوایدا دێن ، ململانێ لە رێگای شەڕەوە زەحمەت بووە، چونکە شەڕی سەرانسەری گەورەی سوپەر ھێزەکانی ئێستای جیھان کۆتایی مرۆڤایەتییە، ھەر بۆیەشە سەدەی رابردوو دوو بەزینی ھێزی باڵادەستی جیھانی بەخۆوە بینیوە، کە بەریتانیاو یەکێتی سۆڤیەت بوو لەبەرامبەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ، پرۆسەی پێش ئەوە بەزینی ئەڵمانیا بوو لە رێگای جەنگەوە بەرامبەر بەریتانیا ، ئەم پرۆسەی گۆڕانکارییە لەسەرکردایەتی جیھانی پێی دەوترێت تەڵەی سۆسیدیدیس.


پاش تەسلیم بوونی بەریتانیاو یەکێتی سۆڤیەت لە سەدەی ٢٠ بە ئەمەریک، مانەوەی ئەمەریکا بۆ ماوەی ١٩ ساڵ لەسەر عەرشی ئەو سەرکردایەتیە ( لە ١٩٨٩ دوای روخانی دیواری بەرلین تا قەیرانە ئابورییەکانی ساڵی ٢٠٠٨) ئێستا باڵادەستی ئەمەریکا لە روی ئابوری و سیاسییەوە رۆژ لە دوای رۆژ لە ئاو دەچێت ، ھەرچەندە ھێشتا گەورەترین ھێزی سەربازی و ئابووری و زانستی و رۆشنبیری جیھانییە (خاوەند نیوەی بودجەی سەربازی جیھان، بەرھەم ھێنانی ٧٠٪ی زانستی جیھانی ،بوونی پەیوەندی بە پاشکۆکردن لە گەڵ نزیک ١١٠ وڵاتی جیھانی ، یەکەم ئابوری جیھانە چین تەنھا نزیک ٦٠٪ی ئابوری ئەمەریکایە) وەلێ رۆژ بە دوای رۆژ دەسەڵاتە سیاسییەکەی لە ئاو دەچێت وەلێ لەسەر خۆ ، بە تایبەتیش دوای ھاتنە سەرکاری ترامپ و کشانەوەی لە رێکەوتنامەی بازاڕی ئازاد تی تی پی و کشانەوەی لە پەیماننامەی پاریس و پیادە کردنی سیاسەتی ئەمەریکا یەکەمجار ھەمو ئەمانە وا دەکات تەریک بکەوێتەوە و سەرۆکایەتی جیھان تەسلیم بکات.


ئەدی لە کوردستان ئەم پرۆسەی گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی چۆن رویداوە لە ٧ دەیەی رابردوود، پاش دامەزراندنی پارتە سیاسییەکان بەشێوەی گشتی لە ناوەڕاستی چلەکانەوە، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کورد و ھاتنی رێکخستنەکانی حشع(حیزبی شیوعی عێراقی) لە رێگای قوتابییە کوردەکانەوە لە زانکۆکانی عێراقەوە بۆ کوردستان ، ئەم دوو ھێزە بوونە رکابەری سەرسەختی یەکتر بۆ سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان، ئەم رکابەرییە نزیک ٢٠ ساڵێکی خایاند، وەلێ بەھۆی باڵادەستی دکتاتۆریەتی حکومەتی ناوەندی و نزیکایەتی فکری لە یەکتر، ململانێکە نەگەیشتە ئاستی پشت شکاندنی یەکتر، بگرە ئەم دوو پارتە وەک دوو لایەنی نزیک لە یەکتر بەردەوام لە کوردستان کاریان کردووە، ھەرچەندە حشع لە روی رێکخراوەیی و چالاکی جەماوەری و شەڕی چینایەتییەوە زۆر لە پێش پارتییەوە بووە تا کۆتایی ١٩٥٩، ئەم بارودۆخە دەڕواتە پێش تا ھاتنەوەی بارزانی بۆ کوردستان و کۆبونەوەی ئاغاو دەرەبەگەکانی یاخی لە دابەشکردنی زەوی لە دەوری پارتی و کودەتای باڵی راست بەسەر باڵی چەپی پێشکەوتنخواز ی ناو پارتی بە سەرۆکایەتی حەمزە عەبدوڵا و ھاورێکانی ، وە ھەڵگیرسانی خەباتی چەکداری لە ئەیلولی ساڵی ١٩٦١ و پشتیوانی وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە لە بزوتنەوە چەکدارییەکە ، دواتر کودەتای ٨ی شوباتی بەعسییەکان و قەڵاچۆکردنی شیوعیەت ، ھەموو ئەمانە وای کرد دوای ئەم پرۆسەیە بێ ململانێ سەرکردایەتی پرۆسەی سیاسی باشوری کوردستان بدرێتە پارتی ، حشع بە خشکەیی لە سەرکردایەتی ژیانی سیاسی خەڵکی کوردستان کشایەوەو تەسلیم بە ئەمری واقع بوو ، کە دواتریش ئەگەر لە عێراق ھێزی ھاتبێتەوە بەر ، ئەوا لە کوردستان توانای سەرکردایەتی نەم، بە بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ ، باڵی مەکتەبی سیاسیش تەسلیمی باڵی بارزانی بوون، تا ئازاری ١٩٧٥ ئەم باڵەی پارتی سەرۆکایەتی ژیانی سیاسی کوردستانی گرتە دەست بێ رکابەر، دەتوانین بڵێین لە مێژووی باشوری کوردستاندا ، ھیچ کات بەو رێژەیە خەڵک لەدەوری تاک لایەنی سیاسی کۆ نەبۆتەوە، ئەم کۆبونەوەیە دوا کۆبونەوەی یەکگرتوانەی خەڵک بوو لە دەوری تاک لایەنێک.


وەلێ لە دوای ھەرەسی ساڵی ١٩٧٥ ەوە ، باڵی مەکتەبی سیاسی دێنەوە گۆڕەپانەکە بەناوی ینک ەوە کاردە کەنەوە ، باڵی بارزانیش بە ناوی قیادەی موەقەتە سەرەتا ، دواتر پارتی دیموکراتی کوردستان ، لە ھەندێک ناوچەش وەکو دەشتی ھەولێرو شارەزور پارتی سۆسیالستیش بووە رکابەری سەرەکی ، وەلێ ئەو تەنھا ٤ ساڵ لەو رکابەرییە ناوچەییانە مایەوە ، شەڕی ناوخۆیی و مفاوەزاتی ١٩٨٣ ی ینک لە گەڵ بەعس و کەمی ئەزمونی سەرکردایەتییەکەی بوون ھۆی لادانیان لە پرۆسەی ململانێ بۆ سەرکردایەتی پرۆسەی سیاسی باشوری کوردستان ، سۆسیالست وەک ھێزێکی ناوچەیی نەک سەرتاسەری فڕێ درایە دەرەوەی کێشمە کێشەکەو لە ھاوکێشە سیاسییەکاندا ژمارە بچوکەکەی بۆ مایەوە ، ئیتر تا ھەنووکە ٤١ ساڵ شەڕ لەسەر سەرکردایەتیکرنی باشوری کوردستان لە نێوان ھەردو باڵەکەی ئەوسای پارتی بەردەوامە ، تا ئێستا بێ ئاکام ماوەتەوە.


٥٣ ساڵ ململانێی ئەم دوو باڵە شکل و شێوەی جۆراو جۆری بەخۆوە بینیووە ، ھەندێک جار ھانا بردنە بەر ئایدۆلۆژییە جیھانییەکان وەک چەکێک بۆ ململانێ ، جاری واش شێوازی عەسکەری و شەڕی خوێناوی بەخۆوە بینیوە ، کە ھیچکامیان تا ھەنووکە ئاکامی نەبووە، ئەوەشی ململانێکەی ئاڵۆز کردووە، ھەر لایەنەی ناوچەی نفوزو قەڵەمڕەوی سیاسی خۆیان ھەیە، بۆ پاراستنی ھێزو باڵادەستیان کۆمەڵگا بەرەو شەڕی شارچێتی و لەھجە چێتی دەبەن ، لە ئێستاشدا ململانێکە شێوازی جۆری حوکمڕانی و بەڕێوەبەرایەتی و ململانێ لەسەر دەست کەوتی بە خۆوە گرتووە، کە لە ناوەڕۆکدا ھەر پەیامەکەی ٥٣ ساڵ لەمەوپێشە، رێکەوتنی دەباشان ھەر پەیامی کۆنگرەی ماوەتە لە ناوەڕۆکدا.


پارتی دیموکراتی کوردستان ئەگەر لە ٢٠٠٣ ەوە تا رادەیەک سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی سیاسی کوردستانی کەوتبێتە ژێر دەستەوە ئەوا بە ھۆی کۆمەڵ بوونی کێشەکان لە سەر یەکتر و ھاتنی ھەمویان پێکەوە بۆ ناو ئۆفیسەکەی ( کێشەی یاسایی سەرۆکی ھەرێم ، کێشەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ، کێشەی ئابوری و دارایی ھەرێمی کوردستان بەشی شێری بەر ئەو دەکەوێت بەھۆی سەرکردایەتیکردنی پرۆسەکەوە ، کێشەی ریفراندۆم و ئەگەرە کراوەکان بەردەمی ، بوونی پشتیوانی تەنھا نزیک بە ٢٦٪ی ھاووڵاتیانی کوردستان لێی، کزی متمانەی لاوان ... ) ھەموو ئەمانە وا دەکات پارتیش وەک ئەمەریکا بێ شەڕ بەدوای شەریکێکدا بگەڕێت بۆ سەرکردایەتیکردنی پرۆسەی سیاسی کوردستان ، تەڵەی سۆسیدیدیس ئەمجارە شکستی سەربازی و سیاسی و ئابوری لایەنێک نابێت ، بگرە رێگایەکی پراگماتیکیتر ئەویش پەیدا کردنی شەریک بێت بۆ قۆناغی راگوزەری تا سەرۆکە تازەکان کلیلی بەڕێوەبەرایەتی وەرە گرن دوای سەرکەوتنەکانی ئایندە.


دابەزینی ئاستی شتیوانی بەتایبەت لاوان لە ھێزە سیاسییەکان و لە دەستدانی متمانە ، بەتاڵبونەوەی کاری حیزبایەتی لەناوەڕۆکە سیاسییەکەی ، ھژمۆنیای ئۆلیگارشییەکان بەسەر پرۆسەی سیاسی و ئابووری کوردستان، بەرز بونەوەی ئاستی نایەکسانی و کەڵەکە بوونی سەرمایەی کوردستان لە دەستی ژمارەیەک ئۆلیگارشی سیاسی بە ئەندازەیەک سەرمایەی ئەوان زۆر زیاترە لە کۆی بەرھەمی نەتەوەیی ھەرێمی کوردستان ، نەمانی رەوایەتی بە ململانێی ٥٣ ساڵی جەلالی و مەلایی ...... ھەموو ئەمانە وا دەکەن بڵێین تەڵەی سۆسیدیدیس ئەمجارە شانس بە ھێزێکی نوێ دەدات و خەڵکی کوردستان لەم مەرگەساتەی ئەم دوو لایەنە رزگار دەکات، شانس بەوان ناداتەوە ،بۆ ئەوەی بە پرۆسەی سەربازی یان سیاسی یەکیان ھەرەس بەوی تریان بێنێت.


(پوسیدیدس: میّونوسی یۆنانی لە ٤٦٠ پ زاین لە دایک بووە ، ٣٩٥ پ زاین کۆچی دوایی کردووە ، پەرتوکی لەسەر جەنگی بیلۆبۆنسیە نووسیوە ، جەنگی نێوان ئەسینا و ئەسبپارتە ، تیایدا دەستنیشانی ئەوە دەکات گەشەی ئەسینا ، ترسی لای ئەسپارتەکان دروست کرد وای کرد شەڕ ببێتە حەتمی لە نێوانیان).


بۆ یەکەم جار گراھام ئەلیسۆن لە ساڵی ٢٠١٥ ئەم دەستەواژەیەی بەکار ھێنا لە پەرتوکی : رۆیشتن بەرەو جەنگ، ئایا ئەمەریکا و چین دەتوانن خۆیان لە تەڵەی پوسیدیدس بپارێزن.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک