٩\٨\٢٠١١ تهمێک له رهنگی خۆم، خۆمێک له رهنگی تهم.
بەرزان هەستیار تۆ ئەبێ لێرە بی ، ئێرە ، ئەبێ تۆی لێ بی... بۆئەوەی لە ئاوەدانیی بچێ * * * ئەوساتەی هەموو خۆمم نووسییەوە شەوەزەنگ چراکانی خۆی…. لەسەر تاقەکانی ژوورەکەم پێئەکا و ئیتر ئەزانم سپێدەی خۆکوشتنە * * * بۆنی خوێن لە بۆنی شەراب خۆشترە بۆنی سەرەنوێلک لە عەتری یار خۆشترە،..... کە دڵێ ، شوێنێ شک نەبا..... بە دەنگی بەرز تیا بگری * * * وەرە لام ، تۆ ناڵێم ،... ئەو، با بێ ، ئەوێک ،کە بە دزییەوە نەبێ ، ناوێرم گازی کەم * * * با ، بڕوات ، تۆ ئەڵێم،.... تۆیەک ، بە ئاشکرا ئەتوانین ڕقمان لە یەک بێ * * * بە پێی پەتی.... بەسەر وردەشووشەی ئەو ڕۆژگارانەدا ڕائەکەم کە تێناگەم چۆن لە پشتمەوە هاڕەیان کرد ، کە ئاوڕیش ئەدەمەوە خۆم ئەبینم،… یەک پارچە مەوج ئەدەمەوە لە خوێنا * * * دوو شت زراوم ئەبەن ،... ئەوەی ، شیعر بە زۆریش نەیەتە ماڵم ؛ ئەوەی ، شیعر بە زۆریش ماڵم چۆڵ نەکا * * * كەسێك هەیە هەمیشە غیرەی لێ ئەکەم کەسێکە ،…
سەخیفە ئەوەندە نازدارە ، بۆ ئەوەی هەمیشە دوودڵ بم !! * * * پێش ئەوەی ماچم کات هەموو گیرفانەکانی دڵم ئەپشکنێ! * * * گومانی چیم لێ ئەکەی ، لە مەمکەکانی تۆ ڕووتترم ! * * * وا بیر ئەکەمەوە ، لە خودا بپاڕێمەوە، دۆزەخم پێ ببەخشێ،.... بیکەمە باخی وەنەوشە ؛ بزانم ئەهلی ئیمان چی ئەڵێن !!! * * * بیری کەس نەکەم و کەس بیرم نەکات ئەمەیە کۆتایی شەڕە گەرمەکانی ژیان ؛ ئەمەیە سەرەتای دۆڕانە ناشرینەکان * * * نێوانی دێڕەکانم ئەگەڕێی..... بۆ ئەدرێسی کۆنەخەمێکی خۆت ؛ ئەی من کوێ ؟ * * * ئەچمەوە سەر سیلەی..... یەکەم کۆڵانی منداڵییم ؛ لە دایکم زیاتر ، کەسێکی لێ نەماوە * * * لە دەرگا بدە و بڕۆ ، کە کردمەوە.... بە بۆنی جێپەنجەکانتا ئەتناسمەوە * * * کە پاییز دێ ،زەرد ئەچمەوە لە شەرمی..... کەوتنە خوارەوەی گەڵاکان ، فریای چەند پرسە بکەوم !؟ دڵی چەند درەخت بەمەوە!؟ * * * خوێن ، هەموو حیکایەتە ناخۆشەکانم بیردێنێتەوە ئەو حیکایەتانەی دەرفەت نادەن... لە ڕەنگی سووردا ، بیر لە کەوتنە خوارەوەی کۆرپەیەک بکەمەوە.... لە ڕەحمی دایکی * * * منداڵیی ، شەقاو بە شەقاو شوێن پێم هەڵئەگرێ و پیرییش ، کونجێکم پێ ئەبەخشێ بۆ بیرەوەرییەکانم ؛ لەم نێوانەدا..... منداڵێکی بێ پا و پیرێکی کەفتەکار ماوم * * * تەقە لە سێبەرەکەم ئەکەم و زریکە لە خۆم هەڵئەستێ ! * * * بە شەو ، هەتا سەر لێواری گۆڕەکەم ئەڕۆم ، بە ڕۆژ ، ئەچمەوە باخچەی گشتیی و پەپوولەیەک دەستم ئەگرێ و هەتا بەردەرگای ژیان ناوەستینەوە * * * کارەساتە، چاڵ بۆ خەیاڵەکانم هەڵکەنم،.... بۆ ئەوەی ئەوان... نەمخەنە خەرەندێکەوە !! * * *
لە دەمی بیرەکەوە ،.... بەسمە هێندەی ئاسمان ببینم ؛ بڕوا ناکەم لەوە زیاتری ساماڵ بێ !! * * * خۆڵەمێش ، خوێنی مەییوی پشکۆکانە و بە دیار "ئەو"یشەوە.... ئێسک و پروسکی ڕزیوی من * * * خۆشمویست و نەیئەزانی ، کەی ئەبمە پاییز، خۆشیویستم و ئاگام لێ نەبوو، کەی سەوز دائەگەڕێ ؛ کەواتە هەردووکمان ، شێت و وێت !! * * * بەم تاریکییە ، گزنگ داگیری کردووم ، گزنگ بەم خۆرەتاوە ، تەم لە ڕووخسارم ئاڵاوە ، تەم. ئۆکتۆبەر و نۆڤێمبەری ٢٠١٠ - کۆلن - ئەڵمانیا
|