په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

تەمەنێک لە حوکمی حەسەن قەپلان و یاوەرەکانی.

    

چرۆ ئەحمەد

 

دوای پەیمانی لۆزان لە 24 ی تەموزی ساڵی 1923 کە لە نێوان حکومەتی تورکیاو بەریتانیا مۆر کرا مافی کوردیش وەک ژانرێکی سەرەکی لەم پەیمانە ڕەچاو نەکرا، دوای ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا دامەزرا کەمالییەکان داوای گێڕانەوەی(ویلایەتی موسڵ)یان کرد، هەروەها لە سەردەمی ئەتاتورک زنجیرە شۆڕشێکی کورد لە کوردستانی باکور لە تورکیا سەری هەڵدا شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کە لە ساڵی 1925 بەرپا بوو لە پاشان شکستی هێنا شێخ و یاوەرەکانی لە سێدارە دران دوای ئەوە شۆڕشی شێخ ڕەزای دەرسیمی لە ساڵانی سییەکان دەستی پێکرد کە ئەویش بە سێدارە دانی کۆتایی پێ هات لەدوای ئەوە شۆڕشی ئیحسان نوری پاشا کە بە (شۆڕشی ئارارات) ناوبرا ئەویش کۆتایی پێ هات دوای ئەو هەموو زنجیرە شکستە شوڕشێکی بەرخودان کە پێی دەڵێن(شۆڕشی بەردەوام) کە ئەویش شۆڕشی  pkk ە یە کە ئەویش تا ئێستا بەردەوامە.

 

لێرەدا دەمەوێ باس لەوە بکەم کەوا سیاسەتی تورک بەرامبەر کورد هەمیشە چەواشە کردن و پێشێل کردنی ماف بووە بە تایبەتی دوای هاتنی حوکمی( کەمال ئەتاتورک) ئەو کات کە کوردی بە تورکی چیایی ناو برد کە تاکو ئێستاش ئەم قەیرانە سیاسیە بەردەوامە ، لەگەڵ دەست پێکردنی شەڕی خۆکوژی لە ساڵی 1993-1994 لە کوردستانی باشوور لە عێراق لە نێوان یەکێتی و پارتی تورکیا هەر پەلەقاژەی ئەوە بوو چۆن بتوانێ کەوا چەمکێکی خودی تورک لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنێ ئەوە بو لە ساڵی 1995 بنکەیەکی سەربازی گەورەی بە ناویpmf هێزی ئاشتی(قوە السلام) دامەزراند کە بریتی بوو لە هێزێکی موخابەراتی تورکی بەناو هێزێکی ئاشتیانە بوو لە نێوان یەکێتی و پارتی کە ئاژاوەکانی نێوان ئەم دوو حیزبە کۆنترۆل بکا لە دوایی بە چەند قەرارێکی سیاسی و دیبلۆماسی لە ساڵی 2004 لە هەولێر گەڕایەوە تورکیا، لەگەڵ ئەوەش ئەم هێزە چەند حزبێکی تورکمانی لە تەک بوو کە سەر بە سیاسەتی تورکیا بوون سەرۆکی ئەم هێزە پیاوێکی سەربازی بوو بە ناوی (حەسەن قەپلان) ، ئەمە جگە لەوەی جۆرە گێرەشێوێنێکی دروست کردبوو لە کوردستان بگرە هێرشی دەکردە سەر چەکدارانی pkkەش ، لەگەڵ ئەوەش چەند سەربازێکی تورکمانی هەولێرو کەرکوکیشیان لەخۆیان کۆ کردبۆوە.

 

لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق تورکیا پەلەقاژەی کوردستانی باشووری کردو چاوی بڕیە کەرکوکیش و چەند هەڕەشەو گوڕەشەیەکیشی کرد بەڵام دوای ئەوەی زانی بێ سوودە هەڵسا بە گۆڕینی سیاسەتەکەی ئەویش بە کردنەوەی چەند قونسل خانەیەک و هەروەها ناردنی چەند کۆمپانیایەک بۆ کوردستان بە تایبەتی بۆ هەولێر یەکێک لەم کۆمپانییانە کە گەورەترین کۆمپانیای تورکە ئەویش کۆمپانیای(ماکیۆل جەنگیز)ە کە لە ساڵی 2005 گەیشتە هەولێرو دەستی کرد بە دروست کردنی فرۆکەخانەیەکی نێو دەوڵەتی نوێ لە هەولێر کە ئەمساڵ 2009 وا خەریکە تەواو دەبێ، ئەم کۆمپانیایە لەگەڵ دەست بەکار بوونی هەڵسا بە بە کۆکردنەوەی تورکمانەکانی هەولێرو کەرکوک کە پێشتر لە pmf  سەرباز بوون و کارییان کردبوو شایانی باسیشە پرۆژەی ئەم کۆمپانیایە هەر بە سەرپەرشتی(حەسەن قەپلان)ە چەند پیاوێکی دەست نیشان کراوی لە چەند شوێنێکی حەساس داناوە دوو کەس لەمانە کەوا دەورێکی گرنگ دەگێڕن ئەویش(عەلی ئۆندەر) و (مستەفا بەدر)ن کە تاکو ئێستا لە فڕۆکەخانە ماون ئەوانە جگە لەوەی کە میتن و لەسەر چینایەتی ڕەگەزی و سیاسی سوورن دوو کەسی داوێن پیسیشن دەست درێژی دەکەنە سەر ئەو ئافرەتە کوردانەی کە لەم کۆمپانیە کار دەکەن لەگەڵ ئەوەش چاوترسێن و هەڕەشەی نان بڕینیان لێ دەکەن ، ئەم کۆمپانیایە ڕۆژانە نزیکەی 12 سەعات کاریان دەکرد لەگەڵ ئەوەش موچەیەکی کەمیان بە کرێکارەکانی هەولێر دەدا بەڵام موچەی تورکەکان خەیاڵی بوو جگە لەوەش ئەگەر تورکیت بزانیبا ئیشت ماشی بوو لەگەڵیان کرێکارە کوردەکانیش بە هەموو جۆرێک ئیهانە دەکران، ڕوون و ئاشکرایە کە باری ئابووری تورکیا باش نیە بەڵام بە یارمەتی دانی حزبە تورکمانییەکان و لایەنگرەکانی خۆی  و کردنەوەی خولی زمانی تورکی و چەند کۆلێژێک و ناردنی چەند کۆمپانیایەک لە کوردستانی باشوور جێگای ئەگەرو سەر سوڕمانە.

 

تورکیا لە ساڵانی شەستەکان دەستی کرد بە ناردنی خەڵکی خۆی و کۆمپانیا بۆ قوبرس هەروەها خواستنی ژنەکانیان و پێک هێنانی خێزان لە دوایی لە ساڵی 1974 دەستی کرد بە داگیر کردنی، نابێ ئەوە لەبیر بکرێ یەکێک لە بەندەکانی مۆر کردنی لۆزان لە نێوان بەریتانیاو تورکیا گەڕانەوە (ویلایەتی موسڵ)ە بۆسەر خاکی تورکیا هەر بۆ ئەوەش قونسلێکی سەرەکی لە موسڵ هەیە، لێرەدا پرسیارێک ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە ئەویش تاکەی حوکمی تورک و دەست تێوەردانی سیاسی لە هەرێم؟

 

دیارە پشت بەستن بە تورک و بەرژەوەندی تاکی و حیزبی کارێکی زۆری کردۆتە سەر حوکمی کوردو بۆ ئەوە ی چاو لە سیاسەتەکانی تورکیا بپۆشین و لە پێناو مانەوەی حوکم و پاراستنی کورسیدا هەڵوێستە پڕ مەترسیدارەکانیش چەواشە بکەین و کورد نەگاتە ئامانجە سەرەکییەکانی ، وەکو پێویست دەتوانرێ چارەسەری هەندێ سلبیات و گەندەڵی ناو ئیدارەی حکومەت بکرێ بەڵام ئەم جۆرە گەندەڵیە سیاسیە دەرەکییە ئەگەرێکی گەورەی ترسناک دەخاتە سەر ڕێگای چارەنوسی میللەت ، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر متمانە بە حکومەتەکەمان بکەین پێویستە ئەم جۆرە دیاردە ترسناکە هەرچی زووە کۆنترۆل بکرێت ئەگینا سەرەنجام هەرەس هێنانی ئەم ئەزموونە سیاسیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە...

 

 

هەولێر