په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\١٢\٢٠١٢

تەمەنێک پڕ لە ماندووبوون و قوربانی لە پێناو نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار.

شەماڵ عادل سەلیم  


دایکە (گوڵێ فەرەج) شێرە ژنێکی سەرڕاست وشارەزاوخۆڕاگر، خەباتگێری دلسۆزی رێبازی کوردایەتی، دایکی تێکۆشەرە دێرینەکانی رێگای ئازادی و بەرخۆدان ،هاوڕێ (چنار و بێخاڵ و سامان و رێزان)، هاوسەری تێکۆشەری نەمر (مام تەها نەبی)،لەبرواری ٩ /١١/٢٠١٢ بەبێ دەنگ ماڵئاوایی لێ کردین ....!!


هاوڕێ (گوڵێ)ی شێرەژن لەساڵی ١٩٣٨هاتۆتە دونیاوە و هەرلە زووەوە ،لەکۆڕی خەبات و تێکۆشاندا بەگشتی و خەباتی بزووتنەوەی ئافرەتان بەتایبەت هەمیشە ڕۆلێکی گەڵێ دیارو مەزنی هەبووە ، لەم ڕووەوەش بەدەیان جار دووچاری ئازارو ئەشکەنجەو ڕاونان و برسیەتی بۆتەوە و کۆڵی نەداوە و هەمیشە بەدڵێکی گەرمی تەژی لە خۆبردوویی لەپێناو سەربەستی ئافرەتان و ڕزگاری کارگەران و گەل و خاکی کوردستان شان بەشانی هاوسەرە تێکۆشەرەکەی خەباتی کردووە.....


دایکە (گوڵێ)ی تێکۆشەر وەک پێشمەرگەیەکی بەجەرگ هەمیشە دەرگای ماڵی بۆ هەموو هاوڕێیان و خانەوادەسەربەرزەکانیان و هەتا پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی حزبی شیوعی لەسەر گازەرەی پشت بووە. لەماڵی (گوڵێ) مەزن چاڵاکی سیاسی و نەخشە وپلانی عەسکەری شیوعیەکان دادەرێژرا ، ئا لەوێوەو لەژێر چاودێری ورێنمایی تێکۆشەران مام (تەها) و (گوڵێ)ی شێرەژن و مناڵە گیان لەسەردەستەکانیان چاڵاکیەکانی حزبی شیوعی جێ بە جێ دەکرا........


ئاخر کێ دەتوانێ نکۆڵی لە خەبات و تێکۆشانی مەردایەتی هاوڕێ (چنارو بێخاڵ ) بکات ؟ کێ دەتوانێ رۆڵی سەرجەم ئەم بنەماڵە تێکۆشەرە لە خەباتی ژێرزەمینی و تێکۆشانی چەکداری پەراوێزبخا؟ کێ دەتوانێ ڕۆڵی ئەم بنەماڵە کوردپەروەرە لە شۆرشی نوێ ی گەلەکەمان و لە خزمەتکردن و شاردنەوەی پێشمەرگە وکۆمەک ودەرمان گەیاندن لەبییر بکا...؟


بەڵێ من باش دێتەوە یادم کە لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو ئەم خانەوادە هەرهەموویان پێشمەرگە ئاسا قۆڵیان ڵێ هەڵماڵیبوو و، بۆێرانە خەباتیان دەکرد و ماڵەکەیان ببووە شوێنی حەوانەوەی بنەماڵە دەربەدەرکانی پێشمەرگە دلێرەکانی کوردستان.


بەویژدانەوە دەبێ دان بەوە دابنێم کە هاوڕێ (گوڵێ)ی تێکۆشەر بێجگە لەوەی وەک تێکۆشەرێکی کاری ژێرزەمینی ناو شارو تەتەرێکی رەش پۆشی بوێر لەسەرتاسەری کوردستان ناسرابوو ، لەهەمان کاتیشدا وەک ئافرەتێکی میهرەبان و پایەبەرزو کۆمەڵایەتی لەناودڵی هەمووان دەژیا........، هەربەم بۆنەیەش ئەو بنەماڵە تێکۆشەرە دووچاری گەڵێک ئازارو ئەشکەنجە ودەربەدەری بوونەتەوە.


ئەم دایکە شۆڕشگێرە هێندە میهرەبان و پاڵەوان و لێهاتوو بوو کاتی لە ساڵان هەشتاکان لەلایەن بەعسییە فاشییەکان دەستگیر دەکرێ ، ئەشکەنجەولێدان ناتوانن چۆکی پێ دابدەن و نهێنییە پیرۆزەکانی پێ بدرکێنن....!!


دەبابزانین ئەم تێکۆشەرە سەرسەختە چۆن یادگارییەکانی رۆژانی بەندیخانە دەگێرێتەوە ، دایکە گوڵێ دەڵێ :( لە ماوەی ٦ مانگی زیندانیم ، ڕۆژانە چەندین جار ئازارو ئەشکەنجەیان دەدام و شێتگێرانە ڕاست و چەپ بە کێبڵ و شەق لێیان دەدام......، جەڵلادەکان منیان لە ژوورێکی سارد و شێداری تاکەکەسی (ئینفرادی) دانابوو ، لەم ماوەیە بەڵێدان و ئەشکەنجەدان زۆر شپرزەیان کردم ، بەڵام هەرچەندە ئەوان زۆریان دەپرسی من کەمم وەڵام دەدانەوە و سوربووم لە سەر ئەوەی کە کاری من تەنها ئەوە بووە کە خزمەتی ماڵ و منداڵەکانم بکەم وەک هەموو دایکێکی دڵسۆز… دوارۆژێکی گەشیان بۆ دابین بکەم .... ،من چەندە ئازارم زیاتر دەبوو ، رقم ئەستورتر دەبوو ... من خۆم لەگەڵ ئەم هەموو ناخۆشیەدا ، هەر دڵ روون و گەشبین بووم ، هەرئەوەش وای کرد کە دوای ٦ مانگ لە چەرمەسەری و ئەشکەنجەدان و نەهامەتی بەسەربەرزی ئازادبکرێم )........


لەکاتی ئەم نووسینەمدا وشە بە نرخەکانی دایکە ( گوڵێ)ی پێشمەرگە و کادیر کەوتەوە یادم ، لە کاتی هاندانی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان .... ئەم تێکۆشەرە ماندوونەناسە بە زمانێکی پاراوو هەڵقوڵاو لە بیرووهزری پتەو و نەگۆڕی هانی دەداین و دەیگوت: لە مێژووی گەڵانیش دا ئەوە زۆر زۆر گرنگ بوە کە شۆڕشگێرانی ئەو گەلانە ورە لەدەست نەدەن ، لەمەیدانی فکری و مەعنەوی دا نەیدۆڕێنن ، وە دوژمن نەتوانێت دڵ و دەروونیان داگیربکات ....).

 
هەربۆمێژوو دەبێ ئەوەش بڵێم کە بەبێ ڕۆڵی ئەم بنەماڵەیە و چەندین بنەماڵەی تێکۆشەری تری شاری هەولێری قارەمان زۆر ستەم بوو پارتیزانە شیوعیەکان بیان توانیبایە چاڵاکیەکانیان لەناو شاری هەولێر بەم شێوە بەربڵاوە ئەنجام بدەن...


جێگای باسکردنە کە لە سەرەتای هەشتاکانەوە، شاردنەوەی پێشمەرگە شیوعیەکان و کۆمەک و نامە گەیاندن لەشار بەرەو شاخ بە پێچەوانەش و، زۆرێک لە کاری رێکخستنی تر لە شاری هەولێر هەمووی ئەو بنەماڵەیە و چەندین بنەماڵەی تری هەولێری گرتبویانە ئەستۆ....


( گوڵێ )ی شێرە ژن لەدوای ئازادبوونی لە زیندانی بەعسیە فاشیەکان ئەویش وەک جگەرگۆشە بە ئەمەک و بوێرەکانی، رووی کردە شاخ و رێگای سەختی پێشمەرگایەتی هەڵبژارد و بەهەمان گڕووتینی جارانەوە بووە پێشمەرگە و، لەگەڵ هاوسەرەکەی (مام تەها)ی تێکۆشەرو خەباتگێری دێرینی رێگای نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار چەکی شەرەفیان لەشان کردو و، لە بناری چیا سەرکەشەکانی کوردستان لەگەڵ مندالە تێکۆشەرەکانیان لە بارەگای مەلبەندی هەولێر حیزبی شیوعی عێراق جێگیر بوون..


مام (تەها )ی خاوەن هەڵوێست لە شپرزەترین وسەختترین کاتدا بە هۆنراوە میللیەکانی هاندەری ڕاستەقینەی پێشمەرگەکان بوو لە خەباتی بێ وچانیان ، مام (تەها) پیاوێکی پیاو و مەرد و قارامان و زەحمەتکێش بوو ، هەر لەسەرەتای ژیانیەوە خەباتی کوردایەتی لەدڵ دەروونی چرۆی کردوو رێگای سەختی خەباتی گرتەبەر و بووە ئەو تێکۆشەرەی کە هەر هەموومان شانازیی پێ بکەین....


مام (تەها ) هەمیشە لە جولە دابوو، ژیانێکی زۆر سەخت و ناخۆشی هەبوو لەگەڵ ئەوەش زۆر بەکەیف و دلشاد بوو ، ورەبەرزوو دەم بەخەندە بوو، لەکاری رێکخستندا ڕۆڵی زۆر کاریگەری هەبوو ، هەڵوێستی جوامێرانەی مایەی شانازین بۆ سەرجەم خەڵکی بە شەرەفی کوردستان.....


من لە سەرەتای هەشتاکانەوە لەگەڵ دایکم (دایکی شوان ) بە بەردەوامی سەردانی ئەم بنەماڵە تێکۆشەرەم دەکرد و لە نزیکەوە ئاگام لە جموجۆڵ و خەبات و ماندووبوونی ئەم بنەماڵەیە بووە ، لەوکاتەی کە هاوڕێ (چنارو بێخاڵ ) وەک دوو پێشمەرگەی ناو شار بوێرانە کارەکانیان ڕادەپەڕاند و لەتەک کار و ماندووبوونی رۆژانەی خۆیان ....کە وەک یاریدەدەری پزیشک لە نەخۆشخانەی ناوەندیی شاری هەولێر کاریان دەکرد.....


جێگای ئاماژەیە کە (گوڵێ) ی دایک و پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە لە وڵاتی دانیمارک نیشتە جێ ببوو، بەڵام خۆشەویستیی بۆ وڵاتەکەی وای لێ کرد کە بریاری گەڕانەوە یەکجارەکی بدا ، ئەوە بوو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا گەڕایەوە کوردستان و لە باوەشی پیرە هەولێری مەکۆی قارەمانان و لە گەرەکی ئازادی لە ماڵی کورێکی گیرسایەوە ، جێگای داخە کە ئەم زاتە تێکۆشەرە لە بەرواری ٩ /١١/٢٠١٢ دا بۆ دواجار بەبێ دەنگ ماڵئاوایی لێ کردین....!!


شکۆدار بێ یادت ئەی شێرەکەی گرتووخانە و تەتەرە ڕەش پۆشەکەی خەباتی شار و شاخ...!!


کێ لە تۆ زیندووترە ئەی دایکی شەهید....!!


سەری رێز و نەوازش بۆ خەباتی درێژخایەنی خۆت و سەرجەم خانەوادە سەربەرزەکەت دادەنەوێنم و پر بە دڵ گڵکۆ پیرۆزەکەت ماچ دەکەم ئەی شێری شێران، (گوڵێ)ی دایک و پێشمەرگە....!!


لاوانەوەیەک بۆ (گوڵێ)ی شێرە ژن:


بخەوە .....
دەبخەوە ...
دەبخەوە... ئەی دایکە میهرەبانەکەم.....
دوێنێ میوانی ڕەنووی بەفری قەندیل بوویت و
ئەمرۆش لەباوەشی گەرمی کوردستان بێ باکانە ڕاکشاویت
و
بە چاوی نیوە کراوە لە هاوڕێیانت دەڕوانی.....!!
ئەی قەندیلە سەربەرزەکەم ....
ئەوەی دەڵێ (چرا)ی دڵی (گوڵێ)خامۆش بووە......
وڕێنەدەکا.....!!
ئاخر پێم ناڵێن چۆن رووناکی و چرا دەمرێ؟
دڵ گران مەبە.... دڵ گران مەبە... ئەی میهرەبان........
ئەوە ئێمەین زمانمان شکاوە و، واخەریکە خۆمان لەبیردەکەین.....
ئەوە ئێمەین... بە ناو سەرابی نیشتماندا ڕێدەکەین و ئاوەڕ لە کەس نادەینەوە...!!
ئەوە ئێمەین.... ئێمەین ئەوە... لەم قات و قڕیەدا بە دوای خۆمان دەگەڕێن...
بەڵام ئەفسوس.....
ئەفسوس.... لەسەر هیچ نەخشەیەک خۆمان نادۆزینەوە.....
ئەوە ئێوەن... لەگەڵ شادەماری خاکدا موتروبە کراون و، بە تامانی پەلکەزێرینەی کوردستان تەنراون.....
ئا... ئەوە ئێوەن چراخانی سەبووری
و
ڕۆشنایی ئومێدی رێگامانن.....
دەبخەوە...
بخەوە دایکە میهرەبانەکەم.....
دڵ گران مەبە... ئەوە ئێمەین بە دوای خۆمان دەگەڕێین و دەگەڕێین و دەگەڕێن....
ئەفسووس.... لەسەر هیچ نەخشەیەک خۆمان نادۆزینەوە....!!
مەخابن.... مەخابن
دایکە قارەمانەکەم.... چار نەبوو، بۆ ئەوەی بەر نەفرەتی مێژوو نەکەوم و گوناهبار نەبم، دەبوو شتێک لەسەر بەرگە تۆزلێ نیشتووەکەی مێژوو بنووسم و لەبەرخۆوە بڵێم (مەخابن، مەخابن، مەخابن، کوفرێکی گەورەیە کە تۆ لەبیر بکرێیت)....؟!


٢١
\١٢\٢٠١٢ - پاریس
ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک