٢٩\٥\٢٠١٨
تەمەن و مەی.

گیان کورد
'جۆرج' تەمەنی ٧٩ ساڵە و 'ئیەن'ی براشی ٨٦، هەردووکیان پێکەوە لە
گەڕەکەکی ئەو پیرە لەندەنە دەژین، دوو کەسی فرە شیرین و ئێسک سووکن لە
کنە من، هەفتەی دوو سێ جار دەهاتنە ئەو مەیخانەیەی کە من تێیدا
دەچەوسامەوە!
ئەو دوو برایە تەڕپیرە هەر کە دەگەیشنە مەیخانەکەمان یەکڕاست و وە پەلە
خۆیان دەگەیاندە بلیاردەکە و بە دەم خواردنەوەوە دەستیان بە یاری دەکرد..
هێندە بە گەرموگوڕیی دەهاتن و دەچوون هێندە بە گورجوگۆڵیی جوولەی
جوان جوان
و سەرنجڕاکێشیان دەنواند رێک دەتگوت دوو نەوجەوانی تازە هەڵچوون و
یەکەمین جارە لە پێشبڕکێ و بردنەوەی گەمەیەک دان و خەڵكەکی زۆر وەک دوو
بەرە سەیری کێبڕکێیەکەیان دەکەن و لەگەڵ تۆمارکردنی هەر خاڵەک لە لایەن
هەر یەکەکیانەوە لایەنگر و هاندەرەکانی چەپلەبارانی دەکەن و دەیکەنە
فیکەلێدان و هاتوهاوار!
لە هەموو تشتەک هەر ئەوها دڵگەرم و راشکاوانە بوون.. لە یاری.. لە
خواردنەوە.. لە برایەتی.. لە پەیوەندیی و هاوڕێیەتی.. لە هەنگاونان و
رێکردن.. لە دوان و گفتوگۆ.. تەنانەت لە پلارگرتن لە ژنان و نوکتەکردنیش
هەر ئەوها بوون، هەرچەندە پلارگرتن لە ژنان هەڵسوکەوتەکی
شارستانییانە
نییە و بۆنی نابەرابەریی نێوان ژنان و پیاوانی
لێدێ..
بەڵام ئەوان هیندە لێزانانە و لە جێی خۆی پلاری خۆیان دەهاوێشت نە دڵ و
دەروونی کەسیان بریندار دەکرد نە هیچ هەست و نیازەکی پیاوسالارانەشیان
لە پشتەوە هەبوو بەڵکە وەهایان لە بەرانبەرەکانیان دەکرد لەگەڵ هەر
پلارگرتن و نوکتەیەک
لە قاقای پێکەنین
بدەن و
زۆر زۆر ئاسوودە و شادمان ببن.. واتە کەش و دۆخەکی وەهایان چێدەکرد
ئاسۆیەکی زۆر گەش بە مرۆڤەکان ببەخشن و وەها هەست بکەن ژیان پڕاوپڕە لە
جوانیی و تشتگەلی نایاب و ئاسوودەبەخش و پێویستە هەر کەسەک پێیان بگا و
بەشی خۆی چێژیان لێوەربگری.
سەرتان نەیەشێنم رۆژەکیان لە قوڕنەیەکی مەیخانەکە دانیشتبوون
و زۆر
سەرنجمیان بە لای خۆیاندا راکێشابوو؛ ناوە ناوە بە قاقایەکی هێندە خۆش
و باڵکێش جامەکانیان لە یەک دەدا سەرجەم مێوانانی نێو مەیخانەکەیان
دەخرۆشاند و بزەیان دەخستنە سەر لێوانیان.. هێندە بە جوانی رووبەڕووی
یەکدی دانیشتبوون و بە گەرموگوڕییەوە قسەیان دەکرد دەتگۆت ئەوە دوو
خۆشەویستی یەکن و لە پاش دابڕانەکی زۆر تازە یەکدیان گرتیتەوە! لەگەڵ
ئەوەی ئەمن خەریکی کاری خۆم بووم و زۆر سەرقاڵ بووم بەڵام بە دەستە خۆم
نەبوو تیچاوەکم هەر لەسەریان بوو، پاش ماوەیەک بێ ئەوەی نیازی ئەوەم
هەبی کارەکەم وەجێبڵم و بچم کەشوهەوای دانیشتنەکەیان لێ تێکبدەم
و بە
خۆمیان خەریک بکەم لەپڕ دیتم گەیشتمە بەردەمیان.. ئیدی ئەمنیش لە
هندوڕی خۆم گوتم تازە هەر هاتم هاتم با دەرفەتەکە لە قیس نەدەم و
هێندەک پرسیاریان لێبکەم.
پاش چاکوخشییەکی گەرم و و فەرموو فەرمووی ئەوان.. زۆر بەڕێزەوە دەستم
بە قسان کرد.. هەر دەتگوت ئەوە ئەمن کارمەندی دەزگەیەکی راگەیاندنم و
دەمەوێ هەڤپەیڤیەنەکیان لەگەل سازبدەم.. ئیدی گۆتم:
- داوای بووردن دەکەم کە هەرسانتان دەکەم.. تکایە ئەگەر دەرفتتان هەبی
حەزدەکەم چەند پرسیارەکتان ئاراستە بکەم؟ (پاش ئەوەی زۆر وە شادییەوە
ئامادەیی خۆیان دەربڕی گۆتم):
- هەرچەندە پرسیارکردن لە تەمەن وەک لێرە لەو وڵاتە و لە زۆر جێی دیکەش
هێندەک نابەجێیە.. بەڵام کە ئەمن بە دوو هاوڕێی خۆشەویستی خۆمتان
دەزانم رەنگە تا رادەیەک ئاسایی بێ.. لەبەرهەندێ حەزدەکەم و بۆم گرنگە
بزانم تەمەنتان چەندە؟
- (ئیەن بە زەردەخەنەیەکی زۆر شیرینەوە گوتی) ئەمن ٢٤ ساڵم و ئیەنیش ٢٠
ساڵە.. واتە هێشتا زۆر گەنجین هەروەک دەمانبینی..
هەرچەند زۆر بەو وەرامە ئاسوودە بووم بەڵام هەناسەیەکی زۆر قووڵم
هەڵکێشا و لە دڵی خۆم گوتم 'ئاخخخ.. بۆ ژنان و پیاوانی میللەتەکەی من!'
(ئەو جارە پرسیم):
- زۆر باشە.. ئەدی چەند ساڵ دەبی ئەنگۆ هاوڕێی مەی و مەیخانەن؟ (جۆرج
چاوێکی لە ئیەن کرد و ئەویش گوتی 'پێویستە تۆ وەرامی ئەو پرسیارە
بدەیەوە چونکە تۆ گەنجتری' جۆرج گوتی):
- ئەو کاتەی ئەمن بوومە هاوڕێی مەی و مەیخانە تەمنم نزیکەی ٢٠ ساڵێک
دەبوو، زۆر بە هیوای ئەوە بووم بتوانم رۆژەک لەگەڵ ئیەنی برا گەورەم
بچمە مەیخانەیەک و پێکەوە بخۆینەوە بەڵام زۆر شەرمم دەکرد و هەر
نەمتوانی ئەو داوایەی لێبکەم! رۆژەکیان کە بەرەبەری هێوارە بوو بە
شێوەیەکی زۆر ئاسایی وەک ئەوەی لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆی دەدوێ گۆتی 'وەرە با
بچینە مەیخانەیەک و پێکەوە هێندەک بخۆینەوە'.. ئیدی چووین و تا درەنگانی
شەوێ کاتەکی زۆر زۆر خۆشمان بردەسەر کە هەرگیز لە یادم ناچێتەوە.. تا
ئێستاش ئەو شەوە کە پڕ لە یادگاریی شیرین شیرین بوو بە خۆشترین شەوی
ژیانی خۆمی دادەنێم.
کە چاوێکم بڕیە ئیەن دیتم چاوانی پڕ فرمێسک ببوون.. دیاربوو لە نێو
یادگارییەکانی شەوانی تەمەنی رابردوویان نوقم ببوو و وێدەچوو حەزی لێبێ
باسیان بکا.. ئەمنیش کە هەر خۆم زۆر حەزمدەکرد یادگاریی و سەرهاتەکانی
تەمەنی گەنجێتییان بزانم پتر هانم دا تا بدوێ، پاش ئەوەی فرمێسکەکانی
سڕیەوە کۆمەڵە یادگاریی و سەرهاتێکی خۆی و ئیەنی گێڕایەوە کە زۆربەی
زۆریان فرە شیرین و خۆش بوون، پاش گێڕانەوەی دوا دانەشیان بە
زەردەخەنەیەکی ناسکەوە گوتی:
- با ئەوشۆ بەس بێ.. هەڵبەتە ئێمە هێشتا هەر تازە گەنجین و تەمەنمان
زۆری وەبەرەوە ماوە.. شەوانی دیکەمان زۆر لە پێشن و هەر شەوێک بگونجێ
هێندەکیانت بۆ دەگێڕینەوە. (ئەمنیش گوتم):
- ئەرێ ئەرێ زۆر راستە.. ئێستا تێگەیشتم ئێوە بەو شێوەیە ژیاون و خودی
ژیانتان ناچار کردوە بە دوای ئێوە بکەوێ نەک ئێوە بە دوای بکەون.. هەر
بۆیە هیچ پیرییەکتان پێوە دیار نییە..
ئەرێ ئێستاش دەتوانن لە خواردنەوە لە جموجۆڵ لە
گەرموگوڕیی ناخ و
دڵ و دەروون هەرچی گەنج هەیە
بیبەزێنن.. هەڵبەتە تا دوا هەناسەشتان هەر بە
گەنجیی دەمێننەوە، جا تکایە بە برا گچکەی خۆتانم وەربگرن.. ئیدی ئەمنیش
نامەوێ پیر ببم و دەمەوێ وەک ئێوە هەر بە گەنجیی بمێمەوە!
پاش ئەوەی زۆر بە گەرمیی و زۆر بە شادمانییەوە چەندین جار دووپاتیان
کردەوە کە ئەوان زۆر لەمێژە ئەمن بە برا گچکەی خۆیان دەزانن و تاتایێش
هەر بە برای خۆشەویستی یەکدی دەمێنینەوە.. ئەمن گوتم:
- ئێستا دەمەوێ دوا پرسیاری خۆم بکەم ئەگەر رێم بدەن؟
- (جۆرج بە شۆخییەکەوە گوتی) هەرچەندە کاتمان دەگری و ناهێڵی یەك دوو
پلار لەو ژنە ناسک و نازدارانە بگرین.. ئاخر نابینی کوو سەیرمان دەکەن!؟
بەڵام چ بکەین کە تۆمان بە برای خۆشەویستی خۆمان وەرگرتوە ئیدی ناچارین
و ناتوانین ئەو دڵە گچکۆکەت بشکێنین.. فەرموو پرسیارەکەت بکە.
- پرسیارەکەم دەربارەی زیانی مەیە. ئایە ئێوە کە هێندە زۆر مەی
دەخۆنەوە تا ئێستا زیانی نەبووە بۆتان؟
- (ئەو جارە ئیەن وەرامی دایەوە) ئەمن نزیکەی ٧٠ ساڵ دەبی هاورێی مەیم..
ناڵیم رۆژانە بەڵام هەفتەی ٣ یان ٤ جارم خواردۆتەوە.. بە هەموو
جۆرەکانیەوە.. بێجگە لەوەی چێژ و چەشەیەکی زۆر زۆر خۆشم لێ وەرگرتوە
هەمیشە مێشک و دڵ و دەروونمیان شاد و ئاسوودە کردوە و لە هەرچی خەم و
پەژارە هەیە رزگاریان کردوومە.. ئیدی ئەوە ئەمنی گەیاندۆتە ئەو باوەڕەی
کە ژیان هێندە ناهێنێ گلەیی لێبکەم و رووی خۆمی لێوەرگێڕم! مەی وای
لێکردووم کە ژیانم خۆشبووێ و لە جوولە و وەستان نەکەوم و هەردەم بە
دوای ئاسوودەییەکانم بکەوم. دەربارەی زیان و نەخۆشیش؛ نەخێر.. ئەمن
ئێستا تەمەنم گەیشتۆتە
٨٦ ساڵ و تووشی هیچ نەخۆشییەکی نەکردووم ئەوەش
بەو هۆیەوە بووە کە هەرگیز نەمهێشتوە مەی ئەمن بخواتەوە بەڵکە هەر ئەمن
ئەوم خۆاردۆتەوە! جا لاوۆ گوێ لە من بگرە؛ مەیخواردنەوە ئەوە نییە کە
خۆتی پێ ماندوو و شەکەت بکەی و لێت دڵگران و زویر ببی و بیەوێ لە
دەمتەوە بێتەوە دەرێ و خۆیت لێ رزگار بکا! واتە رشانەوە تەنیا یەک
واتای هەیە ئەویش ئەوەیە کە مەی زۆر بێزارە لەو کەسانەی کە وەک ئاو
بەسەر دەمی خۆیانەوەی دەکەن. هەڵبەتە وەک خۆت دەیزانی مەی تاڵە.. جا کە
دەیخۆیەوە پێویستە خۆت شیرین بکەی نەک تاڵتر لە خۆی.. گەر تاڵتر بی نە
خۆت و نە مەیت خۆشدەوێ نە هیچ هاوڕێیەکیشت، جا تکایە بە هەڵە لە مەی
تێمەگەن.. بەڵام کە ناتوانن تێیبگەن ئەوە باشترە هاتوچۆی کەنیسە بکەن نەک
مەیخانە!
کە باسی کەنیسە هاتە گۆڕێ خۆم پێ رانەگیرا و ناچاربووم پرسیارێکی دیکە
بکەم و گۆتم:
- ئایە تۆ باوەڕت بە خودا و کەنیسە هەیە؟
- (زۆر بە راشکاویی و بە شێوەیەکی ئاسایی وەرامیدامەوە و گوتی) هیچ
خودایەک لای مە بوونی نییە.. کە خوداش بوونی نەبوو ئەوە هەرگیز ناکرێ
بڕوامان بە هیچ پێغەمبەرێک هەبێ کە گوایە لە لای ئەوەوە هاتوە! ئەو
زەوییەی ئێمە لەسەری دەژین یەکەم وێستگە و دوا وێستگەمانە.. زەوی
شوێنێکی زۆر بە پیت و بە بڕستە و تەنیا بۆ ئەو کەسانە چاکە کە بزانن
باش بەکاریبهێنن و بە شادیی تێدا بژین.. نەک ئەوانەی مێشکیان بە
ئەفسانە کۆنەکان داغان بووە و ئەو زەوییەیان پڕ لە کارەسات و نەهامەتیی
کردوە و بە هیوای ئەوەن بە بەهەشتێک بگەن کە لە بنچینەدا بوونی نییە و
ئێمەمانانش فڕێبدەنە نێو دۆزەخێک کە ئەویش هەر بوونی نییە!!! جا ئەی برایە گچکۆکە خۆشەویستەکەمان تکایە تا دەتوانی شاد بژی و کەس
لە خۆت مەڕەنجێنە و هەردەم کۆشش بکە سوود بە خۆت و هاوڕێ و هاوکارانت
بگەیەنی، ئێمە دەزانین تۆ نە باوەڕت بە بوونی بەهەشت هەیە نە بە
دۆزەخیش.. بەڵام تۆ گەنجی و هێشتا رێی تێدەچی بە ئەفسوون و ئەندێشە
پووچەکان ژاراویی ببی و ئەو مەترسییەت
هێشتا هەر لەسەرە.. واتە لەوانەیە
ستەمی رۆژگار بتگۆڕێ و دیسان بۆیان بگەڕێیەوە و کڕنۆش بۆ ئەو تشتە
نادیار و نەبووە ببەیەوە کە زۆربەی هەر زۆرمان لە منداڵیی دەرخواردمان
دراوە!
پاش ئەوەی دڵنیام کردنەوە با لە من بێ خەم بن چونکێ ئیدی ئەمن نەک هەر
لەوە دەرچوومە بە هیچ جۆر و شێوەیەک بەرەو دوایێ بگەڕێمەوە بەڵکە بە بێ
پشتبەستن بە زانست و لۆژیک ناتوانم تاکە یەک هەنگاویش بەرەو هیچ لایەک
بنێم.. بە کەشوهەوایە پڕ لە ئاسوودەییەکەی خۆیانم سپاردنەوە و بە پەلە
بەرەو کارەکەم گەڕامەوە.. ئیدی تا ئێستاش هەر دەبێژم و دەبێژمەوە:
'ژیان
پڕە لە راستیی.. پڕە لە شادیی.. پڕە لە جوانیی..
هەر شاد و سەرمەست بژی
تا پتر بژی و بە واتای وشە وەک مرۆڤ بژی'.
johnkurd@yahoo.com
|