٢٥\٩\٢٠١١
تەمەن و خەونەکانی
مرۆڤ.

هەورامان عهلی تۆفیق
تەمەنی مرۆڤ و بەرجەستەبوونی لەگەڵ کاتدا پەیوەندیەکی ڕۆحی بەیەکیانەوە
دەبەستێت و لەگەڵ هەموو تێپەڕبوونی ساتەوەختێک لە کەم بوونەوەی تەمەنی
مرۆڤە و نزیک بوونەوەیەتی لەکۆتایی ژیانی ئەو تاکە ... بەم شیوەیە
تێکەڵ بوونی کات لە قوڵایی جەستەی مرۆڤدا کە لەسەرەتایی لەدایک
بوونیەوە سەرچاوەدەگرێت .
ساتەوەختەکانی ژیانی مرۆڤ درێژ دەبن لەوکاتانەی ئازاراوین و مرۆڤ لە
ئەندێشەو ئاستەنگ و ناخۆشی دایە و لەگەڵ کورت بوونەوەی کات لە ژیانی
مرۆڤ لەو کاتانەدایە کە دڵخۆشەو لەساتەوە وەختەکانی بەختەوەریەتی .
کات هەرگیز چاوەڕوانی کەس ناکات و ڕیزیش لەکەس ناگرێ و وەفایی بۆ کەس
نیە و بەردەوام هەنگاو دەنێ و بەویستی کەسیش لە ڕەوڕەوەی خۆیی ناکەوێ و
چاوەڕوانی کەسیش ناکات وەک ئەو وتە ناوبانگەی کە دەڵێ ( کات وەک شمشێر
وایە گەر نەیبڕی دەت بڕێ ) . زاڵ بوون بەسەرکات دا و لەچنگ گرتنی بۆ
ئەوەی بەو شێوەیە بەکاربێت کە سود بەخودی مرۆڤ بگەیەنێت نەک ئەوکاتە
بەفیڕۆبدرێت و زیان بەمرۆڤ بگەیەنێت ، وون بوونی مرۆڤ لە گێژاوی گەیشتن
لە کات و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کاتەکانی ژیان و سودوەرگرتن لێیان
هەندێ جار دەبێتە هۆیی سەرلێشێواندن و گەیاندنی زیان بەڕەوتی ئاسایی
کاتەکانی مرۆڤ .
لەدەست دانی کات و سود وەرنەگرتن لەگرنگی ئەوکاتەی کە لەتەمەنی ژیان
کەم دەکاتەوە و بەرەوکۆتایی دەبات .... ئاستەنگیەکانی ژیان و نیگەرانی
ژیان لەو چوارچێوە ئاسایی و سادەیەدا کە بەردەوام لەڕوانگەی نەداری و
بێ دەسەڵاتی و لەبارنەبوونی دەوروبەر بۆ گەیشتنە ئامانجەکان و بەدەست
نەهێنانی خواست و هیواکانی مرۆڤ کە دەرەنجام خۆکوشتن دەبێتە دوا ئاکامی
ژیانی مرۆڤ کە بێزاری لە ژیان بێ ئومێدی و ڕەشبینی لە ئایندەو دروست
بوونی ئەو بۆشاییە لە ژیان و سودوەرنەگرتن لەکات و خۆدەربازنەکردن لەو
ئاستەنگیە کە هۆکاری کۆتایی هێنانە بە کاتەکانی ژیان .
لەگەڵ ئەوەی کە مرۆڤ جیاوازی لەگەڵ بوونەوەرەکانی ئەم دونیایەدا هەیە
کە خۆیی خاوەنی کارکردنە لەگەڵ کاتەکانی ژیانی و مرۆڤ بەو شێوەی
کەویستی خۆیەتی کاتەکانی ژیانی دەتوانێ باکاربهێنێ و بەوشێوەیەش
بەکاریان بهێنێ کە بۆخۆیی سودمەند دەبن ، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ
ئامانجێک هەبێت گرنگ نیە دنیایی بن یان ئاینی .
کات بەخێرای با هەنگاودەنێ و لەو کاروانەی دا چاوەڕوانی مرۆڤ ناکات و
بەردەوام ئەو خێراییە بە پێچەوانەی خواستەکانی مرۆڤەوە ئەو ڕێگایە
ناداتە مرۆڤ خەونەکانی بەدی بێنێت و بە مەرامەکانی بگات ، چونکە کات
هەمیشە لە خواست و ویستی مرۆڤ خێراترە . زۆر کات هەوڵەکانی مرۆڤ بێ
ئامانج دەبن و تەنانەت کاتیش ئەو مەودایە ناداتە مرۆڤ و بەپێچەوانەی
خوستەکانیەوە کات دەڕوات .
کاتەکانی ژیانی مرۆڤ دەکرێ لە چەند ساتەوەختێکی جیاوازدا دەیان
دۆزینەوە وەک ساتەوەختەکانی ژیانی مرۆڤ لەکاتی خۆشی و شادی کە مرۆڤ
دەخاتە دونیایەک کە خۆیی بەگەورەو بەهێزو جوان و زانا و لێهاتوو
بەتوانا و لەهەندێ جاردا هیوایەک دەبەخشێ بۆ بەردەوام بوون لە ژیان
سەرەڕای سەختی و ناهەمواری و ئازارەکانی ... ساتەوەختەکانی ناخۆشی و
گریان و ئازارو ئەشکەنجەو تەنهایی و خەمۆکی و نامۆیی و وون بوون ، ئەو
هەستە ناخۆشانە دەبەخشنە گیانی مرۆڤ و ڕۆحیانەتەکان دەبات بۆ ئەو
گۆشەگیریەی کە کاتەکانی پێچەوانەی ویستی مرۆڤ دەبێت ، هەستی ئەوە
دەبەخشێ کە هەرگیز ڕۆشنایی و خۆشی و هیوا بەڕوی مرۆڤدا نایەتەوە و ئەم
ئاستەنگیە بۆ هەتاهەتایە بەرۆکی بەرنادات و خەو بەڕۆژە خۆشەکانەوە
دەبینێت .
ساتەوەختەکانی بیرکردنەوە و خۆشەویستی و هەستکردن بە غەریبی و
چاوەڕوانی و هەستە نامۆکان بەژیانی مرۆڤایەتی ، ئەو ساتانەی کە مرۆڤ لە
خەو خەیاڵ دا دەژی و ژیان لەو سوچەوە دەبینێت و لەوێشەوە لە ئایندە
دەڕوانێت ، ئەو ساتەوەختانەی کە لەگەڵ ڕابردوو بیرەوەریەکاندا مرۆڤ
دەژی و دەکەوێتە خەیاڵی کاتە خۆشەکانی دوێنێی ژیانی لە ژوان و
خۆشەویستی و پێکەنین و ئارامی و هێوربوونەوە دەیێنێتەوە .
ئەو ساتەوەختانەی کە مرۆڤ هەست دەکات لەگەڵ جوانیەکانی ئەم گەردوونە
تۆراوەو دەرهەقیان تاوانبارە و لەو ساتانەدا ئەو بڕوایە دەبەخشن کە
مرۆڤ پێویستە داوای لێ بوردن لەو شتانە بکات و دان بەتاوانەکانی خۆیدا
بنێ دواتر لەگەڵیان ئاشت بێتەوە ، ساتەوەختەکانی پەشیمان بوونەوە و
خۆشەویستی و توڕەبوون و دڵەڕاوکێ هەموو پێکەوە ئەو کاتە پێک دێنن کە
بریتین لەتەمەنی مرۆڤ و چوارچیوەیەک بۆ ئەو ژیانەی کە هەموومان تێیدا
دەژین .
مرۆڤ لە ڕۆژێک دا 24 کات ژمێری هەیە و لە هەفتەیەک دا 168 کات ژمێر و
لەیەک ساڵ دا 8766 کات ژمێری هەیە ، کەواتە هەموو چرکەیەک گرنگی خۆیی
هەیە لە تەواوی تەمەنی مرۆڤدا . گرنگە ئامانجەکانی کات بەدیاربن و کاتە
گرنگ و سودمەندەکان جیابکرێنەوە و رێکبخرێن ، لەهەمان لاشەوە مرۆڤەکان
بەردەوام لەهەوڵی بەدەست هێنانی سەروەت و سامانن و کاردەکەن بۆ گەیشتن
مەرامەکانیان و گەیشتنە ئاکامی بەختەوەریەکانی ژێان ، بۆیە خەونەکانی
مرۆڤ و هیواو ئامانج لەو تەمەنەدا هەمیشە بەردەوامی هەیە .
کاتێک مرۆڤ هەست بەوە دەکات دوێنێی لەدەست چوو دەبێ ئەوەش لەبیرنەکات
کە سبەی لەدەستەو هێشتا کاتی ئەوە ماوە لە سبەینێ دا مرۆڤ خواستەکانی
بەدەست بهێنێ .
ماڵپهڕی ههورامان عهلی
تۆفیق
|