په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٤

تەمی شۆفێرەکان‌ چیمان پێدەڵێن!
لە بارەی بانگەشەی سەقامگیریی ‌و ئاساییش ‌و ئارامییەوە.


حەمە غەفور      


لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ١٦ شۆفێری تاکسی لەسەر هێڵی نێوان کەرکوک‌و سلێمانی بە شێوەی سیستماتیک ئەڕفێنرێن، وە بە شێوازێکی دڕندانە ئەکوژرێن‌و بە حەفارە چاڵیان بۆ هەڵئەکەنرێ‌و ئەکرێن بەژێر خاکەوە، بەڵام حکومەت‌و دەزگا پەیوەنددارەکان لە تەماشاچییەکی بێدەربەست زیاتر نین!

لە بۆنەو نابۆنەکانیاندا، لە سەرۆکی هەرێمەوە بیگرە تا ئەگاتە پارێزگارەکان‌و بەرپرسە لۆکاڵییەکانی کوردستان بە کەرکوکیشەوە، هەموویان باسی سەقامگیری‌و ئاساییش‌و ئارامیی ئەکەن! وەکو منەتێکیش ئەیدەنەوە بە چاوی خەڵکیدا. بەڵام ئایا ئەم سەقامگیریی ‌و ئاساییشە بۆچی بۆ هاوڵاتیان مانای نییەو ئێمە شاهیدی کارەساتی جەرگبڕی بێسەرو شوێن کردنی ١٦ شۆفێرین!؟ چەندین ڕووداوی دڵتەزێنی دیکەش با لەولاوە ڕاوەسطی.

لای مەسعود بەرزانی‌و دام‌و دەزگاکانی حکومەت، مەبەست لە بەرقەراربوونی ئاساییش، ڕەنگە دیواری تۆکمەی پاسەوانی پڕچەک‌و موجەهەز کراوی سوپای حمایەکانی خۆیان بێت، کە بە پارەو سامانی دەستبەسەرداگیراوی گشتی پێکیانەوە ناون‌و ئەرکیان تەنیاو تەنیا پارێزگاری‌و پاسەوانی کردنی سەرۆک‌و وەچەکانی بنەماڵەو سەرمایەو کۆمپانیاو پڕۆژەکانیان‌و توێژە دەوڵەمەندەکانی کوردستانە!

بەڵێ، بنەماڵە دەستڕۆییشتووەکانی کوردستان، وە بەرپرسە باڵاکانی حزبەکانی کوردستان، سەد دەر سەدو بە زیادیشەوە ئارامی‌و ئاساییشیان بۆ بەرقەرار کراوە. لەنێو کۆشکی فیرعەونئاساو بە میلیشیاکانیانەوە، بە کاروانی پڕپاسەوانی ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکانیانەوە، پاسەوانی ئەکرێن‌و بە زەبری پارەی فەرهودکراو سنگی لاوانی کوردستان کراوەتە قەڵغانی پاراستنی گیان‌و ژیان‌و سەرمایەو بەژەوەندی‌و سەرچاوەی دەسەڵاتەکانی ئەوان! ئەوان مەبەستیان ئەم ئاساییش‌و ئارامییەیە کە خۆیان لێی بەهرەمەندن، نەک ئاساییشی هاوڵاتیان!

بەڵام هاوڵاتیانی کوردستان نابێت بانگەشەی چەواشەکارانەی ئەوان سەبارەت بە سەقامگیریی ئەمن‌و ئاساییش، وەکو دابینبوونی داوو دەزگای دەوڵەتیی بۆ پارێزگاری سەرو ماڵی هاوڵاتیان قبوڵبکەن. ئەم دەسەڵاتەو حزبەکانی کوردستان، بێدەربەستترین فەرمانڕەواییان پێشکەشی ئێمە هاوڵاتیان کردووە لە ماوەی ٢٣ ساڵی ئەزموونی سیاسییاندا. بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ، کە خاوەنی دەوڵەت‌و دام‌و دەزگای خزمەچیی هاوڵاتیان بێت، لەم حزبانە ناوەشێتەوە. پێویستە بیر لە بەدیلی واقعی بکرێتەوە.


ئەوان لە بەرقەرارکردنی حکومەت‌و دەوڵەتێکی هاوچەرخ بۆ کۆمەڵگا شکستیان هێناوە. بەڵگەمان تەرمی شۆفێرە ڕفێنراوەکانی ڕێگای کەرکوک سلێمانییە. ئێمەی هاوڵاتیانیش ئەبێ لە فکری ئارامی‌و سەقامگیرییەکدا بین بۆ گشت کۆمەڵگاو هاوڵاتیان، نەک ئەم فیرعەونئاوایە!

 

١٠\٥\٢٠١٤

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک