|
٢٩\٧\٢٠٢٦
تەنگژەی ئەمەریکا
لە جەنگی بۆ سەر ئێران!

نوری بەشیر
خولی سێیەمی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆسەر ئێران هاوکاتی دەورەی
دانوسانەکانی نەشەڕ نەئاشتی نێوانیاندا بوو، کە ١٣هەمین شەوی خۆی
تێدەپەڕێنێت کە لەم شەوەدا بەپێی سەرچاوەکانی ئەمەریکا هێرشەکانی بۆسەر
ئەم ناوچانە؛ ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، کۆگاکانی درۆن،
تۆڕەکانی پەیوەندی، بنکەکانی چاودێریی دەریایی و تواناکانی هێزی
دەریایی ئێران، بووە.
ئەم خولەی هێرشەکان بەجیا لە دورگەکانی ئێران لە باشوری ئێرانەوە تا
رۆژئاواو باکوری ئێرانی گرتۆتەوە، ئەمە دەورەیەکی گەورەی هێرشی دوای
جەنگی ١٢ رۆژەو ٤٠ رۆژەی ئەمەریکایە، کە کاریگەری زۆر گەورەی لە سەر
ئێران داناوە. بەدوای ههڕهشهكانی دۆناڵد ترهمپ، ئەم هێرشانە
ئەگەرچی ئەمجارە سەرانی جمهوری ئیسلامی نەکردۆتە ئامانج، بەجیا لە
دورگەکانی ناوچە ئاویەکان، زیاتر لە ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەی داوە لە:
وێستگەکانی کارەبا، پرد، تونێل، و ژمارەیەک شوێنی سەربازی و تەقەمەنی،
بەجۆرێک خزمەتگوزاریەکانی کارەبا، تونێل و پردی گرتۆتەوە کاریگەری
گەورەی لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵكی ئێران داناوە، بۆ دابڕانی ناوچەکان
لەیەکتری، کە کاریگەریەکانی لە دوو دەورەی پێشوو کەمتر نەبوون.
مارکۆڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، تاران لە دوای
دروستکردنی ئاستەنگ لە گەرووی هورمز و تێکدانی ئاسایشی دەریاوانی، لە
ناوخۆدا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی ئابووری، هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی
بەرچاوی نرخی خۆراک بووەتەوە. لە درێژەدا دەڵێت: واشنتن بەرگری لە
ئازادیی دەریاوانی دەکات و ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە هێرش دەکەنە
سەر کەشتییەکان، هاوکات دەڵێت: وڵاتەکەی دەرفەتی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی
هێشتووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ ڕێککەوتنی پێ باشترە وەک لە جەنگ، بەڵام
تاران ڕێککەوتنەکانی پێشووی پێشێل کردووە. بەڵام لە راستیدا لەولاوە
هەڕەشە توندەکانی ترەمپ و هێرشە توندەکان بۆسەر ئێران بەردەوامە.
لەبەرامبەردا ئێران هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکە فراوانکردۆتەوە لەوانە
بۆسەر: ئەردەن، سوریا، عومان، قەتەر، سعودیە، ئیمارات، بەحرەین، ئەردەن،
عێراق و کوردستان، هەرەها لە رێگای چەند گروپی میلیشیای عێراقەوە هێرش
کراوەتەوە سەر وڵاتانی ناوچەکەو لەوانە ئەردەن، هەروەها هەوڵی ناردنی
چەک و تەقەمەنی داوە لەرێگای سوریاوە بۆ حزبوڵای لوبنان، هەروەها
حوسیەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆسەر دەریای سورو گەرووی باب ئەلمەندەب
توند کردۆتەوە.
هەروەها بەدوای هەڕەشەکانی ترەمپ دا، حکومەتی ئێران و سەرانی لە: قهرارگای
خاتهمولئهنبیا و محهمهد باقر قالیباف، سهرۆكی پهرلهمانی ئێران،
هەڕەشەی ئەوە دەکەن، کە ژێرخانی ناوچهكه دهكهنه ئامانج و بەوە
وەڵامی ترەمپ و هەڕەشەکانی دەدەنەوەو دەڵێن، لە بەرامبەردا سەرجەم
ژێرخان و دامەزراوەکانی وزە لە ناوچەکەدا دەبێتە ئامانجی سەربازی ئەوان،
کە ئەمەریکا بەرژەوەندیی تێیاندا هەیە. ژێرخانی هیچ وڵاتێكی ناوچهكه
پارێزراو نابێت و دهشڵێن، لە ناوچەیەکدا کە ئێمە نەوت نەفرۆشین،
هیچکەسێک نەوت نافرۆشێت، هێزهكانیان ڕێگە بە هەناردەکردنی یەک دڵۆپە
نەوت نادەن و ژێرخانی نەوت، غاز، کارەبا و ئابوریی ناوچەکە دهكهینه
ئامانج.
واتە هەروەک چۆن ئەمەریکا هەڕەشە دەکات و دەیەوێت لە رێگای زۆرەوە
ئاشتی بکات بۆ سەپاندنی خواستەکانی، بەهەمانشێوە ئێرانیش بۆ ملنەدان بە
ئەمەریکاو تەسلیم نەبوون بە خواستە و مەرجەکانی رێگای وەڵامدانەوەی
توندو فراوانکردنەوەی دامەنەی جەنگەکە بۆ ناوچەکە و هێرشکردنە سەر
بەرژەوەندیە ئابوری و بنکە سەربازیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا
هەڵدەبژێرێت.
ئەم دۆخەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمەریکا و نە ئاشتی و نە جەنگ دۆخی
ناوچەکەی بە تەموومژاوی و نائەمنی هێشتۆتەوە و کاریگەری لەسەر دۆخی
ئابوری جیهانیش کردوە. ئێستا نە ئەمەریکاو نە ئێران، لە حاڵەتی پێش
دەستپێکردنی جەنگەکەدا نین، واتە نە ئەمەریکا دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ
پێش جەنگی ٤٠ رۆژە، نە ئەو هەیبەتەی ئەوسای ماوە لەئاستی دنیادا، نە
ئێرانیش جێگاو رێگای دەسەڵاتێکی بەهێزی ولایەتی فەقێ کە هەیبوو،
دەگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ١٢ رۆژە، لە جێگاوڕێگاو قسەڕۆشتوویی و
یەکدەستی لەناو ئێران و ناوچەکەدا.
راستی ئەم جەنگەی ئەمەریکا بۆسەر ئێران نە چەکی ئەتۆمی و نە گەروی
هورمزە، ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەتایبەت ئیسرائیل ئەم جەنگەی
لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦ دەستیپێکرد دەورەی دنیای چەند جەمسەریە، واتە کێشەی
ئەمەریکا لەگەڵ جەمسەرەکانی چین و روسیا کە ئێران لە پاڵ ئەم
جەمسەرانەدابوو، وە ئێران لە ناوچەکەدا رێگربوو لە نەخشەی ئەمەریکا بۆ
رۆژهەڵاتی نوێ، نەک تەنیا لە ئێران بەڵكو بە دەخالەتی لە زۆریک لە
وڵاتانی ناوچەکەداو بە رێکخستنی رێزێکی زۆر لەبەرەی مقاومە.
بەڵام هاوکێشەو هەلومەرجەکە ئەوەی ئەمەریکا دەیویست bوچاوەڕوانی دەکرد،
هەروا بە ئاسانی نەچووە پێشەوەو وا دەرنەچوو، وە کێشەو تەنگژەی زۆری بۆ
دروستبوو. ئەمەریکا لە حساباتی خۆیدا وایدانابوو کە لە جەنگەکەی لەگەڵ
ئێراندا لەماوەیەکی کورتدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. بەپێی ئەزمونی
جەنگەکانی لە عێراق و ئەفغانستان و هەروەها فڕاندنی سەرۆکی فەنزەیویلا
خوێندنەوەی بۆ ئەم جەنگەی لەگەڵ ئێراندا کردبوو. بەڵام ڕاستیەکانی جەنگ
دژی ئێران پێچەوانەی لێکدانەوەو حساباتەکانی ئەمەریکای سەلماند و
ئەمەریکا دەرگیری جەنگێکی نەبڕاوە کرد کە ئاکامەکەی نادیارە.
ئەمەریکا لە نەخشەکەیدا کە بەو چاوەڕوانیەوە رۆیشت، بەدوای جەنگی
دوانزە رۆژە بەتەواوی تێڕوانینەکەی گۆڕا. ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ئەو
رژێمەی ئەم داینابوو بە لێدانی گورزی سەربازی و بە کوشتنی سەرانی پلە
یەکی رژێمەکەی دەتوانێ تەسلیمی بکات و پرۆسەی گۆڕینی رژێم ئەنجام بدات
بەپێی بەرژەوەندی و خواستی ئەمەریکا، رووی نەدا و هیشتاش سەرباری ئەو
زیانە مادی و ئابوریانەی لێی کەوتوەو سەرانی کوژروان، بەڵام رووبەڕووی
ئەمەریکا بوەتەوەو توانای زیان گەیاندنی بە ئەمەریکاو دۆستەکانی هەیە
لە ناوچەکەدا. ئێستا ئەمەریکا بە کۆکردنەوەی هێزیكی زۆری سەربازی و
هێنانی فڕۆکەی جەنگی وێرانکەرو هەڕەشەی گورزی کەمەرشكین لە توانای
سەربازی و ئابوری و دامەرزاوە خزمەتگوزاریەکان دەیەوێت ئەو ئامانجەی
بەدەست بهێنێت.
ئەمەریکا کە هۆکاری هێرشەکانی بۆسەر ئێران بەوە پاساودەکرد کە بۆ
رێگریکردنەوەی لەوەی ئێران دەستی بە چکی ئەتۆمی بگات و یۆرانیۆمە
پیتێنراوەکەی رادەستی ئەمەریکا بکات، ئێستا خواستی سەرەکی بووەتە
کردنەوەی گەرووی هورمز. ئەگەرچی پرسی کردنەوەی گەروی هورمز هەروەکو
مەسەلەی چەکی ئەتۆمی ئێران، ئەسڵی کێشەی نێوان ئەمەریکاو ئێران نیە،
بەڵکو ئەمەریکا دەیەوێ ئێران بکێشێتە ژێر هەژمونی سیاسی و و ئابوری
خۆیەوەو لە دژایەتی ئەمەریکاو ئیسرائیل دەست هەڵگرێت و دوور بکەوێتەوە
لە بەرەی چین و ڕوسیا، بەڵام بەکارهێنانی ئەو دوو پاساوە بۆ دانی
شەرعیەتی سیاسیە بە پەلامارەکەی بۆ سەر ئێران بەناوی بەگریکردن لە
جووڵەی ئازادی دەریایی و بازرگانی و دەست ڕاگەیشتنی تیرۆریستان بە چەکی
ئەتۆمی!
نەخشەی رۆژهەڵاتی نوێ کە ئەمەریکا دەیەوێ ئارایشی بداتەوە، بەبێ بوونی
ئاسایش و ئیستقراری سیاسی ناتوانێت بچێتە پێشەوە، هەربۆیە ئەگەرچی
ئێستا هەریەکە لە سعودیە، ئیمارات و کوێت و بەحرەین و قەتەر خەرێکی
پڕۆژەکانیانن بەرەو سوریا و تورکیا و دەریای ناوەڕاست و بەستنەوەیان بە
ئەوروپاوە، بەڵام بوونی ئەم جەنگە کاریگەری داناوەو رێگرە لە
جێبەجێبوونی.
واتە ئەمەریکا لەم جەنگەی بۆسەر ئێران توشی تەنگژەیەکی چەند لایەنە
بۆتەوە، کەکێشەی نەک لە ناوچەکەدا بۆ دروستبووە، بەڵكو لەناوخۆی
ئەمەریکا بەهەمانشێوە، وە لە ئاستی دنیادا لەگەڵ هاوپەیمانە
ئەوروپیەکانی کە پێش جەنگی بۆسەر ئێران هەموویان و ناتۆشی خستبووە
لاوەو فشاری بۆ دەهێنان، ئێستا بانگەوازیان دەکات بۆ هاوکاری دژی ئێران.
هەربۆیە خەریکە سیاسەتەکانی دەگۆڕێت و لە ژێر ناو داواکاری ئەو
وڵاتانەی بەرژەوەندیان لە گەروی هومرزدا هەیە بەشداری بکەن، کە
ژمارەیەک وڵاتان ئامادەییان دەبڕیوە لەوانە فەرەنساو بەریتانیا..
ئەوەندەی بە ئێران و میلیشیاکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە شەڕی مانونەمان
دەکەن، لەبەرئەوەی دەورەی ئێستای دەورەی لەدەستدانی دەسەڵاتی سیاسیە
بەهەموو باڵەکانیەوە، بۆیە کێشەکەیان لەوەدا نیە کە بە ملیۆن خەڵكی
ئێران بکوژرێت، ناوچەکەو ئابوریەکەی بەتەواوی دادەڕوخێت، گرنگ بۆیان
ئەوەیە کە یەکدەستبن و ئەم جەنگەی ئەمەریکا بەسەرکەوتویی تێپەڕێنن و
بمێننەوە، کە ئەمەش سەختەو هاوکێشەکان لەبەرژەوەندیان ناچێتە پێشەوە.
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|