په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠٢٦

تەنگژەی ئەمەریکا و ئێران و پێویستیی ئاگربەست!


نوری بەشیر       


بەدوای نزیک بە ٤٠ رۆژ جەنگی خوێناوی و کاولکاری ئەمەریکاو ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بە ئاگربەستی دوو هەفتەیی گەشتن. بەدوای دە رۆژ لە جەنگەکەدا، ئەمەریکا لێدانی کاریگەری لە سەرانی کۆماری ئیسلامی دا بەتایبەت لەوانە کوشتنی خامنەئی کە کەسی یەکەم و بڕیاردەری هەموو شتێک بوو، وە پێیوابوو کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕوخێت!، بەڵام ئەمە نەک رووینەدا، بەڵکو رژێمی ئێران دامێنی جەنگەکەی بۆ ناوچەکە فراوانکردەوە، لەولاشەوە ناڕەزایەتی ئازادیخوازانی جیهانی بەڕووی ئەمەریکادا فراون بۆوەو هەتا ناو کۆنگرێسی ئەمەریکاو خودی حیزبەکەی خۆدی ترامپیشی گرتەوە، بۆیە لێرەوە تەنگەژەیەکی گەورە رووی لە ئەمەریکاش کرد.


سەبارەت بە کۆماری ئیسلامیەوە کە ئەم جەنگەو جەنگی ١٢ رۆژەی نەدەویست و هەر دەیویست وەک ٤٧ ساڵی رابردوو، پڕوپاگەندەی دژی ئەمەریکاو ئیسرائیل بکات و ئەمەریکا بەشەیتانی گەورە ناوزەد بکات و بانگەشەت سڕینەوەی ئیسرائیل بکات، و لە رێگای بەرەی مقاوەمەوە لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن، سوریاو عێراقەوە ئیدامە بەژیانی نەگریسی خۆی بدات، ئەمیش بەجیا لەوەی کە نەخشەیەکی گەورەی دەست پێکرد لە فراونکردنەوەی دامنەی شەڕەکە بۆ ناوچەکە، کە کاریگەری دانا لەباری سیاسی و ئابوریەوە لەئاستی ناوچەکەو جیهاندا، بەڵام تەنگەژەکەی کەمتر نەبوو لە هی ئەمەریکا، ئەمە وایکرد هەردوولایان واتە هەم ئەمەریکاو هەم ئێران بە شوێن رێگایەکدا بگەڕێن بۆئەوەی لەم جەنگە دەرچن، بەڵام بە شکست لەسەریان ئەژمار نەکرێ.


ئەوەتا ئێستا کە بڕیاری ئاگربەستی ٢ هەفتەیی دراوە، لەسەر پێشنیازی ١٥ خاڵی ئەمەریکاو ١٠ خاڵی ئێران، بڕیارە رۆژی هەینی ١٠ی نیسان لە پاکستان دابنیشن، بەڵام هەر یەکەیان هاتوهاواری ئەوە دەکەن، کە لە جەنگەکەدا سەرکەوتون و هەریەکەیان بەم دەستکەوتانەیانەوە دەچنە دانیشتن، ئەمانە جیا لە چەواشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هیچی تر نیە، کە نازانرێ ئایا ئەم دوو لیستە جیاوازە چی هاوبەشی تێدایەو چۆن کۆیان دەکاتەوەو رێکیان دەخات.


بۆ ئەمەریکا ئەو دەستکەوتەی کەباسی دەکات کردنەوەی گەرووی هورمزە، وەکو ئەوەی ئەم گەرووە ٤٧ ساڵە داخرابێت و ترەمپ و حکومەتی ئەمەریکا بەم هەموو هێزە زۆرەی هێناویەتیە ناوچەکە، بە کاولکردنی ژێرخانی ئابوری و کوشتارو ئاوارەیی و ترس و دڵەڕاوکێی کۆمەڵگەیەکی زیاتر لە ٩٠ ملیۆنی و نائارامی و ترس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەرووی هورمز بکاتەوە.


بەڵام بەڕاستی ئایا ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانی لەم جەنگەدا، لە ئیسرائیل و سعودیەو قەتەرو وڵاتانێکی تر، هێرشیان بۆسەر ئێران بۆ گەرووی هورمز بوو، یان ئەوەبوو کە رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران رێگربوو لەبەردەم سیاسەتی ئەو هێزانەو لە پێشیناوە ئەمەریکا لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا؟


ئایا بەم ئاگربەستە کە هێشتا دیار نیە دەگەنە چ ئەنجامێک لە رێكەوتن یان درێژەی جەنگ بەشێوەی تر، وەڵامی ئەو سیاسەتە دەداتەوە کە ئەمەریکا بەشوێنیەوەیەتی، کە بۆی گرنگ نیە هەموو خەڵکی نەک تەنها ئێران ناوچەکەش لەژێر هێرشەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل و ئێراندا بکەنە قوربانی و مەدەنیەتی کۆمەڵگە نەهێڵن و وەک ترەمپ دەڵێت کۆمەڵگەی ئێران بگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین.


ئەم ئاگربەستە ئەگەر بەرێکەوتن بگات یان نا، بەڵام بەڵای شەڕ بەسەر سەری خەڵکی ئێران و ناوچەکەوە کۆتایی پێناهێنیت! بەڵام راستیەک هەیە ئەویش ئەوەیە کە لە هەر حاڵەتێکدا، نە جێگاوڕێگای ئەمەریکا وەک جەمسەرێکی جیهانی لەناو دنیای چەند جەمسەری ئەمڕۆدا کە دەیویست جێگاوڕێگایەکی گەورەی هەبێت، وە کۆکردنەوەی ئەوروپا لەدەوری سیاسەتی خۆی نەک ناتۆ، وەک خۆی نامێنێتەوە، وە جێگاوڕێگای کۆماری ئیسلامیش بەهەمانشێوە ناگەڕێتەوە بۆ پێش جەنگی ٤٠ رۆژە.


ئەگەر لە ئاگربەستیاندا رێکبکەون کە بەپێی ئەو پیشنیازانەی هەریەکەیان هەیانە، لەوە دەچێت کەمتر بگەنە ئەوە، وە هەریەکەیان چەند هەڵای سەرکەوتن بکات، تەنیا سەرکەوتنیان لەبەرامبەر خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەتی ئێراندایە، هەم ئەمەریکا جڵەوی بۆ شلدەکات بۆسەرکوت و کوشتار، هەم کۆماری ئیسلامیش لەمڕۆی ئاگربەستەوە بۆ سەرکوتی ناوخۆی ئێران خۆی ئامادە دەکات.


بەهەرشێوەیەک نەمانی بەڵای جەنگ بۆ خەڵك، لەبەرژەوەندی خەڵکی ئێرانە، هەرچۆن بێت لاچونی بەڵای ترس و کوشتارو ئاوارەیی و داروخانی ژێرخانی ئابوری و مەدەنیەتی کۆمەڵگایە، دەرگایەکە بەڕووی خەڵكدا کە بتوانن بەرامبەر رژێمی دڕندەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبکەنەوە بە خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان کە نموونەیەکی بزوتنەوەی پێشکەوتوو بوو لەناوچەکەدا بەدژی کۆنەپەرسترین و دڕندەترین رژێمی ئیسلامی لەناوچەکەدا، بێگومان لەهەلومەرجیکی وادا ریزی سەدان ملیۆنی ئازادیخوازی، مرۆڤدۆستی، کرێکاری و کۆمۆنیستەکانی دنیا لەپاڵ خەڵکی ئێراندایە، وەک ئەوەی لەپاڵ خەڵکی فەلەستین و کۆبانی و ئێراندا بووەو هەیە لەدەورەی رابردوو و ئێستادا.


با هەموو پێکەوە بەدژی جەنگ و کوشتارو کاولکاری ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی و رژێمی زیندان و لەسێدارەدانی کۆماری ئیسلامی رابوەستین.

 

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک