په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠١٣

    تەنیا یەک جۆر ژیان هەیە..

    ئەویش: خۆفریودانە!


گۆران رەئوف

١
هەموکات لە بێ مەوزوعیدا
بیری تۆم دەکەوێتەوە!!

ئاخر من هەموکات
بێئەندازە بێ‌ مەوزوعم!!!!

٢
زۆرکات لە مەستیدا
سەرى قسەم لەگەڵ گەمژەکاندا
دامەزراندوە!
زۆرکاتى تر لە دۆخى ئاسایدا
مرۆگەلێکى جددیم سڕیوەتەوە و
کردونمەتە نێو زبڵدانى خەیاڵمەوە!!

من کاتێک مەستم و
بیر لە سڕینەوەى
کەسە جددییەکان دەکەمەوە،
خارەتێک پێدەکەنم!
کاتێکیش دۆخم ئاساییە و
بیر لەو کاتانە دەکەمەوە
کە مەستبوم و
پەیڤاوم لەگەڵ گەمژەکاندا..
هەر پێدەکەنم!!

کەوایە
من دۆخم خراپ نییە!؟
ئەى مەگەر من هەمیشە پێناکەنم؟!

٣
پرۆژەمە، زەنگى موبایلەکەم بگۆڕم
بۆئەوەى تۆم بیرچێتەوە؟!
دەبێت زەنگى نامەکەشى نەهێڵم،
ئاخر دڵم بەر ئەو ڕاچەنینە لەناکاوانە ناگرێ؟!
سەیرکە هێشتا چەن زاڵمى؟!

٤
ئەو پیاوەى پاڵەوانى ڕۆمانەکەیە و
تۆ شەیدایانە سەرسامیت و بۆى دەگرى..
ئەوە منم!

ئەو پیاوەى کارەکتەرى سەرەکى فیلمەکەیە و
تۆ ڕەسەنانە عاشقى بویت.
ئەوەش منم!

ئەو پیاوەى ئێواران بە شەقامەکەدا پیاسەدەکات و
سیگار دەکێشێ و
تۆ حەزدەکەى لە باوەشیدابیت.
باوەڕکە ئەوەش منم!

بەڵام چیبکەم تۆ ناتەوێت هیچ کامیان بم!؟

٥
دەمەوێت بۆ ماوەیەکى زۆر بیرت لێنەکەمەوە..
دەمەوێت بۆ ماوەیەکى زۆر بیرت لێنەکەمەوە..
دەمەوێت ماوەیەکى زۆر خۆم فێربکەم کە بیر لەتۆ نەکەمەوە
دەمەوێت ماوەیەکى زۆر خۆم فێربکەم کە بیر لەتۆ نەکەمەوە
دەمەوێت بێ راهاتن بیر لەتۆ نەکەمەوە
دەمەوێت دواى راهاتنیش بیر لەتۆ نەکەمەوە
دەمەوێت دواى بیر نەکردنەوە لە دواى راهاتن، بیرلەتۆ نەکەمەوە
دەمەوێت لە تەنیاترین شەویشدا بیر لەتۆنەکەمەوە
دەمەوێت لە بێکاترین رۆژدا بیر لە تۆ نەکەمەوە
دەمەوێت بۆ ماوەیەکى زۆر بیرت لێنەکەمەوە..
دەمەوێت بۆ ماوەیەکى زۆر بیرت لێنەکەمەوە..

تائەوەى بیرکردنەوە لەتۆ چێژدارتربێت!
تائەوەى بەهابگەڕێنمەوە بۆ بیرکردنەوە لەتۆ!
تا زۆر شتى تر کە پێویستە بیرلەتۆ نەکەمەوە!

٦
ئەو ڕۆژانە خۆشبوو
کە من و تۆ هاوڕێ بوین!
بە قوڵییەکى بێئەندازە زەبەڵاحەوە
بیریان دەکەم.

وەلێ لەبارەى تۆوە نازانم؟!

ڕەنگە پوچ و بێبەهابن؟!
یان ئەسڵەن لە یادت نەمابێت؟!

ئەمانە گریمانەیەکى لۆژیکى و
حەقپێدراون..
چونکە زۆر کورتبوو
ئەو دۆخەى من وامدەزانى هاوڕێبن!!


٧

کاتێک چیا بڵندەکانى ئەم وڵاتەم دەبینم
بیرى چیا بڵندەکانى چالوس م دەکەوێتەوە!

سەیر ئەوەیە
من بەرلەوەى چالوس م دیبێت،
بەنێو ئەم وڵاتەمدا گوزەرمکردوە،
لە بڵندى چیاکانى چالوسەوە
لە گەورەیى چیاکانى وڵاتم گەیشتم!

کاتێک تۆ دەبینم
بیرى شەیتانم دەکەوێتەوە!

سەیر ئەوەیە
من بەرلەوەى شەیتانم دیبێت،
لەگەڵ تۆدا ژیاوم و گریاوم و خەنیوم،
کەچى لە تۆوە بیرى شەیتانم دەکەوێتەوە!
لە ئەدگارەکانى تۆوە بیرى خەسڵەتەکانى شەیتانم دەکەوێتەوە
لە ماچەکانى تۆوە بیرى ماچەکانى شەیتانم دەکەوێتەوە!
لە سەرجێیەکانى تۆوە
بیرى
خەوە قوڵەکانم دەکەوێتەوە لەگەڵ شەیتان!

من هەرگیز باوەڕم بەوەنەبوو هێزێک هەبێت لەتۆدا
بیرى شەیتانم خاتەوە
وەک هەمان تێگەیشتنى چیاکانى چلوس و چیاکانى وڵاتم!

٨

بەردەوامی ژیان یانی هێشتا
هەر پوچی پیاسەدەکات!
بەردەوامی ژیان واتە تەنهایی پاشایە و
وەڕسییەکانیش هەر ماون!

دەمەوێت بڵێم:
قسەیەک هەیە، دەڵێت:
ئافرەت وەک تەوالێت وەهایە،
تەنها بۆ خۆخاڵیکردنەوە باشە!!
من بڕوام وایە بەکەڵکى ئەوەش نایەت،
بەکەڵکى هیچ نایەت هیچ!!

٩

جیاوازى من و خودا ئەوەیە:
من تەنها و بێکەسم و
خوداش تەنها و بێکەسە!
خودا خاوەنى لوتکەى دەسەڵاتەکانە و
منیش خاوەن دەسەڵاتێک لە خەیاڵدا!

دەکرێت دێڕەکانى سەرەوە بەم شێوەیە بڵێینەوە:
خودا دەتوانێت بەبێ سنور
بێباک بێت و
منیش تا سنورى خنجیلانەى خۆم!
سنورێک وەک دەنگدانەوەى
هاوارەکانى ئەو شوانکارە تەنهایەى
لە ئەشکەوتێکدا دەنگى بڵند دەکات و
بەتەنها دەنگدانەوەى خۆى دەبیستێت!!

١٠

لەسەر کاغەزە سپییەکەى بەردەستم
خەتێکى ڕەش ى درێژ و تاڕادەیەکى زۆر، تۆخ دەکێشم!
لەسەر هەمان خەتدا و بەهەمان درێژى و
هاوشێوەى خەتى یەکەم، خەتێکى تۆختر دەکێشم!
لە سەر هەمان خەتدا و بەهەمان درێژى و
هاوشێوەى خەتى یەکەم و خەتى دوەم خەتێکى تۆختر دەکێشم!
لەسەر هەمان خەتدا و بەهەمان درێژى و
هاوشێوەى خەتى یەکەم و خەتى دوەم و خەتى سێیەم خەتێکى تۆختر دەکێشم!
تادێت خەتەکان ڕەشتر و تۆختر و بڵاوتر دێنە پێشچاو!
هەستەکەم ئەم خەتانەى من دەیانکێشم
وەک خۆم و نائومێدییەکانم وەهایە!
رۆژ دواى رۆژ
تادێت نائومێدییەکانم ڕەشتر دەبن و
تۆختر و بڵاوتر دێنە پێشچاو!

 

ماڵپەڕی گۆران رەئوف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک