١٠\١\٢٠١٠
تەنیای تەنیا، وەک فڕینەکانی جۆناسان.
لە بارەی کۆبەرهەمی (یادگارییەکانی مەزهەر خالقی)یەوە.

ڕابەر فاریق
((جۆناسان لە ڕۆخ دەریا ئەم قسانەی بۆ دەکردن:
فڕینی باشیش هەنگاوێکە بۆ تێگەییشتن لە سرووشتنی ڕاستەقینەمان. دەبێ
تەواوی ئەو شتانە لە نێوبەرین کە دەست و پێمان کۆت دەکەن، ئەمەش
ئەنجامی ئێمەیە لە مەشقی تیژفڕین و کاوەخۆفڕین و فەزابڕین))
لا45ی ڕۆمانی
(جۆناسانی نەورەس)ی
ڕیچارد باخ، کە ڕێبوار سیوەیلی و ئازاد بەرزنجی وەریانگێڕاوە.
هەر میللەتێک ڕەوتی فەرهەنگی و هونەریی تەندروست نەبوو، قسەکردنی
زمانپەیڤیوانیشی تەندروست نابێت. ئەدەب و هونەر جودا لەوەی چێژ دەبەخشن،
هێمنییش بۆ ڕوحی ئینسان دەگەڕێننەوە و تۆوی خۆشەویستیش دەچێنن. ئەدەب و
هونەر بنیاتی هەر میللەتێکن، میللەتیش کە بنیاتی تەندروست نەبوو و
حورمەتی تاکەکانی نەگرت، پێویستە پێش هەر شتێک زمانپەیڤیوانی (بە تاک و
کۆوە) لێی بترسن و نیشانەی سەرسووڕمان دە بەردەمی دا، دانێن. کورد لەو
میللەتانەیە، نەک هەر ڕێزیان لە هونەر و ئەدەبی خۆیان نەگرتووە، بەڵکوو
کوشندەترین ژەهریشن بۆ لە نێوبردنی ئەم دوانە، ژەهری هەرە زۆریش لە
لایەن هونەرمەند و نووسەرەکانەوە، بۆ خوێنەر و بیسەران، گوێزراوەتەوە.
لە هەردوو بواردا، دوو کارگەی گەورە بۆ نائومێدترکردنی مرۆ هەن (بۆیە
دەڵێم نائومێدترکردن، چونکە تاک و کۆمەڵی کوردیی، بنیاتیان نائومێدییە
و هونەر و ئەدەبیش ئەو نائومێدییە گەورەتر دەکەن بە باسکردنی)، ئەو دوو
کارگە- کایانە، جیا لەوەش کە مرۆ (و گیاندارانی تریش!) نائومێدتر دەکەن،
پلەی توندوتیژییش بەرزتر دەکەنەوە و ژێرخانی حورمەت و تێگەیشتن و
ژیانیش (کە نیین!) دەڕووخێنن. کە وابوو: بە گوێگرتن لە زۆربەی زۆری
گۆرانیی کوردی و خوێندنەوەی ئەدەبی کوردی، بۆمان دەردەکەوێت هەردووکیان
بێجگە لەوەی هانمان دەدەن بۆ ناشیرینترکردنی هەر شتێک کە هەیە، بە ناوی
شادمانی و بیرکردنەوە لە حورمەتی تاکەکەسیش (ئەگەر هەبێ!) ناهێڵن.
هەر کاممان ڕۆژانە گوێ لە گۆرانی و مۆزیک دەگرین، چونکە وەک حەب و
ئازار و شادی و وەرزش و دانیشتن و ڕۆییشتن، پێداویستین، هەر یەکێکیشمان
بە شێوەیەک و جودا لە ئەویتر کاتیان بۆ تەرخان دەکەین و هەست بە
بەرپرسیاربوونمان بەرابەر بە گوێمان، دەکەین. کە بۆ قۆناغی کلاسیکی
گۆرانیی کوردی دەگەڕێینەوە و لە هەمبەر هونەر و ئەدەبدا ئێست دەکەین،
هەست بە زیندوویی و هەبوونی گەلێک گۆرانی و دەقی ئەدەبیی وەها دەکەین،
نەک هەر سەرساممان دەکەن، بەڵکوو کوردبوونیشمان درێژ دەکەنەوە. بەڵام
ئەو درێژبوونەوەیە تەنیا لە بیسەر و خوێنەردا ڕەنگی داوەتەوە، وەکی تر،
کاریگەرییەکی وەهایان بە جێ نەهێشتووە، کە پیچێک شادمانیمان بۆ بەرهەم
بێنن و پلەی بێتاقەتبوونمان کەمتر بکەن.
زەحمەتە بە بێ ڕابردوو و لەبەرچاوگرتنی جوانییەکانی، بتوانین درێژە بە
ژیان بدەین و چێژ لە جووڵە و دانیشتن و گوتوبێژ لەگەڵ مرۆکان وەرگرین.
ئێمە (بە تاک و بە کۆوە) لە ئێستادا دەژین و نیشتەجێی جوانی و
ناشیرینیەکانی ڕابردووین، ڕابردوومان بنیاتی کارەکانی ئەمڕۆمانە، کە
نەمانتوانی سەرنج لە کونوکەلەبەرەکانی هەر کارێک، کە لە ڕابردوودا
کراوە، بدەین، زەحمەتە بتوانین لە ئێستەدا لافی بەرهەمهێنانی ئێستێتیکا،
ئەوجا لە هەر شتێک و لە هەر لایەنێکەوە بێت، لێ بدەین.
بۆ ئەوەی لە مرۆڤبوونمان نزیککەوینەوە، دەبێ ڕۆژانە و بە وردی گوێ لە
مۆزیک و گۆرانییە کلاسیک و هاوچەرخەکان بگرین و لە ڕەهەندگەلێکەوە
لێیان بڕوانین و جوانی و ناشیرینیەکانیان کەشفکەین... چونکە تا ئێستە
ئەم خاڵەی سەرەوەمان پێڕەو نەکردووە، زۆربەمان لە ڕەوتار و هەڵسوکەوت و
گفتارماندا ئەوەندەی توندوتیژیمان بەرجەستە کردووە، هێندە نەمانتوانیوە
سەودا دەگەڵ جوانی و نیانی و شادمانیدا بکەین. مرۆڤبوون لە مۆزیک و
گۆرانی و ئەدەب دایە، نەک ئەو هەڵپە و هاتوهاوارەی ڕەگیان لە نێو
دەروونماندا داکوتاوە.
چونکە بەشێکی زۆری ئەدەب و هونەری کوردی، لە بری ئەوەی خۆشەویستی و
جوانی بەرهەم بهێنن، لە بری ئەوەی ژاوەژاوەی ڕۆژانە و ماندوویی لە هزری
مرۆ (تاک) دوورکەنەوە، هەردەم بەرەو توندوتیژی و بێمانایی، پەلکێشی
دەکەن. زەحمەتە بتوانین ئەلبوومێکی گۆرانی بدۆزینەوە، ڕقێکی خەست و
ڕیشئاژۆ تێیدا بەرجەستە نەبووبێ؛ بەرابەر بە ئافرەت- پیاو- میللەتی تر.
ئەم دیدە توندڕەو و پڕبرەوە، هاوکاتیش ناسیونالیستی و پەڕگیرە، لە
ڕەهەندگەلێکەوە توانای بیرکردنەوەمانی لە هەمبەر جوانیدا کوشتووە و
بووەتە هۆکارێکیش بۆ ئەوەی بەهای تاک و ئەوانیدی بهێنرێتە ئاستێکەوە،
کە لە خواستی نەخۆشییەکانی ئێمەدایە.
خودپەرستیی هەر یەکێک لە ئێمە گەییشتووەتە ئاستێک، زۆربەی زۆرمان پێمان
وایە بووینەتە خوداوەند، هاوکاتیش وا دەزانین سەرچاوەی حەقیقەت بە
تەنیا لە کن ئێمەیە و ئینسانەکانی دەرەوەی شێوەبیرکردنەوەمان، دەبێت لە
هەموو ساتەوەختێکدا بۆمان بگەڕێنەوە. ئەو جۆرە نازکێشانەی خود و بە
ئیدیۆلکردنی تاکەکان و کۆمەڵ، لە نێو کورددا، جیا لەوەی ڕقئەستووری لە
هەمبەر هەر شتێکدا تۆخ و تۆختر دەکاتەوە، هاوزەمان وەهایش لە مرۆ دەکات
خودی خۆی خۆش نەوێ، کە ئینسان چووە دەرەوەی خۆشەویستیشەوە، ئینسانبوونی
خۆی لە دەست دەدات.
لەم نێوەندەدا هونەرمەندێکی وەک مەزهەر خالقی بە گۆرانییە ناوازەکانی،
بە سەدا نموونەییەکەی، لە پەراوێزەکانەوە، بە بێ ئەوەی وەک
هونەرمەندگەلی تر تاووسانە بنوێنێ و سینگ دەرپەڕێنێ، لە خودی خۆیەوە،
بە بێ ئەوەی بیەوێ و بیر لە چوونە نێو هەر لایەنێکی پەنهانی ناخی
تاکەکان بکاتەوە، بە قووڵاییەکانی هەر دڵێک، کە ڕەسەنێتیی قبووڵ دەکات،
ڕەت دەبێت و پێوەندیش بە هەموو لایەنە ڕوحیەکانەوە دەکات.
گۆرانییەکانی مەزهەر تەنیا پێوەندی لەگەڵ ڕوح و بیرکردنەوەدا دەگرن و
هێندە ناسک، هێندە جوان و هێندەش سادەن، بیرمان دەهێننەوە کە ئێمە دەبێ
ئینسان بین و لەگەڵ بیستنی هەر پەیڤێکدا، ئاشتبینەوە لەگەڵ ئارامی،
تەنیا پێشمەرجێکیش پێویست بە ئامادەبوون بکات، هێمنییە، کە لە دواجاردا
دەبێتە سادەترین و گەورەترین کەرەستە بۆ گریان، بۆ ئینسانێک کە
دەخوازێت لە زەریای دڵیدا، لیخنیی قەڵاچۆ بکات؛ هەموو جوانییەکانیش
لێرەوە کۆدەبنەوە و پێکهاتەکەیان دەردەخەن، کە دوورن لە خواستی هەر
جۆرێک لە توندوتیژیی، تەنانەت بەرابەر بە خودیش.
کاتێک گوێ لە گۆرانیی مەزهەر دەگرین، تەنانەت ئەگەر هەموو خۆشەویستانیش
جێیان هێشتبین، هەموو وزەکانی ژیانکردن و ئارامی و چێژیش لێمان
دوورکەوتبنەوە، گۆرانییەکان، بە شێوەیەکی خۆرسک، ئیرادە بۆ بەشێکی زۆر
لە کەلێن و تێکشکانەکانی ڕوحمان دەگەڕێننەوە و دەبن بە پاڵنەر بۆ ئەوەی
بیر بکەینەوە و بزانین کە ئینسان هەرچەندە تەنیاش بێت، هێشتا کەسێک
هەیە خۆشی بوێت، هێشتا چرایەک ماوە بۆ دیتنی ڕێگەکان و تەیکردنیان،
بەڵام بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسە، بۆ دیتنی ڕۆشناییی ئەو چرایە، پێویستە
چەند ساتێک و بە هێمی گوێ بگرین لە خودی خۆمان:
نازدار نازدار یار، دەردت لە من یار،
خۆ من شێتی تۆم، کوانێ مەیلی پار؟
هێنانەوەی ئەم دوو دێرە لە یەکێک لە گۆرانییەکاندا، ئەو ڕاستییە
حاشاهەڵنەگرە لە بەردەمی مندا، وەک کەسێک، کە ئێستە بە دیار
گۆرانییەکانی مەزهەرەوە دانیشتووم و چێژ وەردەگرم، دەسەلمێنێ. ئەم دوو
دێرانە، سادەن تا ئەوپەڕی سادەیی، سادەن و تا ئەوپەڕی ناسکیش، ناسکن،
کەم کەسیش هەیە نەتوانێ بە گۆرانی بیانڵێت (ئەگەر کەسەکە دەنگیشی خۆش
نەبێت، هێشتا نامورادبوون نایگرێتەوە، ئاخر دەتوانێ لە حەمام دا و بە
کامی دڵی خۆی گۆرانی بڵێ؛ ئەو شوێنەی هونەر و ئەدەبی کوردی بە
فەرامۆشیی ئەبەدییان سپاردووە و گەلێک پێویستە لە بەهاکانی شوێنێکی وەک
حەمام تێبگەین و حورمەتی بگرین، شوێنێکی بچووک، بەڵام سادە و هەڵمین و
تەنانەت خاوبوونەوە و بیرکردنەوەش!؛ شوێنێک، کە هەموومان گەلێک
یادوەریمان تێیدا تۆمار کردووە و ئەگەر خانووشمان بیر بچێتەوە،
ناتوانین ئەو کونجە نەناسراوە بیربەرینەوە، چونکە گۆرانیشمان تێیدا
گوتووە!)، بەڵام دەبێت لە بیرمان بێت کە سادەیی لێرەدا و لە هەمبەر
هونەری ئەو هونەرمەندەدا، دەلالەتە باوەکە هەڵناگرێت، بەڵکوو دەلالەت
لە خاکیی ڕوح دەکات، ئەوکاتەی خود دەچێتەوە نێو خۆی و کاژە کرێتەکان و
دەمامکە ساختەکان دادەماڵێت؛ کاتێک کە زۆر نزیکبووەتەوە لە سەرەتاکانی
دروستبوونمان!
بە خوێندنەوەی کۆبەرهەمی کەسێکی وەک شێرکۆ بێکەسەوە، دەزانین حزبێک
هەیە نێوی یەکیەتییە (وەک ڕزگار شێخانی لە وەرامی یەکێک لە
گوتوبێژەکانی دا، ئاماژەی بۆ دەکات) و بە خوێندنەوەی کۆبەرهەمی عەبدوڵا
پەشێویش بە ناسیونالیستێکی پەڕگیر ئاشنا دەبین؛ بە خوێندنەوەی
ڕۆمانەکانی کەسێکی وەک دۆستۆیڤسکی لە خۆکوشتن، یان لە بەشێکی زۆری
نهێنییەکانی بوون و ژیان باشتر حاڵی دەبین و بە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی
سادقی هیدایەت لە ماهیەتی ژیان و دەوروبەر و بێهوودەیی، بە بێکامی،
نزیکتر دەبین، بە گوێگرتن لە دەنگی مەزهەر خالقیش، بیرمان دەکەوێتەوە
کوردین و تا خواش حەز بکات بە تەنیا (بە گوزارەی ڕێبوار سیوەیلی، لە
چامەی "زەمەنی ئەنفال"ەوە) هەر ئەمەشە ڕەهەندێک لە ڕەسەنیی
گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە لە بەردەممان دا، قوت دەکاتەوە.
هەر هونەرێک نەیتوانی چێژ بەرهەم بهێنێت، لە یەکەم هەنگاویدا وەک
گالیسکەیەک کە جوانی لە خەرەندێکەوە بۆ کەلێنەکانی ڕوحی تاک
دەگوێزێتەوە، بە گالیسکەوانەکەوە لە قوڕ دەچەقێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بە
کام نەگەییشتنی هونەرمەند و سستبوونی ئەو ڕەهەندەی هونەر، لە هەمبەر
دۆستانی دا... مەزهەر پێش ئەوەی بە سەداکانی چێژ لە کن بیسەر جێ بهێڵێت
و سووکنایی تۆختر بکاتەوە و کاژی هەردوو ڕووی جوانییەکان فڕێ بدات و
بیر لە هونەرمەندبوون بکات، حورمەتی خۆی و بیسەر دەبەر چاوان دەگرێت و
هونەر وەک زیندووکردنەوەی لایەنە سەمەرە و نەدیتراوەکانی ڕوح دەبینێت،
بەمەش هەنگاوێکی تر لە پنچکەگیا و ڕێواس و کنگر و ئینسانبوون و "ستان"ی
"کورد"، نزیک دەبێتەوە/ نزیکمان دەکاتەوە.
لە گۆرانییەکانی مەزهەردا هەست بە هەبوونی هەردەمی کەسێکی هاودەم
دەکەین، کە حەوسەڵەی لە حەوسەڵەی ئەییووب پترە، کەسێک، کە گوێ لە قسەی
هەموو ئەندامەکانی لەش و ڕوحمان دەگرێت و لێدەگەڕێ هەر کەسێک لە لایەن
خۆیەوە بڵێت: "هەموو ئەسبابی ناڵینم دەناڵێ". لە پاڵ ئەمانەدا، ئەگەر
بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت چەند ساتێک لەو "ناڵین"انە بە دوورمان دەگرێ و
نهێنیەکانیشمان لە کن چ کەس و ناکەسێک باس ناکات؛ ساتەوەختی وەهایش
گەییشتنە بە کەماڵ.
بە زیندوویی مانەوەی دەنگی مەزهەر (وەک مانەوەی باسی فڕینی ناوازەی
جۆناسانی نەورەس) لە یادگەی مندا، لە یەککاتدا بۆ چەند خاڵێک
دەگەڕێتەوە، کە دەشێ ئەمانە چەندێکیان بن:
0. ئامادەییی هەمدەمی بەهای مرۆ.
1. پەیڤین لەگەڵ ڕوحی خود دا.
2. ناشیریننەکرددنی کەسی بەرابەر (ئافرەت، یان پیاو).
3. ئارامی و ئاسوودەییی چەندڕەهەندی.
4. هەستکردن بە مرۆڤبوون وەک تاکی کورد، نەک بە شێوەی هاتوهاوار و
بێتاقەتکردنی بیسەر لە پاڵ دروشمی کوردپەروەری دا.
کە وابوو: وەکچۆن ڕۆژانە پێویستمان بە چەندژەم خواردنە، بۆ چوستکردن و
خۆڕاگریی جەستەمان، وەهایش پێویستمان بەوەیە کات بۆ گوێگرتن لە گۆرانی
تەرخان بکەین، بەڵام هەموو گۆرانییەکانیش نابن بە هۆی بیرکردنەوە و
حەسانەوەی مێشک و جەستە؛ هەموو گۆرانییەکان حەوسەڵەی وەستان لە هەمبەر
سەختییەکانی ژیانمان بۆ ناهێننەوە و لە بێهوودەییی دۆخی ئێستەی
کوردستان و کوردبوونیشمان تەقلەمان پێ لێنادەن؛ بۆ ئەوەی بزانین هێشتا
کات بۆ ژیانکردن ماوە و دەشێ کوردبین؛ گۆرانییەکانی مەزهەر خالقی لەو
نموونە هەرە دەگمەنانەن، کە ئۆخژن بە ڕوح دەبەخشن و لە خودیش نزیکمان
دەکەنەوە (ئەگەر نزیکیش بین، نزیکترمان دەکەنەوە!).
بە کورتی: بۆ خۆم ئەو کاتانەی تەنیای
تەنیام و (بە تایبەت دوای کاژێر دوازدەی شەو) کپییەکی سامناک باڵی
بەسەر باڵی چۆلەکەکان و ورتەورتم لەگەڵ خۆم دا، دادەگرێ، یەکیەک
سێدییەکانی مەزهەر دەخەمە سەر سێدییە شڕەکەم و تا شل دەبم، گوێ دەگرم،
دەگەڵ هەووەڵین سەداکانیشی پڕ دەبم لە فەنتازیا و دەڵێی دە ئامێزی
کیژێکی چواردەساڵان دام (بە فانیلە عەلاگە و بە بیجامەیەکی کورتەوە، بە
دوو لاقی درێژی موودار و بە بۆنی سیگارانەوە!)، کاتێکیش تەماشای کاژێر
دەکەم و دەبینم گەردوگوڵی بەیانییە و وەها بڕوات لە دەوامەکەم (بێ ئیشی!)
کارتی سوور وەردەگرم، بێدار دەبمەوە و دێمەوە نێو ژیانی ڕۆتینیی
دەوروبەرم، لە هەمان کاتیشدا تێ دەگەم ژیان هێشتا کاتی بۆ لەزەتبردنم
لە جوانییەکان، ماوە!
هەموو ئەوانەی وا لە سەرەوەدا باسم کردن و تیشکم گواستە سەریان، وا
دەکەن بەردەوام وەک لایەنی سێیەمی خۆم تەماشای دەنگی مەزهەر بکەم (یەکەم:
ڕابەر، دووەم: تەنیایی، سێیەم: مەزهەر!)... ئیدی ئاوایە...!!
سەرنج: هەرچەندە لە ڕابردوودا تێکستەکانی
کۆبەرهەمی مەزهەر خالقی کۆکرانەوە و لە کتێبێکدا بە چاپ گەیەندران،
بەڵام دەشێ هەموو گوێگران دەستیان نەکەوتبێت و لێی ئاگەدار نەبن، بە
حوکمی ئەوەی زۆرینەی گوێگرانی گۆرانیی کوردی خوێنەر نین، بۆیە پێویست
وابوو لە پاڵ ئەم کۆبەرهەمەدا کتێبەکەش هەبووایە. بە هیوام ئەگەر چاپی
دووەمی سێدییەکان کرایەوە، هاوکات کتێبەکەشی دەگەڵدا بێت، بۆ ئەوەی
زەحمەتییەکان پتر دەبەرچاوان بن.
تێبینی: ئەم نووسینە لە سەروەختی گوێگرتن
لە (یادگارییەکان)ی
مەزهەر خالقی، نووسراوە. کۆبەرهەمەکە لە لایەن
ئینستیتیوتی کەلەپووری کورد و لە لایەن چاپخانەی دەزگای
ئاراسەوە، چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئامادەکاران: (ئەرشیڤی دەنگ و ڕەنگ)
شیلان ع. ڕەحیم- و (ئەندازیاری دەنگ) ئاری جەبار- و (گرافیک) مریەم
موتەقیان- و (دیزاین) حەمید ڕەزا ئازموودە- و (تێکستی گۆرانییەکان)
بوار نورەدین- و (وەرگێڕانیان بۆ کرمانجی) مەزلووم دۆغان-ن، کە پێویست
بەوە دەکات ماندووبوونی ئەو ناوانە و د. سیراجەدینی و عوسمان ئەحمەدی و
هەر یەکێکی تریش لە تێکستنووس و ماندووەکان، لە ئاست هەر لایەنێکی ئەم
کارە ئێستێتیکییەوە، دەبەر چاوان بگیردرێ.
|