په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٩\٢٠١١

تەپڵى سەرمایەدارى و دەرگاى دۆزەخەکە.

رێبین ئەحمەد خدر  

1. پێستى گەنج.

 

پێموایە هیچ تاعوونێک وەک سەرمایەدارى تا ئیستا زەمینى وێران نەکردووە، تاعوونێک کە هەمیشە بە سامناکى خۆى نیشان نادات، بەڵکو لەبەرگى جیاواز جیاوازدا خۆى دەنووینێت، دەکرێ بچووێنین بەو تارماییەى لە چیرۆکێکى ترسناکى "ئالان پۆ"دا هەیە..دواى ئەوەى زۆر لە خەڵکەکە دەکوژێ - دەیبینن لە ژێر بەرگى تارماییەکەدا هیچ شتێک نییە.


نەبوونى هیچ شتێک لەژێر بەرگەکەدا، بوونى هێزێکى شاراوەى وێرانکردنە کە لە ئیستادا سەرمایەدارى بە بەرگى ئاڵ و واڵاو فریودەرەوە ئەم کارە دەکات.بۆیەش ناکرێ لە زارکێکى بچکۆلەدا لە سەرمایەدارى بروانین و پێموانوابێت هەر لەو زارکە بچکۆلەیەشدا دەتوانین ڕووبەرووى ببینەوە.


سەرمایەدارى وەک ئەو ئەژدیها ئەفسانەییانە وایە کە لە حیکایەتەکاندا چل سەر و زیاتریشیان هەیە، بوونى وەها شێوەیەکیش لە کۆمەڵگادا بەو جۆرە ترسناکە کە دەچێتە ناو رەگ و ناواخنى سیستەمەکە، لەوێشدا پێش هەموو شتێک پەلامارى بەش و خانە زیندووەکان دەدات و بۆ مەبەست و بەرژەوەندى خۆى بەکاریان دەهێنێت.


ئاشکرایە ئەو بەش و خانە زیندووانە لە کۆمەڵگادا گەنجانن، گەنج زەمینێکە لە وزەو تاسە، وزە و تاسە بۆ جۆرەها بینین و خەون. سەرمایەدارى کار لەسەر ئەو وزەیە دەکات و کردوێتیشى ، رۆژبەرۆژیش ئەم وزە دەخاتە خزمەتى خۆیەوە، وزەیەک لەبرى ئەوەى ژیان بەرهەمبێنێت، ژیان لە رووبەرێکى تەسکى قازانج خوازیدا قەتیس دەکات.


ئەوەتا ئەم پەلوپۆهاوشتنەى سەرمایەدارى لە گۆمەڵگاى کوردیدا دەبینین، قوربانى یەکەمیش گەنجانن کە بەشى زۆریان کەوتوونەتە ژێر چەپۆکەکانى ئەو ئەژدیهایە.سەرمایەدار و دەسەڵاتخوازان لە پێستى گەنج تەپڵى سەرمایەدارى دروست دەکەن و تەپڵەکەش هەر بەگەنجەکە لێدەدەن - گەنجانى سەرگەردان و گەنجانى بەر گەرماو کارکەران و گەنجانى ناو دەزگا و ماڵە داخراوەکان، هەموویان لە سیستەمى دارزاو بە قازانج ویستى و خەونکوژى سەرمایەداریدا نقوومبوون.


گەنجانى ناو بازارەکان و سیتى و مۆڵەکان- ئەوانەى شەو و رۆژیان نییە و رەنجییان دەخرێتە خزمەتى ئەژدیهایەکى چل سەر، ئەوەندە سەرقاڵ دەکرێن بە کارکردنەوە ناپەرژێنە سەر ئەوەى بیر لە ژیان بکەنەوە، ئەوان دووبارە لەسەر هێڵە تەقلیدیەکە ژیان تێدەپەرێنن و هەڵوەداى ئەوەن هەرچى زووترە پارە کۆبکەنەوە بۆ ژنهێنان ( ژنهێنان دەستەواژەیەکى پیاوسالارانەى - سەرمایەخوازییە - ژن دەنرخێنێ و دەیخاتە رێزى کەلووپەلەوە و دەشیگوازێتەوە) ئەم پارەى بۆ زەواج کۆى دەکاتەوە دووبارە لە چەندین مسقاڵ زێر بەهەدەرى دەدا و بازارى زێر و سەرمایەدارى پێخۆش دەکا - بێ ئاگا لەوەى ئەوەش سەرێکى ترى ئەژدیهاکەیە.


گەنجان یەکەمین ئامانجى سەرمایەدارى و دەسەڵاتداریین - بۆ ئەوەى بکرێنە ئامرازى ئەم تاعوونە سامناکە، تا پێستى گەنج بۆ خزمەتکردنى سەرمایەدارى زیاتر بسوتێ دەنگى تەپڵى سەرمایەدارى بەرزتر دەبێتەوە.


ئەرکى گەنجان بۆ شۆرش و یاخیبوون لە دژى ئەم سیستەمە هاوشێوەى ئەو ئەرکە دەبینم کە لە حیکایەتە کوردییەکان پاڵەوانەکان ( بۆ نموونە ئەحمەدى پاڵەوان) بەرەنگارى دێو دەبێتەوە و ئاو دووبارە بۆ گوندەکە دەگەرێتەوە. لە ئیستاشدا سەرمایەدارى ئاوى ژیانى لەسەر کۆمەڵگا بڕیوە - ئەوانەى دەبێت بەگژ ئەو ئەژدیهایەدا بچنەوە بە پلەى یەکەم گەنجانن ، ئەمەش ئەو کاتە روودەدات کە گەنجان یاخیبن لەو ژیانە دارماوەى سەرمایەدارى تا مۆخى ئێسقانى چووە، یاخیبوون لە ژیانى بێ بەهاکردنى مرۆڤ بە زێر و زیو .. خۆکردن بە رێکلام بۆ برەودان بە کاڵاکان و ..یاخیبوون لەدەنگى تەپڵى سەرمایەدارى ...یاخیبوون لەو کاغەز و فۆرمانەى هاوشێوەى پەیامى ئیلاهى بۆ گەنجان دەنێردرێن لە لایەن دەوڵەتەوە ( فۆرم و کاغەزێک کە پەیامى ئەوەیان پێ یە بەگەنج بڵین مردن و ژینى تۆ بەدەست ئێمەیە) یاخیبوون بۆ ئەوەى ئاوى ژیان بگەرێتەوە...یاخیبوون....ن...

2. تاک لە دۆزەخ دا.


کاتێ باوکەکە ڕۆڵەکانى غەرقى نائومێدى و برین و دەرد دەکا- حەزدەکا بزانێت تواناکانى چەندن و دەتوانێت چیتر بکات، تاوەکو سنوورى قایمتر بۆ ئازادى ژینگە و دەوروبەرى خۆى دروستبکات.باوکەکە گرینگ نییە لەکوێ و لەچ پێگەیەکدایە، گرینگ ئەوەیە هەست بکات کە هەیەو کەسانێکیش ببینێت بە دەوروبەرییەوە چاودێرى هێز و ئازایەتى ئەو دەکەن.هەندێک جار ئەوانەى چاودێرى دەکەن و بەناو دروشمى نەهێشتن و "نا"ى بۆ دەڵێنەوە زۆر زیاتر لەخۆى تواناى ئەوەى پێدەدەن ئەو کارانە بکات کە نەیتوانیوە بیریشیان لێبکاتەوە.


لەمڕۆى واقیعى ئێمەدا لەناو ماڵ و فەرمانگە و شەقام و چایخانەکانەدا دەسەڵات وەک قتوى ماسى و قاوە و شتى تر بەرهەمدەهێنرێت - واتە ئەوەى لە دڵى خۆیدا ناڕەزایە بەرامبەر دەسەڵاتى سیاسى بێ ئەوەى هەستبکات و تێبگات تامەزرۆییەکى گەورەى هەیە بۆ هەر جۆرێک لە دەسەڵات کە ژیانى ئەو بەڕێوەببەن و هێزێکى باڵاتر لەدەرەوەى ئیرادەى ئەو ببێتە حاکمى میل بە میلى هەنگاوەکانى.قسە لەسەر ئەوە نییە تاچەند دەسەڵات تاکەکانى ئەم مەملەکەتە بچکۆلەى ئێمەى تووشى سەرلێشێواى کردووە و گەندەڵى بەکوێ گەیشتووە، با جارێ یان ئەوەندەى هەناسە خواردنەوەیەک واز لەمانە بێنین.قسە لەسەر ئەوەیە کە ئیرادەى تاکى ئێمە وردە وردە دەگۆڕێت بۆ نائومێدیەکى بێدەنگ و گلەییکار و خۆلارکردنەوە بەلاى قەدەرگەراییدا، ئەمە چاوپۆشیکردن نییە لە گەندەڵیەکانى دەسەڵات کاتێ دێین ڕەخنە لە تاکەکانى ناو گۆمەڵگا دەگرین،ئەمجارە لەبرى ئەوەى لە بەرزایى یان لە هێڵە ستوونیەکە بێینە خوارەوە، لەخوارەوە بڕوانینە دیاردەکان (ئەم بەرزى و نزمى و "خوارەوە") دەلالەت نییە لەوەى دەسەڵات لە بەرزاییەو تاکەکان لە خوارەوەن کە لە ئێستادا زهنییەتى زۆربەى تاکەکانى ئێمەى داپۆشیوە،بەڵکو ئاماژەیە بۆ پابەندبوونى تاک بە سەیرکردنە بەرزایى لەسەر حسابى چاوپۆشین لە هێز و ئیرادەى خۆى، بەرزکردنەوە و توانا بەخشین بە شتێک بۆ داماڵینى هەرچى تواناو هێزە لەخۆیدا.


لە ئێستادا ڕۆڵى تاک و کەسانى ناو کۆمەڵگا خەریکە لەنێو ڕۆشنبیر و نووسەرەکانیشدا کەمتر دەبێتە جێگاى باس و کار بۆکردن.هەر ڕۆژنامە و گۆڤار و ستوونێک دەخوێنییەوە پڕە لە باسى دەسەڵات و هێرشکردن بۆ سەر حزب، ئەمەش مایەى نیگەرانى نییە گەر دەنگى ئازا و پڕ هەلوێست هەن و بێدەنگ نابن لەبەرامبەر ناعەدالەتى و نایەکسانى ..ئەوەى جێگاى نیگەرانییە ئەوەیە لە باسى ئازادى هەمیشە پەنجەرەى یەکەم کراوەتەوە بەسەر دەسەڵاتداو دەسەڵات گەورەتریش کراوە لەوەى کە هەیە ( گەورە بەماناى سنور و قەدەغەکاریەکانى) -چونکە لەم نێوەندەدا ئەوەى باس ناکرێت و پشگوێ دەخرێت تاکى ناو گۆمەڵگاکەیە.بەواتایەک ڕستەى یەکەم باس لە لەمپەرێک دەکرێت کە دەسەڵاتە ، بەڵام باس لە تاکێک ناکرێت کە پێویستى بە ئازادییە، یان ئازادى پێویستى بە ئەوە.


شتێکى تریش زۆر بەرچاو دەکەوێت بەخشینى بیرکردنەوە و عیشقى خوودى تاکەکانە بە دەسەڵات، تاک کاتێ دێت بتگەلێک بۆ خۆى دروست دەکات و چاوەڕێ دەکات ڕۆژێک ئەم بتانە پێڵاوێکى نوێى بۆ بدوورن یان شەقامێکى تازەى پێ بناسێنن هەم دەستەکانى خۆى هەم چاوەکانى خۆى دەبەخشێت بەهێزێک لەدەرەوەى هەستکردن و تێفکرینى خۆى.تاک لە واقیعى ئێمەدا هەر تەنها بەوە ئازاد نابێت ئەم دەسەڵاتى سیاسیە بگۆڕێت و کەسانیتر حکومبکەن یان دەسەڵاتێکى نوێتر بێتە کایەوە.ئەوەى هەر دەسەڵاتێک لەدەرەوەى مرۆڤدا لاواز و بنەبڕ دەکات پەیوەندى هەیە بەخودى تاکەکان خۆیانەوە، تاکیش تەنها بەوە ئازاد نابێت مۆدێلى حوکمکردنەکە بگۆڕێت.ئەمە پشتکردنە لە ئیرادەى مرۆڤەکان خۆیان و بێدەنگبوونى مرۆڤ دەگەیەنێت لەسەر ژیان و بیرکردنەوەى خۆى.


"ئەى کوا دەرگاى دۆزەخەکە؟" دەرگاو کرانەوەى دۆزەخەکە تەنها لەیەک لاوە ئامادەنابن. واقیعى ئێمە گرێدراوە بەچەندان تۆڕو ڕایەڵى دەسەڵاتخوازانە و ڕێگر لەبەردەم ئازادى و پاڵپشت بۆ فراوانبوونى هەر دەسەڵاتێکى سیاسى.ئەوەندە بەسە ڕوو لە ناخى کۆمەڵگا بکەین و خەونى نێرسالاران و پەیوەندى ڕووکەش و بیناى خێزانێکى داڕماو ببینین...هتد.کاتێ تاک لەخێزاندا ڕێى هەموو شتێکى لێ دەگیرێت و دەبێت بە پێداویستییەک لە ماڵەکەدا ، کاتێ ژن وەک موڵکى پیاو سەیردەکرێت - کاتێ خۆشەویستى وێنەى مشک لەدرزى دیوارەکانەوە ڕادەکات و نایبینین نایبینین بۆ ئەوەى لەناوى ببەین . بەڵێ ..لەناوى ببەین هەروەک چۆن ڕۆژانە لە دەموچاوى ئێمەى تاکەکان لە دڵماندا تنۆک تنۆک خۆشەویستى هەڵدەوەرێت.چۆن دەسەڵاتێک دروست نابێت کە سنوورەکانى ئەوەندەى کەون زۆر و زەوەندبن..لەکوێدا لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانى ئێمە بانگەشەى خۆشەویستى دەکرێت بەرانبەر هەر دەسەڵاتێک کە خۆشەویستى و ئیرادەمان لێ دەستێنێتەوە.لەکوێدا لە ڕاگەیاندنەکان ئیرادە و هێزى تاک یان پەیوەندى نێوان مرۆڤەکان لە کۆمەڵگادا دەکرێت بە بابەت ..نەخێر ئەوەى ئێمە دەیبیسین هەر نائومێدییەو تلانەوەیە..هەر خولانەوەیە بەدەورى دەسەڵاتدا.وەک ئەوە وایە هەردەم ڕۆمانگەلێک بنووسین و دەسەڵات بکەین بە پاڵەوان ( شاکەس ) و تاک ڕۆڵێکى لاوەکى پێ بدرێت، چونکە لەوە دەرچووە دەسەڵات هەر بابەت بێت، بەڵکو کراوە بە کاراو ئەوەى ڕۆڵى تەواوکەر و دواییش دەبینێ تاکە.


لەدواییدا ئازادى لەنێوان تاک و دەسەڵاتدا لەواقیعى ئێستاى ئێمەدا زیاتر بەلاى دەسەڵاتدا کشاوە.بەجۆرێک وا نیشاندەدرێت لەمەسەلەى ئازادیدا تەنها دەسەڵات بوونى هەبێت و تاک ئازادى لێوەربگرێ یان نەهێڵێ ئازادى زۆرترى لێ زەوت بکات.لە کاتێکدا ئازادى ئەوەندەى پەیوەندى هەیە بە تواناو هەدانەدان و ملکەچنەکردنى تاک ،ئەوەندە پەیوەندى بە دەسەڵاتیکەوە نییە تا چاوەڕێى ئەوەى لێبکرێت کەمتر سنوور و هێڵەکانى فراوانتر بکات.ئازادى بایێکە لە قوڵاییەکانەوە دەڕواو لەسەرووى چیاکانەوە دەبێت بە پەلکە زێڕینە،نەوەک ئەستێرەیەک بێت لە ئاسمانەوە بکەوێتە خوارەوە و لەسەر زەوى ببێت بە بەرد، بەڵام لەواقیعى ئێمەدا نائومێدى تاک لەوەدا مایەى نیگەرانییە کە گوایە دەسەڵات پشتى تێکردووە، ئەم نیگەرانییە بەجۆرێک وێنەى خۆى دەکێشێت و ڕەنگدەداتەوە کە تاک بەرلەوە پشتى کردۆتە خۆى -ئەگینا ئەوەندە بۆتاکێک بەسە خۆى ببینێت و لە دەور و بەرو ڕووداوەکان تێبگات- هاوسۆزى ئەو لەگەڵ مرۆڤەکانى دەروبەریدا،لەگەڵ درەخت و ژینگەکەیدا ، عیشقێک بەرهەم دەهێنن ئازاد و بێ پەروا لەهەر دەسەڵاتێک کە جوانییەکان لەگەڵ خۆى ببا.عیشقى تاک بۆ ئازادى.عیشقێک کە دەروازەمان بۆ دەکاتەوە و پێمان دەڵێت "ئەوەتا دەرگاى دۆزەخەکە- ئێمە لێرەدا نقوومبووین"..واقیعى کۆمەڵگا لە ئێستادا بۆشاییەکى گەورەى هەیە کە نائومێدى تاک لەخۆى و دوورکەوتنەوە لە بەرپرسیارییەتى ژیانى خۆى دروستى کردووە، بۆ شاییەکى وا وایکردوو هەر دەسەڵات و هێزێک ببێتە بەڕێوبەر و تارمایى ئەو.ئێمە تابلۆ بۆ دەسەڵات دەکێشین : دەسەڵات هەمیشە کاتێ بیر لە فڕینى خۆى دەکاتەوە دەکەوێتە خەیاڵى باڵبەستنى ئەوانیتر -چ دەسەڵاتى سیاسى-چ دەسەڵاتى نێرسالار و کە بە هەڵدەستێ بەنێرکردنى تەواوى کۆمەڵگا...


ئەوەى جێگاى سەرنج و شیکردنەوەیە ئەو فەرامۆشکردنەى تاکە لە ژیان و بوون و ئازادى خۆى، ئەم خۆ سپاردنە بە بۆشاییەکى لێڵ و قەدەردۆست، تەنها بوار بۆ ئەوە دەهێڵێتەوە واقیعکە پڕبێت لە بت و تاکیش ببێت بە بتساز.جا ئەم بتانەش تەنها لەوێنە و سیماى دەسەڵاتى سیاسى داناتاشرێن ، بەڵکو لە هەموو شوێنێک و دەرفەتێکدا ئەگەرى داتاشینیان هەیە، بەمەش تاک خۆى بتێک دروست دەکات و گەورەى دەکات - خۆیشى گلەیى ئەوەى لێدەکات کە بۆچى وا ڕەفتار دەکات-کێ لەوە گومانى هەیە کە ئەمە بەهۆى نەمانى خۆشەویستى و لێکدوورکەوتنەوەى تاکەکان نییە لەیەکتر؟. کێ لەوە گومانى هەیە ئەوەى دەسەڵات دروستدەکات ئەو مەودایە نییە کە کەوتۆتە نێوان ئێمە و ئازادییەوە،دوورکەوتنەوەى ئێمە ( واتە تاک ) بۆ بەرپرسیاربوون لەبەردەم خۆمان و کۆى بوون؟.ئەمە تەواو ماناى ئەوە ناگەیەنێت کە تاک ڕاستەوخۆ دەسەڵات دروستدەکات و تەواوى گوناهەکە لە ئەستۆى ئەودایە، بەڵام ئەم بۆشاییەى تاک دەیهێڵێتەوەو خۆى بانگلۆز* دەکات بەرەو نائومێدییەک کە نایەوێت لێى تێبگات بوارى ئەوە دەدا دەسەڵاتەکان بەردەوام فراوانتربن و پەرە بسێنن.چەندە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات گرینگە ئەوەندەش لەتاکێک کە خۆى شەیداى ( دەسەڵات) ەکانەو ئاگایشى لێ نییە. ئەوەى لەگەڵ مندا هەناسەى ڕاگرتبوو بۆ باسنەکردنى گەندەڵى، ئێستا هەناسە دەدەینەوە.
_______________________________________________
* بانگڵۆز: خۆ غلۆرکردنەوە یا غلۆربوونەوە لە شوێنێکى بەرز، زیاتر لەگەڵ هەوراز وشوێنى بڵند بەکاردێت.

 

ماڵپه‌ڕی رێبین ئه‌حمه‌د خدر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک