٣\۴\٢٠١٠
تەقەکردن لە
قوتابیانى هەولێر، کردەوەیەکى فاشیستانەیە....!

کۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد ڕەسوڵ
لە رۆژى پێنج شەممەى 1ى نیسانى 2010 لە هەولێر قوتابیانى یەکێک لە
قوتابخانەکان کە نزیکەى ساڵێکە مامۆستایان نییە، بێ مامۆستان و داواى
مامۆستا ئەکەن، بۆ بەدەنگەوە هاتنى داوا رەواکانیان روو دەکەنە بەردەم
بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى هەولێر، لە وەڵامدانەوەیان و مەیسەرکردنى
داخوازییە رەواکەیاندا، پۆلیسى شارى هەولێرى پایتەخت، شارى نموونەى
دیموکراسی و پایتەختى هەرێمى فیدراڵى عێراقى ئازادکراو، بە تەقەو بە
زمانى گوللەى فاشیستانە وەڵام ئەدرێنەوە.
بەڕاستى ئەم هەواڵە، هەواڵێکى ئەوەندە دڵتەزێنە کە ئەوەى خاوەنى دڵى
قەساب و جەلادى دڕندەشى هەبێت، دەتەزێت، دڵى توندو رەقى ئەهەژێت، ئەوەى
یەک تۆزقاڵ مرۆڤدۆست یان خواناس یان بیڕوباوەڕدارى هیومانیستى هەبێت
موچڕکە بە لەشیدا دێت، هەرکەسێک لە هەر کەناڵێکەوە، کەناڵى حکومى یان
ئۆپۆزسیۆن بێت گوێبیستى ئەم هەواڵە ناخۆش و جەرگبڕە بێت رۆژگارى سەدامى
دیکتاتۆرى دێتەوە یاد، ئەگەر بێتو قوتابییەکان تەنانەت، ئاگریشیان
بەردابێتە شوێنە گشتییەکان و مەسئولەکانیشیان دابێتە بەر بەردو جنێو
هەر نابێت بە زمانى فاشیست و دیکتاتۆران وەڵام بدرێنەوە،..
لەبەر چەند هۆیەک، لەوانە ئەوان هەرزەکارن و خوێن و هەست گەرمن و
نافامن و ئینجا هەر ئەوانن دەبنە پیاوى دوارۆژى ئەم نیشتمانە، هەروەها
ئەوان قوتابى زانست و مەعریفەن و هەستیارن دەبێت تۆ بە زمانى
عەقڵانییەت و مرۆڤدۆستییەوە وەڵامیان بدەیتەوە بۆ ئەوەى ببنە پەندو
ئەوان لە کارى ناشرین یان خراپەکارى و زەرەرمەندانە بۆ شوێنى گشتى
عیبرەت وەربگرن و بڵێن دەسەڵات و پیاوانى حکومەتى کوردستان کە پۆلیسن،
پیاوانى مرۆڤدۆست و مەدەنى و عەقڵانین، نەک پیاوانى حکومەتێکى
فاشیستانەو هوڤى و دڕندانە..
حکومەتێکى دیمۆکراسی بەمشێوەیەو کردار فاشیستییانە مامەڵە لەگەڵ
مانگرتن و خۆپیشاندانى رۆژانە یان ناوبەناوى هاووڵاتى و هاوشارى و
هاونەتەوەیى شارو گوندەکانى خۆیدا ناکات...
چەند رۆژێک لەمەوبەر لە هەواڵەکانەوە گوێبیستى ئەوە بووم کە سوپاى
تورکى فاشیست منداڵانى کوردستانى باکوورى مەزنمان دەکوژێت و
زیندانەکانى پڕن لە منداڵانى کورد و زۆرێک لە وڵاتانى دونیا نەفرەتیان
لەو کارو کردەوە فاشیستییە هوڤییانەى تورک و سوپا دڕندەکەى کرد، ئەمڕۆش
پێویستە ئێمە هەزاران نەفرەت و نەعلەتى لەو کردەوە فاشیستییانەیەى
پۆلیسى هەولێر یان هەر شارێکى دیکەى جیهان بکەین کە دژ بە منداڵان و
مێرمندڵان و هەرزەکاران دەکرێت..
لەبرى ئەوەى کە پرۆژە پێشکەش بکرێت و دونیاو ژیانى مندڵان و مێرد
مناڵان هەرزەکاران ئاسوودەترو خۆشتر بکرێت، بۆ نموونە بەندە لە ساڵى
2006دا چوومە لاى کاک مەسعود بارزانى و تەلەفۆنم بۆ کاک نێچیرڤان کردو
پەیوەندیم بە خاتوو رووناک رەووفەوە کردو پەیوەندیم بە سایتەکەى دکتۆر
بەرهەمەوە کردو لەمڕۆژانەشدا بە ئیمەل نامەو هەمان بیرۆکەى خۆم بۆ
جەنابى وەزیرى رۆشنبیرى کوردستان ناردو پرۆژەى خۆم سەبارەت بە
تەلەفزیۆنى تایبەتى بۆ مندڵانى کورد و هەرزەکاران و گەنجانى کورد
پێشکەش کردن بەڵام هەتاکو ئەم چرکەساتە بەندە لە چاوەڕوانیدا ماتو
مەلوول و دۆشداماوم کەوا بۆچى ئاوەها وەڵامى پرۆژەى مرۆڤدۆستانە بۆ
منداڵان و گەنجانى کوردستان دەدرێتەوە، ئەوە کێن کە باس لە توێژو چینە
هەشبەسەرو بەشمەینەتەکان و هەژارانى کوردستان دەکەن و هەزاران وەعدو
بەڵێنى رەنگاوڕەنگیان دەدەنێ و هەموومان هەر لە چاوەڕوانى گۆدۆداین و
هەتاکو رۆژى مەحشەر هیچ خەونێکمان نایەنە دى..
تەماشاکەن چۆن بە پەلەو دەستبەجێ وەڵامى نابەجێ و ناڕەواى گوللە ئامێز
حازر بەدەستەو دڵ و خوێن و خەونەکانمان نوغرۆ دەکرێن و بە ناخى دۆزەخدا
دەبرێن، لە نیشتمانێکدا کە هاوزمان و خانەخوێ و هاونیشتمانى و خزم و
کەسوکار حکومەت و حیزبەکانمان پێکدێنن، ئەم پۆلیسانە نە بەعسین و
نەعەرەبى شۆڤێنى..
کەسێک نەبوو هەڵباتێت و ناڕەزایی و تەندید و ئیدانە بە بەیاننامەیەکى
شەرمەزارانە بڵاو بکاتەوە.. نازانم قونسوڵییە مرۆڤدۆستە رۆژاواییەکانى
هەولێر بیستوچوار سەعاتە سەرخۆشن یان ژێرخۆش..!؟ کوا دەنگى ناڕەزایی
دژى کوشتنى منداڵ و قوتابیانى کوردستان.. کوانێ قەڵەمى رووناکبیرو
شاعیرو پیاوانى ئایینى بێشومارى کوردستانى ئازادو ئازادیخواز؟؟؟
ئامۆژگاریم بۆ پۆلیسى کوردستان ئەوەیە کە ئەگەر موسڵمانن: بچن سەرلەنوێ
تۆبەکارى بکەن و داواى لێبووردن لە کەسوکارى ئەو زارۆکانە بکەن و داواش
لە یەزدانى مەزن بکەن کە خودا هیدایەتیان بدات و نوێژو تاعەت بکەن
بۆوەى بەرچاوى تاریکیان بۆ رووناک بکاتەوە، ئەگەر عەلمانى و حیزبین، با
خولى مرۆڤدۆستییانەو ویژدانپەرستانەى هاوچەرخ ببینن.. یان با بچن
وتەکانى گاندى و لال نەهرۆ و جیڤاراو دیگۆل و بیسمارک و مارتن لۆسەر
کینگى ئەمەریکاو ماندێلاو مەلا مستەفا بارزانى نەمر دووبارە بخوێننەوە
کە سەبارەت بە منداڵان و قوتابیان فەرموویانە....!
هەزار حیف و خەسار.... داخى گرانم کە ئێمەى کورد عەقڵ و چاوو ویژدان و
کوردایەتیمان بۆ بەرژەوەندى و کورسی و پارە گۆڕیوەتەوە.... زۆر زۆر
داخى گرانم..!!
|