په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

(TRT6)لە نێوان خزمه‌تکردن بە زمانى کوردى و سیاسەتى تورکیا.


گەرمیانى حەمەىپوور


کەناڵى تورکى TRT6 ئەمرۆ لە نێو خەڵکى کوردستان بەگشتى و ڕۆشنبیران و سیاسەتکارانى کوردا بە تایبەت بووە بە جێگەى باس و لێکدانەوەى جۆر بەجۆى بۆ دەکرێ و هەریەک لەوانەش بۆچوونى جیاوازیان هەیە بەوەى کە پێیان وایە ئەم کەناڵە هەرچى لەپشتەوە بێت دەتوانێت لە تورکیا خزمەتێک بە زمانى کوردى بکات، هەر وەک بۆچوونى تریش هەیە سەبارەت بەوەى پەخش کردنى بەرنامەو بابەتى جۆربەجۆر لەو تی ڤی یە تورکییەوە بە زمانى کوردى تەنها خزمەتکردنە بە سیاسەتى تورکیا.

ڕەنگە لە ئێستادا نەتوانین بێژین هیچ یەکێک لەو بۆچوونانە ڕاست نییە، بەڵام بە نیسبەت بۆچوونى یەکەمەوە ئەوە ئاشکرایە کە دەوڵەتى تورکیا تاوەکو ئێستاش ڕێگرە لەوەى کە کورد بەزمانى کوردى قسەبکەن کە زمانى دایکى خۆیانە، ئەندامانى پارلەمان دەبێ بە تورکى قسە بکەن و بڵاو کراوەى کوردیش لەو وڵاتە قەدەغەیە، لەیلا زاناش یەکێک بوو لە قوربانیانى ئەم سیاسەتەو بەهۆى قسەکردنى بەزمانى کوردى تووشى ئەو هەموو ئەشکەنجەو زیندانى کردنە بوو لە تورکیا، ئەو وڵاتە گەورەترین پارتى کوردى وڵاتەکەى بە ڕێکخراوێکى تیرۆریستى دادەنێت و ڕۆژانە هێرشى زەمینى و ئاسمانى دەکاتە سەر تەنها لە بەرئەوەى داواى مافى نەتەوەى کورد دەکەن و دەیانەوێت بە زمانى خۆیان قسەبکەن. لەبەر ڕووناکى ئەو ئاکارانەى تورکیا دەتوانین بێژین "تورکیا هیچ کاتێک مەبەستى نییە لە ڕێگەى ئەو کەناڵەوە خزمەت بە زمانى کوردى بکات" ئەگەر چى بوونى هەر میدیایەک بە زمانى کودى ڕەنگە بۆ زمانى کوردى بوونى لە نەبوونى باشتر بێت. بەڵام بە نیسبەت کەناڵێکى وەک TRT6ەوە ڕەنگە ئەو بۆچوونە جۆرێکى تر بێت، تورکیا هەنگاو بە هەنگاو دەیەوێت لەخەونە گەورەکەى (بە ئەندام بوون لە یەکێتى ئەوروپا) نزیک بێتەوە، یەکێک لە ڕێگریەکانیشى پێشێل کردنى مافى کوردەکانى باکورە لە لایەن تورکیاوە بۆیە دەکرێت بێژین ئەمە سەرەکی ترین ئامانجى پەخشى زمانى کوردیە لە TRT6ەوە بۆ ئەوەى بە وڵاتانى ئەوروپاى نیشان بدات کە ئەو بۆ خزمەتى کوردەکان کەناڵى تایبەت بە زمانەکەیانى کردووەتەوەو هەنگاو دەنێت بۆ چارەسەر کردنى کێشەکانیان لەلایەک، لەلایەکى تریشەوە ئەگەرچى وەک سەرەتایەک ڕەنگە نەتوانین قسەى لەسەر بکەین بەڵام دەتوانین پێشبینى ئەوە بکەین کە ئەم کەناڵە دەبێتە کەناڵێک بۆ سەرلێشێواندنى کوردەکانى ئەو وڵاتەو لەو ڕێگەیەوە نمایشى مەرحەمەتەکانى خۆى بکات بەرامبەر بە کوردو لەبەرامبەریشدا هەموو بزوتنەوەو پارت و ڕێکخراوێکى کوردى لەو وڵاتە بە تیرۆریست، گێرەشێوێن، یاخى بوو یان هەرناوێکى لێ دەنێ، بە کوردەکانى باکورو تەنانەت جیهانیشیان بناسێنێت، بەداخەوەم کە ڕەنگە کەسانێکى کوردیش بچنە ئەو کەناڵەوە کە بەرژەوەندى تایبەت چاویان لە بەرامبەر بینینی بەرژەوەندی و هەستى نەتەوایەتیدا کوێر بکات.


ئایندەى ئەم کەناڵە تورکییە بەزمان کوردییە هەر چۆنێک بێت و هەر سیاسەتێکى بێت لەبەرامبەردا کەناڵە کوردییەکانیش ئەرکێکى تریان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە بە شێواندنى ڕاستییەکان لەلایەن ئەو کەناڵەوە، ئەمانیش ئەرکى ڕاستکردنەوەى چەوتییەکان و تێگەیاندن و هۆشیار کردنەوەى نەتەوەکەى خۆیان لەبەرامبەر سیاسەت و مەرامەکانی دەوڵەتى تورکیادا دەکەوێتە ئەستۆو دەمێنێتەوە سەر خۆیان تاچەند خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن لەبەرامبەر ئەو پرسە سیاسییەدا.