په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

تێڕوانینێکى ڕەخنەگرانە لە بارەى ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە.


شاخەوان برایم عەبدوڵا


بەو پێیەى نەتەوەى کورد لەوەتەى هەیە، خاوەن دەوڵەت و کیانێکى سەربەخۆ نەبووە و هەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوە دابووە لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکەدا، ئەمەش بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە شوناسى نەتەوەیی و وەدەستهێنانى مافە ڕەواکانى نەتەوەى کورد کە ئەویش خۆى لە دروستبوونى دەوڵەتى کوردى و کۆکردنەوەى تەواوى کوردان لە چوار چێوەى یەک دەوڵەت و سەرکردایەتى سیاسیدا دەبینێتەوە.


لە هەلومەرجێکى ناسەقامگیر و ژینگەیەکى وا نائارامدا، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگە لە ڕووى سیاسى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى و ئابوورى و ...تاد، لە ڕەوتى گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانى دونیادا دوا دەکەوێت و ئەستەمە بتوانێت پێ بە پێى وڵاتانى پێشکەوتووى دونیا بچێتە پێشەوەو سوود لە ئەزموون و پەرەسەندنەکانى وڵاتان وەربگرێت کە ڕۆڵێکى گرنگیان دەبێت لە پەرەسەندنى کۆمەڵگەدا.


وەک ئاماژە بە بارودۆخى نالەبارى ئەوساى کۆمەڵگەى کوردی درا کە بە هۆى نەبوونى دەوڵەت و کیانێکى سیاسى سەربەخۆ و ململانێى لەگەڵ دەوڵەتانى ناوچەکەدا، لە تەواوى بوارەکاندا تووشى دواکەوتوویی بووە، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بوارى ڕۆژنامەگەریش لەم قەیرانانە بێبەش نەبووە و لە چاو وڵاتانى تردا کاریگەرییەکى ئەوتۆى لە ژیانى سیاسى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى و ...تاد، نەبووە، بۆیە جێگەى هەڵوەستە لەسەر کردنە و پێویستە کەسانى شارەزا و پسپۆڕ بە پێى سەرچاوە و دیکۆمێنت، لێکۆڵینەوە لەم بارەوە بکەن، بۆ ئەوەى خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانى ڕۆژنامەگەرى کوردیمان لە ڕابردوودا بۆ ڕوون بێتەوە، چونکە بەڕاستى هەست دەکرێت کەوا زێدەڕۆیی لە گێڕانەوەى دەکرێت و هەر کەسە و لاى خۆیەوە بە زێڕین و پەرەسەندووى دادەنێت کە ئەمەش جێگەى سەرنج و لێوردبوونەوەیە، بۆ ئەوەى بزانین کە بەڕاستى مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردی زێڕینە و دەبێ شانازى پێوە بکەین، یاخود دەمانەوێت مێژووێکى خەیاڵى دروست بکەین.


هەموو ساڵێک لە 22ى نیساندا، وەک لاسایی کردنەوەیەک، یادى دەرچوونى یەکەمین ڕۆژنامەى کوردى دەکەینەوە، بە هەمان شێوەى ساڵانى ڕابردوو، ئەمیساڵیش یادى 111 ساڵەى ڕۆژنامەى "کوردستان"مان کردەوە کە یەکەمین ڕۆژنامەیە بە زمانى کوردى دەر بچێت.


دیارە 111 ساڵ بۆ مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردى، ماوەیەکى کەم نییە، بۆیە دەبووایە لە ساڵانى ڕابردوودا تاڕادەیەک ئاستى ڕۆژنامەگەرى کوردى باشبووایە، بەڵام بە پێچەوانەوە، دەبینین قۆناغى زێڕینى رۆژنامەگەرى لە کوردستاندا، چەند ساڵێک دواى ڕاپەرینى کوردستان دەستپێدەکات، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ مێژووى ڕۆژنامەگەرى کە گوایە مێژووەکەى بۆ سەردەمى ڕۆژنامەى کوردستان دەگەڕێتەوە، جیاوازییەکى زۆر بەدى دەکرێت، ڕاستە هەلومەرجى ئێستاى کوردستان لەبارترە لە چاو ساڵانى ڕابردوودا، بەڵام خۆ دەبووایە هەندێ سوودمان لە ڕۆژنامەگەرى ڕابردوو وەربگرتایە، بە پێچەوانەوە ئەوەى کە ئێستا ڕۆژنامەگەرى کوردى پێشخستووە، ئەزموونى وڵاتانى پێشکەوتووى دونیایە، نەک ئەزموونى ڕۆژنامەى کوردستان و ئەوانى دواى ئەو کە بە شێوەیەکى پچڕ پچڕ چەند ژمارەیەکیان لێدەرچووە و دواتر وەستاون.


ڕۆژنامەى کوردستان کە یەکەمین ژمارەى لە 22ى نیسانى 1898 لە قاهیرە دەرچووە و دوایین ژمارەشى لە 14ى نیسانى 1902 دەرچووەو کۆى ژمارەکانیشى 31 ژمارە بووە. بابەتى ڕۆژنامەکە سیاسى و مێژوویی و جڤاکى و ئایینى بووە. ئەوەى پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە ڕۆژنامەى کوردستان کاریگەرى بەسەر کۆمەڵگەى کوردییەوە نەبووە، چونکە لەسەر خاکى کوردستان دەرنەچووە. گەشەسەندن و پێشکەوتنى هەر ڕۆژنامەیەکیش، یاخود گۆڤارێک، سەرەتا لەسەر ئاستى کۆمەڵگەى خۆیەوە دەبێت، دواتر بەرەو وڵاتانى دەوروبەرى و پاشان کەم و زۆر لە جیهاندا دەناسرێت، ڕۆژنامەى کوردستان، وەک چۆن لەسەر ئاستى نێوخۆیدا، کاریگەرى و ڕۆڵێکى چالاکى نەبووە، بە هەمان شێوەش لەسەر ئاستى ئەو وڵاتانەى کە لێى دەرچووە، نەبۆتە جێگەى سەرنجى خوێنەران و ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییەى نەبووە کە ئێستاکە بتوانین ئاماژەیان پێ بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانیوە کێشەو مافە ڕەواکانى نەتەوەى کورد، بە جیهانى دەرەوە بناسێنێت! تەنانەت ئەو شوێنانەى کە لێیشى دەرچووە، کێشەى کوردیان لە ڕێگەى ئەو ڕۆژنامەیەوە نەناسیوە، لەوانەیە خەڵکانێک لە وەڵامدا بڵێین چونکە بە زمانى کوردى دەرچووە، بۆیە نەیتوانى بە باشى کێشەى کورد بناسێنێت، پێویستە لە وەڵامى ئەوەدا ئێمەش بڵێین ئەى بۆچى لە کوردستان دەرنەچووە؟ بۆیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە ڕۆژنامەى کوردستان، مومارەسەکردنى کارى ڕۆژنامەگەرى نەبووە، بەڵکو هەوڵ بووە، یاخود بۆ خۆناساندنى ئەو چەند کەسە بووە کە گرەوەکەشیان بردەوە، ئەوەتا ساڵانە یادیان دەکرێتەوە! بە بۆچوونى من، پێویست ناکات لەمەودوادا ساڵانە بەم شێوە فراوانە یادى ڕۆژنامەى کوردستان بکەینەوە، بەڵکو لە جیاتى ئەو یادکردنەوە گەورە و فراوانە، باشتر وایە بیر لە داهاتووى ڕۆژنامەگەرى کوردى بکەینەوە و هەوڵبدەین بە جیهانى بکەین، چونکە گەڕانەوە و خۆ خەریک کردن بە ڕابردووێکى لاواز، بونیادى داهاتووێکى لاوازى لێوە دێتە بەرهەم، بۆیە با بە هەموومان هەوڵبدەین ئەو بونیادە لاوازە دووبارە نەبێتەوە، زۆر ئاساییە ئەگەر بمانەوێت مێژووێکى تازەتر لەو مێژووە بۆ ڕۆژنامەگەرى کوردى بخوڵقێنین.


دواى ڕۆژنامەى کوردستان، چەندین ڕۆژنامە و گۆڤارى تریش بە زمانى کوردى دەرچوون، بەڵام ئەوانیش هیچ جیاوازییەکى بەرچاویان لەگەڵ ڕۆژنامەى کوردستاندا نەبووە، بۆیە پێویست ناکات ئێستاکە لێرەدا باسیان لێوە بکەین، چونکە ئەوانیش زیاتر هەوڵدان بوونە، وەک لەوەى مومارەسەکردنى پیشەى ڕۆژنامەگەرى بووبێتن، لەلایەکى تریشەوە دەبێ ئەوە بڵێین کە زیانیشیان بۆ ڕەوتى رۆژنامەگەرى کوردى هەبووە، بەڵگەشمان ئەوەیە کە ئەوانەى کاریان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا دەکرد، کەسانى ڕۆژنامەنووس نەبوون، بەڵکو ئەدیب و شاعیران بوون کە زمانى ئەدەبیات و زمانى ڕۆژنامەگەرى جیاوازییەکى بەرچاویان لە نێواندایە، ئەگەر هەر لایەک لە لایەکان کاریگەرى بخاتە سەر ئەوەى تریانەوە، بە دڵنیاییەوە جۆرە کەموکوڕییەک لە بوارەکەدا دێتە ئاراوە، بەدڵنیاییەوە ئێستاکەش کاریگەرى ئەدەبیات بەسەر ڕۆژنامەگەرى کوردییەوە دەبیندرێت و ئەمەش زیانى بە ڕەوتى ڕۆژنامەگەرى کوردیمان گەیاندووە.


نە بەزمانێکى ڕۆژناگەرییانە دەتواندرێت داهێنان لە بوارى ئەدەبیاتدا بکرێت، بە هەمان شێوەش، زمانى ئەدەبیات چاوەڕێى ئەوەى لێ ناکرێت کە ڕۆژنامەگەرى پێشکەوتن و پەرەسەندن بە خۆیەوە ببینێت، چونکە ئەدەبیات ئیش کردنە لە تەک خەیاڵ و هەوڵدانە بۆ خوڵقاندنى دونیایەکى جیاوازتر لەو دونیا واقیعیەى کە مرۆڤ تێیدا دەگوزەرێت، بە پێچەوانەوە ڕۆژنامەگەرى ئیش کردنە لە تەک ڕووداوەکانى ڕۆژ و گواستنەوەیانە بۆ بەردەم ڕاى گشتى نێوخۆیی و جیهانى، هەروەها دەرخستنى کەموکوڕیی و زانیارییەکانى ڕۆژە بۆ خوێنەران، پێویستە بگوترێت کەوا ئەدەبیات بۆ خەڵکانێکى دەستەبژێر دەنووسرێت و ڕۆژنامەگەریش بۆ ڕاى گشتى دەخرێتەڕوو، بە واتایەکى تر ، کارى ڕۆژنامەگەرى وەک کامێرایەک وایە، تەنیا وێنەى ئەو شتە دەگرێت کە زوومى کامێراکە دەیبینێت و دواتر وەک خۆى کە هەیە بۆ لایەنى پەیوەندیدار دەیخاتەڕوو، ئەویش بە مەبەستى دۆزینەوەى چارەسەر و بەدواداچوون لە بارەیەوە.


دەتوانین قۆناغى دروستبوونى حیزبە کوردییەکان و دەرچوواندنى ڕۆژنامە و گۆڤار، وەک ئۆرگانى حیزبەکان، بە قۆناغێکى نوێتر لە مێژووى ڕۆژنامەگەرى دەست نیشان بکەین، ڕاستە ئەم قۆناغەش واتە ڕۆژنامەگەرى حیزبەکانیش بێبەش نەبوون لە کەموکوڕى و نا شارەزایی لە بوارەکەدا، بەڵام لە چاو پێشووترى خۆیانەوە جیاوازییەکى زۆر لە نێوانیاندا بەدى دەکرێت، چونکە ڕۆژنامەگەرى حیزبى لە سەردەمى شاخدا تاڕادەیەک توانى دەنگى نەتەوەیەک بەرز بکاتەوە و کاریگەرى دروست بکات لە نێوخۆى کوردستاندا و خەڵکى هوشیار بکاتەوە لە دۆزى ڕەواى نەتەوەى کورد و تاڕادەیەک هانى جەماوەرى کوردستان بدات کە پشتگیرى لە بزووتنەوەى ئازادیخوازى کوردستان و شۆڕشەکانى بکەن.


ڕۆژنامەگەرى کوردى لە قۆناغى شاخ و ژیانى پێشمەرگایەتیدا، جۆرە پێشکەوتنێکى ترى بە خۆیەوە دیوە، ئەویش دامەزراندنى چەند ڕادیۆیەک بووە کە لەسەر شاخەکانەوە دروشم و چالاکییەکانى حیزبەکانیان ڕادەگەیاند کە هەموومان دەزانین دەنگى ڕادیۆ زووتر دەگاتە خەڵکى، بەراورد لەگەڵ ڕۆژنامەگەرى خوێنراو، بۆیە دەتوانین بڵێین ڕادیۆکانى سەردەمى شاخ کاریگەرییەکى باشیان بەسەر خەڵکییەوە هەبووە و پێویستە ڕۆڵیان فەرامۆش نەکرێت و لەبەرانبەریشدا دەبێ ئەوان لەم قۆناغەدا زیاتر خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن و ڕۆڵێکى چالاکانەتریان هەبێت لە گواستنەوەى هەواڵ و پێشکەش کردنى بەرنامەى مەیدانى و بەدواداچوون لەسەر پرسە سیاسى و کۆمەڵایەتى و هەوڵدان بۆ بڵاو کردنەوەى هەستى پێکەوە ژیانى نەتەوە و مەزهەب و پێکهاتە جیاجیاکانى کوردستان لە کارە سەرەکییەکانیان بێت.


ڕاپەڕین ئەو بزووتنەوە کاریگەرە بوو کە چەندان گۆڕانکارى گەورەى لەگەڵ خۆیدا هێنایە ئاراوە، دامەزراندنى حکومەت و پەرلەمانى کوردستان دوو لەو دەسکەوت و گۆڕانکارییە گەورانە بوون کە بۆ خەڵکى کوردستان هاتنەکایەوە.


کۆمەڵگەى دواى جەنگ، یان دواى بزووتنەوە و شۆڕشەکان، کۆمەڵگەیەکى وێرانە لە تەواوى بوارەکاندا، بۆیە پێویستى بە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەیەکى خێرا هەیە، بۆ ئەوەى دووبارە بارودۆخەکەى ئاسایی بێتەوە و بونیاد بندرێتەوە. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکى تر قسە لەسەر کۆمەڵگەى کوردى لە دواى ڕاپەرین بکەین، دەبینین ئەو کۆمەڵگە وێرانە بووە کە لە تەواوى بوارەکاندا لە قەیران دابووە، ئەمەش بە هۆى سیاسەتى ڕژێمى بەعس و ململانێى بەردەوامى لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە و ئەشکەنجەدانى هاووڵاتییانى کوردستان بووە، بۆیە دەبووایە دەسەڵاتى سیاسى کوردستان ئەوەیان لەبەر چاو بگرتابووایە و بە زووترین کات هەوڵى بونیادنانى کۆمەڵگەیەکى تەندروستیان بدابووایە، بەڵام بە داخەوە بە هۆى هەڵگیرسانى شەڕى نەگریسى ناوخۆ لە نێوان حیزبە سەرەکییەکاندا، دووبارە کۆمەڵگەکەمان ڕووبەڕووى کێشە بۆیەوە.


ئەگەر جاران ڕۆژنامەکان دژى دوژمن دەهاتنە دەنگ و پەیامى بەرگریکردن لە نەتەوەى کوردیان بەرز دەکردەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە پێچەوانەوەى پێشوویان، دژى یەکترى هاتنەگۆ، هەرچى نهێنى و سەروەرى یەکترى هەبوو، بۆ دوژمنەکانى کوردییان ئاشکرا کرد، بێ لەبەر چاوگرتنى سەروەرى و ئاسایشى هەرێمەکەمان، بۆیە دەتوانین بڵێین بەشێک بوون لە گەورەکردنى شەڕى برا کوژى کە نەدەبووایە ڕۆژنامەگەرى کوردى یاخود ڕۆژنامەگەرى حیزبى ئەم ڕۆڵە نێگەتیڤە بگێڕێت، ئەگەرچى سەر بە حیزبەکانیش بوون، دەبووایە دژى ئەم شەڕە نەگریسە هەڵوێستیان هەبووایە و پێش هەموو کەس دەنگى ناڕەزایی بەرز بکەنەوە، چونکە ئەوان نموونەى ڕۆشنبیرى و تێگەیشتن بوون، بە بەراورد لەگەڵ خەڵکانى ئاسایی و هەڵچووى ئەوساى کۆمەڵگەى کوردى.


بە دڵنیاییەوە لە قۆناغى پێش ئازادى عێراق، تا سەردەمى ڕۆژنامەى کوردستان، دەیان لایەن لە بوارى ڕۆژنامەگەرى کوردى ماون کە ئاماژەیان پێ بدرێت، خودى ڕۆژنامەى کوردستان، ئەگەرچى کاریگەرییەکى ئەوتۆشى نەبووە لە سەردەمى خۆیدا، بەڵام هەر بوونى باشترە، وەک لە نەبوونى، ئەمەش پێویستى بە لێکۆڵینەوەیەکى وردى مێژوویی هەیە تا بە وردى لەسەر مێژوو و ڕۆڵى ڕۆژنامەگەرى کوردى بدوێین، بە پێچەوانەوە بە هۆى نووسینى بابەتێکى لەم شێوەیە، ناتواندرێت وەکو پێویست تەواوى لایەنەکان بەسەر بکەینەوە و دەست نیشانى ڕەهەندە باش و خراپەکانى مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردى بکەین.


ئێستاکە بە زێڕینترین قۆناغ لە مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردى دادەندرێت، چونکە لە تەواوى بوارەکاندا گەشەى کردووە و بە دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و سایتى ئەلیکترۆنى و دەزگەى جۆراو جۆرى ڕاگەیاندنى حیزبى و حکومى و ئەهلى هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە و لە ڕووى پەخش و بڵاوکردنەوە و دیزاین و پرۆفشناڵییەوە لەم قۆناغەدا بوارەکانى ڕۆژنامەگەرى تاڕادەیەک بایەخیان پێدراوە، ئەمەش لە ژێر کاریگەرى میدیاى جیهانیدایە و هەلومەرجەکە لە چاو جاران لەبارترە بۆ ڕەخساندنى مومارەسەکردنى پیشەى ڕۆژنامەگەرى بە تەواوى جۆرەکانییەوە.


لەگەڵ ئەوەى کە ڕۆژنامەگەرى لەم قۆناغەدا پێشکەوتنى بەخۆیەوە دیوە و لە چاو ساڵانى زوودا لە قۆناغى زێڕیندایە، بەڵام دەبینین دەیان و سەدان کەسى ناشارەزا و دوور لە ئیتیکى ڕۆژنامەگەرییانە خزاونەتە نێو هۆکارەکانى ڕۆژنامەگەرییەوە و بەم هۆیەوەش جۆرە فەوزایەک لە نێوەندەکەدا دروست بووە. ڕۆژانە ڕۆژنامە و گۆڤار و تەنانەت کەناڵى تەلەفزیۆنی و سایتى ئەلیکترۆنى تازە دروست دەبن کە هەندێکیان پابەند نابن بە ئیتیکى کارى ڕۆژنامەگەرییەوە، لەم یەک دوو ساڵەى ڕابردوودا بە شێوەیەکى بەرچاو، تەشهیرکردن و ناوزڕاندنى خەڵکى زیادى کردووە کە لە هیچ شوێنێکى دونیادا شتى وانییە، ئەمەش بۆ ئەم بۆچوونە هەڵەیە دەگەڕێتەوە کە پێى وایە ڕۆژنامەگەرى واتە (بوێرى و چاونەترسى) بە پێچەوانەوە ڕۆژنامەگەرى ماناى بوێرى و چاونەترسى ناگەیەنێت، بەڵکو ڕاستگۆیی و خێرایی لە گەیاندن و بە دواداچوونى جیدى و ....تاد، دەگەیەنێت، ئێستاکە لە نێوان ڕۆژنامەگەرى حیزبى و حکومى و ئەهلیدا، ململانێیەک هاتۆتە ئاراوە کە هەر لایەک پێى وایە حەقیقەت لاى ئەوە و بیریان چۆتەوە کە هەمووان تەواوکەرى یەکترن و دەبێ بە یەکەوە کار بکەن بۆ هوشیار کردنەوەى خەڵکى و گەیاندنى زانیارى و دەرخستنى کەموکوڕییەکان و پەروەردەکردنى نەوەیەکى تازەى خاوەن ئیرادە و فیکر کە بتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى دونیادا خۆى بگونجێنیت و سوودى بۆ خزمەتکردنى کۆمەڵگەکەى هەبێت.


بەو پێیەى کە ئێستاکە ڕۆژنامەگەرى لە کوردستاندا دابەش بووە بەسەر چەند جۆرێکەوە کە هەمووان بە پێى شارەزایی و ئاڕاستەى فیکرى و تێڕوانین و ئامانجى خۆیان مومارەسەى پیشەکەیان دەکەن، ئەگەرچى جار جارە لێرە و لەوێ ڕۆژنامەنووسان بە هۆى مومارەسەکردنى پیشەکەیانەوە ڕووبەڕووى توندوتیژى جەستەیی و دەروونى دەبنەوە، بەڵام هێشتاکە نەبۆتە هۆى ئەوەى کە ڕۆژنامەنووسان دەست لە پیشەکەیان هەڵگرن، بە پێچەوانەوە زیاتر هەست دەکرێت کە بوارەکە لە گەشەسەندن دایە و ئەمەش جێگەى دڵخۆشییە بوارى ڕۆژنامەگەرى گەشە بکات، چونکە بە هۆى بوونى ڕژِۆنامەگەرییەکى چالاک و تەندروست، تاکەکانى کۆمەڵگەکەمان زیاتر چاو کراوەتر دەبن و دەبێتە هۆى چاودێرییەکى باش بەسەر کارەکانى حکومەتەوە کە ئەمەش سوودى بۆ تەواوى هاووڵاتیانى کوردستانەوە هەیە بە تەواوى چین و توێژەکانییەوە.


پێویستە لێرەدا باسى جۆرەکانى ڕۆژنامەگەرى کوردى بکەین کە ئەوانیش خۆیان لە ڕۆژنامەگەرى حیزبى و حکومى و ئەهلیدا دەبینێتەوە، بە بۆچوونى من هەر یەک لە جۆرەکان ئاراستە و دیدگە و تایبەتمەندى خۆیان هەیە لە مومارەسەکردنى پیشەکەیان، هەروەها هەریەک لەمانەش مافى خۆیانە بە ئازادى مومارەسەى پیشەکەیان بکەن و کۆسپ نەخرێتە بەردەم کارکردنیان و بە سووک تەماشا نەکرێن.


ڕۆژنامەگەرى حیزبى لە کوردستاندا، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى دروستبوونى حیزبەکان لە شاخدا، دیارە هەر حیزبە و ئامانج و بەرنامە و پلانێکى تایبەت بە خۆى هەیە بۆ ئەوەى لە پێناویدا خەبات بکات چ لە ڕووى چەکدارییەوە بێت یاخود لە ڕووى هۆکارەکانى ڕاگەیاندنەوە بێت، دیارە حیزبە کوردییەکانى کوردستان هەم لەڕووى خەباتى چەکدارى و هۆکارەکانى ڕۆژنامەگەرییەوە، هەوڵى بەدیهێنانى ئامانجەکانى خۆیان داوە، بۆیە ڕۆژنامەگەرى هۆکارێکى گرنگ بووە لە ژیانى حیزبایەتیان بۆ گەیاندنى دەنگ و ئامانج و پەیامى حیزب بە هاووڵاتییانى کوردستان، هەروەها هۆکارێکیش بووە بۆ بەگژداچوونەوەى دوژمن و بەرگریکردن لە نەتەوە و پەروەردەکردنى ئەندامان و کادیرانى خۆیان لە ڕووى تێگەیشتن و ئەدەبیاتى حیزبەوە.


بە پێچەوانەوە لە سەردەمى ئێستاماندا، ئەرکى ڕۆژنامەگەرى حیزبى گۆڕانکارى بەسەر داهاتووە، ئەویش لە ژێر کاریگەرى ڕۆژنامەگەرى ئەهلیدا، زۆر جار دەبینین ڕۆژنامەگەرى حیزبى ڕەخنە لە حکومەت و تەنانەت لە حیزبەکەى خۆشى دەگرێت کە ئەمەش جێگەى خۆشحاڵییە گۆڕان لە تێڕوانین و دیدگەى ڕۆژنامەگەرى حیزبیدا ڕووبدات، چونکە حیزب و ڕۆژنامەگەری حیزبیش بەشێکى گرنگن لە کۆمەڵگە و نابێت ڕۆڵ و کاریگەرییان لە بیر بکرێت، هەرچەندە سەرنج و تێبینى زۆر هەن لەسەر ڕۆژنامەگەرى حیزبى کە زیاتر داخراو و ئاراستەکراون و بەردەوام خەریکى شاردنەوەى کەموکوڕییەکانن و پڕوپاگەندە بۆ حیزب دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارى باشیان کردووە و دەبێت لەبەر چاوى بگرین، چونکە ئەو ئەرکەى کە ڕۆژنامەگەرى ئەهلى پێى هەڵدەستێت، ڕۆژنامەگەرى حیزبى بەو پێیەى کە ئۆرگانى حیزبێکە و دەبێ بە پێى بەرنامە و ڕێنمایی و ئارمانجەکانى حیزب کار بکات، بۆیە ناتوانێت هەمان ڕۆڵ بگێڕێت و دژى بەرژەوەندییەکانى حیزب کار بکات و بەدواداچوونى ڕۆژنامەگەرییانە ئەنجام بدات کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى حیزب نەگونجێت، ئەمەش بۆ ڕۆژنامەگەرى حیزبى حاڵەتێکى ئاساییە و لە دونیادا وایە.


هەروەک چۆن گوتمان ڕۆژنامەگەرى حیزبى کارێکى ئاسایی و سروشتییە کە مومارەسەى پیشەکەى بکات، بە هەمان شێوەش ڕۆژنامەگەرى حکومیش شتێکى سروشتیی و ئاساییە بۆ گواستنەوەى هەواڵ و کار و چالاکی و بەرنامە و پلانى دامەزراوەکانى حکومەت کار بکات ، بەڵام ئەوەى لێرەدا پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکرێت و بپرسین کە ئایا بەڕاستى ڕۆژنامەگەرى حکومى لە کوردستاندا ڕۆڵێکى کاریگەرى هەبووە؟ یاخود توانیویەتى دەست نیشانى کەموکوڕییەکانى حکومەت بکات لە ڕێگەى نووسین و نیشاندانەوە بە مەبەستى دۆزینەوەى چارەسەر و پێشکەشکردنى پێشنیارى بەجێ و بونیادنەرانە تا دامەزراوە پەیوەندیدارەکانى حکومەت بەدواداچوونیان لەسەر بکەن؟


لە ڕاستیدا ڕۆژنامەگەرى حکومى لە کوردستاندا، ڕۆڵێکى ئەوتۆ و پۆزەتیڤى نەبووە لە هوشیارکردنەوەى هاووڵاتییان و ئاڕاستەکردنیان بەرەو کرانەوە و هەستکردن بە لێپرسراوێتى بە تایبەتى لە نێو فەرمانبەرانى حکومەت، چونکە بەڕاستى ئێستاکە لە کوردستاندا ڕووبەڕووى چەندین قەیران و دیاردەى خزم خزمێنە و کێشەى گەندەڵى بووینەتەوە کە دیارە هەندێ لە فەرانبەرانى حکومەت لەو مەسەلانەدا بەرپرسیارن. هەروەها لە بارەى ئەوەى کە ڕۆژنامەگەرى حکومى توانیویەتى کەموکوڕییەکان دەست نیشان بکات، دیارە لەم بوارەدا لە ئاستێکى زۆر نزمدایە، تەنیا ئیش لەسەر ئەوە دەکات کە چالاکییەکانى حکومەت بگوازێتەوە و چالاکى بچووک بە پرۆژەى گەورە و ستراتیژى وەسف دەکات کە دیارە ئەمەش دەبێتە هۆى نەمانى متمانە لاى خوێنەران و بینەرانى ڕۆژنامەگەرى حکومى، چونکە خەڵکى ئێستاکە زۆر لەوە هوشیارترن بە ئاسانى بڕوا بە هەموو قسەیەک بکەن، لە لایەکى تریشەوە ڕۆژنامەگەرى حکومى نەیتوانیوە یاخود نەیویستووە ئیش لەسەر دەرخستنى بەرنامە و پلانى حکومەت بکات بۆ ساڵانى دواهاتوو تا خەڵکى بزانن لە چەند ساڵى داهاتوودا، حکومەت چ پرۆژەیەکى خزمەتگوزارى ئەنجامدەدات، بودجەکەى چەند دەبێت، کەى تەواو دەبێت، چونکە هاووڵاتى مافى خۆیەتى ئەم شتانە بزانێت، بەڵام تا ئێستاکە وەک پێویست ئیشى لەسەر نەکراوە و ئەمەش خاڵێکى ترى لاوازى ڕۆژنامەگەرى حکومییە کە پێویستە فەرامۆش نەکرێت.


دەتوانین بڵێین کە ڕۆژنامەگەرى حکومى لەو ئاستە بەرزەدانییە بە هوشیارییەوە مومارەسەى پێشەکەیان بکەن، بەڵگەشمان ئەوەیە لە کەناڵى ئاسمانى نەورۆز کە کەناڵێکى حکومییە، لە کاتى پڕوپاگەندەکردن بۆ قەدەغەکردنى جگەرەکێشان یاخود کەمکردنەوەى ، ڕاستەوخۆ دواى پڕوپاگەندەکە لەسەر شاشەى نەورۆز تیڤى گۆرانییەک دابەزیوە کە هونەرمەندەکە جگەرەى بەدەمەوە بووە و یەک بە شاشەکە دووکەڵى جگەرە بڵاو بۆتەوە، من لەو دوو دیمەنەدا ئەوە دەخوێنمەوە کە هەندێ لەوانەى لەو کەناڵەدا کار دەکەن، شارەزاییەکى تەواویان لە بوارەکەدا نییە، ئەگینا چۆن هەڵەى وا زەق بەسەریاندا تێدەپەڕێت، چونکە ئەوە جۆرە ئیزدیواجیەتێک لاى هەندێ لە بینەران دروست دەکات و دەبێتە هۆى ئەوەى کە ئەو بینەرانە نازانن کام ڕێگە بگرنە بەر! جگەرە بکێشن و بکەونە ژێر کاریگەرى هونەرمەندەکەوە! یان بکەونە ژێر کاریگەرى ڕیکلامەکەوە! هەرچەندە من سایکۆلۆژیست نیم، بەڵام دڵنیام کە کاریگەرییەکى نێگەتیڤى بەسەر بینەرانەوە هەیە، بە تایبەتى کەسانى ئاسایی و تازە پێگەیشتووان، چونکە تازە پێگەیشتووان زوو دەکەونە ژێر کاریگەریی دەوروبەر و ژینگەوە، بەتایبەتى کارەکتەرەکانى سەرشاشە و هۆکارەکانى ترى میدیاوە.


چەند ساڵێکە جۆرە مۆدێلێکى ترى ڕۆژنامەگەرى لە کوردستاندا دروستبووە کە ئەویش ڕۆژنامەگەرى ئەهلییە، یاخود سەربەخۆ، دەبێ ئەوە بگوترێت ئەم جۆرە مۆدێلەش لە ژێر کاریگەرى ڕۆژنامەگەرى ئەهلی جیهانیدایە، بە بۆچوونى من ئەوانیش ئێستاکە لە کوردستاندا بوونەتە دوو جۆر، بۆیە هەوڵدەدەین ئەگەر بە کورتیش بێت باسى هەردوو جۆرەکە بکەین، ئەگەرچى لەوانەیە وەک پێویستیش نەتوانین تیشکیان بخەینەسەر، بەڵام بە هەرحاڵ دەبێ باسیان بکەین، چونکە لەم قۆناغەدا واقیعێکە و دەبێ قسەى لە بارەوە بکرێت.


جۆری یەکەمیان، کەسانى دڵسۆزن و مەبەستیان تەنیا دەرخستنى ڕاستییەکانە و ئیش لەسەر ئەوە دەکەن کە بە شێوەیەکى تەندروست فشار بخەنە سەر حکومەت بە مەبەستى زیاتر کارا بوون و نەهێشتنى گەندەڵى و کەموکوڕییەکانى حکومەت لە بارەى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمە مۆدێلێکى تازەیە لە مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردیی، بۆیە پێویستە بایەخى پێ بدرێت و کاراتر بکرێت، بۆ ئەوەى بتواندرێت وەک چاودێرێک بەسەر کارەکانى حکومەتەوە ڕۆڵ ببینێت و وەک خۆى کە هەیە هەواڵ و زانیارییەکان بۆ ڕاى گشتى بگوازێتەوە.


جۆرى دووەمیان، پێکهاتوون لە کۆمەڵێ کەسى توڕە لە حکومەت و حیزبەکان، دەیانەوێت لە ڕێگەى ڕۆژنامەگەری ئەهلییەوە یاخود لە ژێر ناوى بێلایەنى و سەربەخۆبوونەوە، بە زمانێکى زبر و توڕە، ڕەخنە لە حکومەت و حیزبەکان بگرن، دیارە ڕەخنەگرتن کارێکى ئاسایی هەر هاووڵاتییەکە لە پێناو باشترکردنى ئەداى کارکردنى حکومەت بیگرێت، بەڵام دەبێت مافى بەرانبەرەکەى پێشل نەکات بە ناوى ئازادى ڕادەربڕین و بێلایەنییەوە، چونکە ئەگەر هەر ڕۆژنامەیەک، یاخود ڕۆژنامەنووسێک بە مەبەستى تەشهیرکردن و بە زمانى زبر ڕەخنەى گرت، بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندى ڕۆژنامەگەریدا نییە و بیەوێت و نەیەوێت دەچێتە ڕیزى ئۆپۆزسیۆنەوە، بە پێچەوانەوە ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووس نابێت ڕۆڵى ئۆپۆزسیۆن بگێڕن.


ئۆپۆزسیۆن داواى گۆڕان و چاکسازى لە بەرنامە و کارەکانى حکومەتدا دەکات و لەو پێناوەدا خەبات دەکات بۆ ئەوەى بگات بە دەسەڵات و ئەو بەرنامەو کارانەى کە خۆیان دەیانەوێت لە حکومەتدا پیادەی بکەن. بەڵام ڕۆژنامەگەرى ئەهلى ئەرکى ئەوەیە تەنیا هەواڵ و زانیارى لە ڕێگەى هۆکارەکانى ڕاگەیاندنەوە بۆ هاووڵاتیان بگوازێتەوە و نەچێتە ژێر قورسایی و بارى هیچ لایەن و کەسێکەوە، چونکە ئەگەر کەوتە ژێر کاریگەرى و قورسایی کەسێکەوە یاخود لایەنێکەوە، ڕاستەوخۆ لە ئەهلى بوون و بێلایەنى دەردەچێت و دەبێتە داردەستى کەسان و لایەنى ترەوە، بۆیە دەبێت ڕۆژنامەگەرى ئەهلى ئەوە لەبەر چاو بگرن و بێلایەنى و سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، بۆ ئەوەى متمانەى هاووڵاتیان لەدەست نەدەن، چونکە بوونى متمانە بۆ ڕۆژنامەگەرى خاڵێکى گرنگە بۆ پێشکەوتن و لە دەست نەدانى بینەر و بیسەر و خوێنەرانى.


لەگەڵ ئەوەى کە ئێستاکە بە قۆناغێکى زێڕین لە مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردى دادەندرێت، بەڵام ئەم قۆناغەش بەدەر نییە لە لاوازى و خاڵى نێگەتیڤ لە بوارى ڕۆژنامەگەریی کوردییەوە، ئێستاکە فەوزایەک، یاخود لەشکرێک لە ڕۆژنامەنووسى ئاڕاستەکراو و ناڕاستەقینە هاتوونەتە نێو گۆڕەپانەکەوە و شارەزاییان لە پیشەکەى خۆیاندا کەمە، بەڵکو بۆتە جۆرێک لە بازرگانیکردن و خۆدەرخست لەسەر حیسابى خوێنەرانى سادە.


ئەمە جگە لەوەى کە هەرسێ جۆرە ڕۆژنامەگەرییەکە خاوەنى گوتارێکى یەکگرتووى نەتەوەیی و ڕۆشنبیرى نین کە لە دواییدا تەواوى تاکەکانى کۆمەڵگە لێى سوودمەندبن، بە پێچەوانەوە هەرکەسە و لە لاى خۆیەوە بێ ئەوەى ئاگاى لە هاوپیشەکانى ترى بێت، کار دەکات و بەرانبەرەکەى ڕەت دەکاتەوە، بێگومان ئەمەش زیانى بۆ سەر ڕەوشى ڕۆژنامەگەرى لە کوردستاندا دەبێت، بۆیە زۆر پێویستە گوتارى ڕۆژنامەگەرى لە چەند خاڵێکدا یەکبگرێتەوە کە کۆمەڵگەکەمان بە ئاقارێکى باشدابەرێت.


ئەم وتارە تێڕوانینێکى ڕەخنەگرانەى خێرا بوو لە بارەى مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردییەوە، دڵنیام دەیان لایەن و چەندین قۆناغى تریش لە مێژووى ڕۆژنامەگەرى کوردیدا ماون و تیشکیان نەخراوەتەسەر، بۆیە دەکرێت مێژوونووسان و شارەزایانى ئەم بوارە بایەخى زیاترى پێبدەن و لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانى ڕۆژنامەگەرى کوردى لە ماوەى ئەم سەد و چەند ساڵەى ڕابردوودا بخەنەڕوو تا لە داهاتوودا بەرچاو ڕوونییەک لەم بوارە گرنگەدا هەبێت.

 


Shaxewan_braim@yahoo.com