په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١٠\٢٠١٦

تێڕوانینی جیاواز

لە نێو کۆمۆنیستی کرێکاریی سەبارەت بە شەڕی موسڵ.

 

 

با دیالۆگی مارکسیی پێوەرمان بێ. - چەند قسەیەک لەگەڵ هاوڕێ موحسین کەریم -. حەمە غەفور

ئازادیی موسڵ یان ھۆلۆکۆستێکی دیکە. لاوژە ماهیه

شەڕی دژی داعش و مەترسییەکانی سەر خەڵکی موسڵ. ئاسۆ کەمال
چەند سەرنجێک لەسەر شەری موسڵ و هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان. عامر سابیر
لە یەکەم رۆژی جەنگی موسڵدا: پێویستبوونی ھاوپشتیی بەرەی ئازادیخواز لە جیهاندا! نوری بەشیر
جیهانی شارستانیی و به‌ره‌ی مرۆڤی ئازادیخواز.. ئه‌م بێده‌نگه‌ییه‌ بشکینن، با بۆ بەرگریی لە خەڵکی موسڵ بێینە مەیدان. دەشتی جەمال

داوای راوەستانی جه‌نگی ئێستا له موسڵ لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێ بەرگرییە لە مانەوەی داعش. حەمە غەفور

ئەم جەنگە پێویستە بوەستێ! ئاوابوونی خوێناویی ''سیستەمی نوێی جیهانی''ی ئەمەریکا! سامان کەریم

 

 

با دیالۆگی مارکسیی پێوەرمان بێ.

- چەند قسەیەک لەگەڵ هاوڕێ موحسین کەریم -.

حەمە غەفور     

کورتەیەک.


دیالۆگی تەندروست پڕەنسیپ ‌و ستانداردی خۆی هەیە. تەندروست واتە ڕێچکەی ئاسایی بگرین‌و بنەمامان ئەوە بێت راستیی دەرخەین، نەک ڕاستی وەکو دۆگم تەماشاکەین‌. پابەندبوون بە پڕەنسیپەکانی دیالۆگێکی مۆدێرنەوە هێمایە بۆ ئاستێکی باڵای تێگەییشتنی لایەن لەبارەی جیاوازییەکانەوە بە گشتی‌و جیاوازی بیروڕاش دەربارەی مەسەلەیەکی دیاریکراو. تایبەتتریش دیالۆگێکی مارکسیستی دەتوانێت‌و دەبێت پشت بە پڕەنسیپەکانی ئەم جیهانبینییە مرۆییە ببەستێت، کە پیرۆزیی مرۆڤ تیایدا مەبەست ‌و نێوەندە. مادام دەرکەوتی دیاردەکان ماهییەتی ئەوان بێ کەموکوڕی پێچەوانە ناکاتەوە، وەڵامی ئەم کێشەیەی هزر، دەستبەجێ پێویستیی زانست دێنێتەئاراوە. دیالۆگیش ئامڕازێکی کارکردنە لەسەر پەیبردن بە قانوونمەندی دیاردەکان‌و بەرجەستەکردنیان وەکو دراوی زانستی کە راستییمان بۆ بەرجەستە دەکەن.

چەند خاڵێک بۆ هاوڕێ موحسین کەریم؛

یەکەم، لە کۆمێنتەکانتدا بۆ وەڵامی من شێوەو ئاوازێکی نەشیاوت هەڵبژاردووە، کە هەڵچوونی پێوە دیارەو تاڕادەیەک هاوسەنگی مارکسیستیانەت لەق بووە. گوایا وەڵامی من ئەدەیتەوە، بەڵام بێزاریی ‌و بێ حەوسەڵەیی زاڵە بە گشتی بەسەر قسەکانتدا.

دووەم، تۆ لەگەڵ من باس‌و دیالۆگ دەکەیت، بازدانت بۆ هێنانەپێشی "کۆنگرەی نەتەوەیی کورد"و ئەم شتانە پەیوەندی بەم مەسەلەیەوەو بە منەوە چییە؟

سێیەم، تۆ دەڵێیت بەیانی حیزب شەڕی لێدان لە داعشی مەحکوم نەکردووە! زۆر باشە ئەمە تۆ وا دەڵێیت، یان باشترە بڵێم لێکدانەوەی تۆیە بۆ هەڵوێستی حیزب، وە ئەمە خۆی ناکۆکییەکە تۆ نیشانتداوە بەرانبەر بە هەڵوێستگیری حیزب. چونکە ڕاگەیاندنەکەی حیزب وا ناڵێت، بگرە وێنایەک کە لەو بەیانە خۆی دەردەخات ئەوەیە، دروشمێکە و بەرزکراوەتەوە تا شەڕی موسڵ ڕاگیرێت! ئەگەر وایە ئەمەی تۆ هەنگاوێکی پۆزەتیڤە و جێگای پێشوازی منیشە. فەرموو تۆ وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی هەوڵی چاککردنی ئەو هەڵویستگیرییە بدەو ئێمەش چاوەڕوان دەبین ڕابەرایەتی ئەم حیزبانە چاوگێڕانەوە بکات بەم سیاسەتەیاندا.

چوارەم، تۆ وە زۆرێک لە هاوڕێیانی ترم لە نێو حیزب، پەیتا پەیتا وتارەکانی هاوڕێ مەنسور حکمەت وەبیر من دێننەوەو تەنانەت دایشی دەنێن‌و بڕگەی لێ دەردێنن گوایا من هەڵوێستی مارکسیستانەی هاوڕێ مەنسورم لەبەر چاونەگرتووە. بەڵام بەسەر ئەو ڕاستییەدا هەنگاودەنێن کە من خۆم ڕێک بە مێسۆدی مەنسور حکمەت‌و هەڵوێستی ئەو سەبارەت جەنگی ئەفغانستان، هاتووم ڕەخنەم لە هەڵوێستی ئێستای هەردوو حیزب گرتووە لەبارەی جەنگی ئێستای موسڵەوە. بە ووردی توێژینەوەم لەسەر کردوە و بەتایبەتیش بەشی چوارەمی (دنیا دوای ١١ی سەپتێمبەر، بەشی چوارەم، دوای ئەفغانستان). ئەم بڕگە تایبەتەم بۆیە لێی هەڵبژاردووەو هێناومەتەوە، مەنسور حکمەت:"شه‌ڕ ڕاگه‌ياندنى هيچ كه‌سيك، ته‌نانه‌ت ئەمەریکا و رۆژاوايش، له‌دژى تاليبان ناكرێ مه‌حكوم بكرێت. تاڵيبان ده‌بێ بڕوات‌و سه‌ره‌نجام ده‌بێ هه‌ر له‌ڕێگاى زه‌بروزه‌نگ‌و كرده‌وه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ بڕوات. دوژمنايه‌تى رۆژاوا له‌گه‌ل تاليباندا باشتره‌ وه‌ك له‌دۆستايه‌تى تائێستايان. هيچ كه‌سێك به‌ر به‌ پێچانه‌وه‌ى ده‌ورودوكانى مرۆڤكوژانێك ناگرێت كه‌ رۆژاوا خۆى هێناونييه‌ سه‌ركار. به‌ڵام له‌نێوان جه‌نگ‌و تيرۆردا جياوازى هه‌يه‌. كرده‌وه‌كانى ئەمەریکاو بەريتانيا له‌ ئه‌فغانستان تيروريستييه‌. بۆمبارانى شاره‌كان‌و ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە ئه‌فغانستان ده‌بێت مه‌حكوم بكرێت‌و ڕابگيرێت". تا ڕەخنەکەم لە بارەی هەڵویستگیری نامارکسیستیانەی هەردوو حیزب پشتڕاستکەمەوە.

داواکارم لە هاوڕێ موحسین کەریم زەحمەتبکێشێت، لەبارەی ئەم بڕگەیەی من دامناوە لە وتارەکەمدا، بە دیاریکراوی قسەی خۆی بکات؟ چونکە من پێموایە هەردوو حیزب‌و هاوڕێ ڕێبوارو موحسینیش دەرگیری ئەم ناکۆکییە بوون لەگەڵ هەڵویستەکانی مەنسور حکمەت‌. ئەو دەڵێت، با تاڵیبان بڕوات، هاوڕێیان دەڵێن؛ با شەڕ ڕاگیرێت. داوای ڕاگرتنی جەنگی ئێستا لە موسڵ ئەچێتە خانەی بەرگری لە مانەوەی داعش! پێداگری لەسەر هەڵوێستەکەی ئێستایان دەیانخاتە بەرانبەر مەنسور حکمەت‌و هەڵوێستگیرییەکی کۆمۆنیستیی کرێکاریی، جا یان خۆیان هەڵیانبژاردووە، یاخود هەڵەیەکەو بەسەریاندا ڕۆییشتوە؟ لە هەردوو بارەکەدا ئێمە هۆشدارییمان پێیانداوە.

پینجەم، بەمپێیەو دوای ئەم ناکۆکییە ئاشکرایەی هەڵوێستی ئێوە لەبارەی شەڕی موسڵەوە، کە خۆی لەوەدا بەجەستە دەکات، لێگەڕێن با داعش لە موسڵ بمێنێتەوە! وە دوای ڕەخنەکانی من‌و هاوڕێیانێکی تریش، ئێوە هەر درێژەئەدەن بە پاساوەکانتان بۆ پاسیفیزمێک‌ کە تەرحتان کردووە، یاخود بۆ هەڵوێستێکی چەپی دژە ئیمپریالیستی کە تێیکەوتوون. ئێوە لە ڕاگەیاندنەکانتاندا دەڵێن؛ جیهانی شارستانی وەکو خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٣ دژی جەنگی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان‌و عێراق بێتە دەرەوەو ئەم شەڕە ڕابگرێت! بەڵام پرسیار ئەمەیە لێرەدا، ئایا ئەو خەڵکەی لەژێر چەپۆکی ڕەشی داعشدا دیل و بارمتەکراون، مەگەر بەشێک نین لە جیهانی شارستانی!؟ بۆچی ئێوە بەم هەڵوێستە چەپڕەوە دژی ئیمپریالییەتان ناتوانن بایەخی ڕزگاربوونی ئەو ملیۆن‌و سێ سەد هەزار مرۆڤە بنرخێنن کە تەنها لە نێو شاری موسڵدا کۆیلەکراون لەلایەن داعشەوە؟! سەرباری ئەوانەش ئایا ئێوە هیچ رێزێک لە ڕای ئەم ڕیزە لە کادیر و ئەندامانی حیزبەکانتان دەگرن یان نا؟

شەشەم، بەجیا لە زمانی دیالۆگ‌و ناهاوڕێیانەی، هاوڕێ موحسین پێی خۆشە من بخاتە بەرەی دوژمنی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و عێراقەوە، وەکو لەم دێڕەی پۆستێکیدا هاتووە: "هەر مرۆڤێك کە دوژمنایەتی هزریی و سیاسی بەرچاوی تاریك نەکردبێت"، بێ ئەوەی هیچ بەهایەک دابنێت بۆ تەمەنێک لە خەبات‌و تێکۆشانی نەپچڕاو، کە من‌و هاوڕێیانێکی تریش لە ڕێگای شێوەپێدان ‌و پێگەیاندنی کۆمۆنیزمی کرێکاریی عێراق‌و کوردستان‌و ئەم حیزبانەشدا بەسەرمانبردووە. بە پێچەوانەی هاوڕێمەوە من هێشتا خۆم بە ئەندامی ئەو بزووتنەوە کۆمۆنیستییە کرێکارییە دەزانم‌و تەنانەت هەردوو حیزبیش بە نزیکترین سەنتەری چەپ‌و کۆمۆنیستی لە خۆم دەزانم‌و بەرگرییان لێدەکەم. بۆیە هیوادار و خوازیارم لەسەر ئەم تەرزە لە جیاوازی نیشاندان بەردەوام نەبێت.

قسەی دواییم لەم پێوەندەدا

لەبارەی مەسەلەی جەنگی ئێستای موسڵ، بێگومان ئاراستە سیاسی‌و هزرییەکان لە گۆشەنیگای جیاجیاوە بۆی دەڕوانن‌و لێکیئەدەنەوەو لەسەر ئەو بنەمایش هەڵوێستگیری لەبارەوە دەکەن. ڕێک بەهۆکاری ڕۆشنکردنەوەی ڕوانگەو گۆشەنیگای مارکسیستی سەبارەت شەڕی موسڵ لای خۆمەوە وتارم دەربارەی ڕاگەیەنراوەکانی‌ هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و عێراق‌و وتارەکەی هاوڕێ ڕێبواریش پەیوەست بەو جەنگەوە نووسیوە. هیچ حوکمێکی پێشوەخت‌و دۆگمابوونی من بۆ مەسەلەی جەنگەکەو ڕەخنەکەشم لە هەڵوێستگیرییە نامارکسیستییەکەی هەردوو حیزب لە کاردانەوە فەیسبووکییەکانی هاوڕێیاندا بە گشتی‌و هاوڕێ موحسین کەریم بە تایبەتی، بەشێوەی زانستی دەستنیشاننەکراوە. بۆیە زیاتر وەکو تۆمەتێک نەک ڕەخنەیەک لە من دەرئەکەون. زیاتر لەوەش هاوڕێ موحسین دەخوازێت دیالۆگ بگوازرێتەوە سەر ئاستی ڕووکەشی بابەتەکەو دەرچێت لە دیالۆگی تەندروست، سا بەڵکو پینەیەکی ئەم هەڵویستە زیانبارەی حیزبی پێبکات. لەکاتێکدا دەکراو دەبوایە هاوڕێ موحسین ‌و هاوڕێیانی تریش پێشوازییان لە ڕەخنەکەی من بکردایەو نەچوونایەتە ئاستی ماڵجیایی‌و خۆشکردنی فەزای ڕووشاندنی ڕێزو کەسایەتی هەموو لایەک، بەڵکو هەوڵیان بدایە ڕۆشنایی بخەنە سەر جێگا نادیارەکان‌‌و هاوکاری پێشبردنی دیالۆگی تەندروستیان بکردایە، یاخود هەڵوێستەکەیان چاکبکردایە. لای خۆمەوە وەکو کۆمۆنیستێکی کرێکاریی بڕوای تەواوم بە ئازادی بیروراو ئازادی بوونی جیاوازی بیروڕاش هەیە تەنانەت لەنێو حیزبێک‌و گروپێکی سیاسیشدا.

جیاوازییەکان بەلای منەوە داینەمۆی پێشکەوتن‌و گەشەی هزر و بەرهەمهێنانی ڕوانگەی پێشکەوتنخوازی‌و ئازادیخوازین. بەپێچەوانەی بۆرژوازییەوە کە هەوڵئەدات بە یاسا کاپیتاڵیستییەکانی، کە بەرهەمهێنانی سودو قازانج‌ لەسەر بنەمای چەوسانەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە نێوەندە تیایدا، هەموو جیاوازییەکان لەنێوبەرێت‌و هەموو مرۆڤەکان لە فۆرم ‌و بەرگی وەک یەکدا دیل بکات، ئێمە کۆمۆنیستەکان ئەرکمانە وەکو سۆشیالیستەکانی ئەم سەردەمە، خەباتی چینی کرێکارو کۆمۆنیستەکان دژی سەرمایەداریی ‌و دەسەڵاتی بۆرژوازی پەرەپێدەین‌و پەرچەمی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆشیالیستی بەرزو شەکاوە ڕاگرین، تا جیاوازییەکانی مرۆڤ بە باشترین‌و سەرڕاستترین شێواز بەرجەستە بکرێن‌و لە قووڵترین ئاستی خۆیاندا دەرکەون‌و کۆمەڵگاو یاساکانیش لە خزمەتیاندا بن. واتە مرۆڤ خاوەنی شکۆمەندیی ‌و چارەنووسی خۆی بێت، ئیرادەی خۆی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت‌و پاشکۆو کۆیلەی هیچ دابەشکارییەک ‌و هیچ بازاڕو سەرمایەدارێک نەبێت. هەرچی دەخوازێت بە بەرپرسیارێتییەوە ئەنجامی بدات، وەک مارکس دەڵێت: "سبەینان کار بکەم، ئێواران ماسی بگرم ‌و دواتر گوێ لە مۆسیقا بگرم!".
 

٢٠\١٠\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور

 


------------------------------------------------------------------------------------


 

ئازادیی موسڵ یان ھۆلۆکۆستێکی دیکە.

لاوژە ماهیه     

 

شەڕی ئێستای موسڵ بەو ئارایشەی کە لایەنە بەشدارەکان خۆیان باسی دەکەن، موسڵ لە بازنەیەکی ٣٢٠ پلەیی بست بە بست گەمارۆ دراوە، واتا لەو بازنەیە تەنھا ڕوبەرێکی بەرتەسک کە دەکەوێتە لای سوریاوە ئاوەڵە کراوە بۆ ئاوارە بوون و ھەڵھاتن، ھەتا دەگاتە سنوری سوریا ٢٠٠ تا ٢٥٠ کیلومتر ڕێگایە، پرسیار ئەوەیە ڕێژەی ئەو کەسانەی کە ناتوانن ئەم ڕێگایە ببڕن و ئاوارە بن چەندە؟ چەند سەد ھەزار خەڵک دەبێت لە ئاگر و ئاسندا، لە بێ دەرفەتی و بە برسیەتی بمرن؟ لە کاتێکدا ھێزەکانی هێڵی پێشەوەی شەڕەکە دەرفەتی ئەوەیان ھەیە ھەموو داھۆڵێک ڕەمی کەن و ھەر سەیارەیەکیش بە گومانی خۆکوژیی بە چەکی میلانۆ تەفروتونا بکەن، ئایا خەڵکی لێقەوما و ئەتوانن لە ناو موسڵەوە بەرەو جەرگەی شەڕەکە بە سەلامەت ئاوارە بن؟ بەراوردکردن کۆمەڵکوژی موسڵ بە شەڕی شارەکان تر ‌ھەڵەیەکی گەورەیە، لە شەڕی موسڵ دەرفەتی ئاوارەبوون زۆر بەرتەسکە، لە شەڕەکانی تر ھێزەکان لە گۆشەی شارێکەوە ھێرشیان دەکرد و لە ھەموو لایەکەوە خەڵکی لێقەوماو ڕێگای دەرباز بون و ھەڵھاتنی ھەبوو بەڵام لە موسڵ سەرجەم ڕێگاکان ئاگر و ئاسنە.


بەڕای من بۆ ھەر مرۆڤێک کە تەنھا ٥ خولەک لە کاتی خۆی تەرخان بکات بۆ بیرکردنەوە لە بارودۆخی ئەو خەڵکە لێقەوماوەی کە ھەردوو پایان لە زنجیری تەڵەی داعش گیری کردووە و سەریشیان لە دووکەڵی بوردمانی فڕۆکە و جبەخانەی ھێزەکانی بەرەی تیرۆریزمی دەوڵەتی گێژ بووە، ئەگەر تەنھا ٥ خولەک وەھا ھەست بکەین کە ئەوانەی لەو دۆزەخە گیریان کردوە ئازیزان و کەسوکاری ئێمەن، بێگومان ناتوانین بە گەشبینیەوە چەپڵە بۆ تۆپ تەیارەکان لێبدەین. ئەگەر ھیچ ڕیکەوتنێکی ژێر ژێرەکی نەبێت لەگەڵ داعش بۆ چۆڵکردنی موسڵ و ھەموو ڕاستیەکان ئەوەبێت کە دەیخەنە ڕو، دەبێت چاوەڕێی ھەر شێوازێک و ھەڵسوکەوتێکی وەحشیانەی داعش بین ھەر لە بارمتەگرتن تا چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژیی. لەوەدەچێت شەڕی موسڵ بمانکاتە شاھیدی ھۆلۆکۆستێکی نوێ و کارەساتی زۆر گەورەی نامرۆیی ھەر بۆیە من ناتوانم پستگیری لەم شەڕە بکەم ھەرچەندە من تەنھا کەسێکم و لەوانەیە دەنگم زۆر نەڕوا بەڵام ناتوانم پشتگیری تاوان بکەم، کێشەی کۆمەڵگای بەشەری لەوە دایە کە ھەرکەسە تاوانی خەڵکی تر دەکاتە بیانوو بۆ تاوانی خۆی. ھەموو ئاماژەکان پێماندەڵێن ئاکامی ئەم قڕکردن و ڕەشەکوژییە نێودەوڵەتییە زۆر سامناکە.

بە دوای گفتوگۆ و ساتوسەودایەکی زۆری نێوان ھێزە جۆراو جۆرەکان و لەگەڵ ئەمەریکا و ھاوپەیمانانی دەربارەی شەری موسڵ سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٧/١٠ یەکەم ھێرش بۆ سەر شاری موسڵ دەستیپێکرد.


من یەکێک لەوانە بووم کە زۆر بەوردی چاودێریی دۆخەکە و قسەوباسی نێوان ھێزەکانم دەربارەی ئەم شەڕە کردووە! ئەوەی ھەر لەسەرەتاوە بەدیدەکرا ئەوەبوو کە ئامانج لەناوبرنی داعش نەبوو بەڵکو کێشمەکێش و یەکلابونەوەی لایەنەکان بوو دەربارەی چونە ناو شاری موسڵ و بەشداری لەم شەڕەو بەرکەوتنی بەشی خۆیان. لێدوانە جۆراو جۆرەکانی نێوان ئۆردوگان و عەبادی کە زیاتر لە شەڕی لاکۆڵان دەچوو، دەخالەتی سعودیە و قەتەر لە لایەک و کۆماری ئیسلامیی و ھاوپەیمانانی لە لایەکی تر.


ئەوەی زۆر جێگای نیگەرانی من بوو لە لیدوانەکان دەربارەی ئەم شەڕە کارەساتێکی مرۆییە کە ئەم ھێزانە خۆیان ناتوانن بیشارنەوە.


بەپێی لێدوانی خۆیان وا چاوەڕواندەکرێت کە ملیۆن و نیوێک کەس لەناو شاری موسڵ ھەبێت وە ھەر بەپێی گریمانەکان چاوەڕواندەکرێت ٧٠٠ ھەزار کەس بتوانن ئاوارە بن، دواتر دێمە سەر دۆخی ئاوارەکان.


واتا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار کەس لەم شارە دەمێنێتەوە! بەپێی لێدوانی رێپۆرتەری ڕوداو لە شەوێ ١٧ لەسەر ١٨ دەڵێت " بۆ تێپەڕاندنی ھەر کەسێک لە بازگەکانی داعش، قاچاخچی ١٠ ھەزار دۆلار وەردەگرن" ھەموومان دەزانین کە ئەم بڕە پارەیە چەند زۆرە، پێشتر بڕەکە کەمتر بوو بەڵام واش خەڵکانێکی زۆر نەیاندەتوانی ڕزگاربن. ئەم ھەواڵە ئەوەمان پیدەڵێت ئەوانەی کە پارەدارن شانسی ڕزگاربونیان دەبێت و ئەوانەی ھەژار و نەدارن ئەوە دەبێت لە ژێر ڕەحمەتی بۆمباباران بمێننەوە.


بە پێی ئاماژەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەوە دەبیستین کە لە ناو ئەوانەی کە ڕزگاریان بووە زۆر جار ھێزەکانی داعش خەڵکی خۆکوژیی لەگەڵ ڕوانە کردووە، واتا لە ناو کۆمەڵێک لە ئاوارە کە خەریکن بەرەو ھێزە عیراقییەکان دێن ئەگەری ھەیە کە کەسێکیان بۆمبای لەخۆی ببەستبێت و خۆی بتەقێنێتەوە لەناو ئاوارەکان وە ھێزە عیراقییەکان. دواتر کە دەگەنە ئۆردگای ئاوارەکان، زۆربەی ئەم ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی (حەشدی شەعبی)، پیشمەرگە، (حەشدی وەتەنی)دان. زۆربەی زۆری ئەم ھێزانە لە سەر بنەمای ڕق و قینەو تۆڵەسەندنەوە دروستبوون.


نەتەوە یەکگرتوەکان ھۆشداریی دەدات لە دەستدرێژیکردنە سەر کچان و ژنان لەلایەن بۆ نموونە (حەشدی شەعبی) و دەڵێت لیژنەی تایبەتمان دروستکردوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ھۆشداریی دەدات دەرباری کوشتنی خەڵکی بێتاوانی ئاوارە لە کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی (حەشدی شەعبی) بەبێ ھیچ دادگایەک خەڵکی ئاوارە کۆمەڵکوژ بکەن تەنھا وەک تۆڵەی دینیی و ناسیۆنالیی!


بەجیا لە ھەمو ئەمانەی ئاماژەم پیدا نەتەوە یەکگرتوەکان ھۆشداری دەدات و دەڵێت تەنھا توانای کۆمەککردنی ٤٠٠ ھەزار ئاوارەمان ھەیە و ٦٠ تا ٧٠ ھەزار چادر ئامادەکراوە، لەم وەرزەی ئێستا کە بەرەو سەرما دەچین ژیان لەناو چادرەکان دەبێت چۆن بێت؟ ئێمە پێشتر شاھیدی ژیان و دۆخی ئاوارەکان بووین لە کەمپەکان.


بەدوای شەش سەعات لە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکە وتەبێژی پەنتاگۆن دەڵێت" ئەمڕۆ ٧٠ جار فرۆکەکانمان داعشیان بۆمباران کردوە". ئەزمونی پێشو نیشانیداوە کە داعش ئەم ھێزەیە کە لەناو خەڵکی ئاسایی و لە شوێنە گشتیەکان خۆی حاشاردەدا، باشە ئەم بۆمبایانە داعشەکان دەناسن و تەنھا بەر ئەوان دەکەون؟ باشە چەندین خەڵکی سڤیل و ژن و پیر و منداڵ بەر ڕەحمەتی ئەم بۆمبایانە کەوتون و دەکەون؟


ھیچ کەس نازانێت ئەم شەڕە چەند دەخایەنێت، ھەندێک لە چاودێران پێشبینی شەش حەفتە دەکەن، تەنانەت ئۆبامەش دەڵێت لەوانەیە درێژ خایەن بێت. ئەگەر ئەم شەڕە درێژخایەن بێت و لە ڕۆژێکدا ٧٠ جار بۆردومانی ئاسمانی ئەم شارە بکرێت بەجیا لە بۆردومانی زەمینی و ھەموو ئەم مین و بۆمبایەنەی داعش چاوەڕواندەکرێت یەک خانو لە جێگای خۆی بمێنێتەوە؟ ئایا دۆخەکە لە حەلەب خراپتر نابێت؟


بەجیا لە کارەساتە ژینگەیەکان کە زۆر قسەو باس ھەڵگرێت.


ئایا ئەم شەڕە داعش لەناو دەبات یان زەمینەی دروستبوونی ھێزێکی درندەتر لە داعش دروستدەکا و قۆناغێکی نوێ و سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ شەڕێکی گەورەتری ناسیۆنالیی و دینیی؟

سەرجەم ئەو ھێزە عێراقییانەی کە لە گۆڕەپانی سەربازی ئامادەن خۆیان ھێزی دینیی و ناسیۆنالیین و زۆربەشیان بە ئاشکرا دەستی دەوڵەتەکانی ناوچەکەن، پێشمەرگە نوێنەرایەتی کورد و (حەشدی شەعبی) نوینەرایەتی شیعە و (حەشدی وەتەنی) نوێنەرایەتی ھێزە سونییەکان دەکات، کەمە نەتەوەو ئاینەکانی تریش لەنێوان ئەم ھێزانە یەکەی سەربازییان بۆ کراوەتەوە ئێزیدیەکان لەناو پێشمەرگەو مەسیحیەکان و شەبەکەکان لەگەڵ (حەشدی شەعبی) و ...تاد. ھەر کام لەم ھێزانە بەرانبەر بەوانیتر بۆ خۆپاراستن یان دژایەتی کردن ئەوانیتر چەکدار کراون جەندین نموونەی زیندومان لەمبارەیەوە ھەیە باس لە کوشتوبڕی (حەشدی شەعبی) لە ئەنبار دەکرێت، یاخود پێشمەرگەیەک بە ئاشکرا ڕۆژی یەکەمی شەرەکە بۆ ڕووداو دەڵێت" سێ کەس بوون بە عەرەبی ھاواریاندەکرد منیش ھەرسێکیانم تۆپاند" ھەر ئەم نموونانە پیماندەڵێن کە ئەم شەڕە نەک ناتوانێت داعش لەنێوببات بەڵک و زەمینە لەبارتر دەکات بۆ شەڕێکی تری دڕندانەی ناسیۆنالیی و دینیی. واتا دەمانکاتە گەواهی کارەساتێکی تری مرۆیی.

تیرۆریزمی دەوڵەتی ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت تیرۆریزمی ئیسلامیی کۆتایی پێبێت، با لە دوگمەی سەرکییەوە بیکوژێنەوە، با قەیچییەک لە پەتی ناوکی بدەن، با یارمەتییە لۆجیستیک و سەچاوە داراییەکانی ببڕن.


شەوی ١٨ لەسەر ١٩ ی ١٠ ھاوڵاتیەک لە موسلەوە بۆ ڕوداو قسەیکرد و لەنێو قسەکانیدا وتی" لەناو موسڵدا بزووتنەوەی جەماوەری سەریھەڵداوەو گەنجان ھێرش دەکەنە سەر داعش و بەرەنگاریاندەبنەوە" ئەگە رئەم ھێزە بەرفراوانبێت و خۆی لەناو جەرگەی جەماوەردا ھەڵقوڵێت و داعش وەدەربنێت وە دواتر ڕێگای دەستێوەردان لە ھێزە دەرەکییەکان بگرێت و خۆی دەسەڵاتی شارەکە بگریتە دەست و نموونەیەکی تر لە شێوەی نموونەی پڕشەنگداری کۆبانی نیشانبدات ئەوە دەتوانێت داعش کۆتایی پێ بێنێت.
 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

شەڕی دژی داعش و مەترسییەکانی سەر خەڵکی موسڵ.


ئاسۆ کەمال      

 

شەڕ لەگەڵ داعشدا دوو ساڵەدرێژەی هەیە وشەڕی موسڵ خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت لەم شەڕەدا ، هەرچەند لە ئێستادا مەترسی سەر خەڵکی موسڵ جێگای نیگەرانی گەورەیە . بەڵام مەسەلەی موسڵ بە شکستی داعش چارەسەر نابێ و ئەو ‌هێزانەی داعش لەموسڵ دەردەکەن خۆیان موسڵ وەک بەشێک لە کێشەی نێوان شیعە و سونە لە عێراق و ناوچەکەدا مامەڵە دەکەن و ئایندەیەکی نادیاری هەیە.

هەڵوێست لەسەر شەڕی دژی داعش و شەڕی جەمسەرەکان.

لەلایەن حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراقەوە هەڵوێستێکی هەڵە ڕاگەیەندراوە کە دژی شەڕی ئێستای موسڵن و خوازیاری ڕاگرتنی ئەم شەڕەن. ئەم هەڵوێستە هەرچەند بەشێکی لە نیگەرانیەکی جدیەوە سەرچاوەی گرتبێ کە ئەمڕۆ خەڵکی موسڵ بەبارمتە لای داعش گیراوە و ترسی لەناوچونی ملێونێک مرۆڤ ترسێکە سەرتاپای کۆمەڵگەی بەشەری داگرتوە ،بەڵام بەشێکی دژایەتی کردنی شەڕێکە کە دژی داعش دەکرێ.


پرسیار ئەوەیە ئایا نابێ شەڕ لەگەڵ داعش بکرێ؟ ئایا ڕێگەیەکی تر هەیە بۆ لەناوبردنی داعش جگە لە بەکارهێنانی هێزی عەسکەری و شەڕ؟ ئەگەر وەڵامی ئەمانە نەخێرە. کەواتە دژایەتی شەڕ لەگەڵ داعش بەمانای خوازیاری گرتنەبەری ڕێگا وتوێژ یان قبوڵکردنی مانەوەی داعشە.


ئەگەر کێشە لەوەدایە کەئەوانەی شەڕی داعش دەکەن خۆیان جەمسەرەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتین. ئەمە ڕاستە بەڵام هەڵوێست لەسەر ئەم دەوڵەتانەی ئەمەریکا و تورکیا و ئێران و عەبادی و بارزانی بەمانای دژایەتی شەڕی ئەوان لە موسڵدا لەگەڵ داعش نیە. شەڕی ئەوان لەگەڵ داعش لە دۆستایەتیان باشترە وشکانی داعش لە موسڵ وناوچەکەدا زیانێک بە خەباتی خەڵک بۆ ڕزگاربون لەدەست ئەم جەمسەرە تیرۆریستیانە ناگەیەنێ. پێویستە پەردە لەسەر بەرژەوەندی و پڕوپاگەندەی ئەم لایەنانە لە شەڕی دژی داعش لەموسڵدا و لەسەر نەخشە و سیاسەتیان سەبارەت بە موسڵ وعێراق و ناوچەکە هەڵدرێتەوە ، بەڵام هیچ کام لەم هەڵوێستە دروستانە پاساوی دژایەتی کردنی شەڕی دژی داعش ناکا. ئەمە هەڵە و سیاسەتێکی کۆنەپەرستانەیە کە بەشێک لە چەپە دژی ئیمپریالیستیەکان لە شەڕی ئەمەریکا دژی تالیبان و ئەلقاعیدە لە ٢٠٠١ بانگەشەیان بۆکرد.

مەترسیەکانی ئێستا و ئایندە.

لە کاتێکدا داوای ڕاگرتنی شەڕ دژی داعش ناکەین ئەمە نابێ بە واتای بێ هەڵوێستی بێت لەبەرامبەر ئەو مەترسیانەی کە ئەم شەڕە بۆ خەڵکی بێ دەسەڵاتی سایەی شەڕ لە موسڵدا دەیهێنێتە پێش. پێویستە گوشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دابنرێ تاکو دەست نەبەن بۆ بۆمبارانکردنی شارەکە و پلانی ڕزگارکردنی خەڵکی بەربارمتەگیراوی شەڕەکە ئەولەویەت بێت. دەبێ گوشار دروست بکرێ تا ڕێگە لەچوونی (حەشدی شەعبی) و هەر میلیشیایەکی تری دینیی بگرێ بۆ ناو موسڵ. دەبێ دژایەتی دەستێوەردانی سوپای تورکیا بکرێ.

مەترسیەکانی دوای ڕزگاربونی موسڵ لەدەستی داعش زۆرن و لەپێشیانەوە مەترسی سینارێوی "بە حەڵەب" بوونی موسڵە. ئەو هێزانەی بە حساب موسڵ لە داعش ڕزگاردەکەن خۆیان سەرچاوەی دروست بوون وگەشەی داعش بوون. دروست بوونی داعش و کەوتنی موسڵ خۆیان ئەنجام بوون نەک سەرچاوەی ئەم بارەی ئەمڕۆ. چ دەوڵەتی ئیسلامی شیعە و چ ئەحیزبی سونەی سەربە سعودیە و قەتەر لە ململانێ لەسەر دەسەڵاتدا عێراق و شکستی مۆدیلی دابەشکردنی دینیی و ناسیۆنالیی دەسەڵات ئەم زۆنگاوی شەڕ و تیرۆرەی دروستکردوە.


ئێستا لانی کەم دووساڵە ئەم جیابونەوەیە بەکردەوە لە نێوان ئەم ناوچانەی دەسەڵاتدا ڕوویداوە و ڕێگاچارەی " یۆگۆسلاڤی کردنی عێراق " و جیاکردنەوەی هەرێمەکان بە ڕیکەوتنی سیاسی، دەتوانێ ئایندەی موسڵ و شوێنەکانی تریش سەقامگیر بکا.ئەگەر ئەم پرۆسە سیاسیە لەعێراقدا دەست پێ نەکا ئەوا هیچ شوێنێکی عیراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێ لەسایەی شەڕی جەمسەرەکانی ئەمەریکا لەگەڵ ڕوسیا و تورکیا و سعودیە لەگەڵ ئێراندا. ئەمەریکا ئەگەر لە موسڵدا سینارێوی پڕچەکردنی میلیشیا سونەکان بەرێتەپێش وەک لە سوریا دەیکا ئەوا نەک عێراق بەڵکو ناوچەکەش دەکاتە بەرمیلێک باروتی تەقاوە.

ئەمڕۆ عێراق و سوریا و کوردستان پێویستیان بە هێزێکی جەماوەری ئازادیخوازە کە بێتەمەیدان و نەخشە و سیناریۆی ئەم هێزە دینی و ناسیۆنالییانە و ئەم جەمسەرە ناوچەیی و جیهانیانەی ئەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردۆتە دۆزەخ بە دۆزەخ بسپێرێ. ئەم بزووتنەوە سیاسیە جەماوەریە پێویستە نەک ئاڵای کۆتایی هێنانی شەڕی دژی داعش بەرزنەکاتەوە وخوازیاری تەواو ڕاماڵینی داعش بێت، بەڵکو دژ بە نەخشە و پیلانی ئەم دەوڵەت و میلیشیایانە بوەستێ کە شەڕی تیرەگەریی و دینیی و ناسیۆنالییان کردۆتە ئامرازی درێژەدانی دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەیان و چارەسەری سیاسی و ئازادیی سیاسی و سیستەمی سیاسی ئازاد وەک جێگرەوەی ئەم دۆخە بسەپێنێ.

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال
 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

چەند سەرنجێک لەسەر شەری موسڵ و ھەڵوێستی کۆمۆنیستەکان.


عامر سابیر       

 

بەراوردکردنی شەڕی ئێستای موسڵ بە شەری ساڵی ٢٠٠٣ لە دژی عێراق، بەراوردکردنێکی زۆر نادروست و نا لۆژیکییە. وە ئەو چاوەڕوانیەش نادروست و نەشیاوە کە پێتوابێت بەرەی ئازادیخواز و مرۆڤدۆستی دنیا بە ھەمان شێوەی ساڵی ٢٠٠٣ دێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن.


تەنھا چەند مانگێک لەمەوپێش، کۆمۆنیستەکان بە دروستی، لە خەم و ھەوڵی چەکدارکردنی خۆیان و دانیشتواندابوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی و ھێڕشی داعش. ئێستا کە بەدەر لە ئیرادەی ئێمە لە شەری نێوان تیرۆریستاندا، داعش خەریکە دوا مۆڵگەی خۆی لەدەستدەدات، لەم کاتەدا ھەوڵدان بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە دژی ئەو شەرە و داواکردن لە ھاوشێوەکانمان کە پێمانەوە پەیوەستبن، ئەمە ھەڵوێستێکی گونجاو نییە و تەنانەت دەرکردنی بەیاننامەش لە دژی ئەم شەرە کارێکی پێویست نییە. ئەمە ھەر وەک شین و شەپۆڕکردن وایە بۆ لەناوچوونی داعش.


بەراوردکردنی شەڕی ئێستای موسڵ بە شەری (حەڵەب)یش لە سوریا، بەراوردێکی دروست نییە. لەوێدا دوو جەمسەری ئیمپریالیستی ئێستای دنیا (ئەمەریکا و ڕوسیا) بە کردەیی لە بەرانبەر یەکدان. لە شەڕی موسڵدا ئەمەریکا تاکە سەرپەرشتیکەری سەرەکییە و ھەموو بەشداربووانی گەورە و بچوک، لە ژێر چەتری ئەمەریکادان و ئەم ڕابەرایەتتکردنەی ئەویان قبوڵە. ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش، پێناچێت شەری موسڵ لە دژی داعش، ھێندەی شەری حەڵەب درێژە بکێشێت.


ڕیکلامکردن و ھەوڵدان بۆ بەپێزکردنی وتار بە نوسینی بڕگەی لە چەشنی ( "دڵخۆشکردن بەوەی کە دەوڵەتانی زلھێز و ئیمپریالیست بەم جەنگە مەترسی تیرۆریزم لەسەر کۆمەڵگای بەشەری لادەبەن، خۆشباوەڕییەکی بێپاساو و لە ڕاستیدا ژەھرێکە دەرخواردی ئەم خەڵکەی دەدەن")، نوسینی ئەمە کارێکی نادروستە و وتار بێپێز دەکات. چونکە نە بەرەی مرۆڤدۆستی دنیا و نە کۆمۆنیستەکانی کوردستان و جیھان، دڵخۆش و خۆشباوەرن بەوەی کە ئەم شەڕە، کۆمەلگای بەشەری لە مەترسی تیرۆریزم پاکدەکاتەوە. وە نە بەشداربوانی ئەم شەڕەش لە ئێستادا و بە دیاریکراوی ئەم ئیدیعایەیان کردووە، وە تەنانەت بە پێچەوانەی ساڵی ٢٠٠٣ لە ئێستادا پێویستیان بە پروپاگەندەی لەم چەشنە نییە.


شەڕی ئێستای موسڵ لە ڤێرژنێکی بچوکی شەڕی ئەمەریکا لە دژی تاڵیبان دەکات لە ٢٠٠١دا. تالیبان بە پاڵپشتی سعودیە و پاکستان کە ئەڵقەلەگوێی ئەمەریکا بوون بە دەسەڵات گەیشتبوو. داعشیش بە پشتیوانی ئیسرائیل و تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو و مەسعود بارزانی کۆیلە و ئەڵقەلەگوێی ئەردۆگان، موسڵی داگیرکرد.


لە ٢٠٠١دا مەنسور حیکمەت بە دروستی لە دژی ڕوخانی تالبان نەبوو. بەڵام پاشتر لە دژی کوشتنی بە کۆمەڵی دانیشتوان و خاپوورکردنی بە ئەنقەست، دەنگی ھەڵبڕبڕی. ئێستاش بە ئەزموون وەرگرتن لەو ھەڵوێستە. بەرپەرچدانەوەی دروستی کۆمۆنیستەکانی کوردستان ئەبوایە ئەوە بووایە کە لە بەیانەکەیاندا ھەر لە سەرەتاوە مەسئولییەتی خاپورکردنی بە ئەنقەست و کۆمەڵکوژیی بە ئەنقەستی دانیشتوانی بێتاوانیان بخستایەتە ئەستۆی ئەمەریکا و بەشداربووانی ئەم شەڕە و وە داواشیان لە خەڵکی کوردستان بکردایە کە ھەوڵبدەن بەشداری ئەو شەڕە نەکەن و نەبنە قوربانی و مەقاشی دەستی تاوانبارانی وەک مەسعود بارزانی و ھاوشێوەکانی.


بە نەمانی مەترسی داعش و شەڕەکانی، خەبات و داواکاری خەڵکی کوردستان و عێراق لە بەرانبەر تاڵانچیانی دەسەڵاتداردا، پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە.

 

١٨\١٠\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر


 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

لە یەکەم رۆژی جەنگی موسڵدا:

پێویستبوونی ھاوپشتیی بەرەی ئازادیخواز لە جیهاندا!


نوری بەشیر      

 

تەنیا ١٢ کاتژمێر تێپەڕی بەسەر ھێرشی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی بۆ سەر موسڵ، کەسەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٧ی ئۆکتۆبەر بەھێرشەکانیان ‌ئاسمانی شاری موسڵیان کردە ئاگرباران بەسەرسەری خەڵکەکەیدا. تەنیا لەرێگای ماسمیدیای بۆرژوازی خۆیانەوە لەئاستی ناوەو و ناوچەکە و جیھاندا، ھێندەی چەند مانگی رابردوو کە تەپڵی بانگەشەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵیان دەکوتاو ھەر دوایان دەخست، ئامانج و سیاسەتەکانیان لەئاست ھێرشی موسڵدا بۆ خەڵک ڕۆشنتر بۆتەوە. ئەوەی کەئێمە کۆمۆنیزمی کرێکاریی، لە بەیننامەو نوسینەکانماندا ئاماژەمان پێکردوە و قسەمان لەسەرکردوە و رامانگەیاندوە کەئەم جەنگە دوورو نزیک ھیچ پەیوەندی بەبەرژەوەندی خەڵکەوە نیە، بەڵام ئێستا خەریکە زیاتر ناوەرۆک و بەرنامەو سیاسەتی ئەمەریکاو ئەو ھێزانەی دەوری بۆ خەڵک رۆشن دەبێتەوە.

ئەمڕۆ راگەیاندن و میدیکان دەریانخست کە ھێزەکانی داعش لەموسڵدا لەنێوان ٣٥٠٠ تا ٥٠٠٠ ھەزار چەکدارە، کە CNN تاکید دەکاتەوە لەوەی کەتەنیا سوپای عێراقی ٥٤.٠٠٠ ھەزار و ھێزەکانی پێشمەرگەی ئامادەکراو خۆی لە ٤٠.٠٠٠ ھەزار کەس دەدات، وە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەمەریکا نزیکەی ٥٠٠٠ ھەزار سەربازی بەچەکی تەواوەوە دانابوو بۆ ئەم جەنگە بەڵام لەچەند رۆژی رابردودا ٦٠٠ سەربازی تری پێ زیاد کردوەو بەشدارە لەم جەنگەداو ھاوکاری ئەو ھێزانەیە. لەپەیامی دەستپێکردنی جەنگ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە حەیدەر عەبادی لەوەی تەنیا ھێزەکانی سوپای عێراق و پۆلیس شەڕ دەکات و دەچێتە موسڵەوە، بەڵام ھەرزوو ئەمە درۆیەی ئاشکرا بوو لەرێگای راگەیاندنی خودی (حەشدی شەعب)یەوە و ھەروەھا رووماڵی میدیای جیھانی کە حەشدی شەعبی ‌بە تازەترین چەکەوە بەشداری جەنگی موسڵیان کردوە. ھەروەھا ئاشکراکردنی بەشداری خێڵە سونەکان. ئەوە بەشداری و ئامادەیی ھێزەکانی ئوردوگان و حکومەتە ئیسلامیەکەی ئاشکرایەو خۆیان و کەسیش حاشای لێناکات.

ھەروەھا بەجیا لەنمایشەکانی بەرەی جەنگ، لەسەران و ئەفسەرانی حکومەتی عەبادی، کە لەوەی ئاگاداری ھەموو جوولەیەکی داعش ھەن لەناو موسڵ، جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی زۆرێک لەدێھاتەکان لەداعش پاکرانەوەو تەنھا لەسنوری پێشمەرگە ٩ دیھات لەدەست داعش دەرھاتووەو پێشمەرگە کوژراو و برینداریشی ھەیە، کەژمارەیەک لە ئەفسەرو پێشمەرگە قسەیان کرد کەجیا لەچەند تەقینەوەیەکی ترومبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش، قسەیان لە بەرگرییەکی بەرچاوی داعش نەکردەوە. ژماریەک لە کادیر و سەرانی حیزبە کوردیەکانی دەسەڵات لەیەکیتی و پارتی سەردانی رووکەش و نمایشی بەرەی جەنگ و سەردانی بریندارەکانیان کردوە. ھەر ھەموو ھێزەکان بە ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانیەوە باسی ئەوەیان دەکرد کەداعش توشی شکستی گەورەو راکردن لە موسڵ بووەو بەناو شاردا بانگەوازی ھێزەکانیان کردوە بۆ دەرچوون لە موسڵ. ھەروەھا پیتەر کۆکی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا تاکیدی کردۆتەوە کە ٧٠ ھێرشی ئاسمانیان کردوە. و لە ھەواڵەکاندا جەخت لەسەر کوژرانی ژمارەیەک لەبەرپرسانی داعش دەکرێتەوە.

ھەروەھا لە درێژەی ھەواڵەکاندا چەندین مەلەف کە دەبوو پێشتر ئاشکرایان بکردایە بەوردی، لەئێستا دەریدەخەن کەھاوکاری داعش لەلایەن ژمارەیەک لە دەوڵەتانی ناوچەکەو سەرانی دەوڵەتی عێراق و ‌حکومەتی ھەرێم و تورکیاوە کراوە، ھەروەھا لەوانە ناردنی ٦٠.٠٠٠ ھەزار ترومبێلی تویوتا بۆ داعش لەلایەن سعودیە، قەتەر، ئیمارات، ئەردەن و دانی پارە پێیان لەلایەن سعودیەوە.

ھەروەھا فایلی ھاوکاریەکانی ھاشمی و (ئەسیل نجێفی) لەگەڵ داعش، کە بڕیارە (نجێفی) لە دەورەی دوای پاکردنەوەی ‌موسڵ لەداعش ئەو نوێنەرایەتی سونەکان و بەتایبەت لەموسڵ بێت و پێشتریش پارێزگاری موسڵ بوو. کەھەواڵەکان لەسەر (نجێفی) و ھێزەکانی تورکیا ھەیە، کەبەشێک لەو داعشانە ریشەکانیان دەتاشن و دەبنە ھێز لەگەڵ (نجێفی) و بۆ دەسەڵاتی دوایی پاکردنەوەی موسڵ لەداعش و تاکید لەپەیوەندی (نجێفی) و (ئوردوگان) دەکرێتەوە. تا بەھێزی حکومەتی تورکیا دەگەڕێتەوە، گوایە بەجلی پێشمەرگەوە دەچنە موسڵ و ھەروەھا بۆیە ھێزەکانیان لەوێن کەھێزێکی زۆری داعشی تورک بە ئەفسەرو سەربازەوە ھەن و تورکیا رزگاریان دەکات.

ھەروەھا ھەوڵی پاشەکشەو شکستی داعش و چۆڵکردنەی لەدێھاتەکانی دەورو بەری موسڵ و ھەتا چۆڵکردنی بەشی رۆژەھەڵاتی موسڵ و رۆشتنی ھێزی داعشەکان بەرەو بەشی رۆژئاوا، دەلیلی ئەوەیە داعش لەپاشەکشەدایە و رەنگە بەزوویی ھێزەکانی ئەمەریکاو ھاوپەیمانی بچنە موسڵ و ئەگەر داعشی تێدا مابێت و شەڕ بکەن ئەوا جەنگی ناو شەقام و کۆڵانەکان دەست پێبکات. بەڵام پرسیار ئەوەیە لەکاتێکدا ھەواڵەکان لەبەرەکانی جەنگ و میدیاکانەوە ئاوایە، ئەمەریکا لەرێگای وتەبێژی پنتاگۆنەوە دەڵێت پاکردنەوەی موسڵ لەداعش زۆر دەخایەنێت!. ئایا ئەمە جگە لەبەرنامەیەک کەئەمەریکا بەشوێن بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆی و رێکخستنی ئەو ھاوپەیمانیە ناسیۆنالیی و تیرەگەریی و دینیانەوەیە بۆ ئایندە و رێکخستنی جەمسەرەکەیان لەبەرامبەر بلۆکی بەرامبەردا " روسیاو ئێران و سوریادا" دەبێت شتێکی تر بێت، بێئەوەی ژیانی ئەوە ملیۆن و دوو سەد ھەزارەی کە لە موسڵدان لەبەرچاو بگرن؟. ئایا ئەمە بەرنامەیەک نییە کەخەڵکی موسڵ لەو بارە تراژیدیایەدا راگرن بۆ درێژەدانی جەنگەکە بۆ ئەوەی ئاوارە ببن و پەرەوازەیان بکەن، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ھیچ بیرێک لەژیانی باشتر نەکەنەوەو رازی بن بەو دەسەڵاتەی دەیسەپێنن بەسەریاندا لە نموونەی (نجێفی)؟

لەگەڵ ئەم ھەواڵانەو سەدانی کەدا، لەکاتێکدا کە لە کاتژمێرەکانی یەکەمدا ئاسمانی موسڵ کرایە ئاگر بەسەر سەری خەڵکی ئەو شارەدا، لەرێگای ھێزە ئاسمانیەکانی ئەمەریکاو تۆپ و ھاوەنەکانیانەوە و پاشەکشەی داعشی بەدوادا ھات، کەخۆشیان بەو خێراییە چاوەڕوانیان نەدەکرد، ئەگەرچی بەپێی چەند ھەواڵی پێشوتر کە (ئۆردوگان) رێگاچارەی دەرچوونی داعشەکانی بۆ سوریا پێشنیار کردبوو. بەپێی ھەواڵەکان بەبەرچاوی ھێزەکانی ئەو ناوچەیەی دەوری تەلەعفەر و بەعشیقەوە، ‌داعشەکان بەرەو سوریا بەرێکەوتوون. ھەموو ئەم ھەواڵانە لە میدیای جیھانی و ناوچەییەوە جەختی لەسر کراوەتەوە. بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارو سەرسوڕمانە یەک وشەش لەسەر باری ئەو خەڵکەی دەوری موسڵ و ناو موسڵ نەوترا، کەئایا ئەو ملیۆن مرۆڤەی لەژێر ئەو تۆپبارانە توندەی ئەمڕۆدا بوون چیان بەسەردا ھاتووە؟ چەندە کوژراو ژمارەی بریندارەکانیان چەندە، ژمارەی ھەڵاتوو و سەرگەردان لەبەرداشی جەنگی نێوان ئەم ھێزانەو ھێزەکانی داعشدا چۆنە و چەندین پرسیاری تر لەسەر باری ئەم خەڵکە خۆی دەردەخات، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە شوێنی سەرنجە ھیچ یەک لەو ھێزانەی ھاوپەیمانی ئەمەریکا وەک ئەوەی بانگی بەگوێیاندا ھەڵدابیت و ئەمەریکا تفی کردبێتە دەمی ھەموویان، قسەیەکیان لەسەر ئەو خەڵکە دیلکراوەی ژێر دەستی داعش نەکرد، کەخۆیان شارەکەیان لێکردن بەدۆزەخ. لەکاتێکدا خودی نوێنەرانی یوئێن و ئەمەریکا لەتراژیدی مرۆیی جۆراوجۆری ئەم جەنگە لەپەیوەند بەخەڵکەوە پێشتر جەختیان لەسەر کردۆتەوە.

ئەمانە ئەو راستیە دەردەخات کە ئۆپەراسیۆنی بەناو رزگارکردنی موسڵ، ھیچ نییە جگە لەجەنگێکی دژە مرۆیی و ئەمەریکاو ھاوپەیمانە جیھانی و ناوچەییەکانی نەبێت لەژێر ناوی جەنگ دژی داعش و تیرۆریزم، ئەمە بەرنامەیەکە لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەمەریکا و جەمسەرە کۆنەپەرستەکانی دەوری بۆ سازدانەوەی سیاسەت و دەسەڵاتیانە لەعێراق و ناوچەکەو سەرلێشواندنی خەڵک و رای گشتیی جیھان، کەھیچ نزیکایەتی و بەرژوەندیەکی لەگەڵ خەڵکی موسڵ و ناوچەکانی تری عێراق و کوردستاندا نیە. ئەمە ھەمان سیناریۆ و ھەنگاوێکی ترە لەراستای ئەوەی کە دوو ساڵ و چوار مانگە داعشیان راگرتوەو بوو بوو بەخێرو بەرەکەت بۆیان، بۆسەرکوتی خەڵکی سەرتاسەری عێراق و نەدانی مووچە و تاڵان و بڕۆی خۆیان و سات و سەو‌داکردن لەسەر حیسابی خەڵکی کرێکارو بەشمەینەتی کۆمەڵگا. ئێستاس ئەمە بەرنامەو سیاسەتی خولی داھاتووە بۆ ھەموویان. بەو رێگاچارە دژە مرۆییەی ئەمەریکاو ھاوپەیمانانی ئەگەر رێگای پێنەگیرێت، کاردانەوەی خراپی نەک لەسەر خەڵکی موسڵ بەڵکو کوردستان و عێراق و ناوچەکەش دەبێت. بۆیە ھەر یەک لەو ھێزانە لەچەندین مانگ لەمەوبەرەوە خۆیانی بۆ ئامادە دەکەن، بۆ سازدانەوەی دەسەڵات و نفوزیان لەعێراق و ناوچەکەدا. لەقسەکانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، نێچیرەوان بارزانیدا ھاتووە کەوتوویەتی ‌ئەزمەی حکومەتی ھەرێم پەیوەندی بەبوونی داعشەوە نیە، بۆیە دەیانەوێت کەدرێژە بەدەسەڵاتدارێتی خۆیان بدەن لەسەر حیسابی برسیکردن و سەرکوتی خەڵکی کوردستان بەدوای داعشدا.

بۆ حکومەتی مەرکەزی باڵی دەسەڵاتی شیعەش ھەر وایە، کێشەکانی ئایندەی لەگەڵ ناوچەی دەسەڵاتی سونە کەموسڵ دەبێتە مەرکەزو لەگەڵ حکومەتی ھەرێمدا گەمەی بەرنامەی ناسیۆنالیی و تیرەگەریی و دینیەوە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە وەک بەڵا بەدژی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، بزانین چ کارەساتێک دروستدەکەن. یاریکەرەکان ئەو ھێزە گوێ لەمشتانەی ئەمەریکان و تۆپەکەش خەڵکی سەرتاسەری عێراقە بەکورد و عەرەبەوە.‌ بەتایبەتی ئەگەر ئەو ھەلومەرجە بەسیاسەتی ئەمەریکا بڕواتە پێشەوە خەڵکی موسڵ زەرەرمەندی یەکەم دەبن وەک ئەوەی کردیانن بە جێگرەوەی ژێردەستەی دەوڵەتی خەڵافەتی ئیسلامی داعش و ئیرادەیان لێسەندنەوە کەخۆیان بڕیار بدەن و داعش لەناوبەرن.

بەڵام لەنێوان ئەو یاریکەرانەی جەمسەری ئیمپریالیزمی ئەمەریکادا، کەبۆخۆیان لەئەزمەدان، شکستی سەربازی و سیاسی ئەمەریکا دوای ئەفغانستان، لەعێراق و سوریا درێژەی ھەیەو وەک زلھێزی یەکەم و تەنیا جەمسەری نەماوە. ھێزەکانی دەسەڵاتی سونەو شیعە لە٢٠٠٣ وە کەلەدەسەڵاتدان و حیزبە ناسیونالسیتەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و ئیسلامیەکانیش ‌زیاتر لە چارەکە سەدەیەکی ‌دەسەڵاتیاندا، مۆری بۆرژوازی تاڵانچی و سەرکوت و مافییان داوە لەمێژووی خۆ‌یان و بەختی خۆیان تاقیکردۆتەوە کە خۆشباوەڕیی پێیان کەمبۆتەوە. لەبەر ئەوە رێگایەکی کە لەبەردەم خەڵکدا هەیە کەزەمینەکەی کۆمەڵگایەک و دەسەڵاتێکی قەیرانگرتووی عێراق و کوردستانە لەژێر دەسەڵاتی مافیا ناسیۆنالیی و تیرەگەریی و نەتەوەیی دینییەکاندا، کەدەتوانن ھێزی خۆیان بھێننە مەیدانەوە. رێگاچارەیەک کەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەبێ بۆ خۆی دیاریبکات، لەھێنامەیدانی ھێزو ئیرادەی رێکخراوی خۆیان، بەتایبەت لەموسڵ کەئەمە رێگایەکە ئیمکانی ھەیە و نموونەکەی لە کوبانی بینرا، دەبێت دەستی بۆ ببرێت.

بەڵام بۆ ئێستایەک بەڵای شەڕ و کارەساتێک بەسەریانەوەیە، ئەمە پێویستی بەھاوکاری و ھاوپشتی ھێزی جیھانی و بەرەی ئازایخوازو مرۆڤدۆستە بۆ ئەوەی ھەر ئێستا ئەو جەنگ و بۆمبارانی کوێرانەی ‌ناو موسڵ دەبێ بوەستێت کە بە کردەیی داعش شکستی خواردوەو و دەکرێ رێگای تر جیا لەجەنگ و کوشتاری دژی خەڵکی بگیرێتە بەر، ئەگەرنا بەو ھێزانەو ھێزی ئەمەریکا داعش بنەبڕ ناکرێت، بەپیچەوانەوە ئەمەریکا سەرچاوەی مانەوەی داعشە. ئەوە ھێزی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بەرەی ئازادیخوازو کۆمۆنیست و رادیکالی کۆمەڵگایە دەتوانێت داعش بنەبڕ بکات بۆ ھەمیشە. ئەو بەرە جیھانیەیە دەتوانێت بەھانای ئەو خەڵکەوە بن و بەڵای شەڕی دژە مرۆیی ئەمەریکا بوەستێنێت. گوشار بھێنرێت بەھانای ئەو خەڵەکەوە کەلەموسڵدا ماون بچن و پێداویستیەکانیان بۆ دابینبکرێت، وە ئەوانەی کەئاوارە بوون لەشوێنی گونجاوو پێداویستیە مرۆییەکان لە داودەرمان و خواردەمەنی بەھەرەمەند بن و شکۆی مرۆییان بپارێزرێت. ئەم ھاوپشتیە جیھانیە رێگا دەکاتەوە بۆ ھاتنەمەیدانی ئیرادەی خەڵکی موسڵ بۆ دەسەڵات و خۆبەێوەبردن کە نموونەکەی دەگوێزرێتەوە بۆ ناوچەکانی تری عێراق و کوردستان. حیزبەکانی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراق لەم رێگایەدا دەستبەکارن و چاوەڕوانن ھەموو حیزب و لایەن و کەسایەتی ئازادیخواز، مرۆڤدۆت، کۆمۆنیست و چەپ لەبەرژەوەندیەکانی خەڵکی موسڵ و سەرجەم خەڵکی ناوچەکانی تردا بۆ ئایندەیەکی باشتر بەشدارو ھاوکاربن.


١٧\١٠\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر
 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

جیهانی شارستانیی و به‌ره‌ی مرۆڤی ئازادیخواز..

ئه‌م بێده‌نگه‌ییه‌ بشکینن، با بۆ بەرگریی لە خەڵکی موسڵ بێینە مەیدان.


دەشتی جەمال     
 

 

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ ئۆپەراسیۆنی سه‌ربازی له‌ ژیرناوی "ئازادکردنی موسڵ وکۆتایی هێنان به‌تیرۆریزمی داعش" له‌لایه‌ن هیزه‌ ئیمریالیسته‌ جیهانیه‌کان به‌سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا ده‌ستێپکرد. ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن خه‌ڵکی بێتاوان له‌ ژن و منداڵ وپیرو په‌که‌وته‌ که‌وتۆنەته‌ نێو ئابڵوقەیەکی هەمەلایەنەی سەربازیەوە. لەلایەک کوشتاری کۆێرانه وبۆمباران وویرانکردن بەدەستی ماشینی جەنگی ئه‌م هێزانه‌و له‌لایه‌کی تریشەوە بەبارمتەگرتنی خەڵک وبەکارهێنانیان وەک قەڵغانێکی جەنگی لەلایەن داعشەوە، نەک هەرهیچ ڕێگایەکی دربازبوونی لەبەردەم خەڵکی ئەم شارەدا نەهیشتۆتەوە، بگرە ئەوانی رووبەڕوی کۆمەڵکوژیی و ئاوارەیی و ماڵوێرانیکەی گەورەکردۆتەوە.

بێگومان کۆتایهێنان بەداعش و پاکردنەوەی لە کۆمەڵگادا خواستێکی مرۆیی و پیشرەو و دەستبەجێیە، بەڵام ئەم دڕندەییە کە بە رابەریی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لەژێر ناوی "شەڕی دژ بەتیرۆر" بەرپاکراوە، بۆ دابەشکردنەوەی ناوچەکەو دەسەڵات و سامانە لەنیوان هێزە جیهانی و ناوچەییەکاندا کەدەیانەوێت بە نرخی خاپورکردنی کۆمەڵگاو کوشتاری خەڵکی بێتاوان بەڕێوەیبەرن، بەبێ ئەوەی ڕێگایەک بۆ دەربازکردن وسەلامەتی خەلکی شاری موسڵ پێشنیار بکەن. بەم جۆرەش داعش بەهانەیەکە بۆ بەڕیخستنی تراژیدیایەکی مرۆیی لەئاست ناوچەکەدا. ئەمە لەکاتیکدایە کەئەم شەڕە نە لەدژی تیرۆریزمەو نە بۆ لە ناوبردنی ئەو داعشەیە کە خۆیان پەروەردەیان کردوە، بەڵکو "تیرۆر وداعش" بەهانە وکارتێکی سیاسیە بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی پشتی ئەم شەرە وبەلاریدا بردنی ڕای گشتی خەلکی ئازادیخوازە لەراستیەکانی پشتی ئەم شەرە. ئەم شەرە شەری بەرژەوەندیە جیاوازەکان وپێگەی سیاسی دەوڵەتە زلهیزەکانی دنیا و دەستوپێوەندەکانیانە، هاوکات پێشبڕکێی دووبەرەی تیرۆریستیە لەپێناو دابەشکردنی ناوچەکە و هەژموونیان لە دنیادا. بۆیە پیویستە بەدژی ئاکامە تراژیدیەکان و بۆ بەرگری لە خەلکی موسڵو پارێزگاری لە ژیانیان دەنگی نارەزایەتی هەڵبڕین.

کارەسات و ئاکامێک کە ئەم شەرە بەدواخۆێدا دەیهێنێت نەک کۆتای بە تیرۆریزم ناهێنێت بەڵکومەترسیەکانی تیرۆریزم زیاد دەکات، نەژاد پەرستی و دەمارگیری ناسیۆنالیی وئاینی لەسەر دەستی ئەم هیزە ڕەشانەدا زیاترو زیاتر دەکات و هەرچی زیاتر بەشەریەتی ئازادیخواز لەسەراسەری دنیادا دەخاتە بەردەم هەڕەشەی تیرۆریزمەوە. کەوایە ئەرکی مرۆڤایەتیی ئازادیخوازە کە بۆ وەلانانی ئەم مەترسیانە و لە دژی ئەم پێشبرکی تیرۆریستیە پێ بنیتە مەیدانەوە.

ئاکامەکانی ئەم شەرە هێجگارکارەساتبارە و دەولەتانی ئیمریالستی جیهان و حکومەتەکانی ئەوروپا دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریتی گەورە. کوشتاری خەلکی موسل بەهەر بەهانەیەک بێت، تاوانی جەنگە. دەوڵەتانی ئەوروپای کە لەلایەک دیواری سنوورەکانیان بەروی پەنابەراندا دادەخەن، لەولاشەوە خۆیان بەشدارن لە تێکروخاندنی ماڵوحال و دەربەدەرکردنی خەڵک. ئەمە لە ژێپێنانی هەموو بەها و پێوانەو یاسایەکی پێشڕەو و مرۆییە.

ئەم شەرە قه‌یرانی پەنابەری و رووهێنانی بەلیشاو بۆ رزگاربوون لەدەست جەهنەمی شەر و هەڵبژاردنی مەرگ و تراژیدیا دەریایی روو لە هەڵکشان دەکات کە ولاتانی ئەوروپا ئەمەریکا و رۆژاوا بە ئاسانی دەیانەویت خۆیانی لی لابدەن و سنورەکانین توندتر بکەنەوە. هه‌ربۆیه ئێمه‌ له‌فیدراسیۆنی سه‌راسه‌ری په‌نابه‌رانی عێراقی داوای دەستبەجێ بەهاناوە چوونی خەڵکی شاری موسڵ دەکەین وپیویستە ڕێگایەکی بەپەلە بۆ دەرباز کردنی خەلكی بێدیفاعی ئەم شارە بگیریتەبەر وڕیگا لەتۆپبارانکردنو کوشتارو کاولکردنی ماڵوحالیان بگیرێت، لەمراستایەشدا داوادەکەین لەبەرەی شارستانیی و ئازادیخوازی جیهان بی دەنگی بشکێن و بە هاتنەمەیدانی دەنگی نارەزایەتیان، یەخەی ناوەندە نیونەتەوەیەکان و کاربەدەستانی دەولەتانی بەشدار لەم شەرەدا بگرن وبەرپرسیاریان بکەن لەچارەنوسی خەڵکی شاری موسڵ.

هاوکات ئێمە لەفیدراسیۆنی پەنابەرانەوە داوا لەنەتەوەیەکگرتوەکان و وەزارەتەکانی کوچ وکۆچبەرانی ولاتان ودامو دەزگا مرۆییو فریا گوزاریەکان دەکەین کەبەخێرایی هەموو تواناکانیان وەگەرخەن بۆ ڕزگارکردنی هەڵهاتوان وئاوارەکانی ئەم جەنگە و نیشتەجێکردنیان لەڕەوشێکی مرۆییدا. هەرەوەها دەبێ بەتەواوی تواناوە ڕێگە لەتۆلەسەندنەوەی کویرانەو بارگرژی ناسیۆنالییو دینیی بگیڕی وڕێگا نەدرێت بەکوشتاری مرۆڤەکان لەژێر ناوی نەتەوە و دینەکاندا.

بێگومان بەهانا چونی خێرای خۆراکی و پۆشاک وداودەرمان بۆ ئاوارەو قوربانیانی جەنگ، بچوکترین ئەرکە کەدەبێ گیانی هاوکاری و مرۆڤدۆستی دونیای بۆ ئاڕاستەبکرێ.
 

١٧\١٠\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی ده‌شتی جه‌مال

 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

داوای راوەستانی جهنگی ئێستا له موسڵ

لە ژێر هەر بیانوویەکدا بێ بەرگرییە لە مانەوەی داعش.

حەمە غەفور     

 

هەڵوێستی سەرڕاست ‌و کۆمۆنیستی بەرانبەر بە "ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ" کە ئامانجی ڕاستەوخۆی پاککردنەوەی شاری موسڵ لە داعش‌و ڕزگارکردنی دانیشتوانەکەی لەژێر دەست‌و چنگاڵی ئەم دەستەو تاقمە خوێنڕێژو مرۆڤکوژە ڕاگەیەنراوە، بەتایبەتیش لەلایەن ئەو دەوڵەت‌و‌ هێزانەی ئەم جانەوەرە ئیسلامیانەیان پێگەیاندو بەریاندانە گیانی خەڵکی ناوچەکەو جیهان، هەرگیز ناتوانێت بە پاساوی قەومانی کارەسات‌و وێرانبوونی شارەکە، بەرزکردنەوەی دروشم‌و داوای ڕاگرتنی شەڕ بێت. هەوڵوێستێک کە بە داخەوە ڕابەری هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و عێراق‌و هاوڕێ ڕێبوار ئەحمەد گرتوویانە. چونکە هەر ئێستا دانیشتوانی موسڵ‌و دەوروبەری لەنێو کارەساتی ڕۆژانەو سەربڕین‌و ئیغتیسابی ژنان‌و ووردکردنی کەسایەتی‌و پیرۆزیی مرۆڤ ‌و لەنێو زیندانێکی گەورەی ترس‌و تۆقاندن‌و کوشتوبڕی مرۆڤدا ژیان دەگوزەرێنن، دۆزەخێکی بیلفیعل کە داعش زیاد لە دوو ساڵە گەورەو بچووکی دانیشتوانی ئەم شارو ناوچەیەی تێدا دەسوتێنێت. ئەم داوایە دوورو نزیک پەیوەندی نییە بە هەڵوێستێکی کۆمۆنیستی‌و مارکسیستییەوە، بگرە لە هەڵوێستی دەستەوسانی‌ گروپێکی سیاسی زیاتر نییەو دەبێت لەلایەن کۆمۆنیستە کرێکارییەکانەوە ڕەخنەباران بکرێت‌. وە کارێک بکرێت ڕابەرایەتی هەردوو حیزب‌و ڕێبوار ئەحمەدیش، تا ئەو کاتەی بانگەشە بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاریی دەکەن، ئەم هەڵوێستە بگۆڕن‌و هەڵوێستی کۆمۆنیستی بگرنەپێش. هه ڵوێستی ئێستای ڕابه ری دو حیزب‌و هەنگاوێکی بەمجۆرە پاسیفیزمێکی تەواو ئاشکراو چاوەڕووانییەکی خەیاڵی‌و پادەرهەوا نیشانئەدات‌، وە جگە لە شەرمەزاربوون لەبەردەم مێژوودا بۆ کەسانێک هێشتا خۆیان بە کۆمۆنیستی کرێکاریی دادەنێن، هیچ ئاکامێکی دیکەی نابێت! بۆچی؟ چونکە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە هەموو حاڵەتێکدا وەک چۆن لە ڕێگای زەبرو زەنگەوە هاتووە، هەر ئێستاو بە خێرایی تەنها دەبێت لەڕێی گورزی سەربازییەوە ملیبشکێنێت‌و دووربخرێتەوە. دروست بەهەمان شێوەی هەڵوێستی (مەنسور حکمەت) لە سەروبەندی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر دەسەڵاتی نەگریسی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفگانستان، کە ووتی؛ "شه‌ڕ ڕاگه‌ياندنى هيچ كه‌سيك، ته‌نانه‌ت ئەمەریکاو رۆژاوايش، له‌دژى تاليبان ناكرێ مه‌حكوم بكرێت. تاڵيبان ده‌بێ بڕوات‌و سه‌ره‌نجام ده‌بێ هه‌ر له‌ڕێگاى زه‌بروزه‌نگ‌و كرده‌وه‌ى سه‌ربازييه‌وه‌ بڕوات. دوژمنايه‌تى رۆژاوا له‌گه‌ل تاليباندا باشتره‌ وه‌ك له‌دۆستايه‌تى تائێستايان. هيچ كه‌سێك به‌ر به‌ پێچانه‌وه‌ى ده‌ورودوكانى مرۆڤكوژانێك ناگرێت كه‌ رۆژاوا خۆى هێناونييه‌ سه‌ركار. به‌ڵام له‌نێوان جه‌نگ‌و تيرۆردا جياوازى هه‌يه‌. كرده‌وه‌كانى ئەمەریکا و بەريتانيا له‌ ئه‌فغانستان تيروريستييه‌. بۆمبارانى شاره‌كان‌و ناوچه‌ سه‌كه‌نيه‌كانى ئه‌فغانستان ده‌بێت مه‌حكوم بكرێت‌و ڕابگيرێت". بەمپێیە ئەم هەڵوێستەی ڕێبوار ئەحمەدو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و عێراقیش، واتە "داوای ڕاگرتنی شەڕ بە پاساوی وێرانسازی‌و قەومانی کارەسات‌و قووڵتربوونەوەی کێشەکان" بخوازن یان نەخوازن دەچێتە چوارچێوەی بەرگری لە مانەوەی خودی داعش بەسەر سەری شاری موسڵ‌و دانیشتوانە دیلکراو و بەبارمتەگیراوەکەیەوە. لە هەمان کاتیشدا دەچێتە خزمەتی درێژکردنەوەی ژیانی سیاسی داعش هەم وەکو مەترسییەکی گەورە بەسەر خەڵکی ناوچەکانی تری عێراق‌و کوردستانەوە، هەم دەبێتە هۆکاری درێژەی تیرۆرو کردەوەی تیرۆریستی لە عێراق‌و ناوچەکەو جیهانیش. سەرباری ئەوانەش هەڵوێستی پاسیسفیستی‌و محافەزەکارانەو لایەنگری لە ئارامش‌و تونترنەبوونەوەی کێشەکان، ڕازیبوونە بە هەلومەرجی ئێستا (واتە مانەوەی داعش!) کە هەموو خەڵکی عێراق‌و ناوچەکەو جیهانیش لێی بێزارو نیگەرانن وە خوازیاری ئاڵوگۆڕن لە بەرژەوەندی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی داعش. جگە لەمانەش هەڵوێستگیرییەکی لەو چەشنە کردەوە داعشییەکان زیاتر دەکات‌و تیرۆرو تیرۆریزم پەرەدارتر دەکات. لێ گەڕێن با هەر ئەو هێزو دەوڵەتانەی کە داعشیان دروستکردو قەڵەویانکرد، وە ئیستا بۆتە مڵۆزمی سەر ڕێگایان خۆیان بڕۆن‌و بە وەشاندنی گورزی سەربازی پەڵەی نەنگی‌و شەرمەزاری نێوچەوانیان، یانی داعش بسڕنەوە. هیچ نەبێت لە موسڵ‌و دەوروبەری دەستکۆتایان بکەن‌و دۆزەخێکی ڕاستەقینە کە بەدەستی داعش‌و دارو دەستە خوێنڕێژەکانی بۆ دانیشتوانی شارێکی چەند ملیۆنی دانراوە کۆتایی بهێنرێت!

ڕێبوار ئەحمەد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە تازەترین وتاری لەژێر ناوی "ئازادی موسڵ یان شەڕی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان؟!"دا ئەو هەڵوێستە پاسیفیستی‌و پارێزگارانەیە بەرانبەر "جەنگی ئازادکردنی موسڵ" تیوریزەدەکات‌. لەڕێی کۆپیکردنی ئارەزوومەندانەو میکانیکیانەی باس‌و هەڵوێستە مارکسیستییەکانی مەنسور حکمەت سەبارەت هێرشی تیرۆریستی ١١ی سێپتێمبەرو کارو کاردانەوەکانی دواتری، پاساوی شیکردنەوەیی ‌و ئایدیۆلۆژیی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستە نامارکسیستی‌‌و ڕاستڕەوانەیە دەهۆنێتەوەو هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و عێراقیش بەداخەوە بەشوێن ئەودا بەکێش بوون بۆ وەرگرتنی هەمان هەڵوێست لە دوو بەیاننامەی جیاجیادا. (لە پەرواێزدا لینکی وتارەکەی ڕێبوار ئەحمەدو هەردوو بەیاننامەکە دادەنێم). لەم بڕگەیەی وتارەکەیدا بە جوانی هەڵویستەکەی ڕێبوار دەردەکەوێت:" ئەگەر بە ئەندازەی نوکە دەرزیەک کێشەیان لەگەڵ تیرۆریزم هەیە، با زەحمەتی شەڕو قارەمانبازی و وێرانكاری کۆمەڵگا و کوشت و کوشتار نەکێشن، لە جیاتی ئەوە زەحمەتبکێشن خۆیان بپێچنەوە و ملیانبشکێنن و لە ناوچەکە برۆنەدەرەوە. لە جیاتی شەڕی داعش گوێی نۆکەرەکانیان راکێشن با چەک و تەقەمەنی و پارە لە داعش ببڕن و ئاسانکاری بۆ نەکەن. بەم جۆرە داعش لە سویچەوە دەکوژێتەوە و خەڵکی ئەو ناوچانەی دەسەڵاتی داعشی تیایە هەر بە شەق و بەرد داعش راودەنێن." هەروەها ئەم بڕگەیەش لە ڕاگەیاندنەکەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان کە لە ژێر تایتڵی"با بەر بەکوشتاری خەڵکی موسڵ و وێرانکاری بگرین" هاتووە؛ "پێویستە بەرامبەر بەم کارەساتەی ئێستا کەبەناوی “ئازادکردنی موسڵەوە” لەئارادایە بێدەنگی بشکێندرێت. وه‌لانان و وه‌ده‌رنانی داعش و هاوشێوه‌کانی له‌و جێگایانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتووه‌ خواستێکی هەموو بەشەریەتی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهانه‌، بەڵام ئەمە کاری خودی خەڵکی ناوچەکەیە بەپشتیوانی بەشەریەتی ئازادیخوازی جیهان. ئەم کارە بەتیرۆریزمی دەوڵەتی و بۆمبارانی کوێرانە و خاپورکردنی قوتابخانە و نەخۆشخانە و ماڵ و حاڵی خەڵک وکوشتاری خەڵکەکەی ناکرێت." پێماندەڵێت، هێرشەکان بۆ لێدان لە داعش‌و دەرکردنی لە موسڵ با ڕاوەستێت! دیسان لە بڕگەی یەکەمی بەیاننامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق بەناوی؛ "الحملة العسكرية على الموصل حرب اقطاب رجعية،يجب ايقافها فورا" بە زمانی عەرەبی هەمان هەڵوێست دوپاتکراوەتەوە؛ "الحرب الارهابية الدائرة بين الاقطاب الامبريالية العالمية وحلفائها الاقليميين والمحليين وبين داعش ليست الا حربا بين قطبي الارهاب العالمي لا علاقة لها بمصالح جماهير العراق والبشرية المعاصرة وآمالها في التخلص من براثن داعش والارهابيين. ان الحملة العسكرية الحالية لما يسمى بتحرير الموصل من ايدي داعش، تشكل حلقة خطيرة من حلقات هذه الحرب الدموية الجارية في العراق والمنطقة مع ما تتمخض عنها من ماسي انسانية كبيرة لسكان الموصل وتهديدات لحياة وامان الطبقة العاملة والجماهير.".


لەکاتێکدا لەهیچ جێیەکی وتارەکەیدا ڕێبوار باسی ئیسلامی سیاسی‌و تیرۆریزمی داعشی وەکو جەمسەرێکی تیرۆریستیی ناوچەیی‌و جیهانیی خوازیاری دەسەڵات ناکات‌. باسی ناکات کە چۆن لە کێشەو جەنگێکی سیاسیدایە لەگەڵ ڕۆژئاواو ئەمەریکا لەسەر بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، نەک لە شەڕیکی سەرو ماڵی‌و مان‌و نەماندا بێت لەسەر ئیسلام‌و بەهاکانی، یاخود جیهاد بێت لە دژی دیموکراسی‌و بەها ڕۆژئاوایی‌و شارستانییەکان کە وەکو سەرچاوەی ستەمی سەر خەڵکی فەلەستین‌و زوڵمی ئیسرائیل لە خەڵکی موسڵماننشینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لێکیانداوەتەوەو هێزی لێ دەگرن. داوایەکی لەم چەشنە کە ڕێبوار ئەحمەد ئاراستەی دەکات، لە گۆشە نیگای هەڵوێستگیرییەکی مارکسیستییەوە نییە، بەو دەلیلەی هێزهاوسەنگی ئێستای جیهان‌و دەرکەوتنی ئاستی ناکۆکی‌و بەریەککەوتنەکانی جیهانی سەرمایەداریی، خۆی لەپێناو بەدیهێنانی هاوسەنگییەکی تازەو سەقامگیرییەکی نوێی ئیستسمارو سەرمایەگوزاری مۆنۆپۆڵی لە وڵاتانی زۆنی هێزی کاری هەرزاندا ئەم کێشمەکێش‌و لەشکرکێشی‌و جەنگ‌و تیرۆریزمە دەوڵەتی‌و ئیسلامییەشی هێناوەتەئاراوە. ئەم ڕیزبەستنە سیاسی‌و سەربازییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆی لەمێژە شکڵیگرتووەو ئامانجی ستڕاتیژی خۆی هەیە. خودی پەیدابوونی دیاردەی داعش‌و کەوتنی موسڵ‌ بۆ ژێر دەستی داعش‌و جەنگی سوریاو ئێستاش هەوڵی وەدەرنانی داعش لە موسڵ درێژکراوەو دەرئەنجامی هەمان دەخالەت‌و ملهوڕی ئەمەریکایە لە ناوچەکە بۆ سەپاندنی ڕۆڵی پۆلیسییانەی خۆی بەسەر ناوچەکەو جیهاندا پاش داڕمانی بلۆکی سۆڤێت. بۆیە داوایەکی لەو جۆرە بەرانبەری گەلێک نامارکسیستی‌و بەولاوەتریش ساویلکانە دێتە پێش چاو. ڕێبوار تیرۆریزمی ئیسلامی تەنها وەکو ئامڕازی دەستی ئەمەریکاو دەوڵەتە هەرێمییەکان تەماشادەکات‌و بەشێوەی ستاتیک لەم دیاردە ئاڵۆزکاوەی تیرۆریزمی ئیسلامی دەڕوانێت‌و لە فۆڕمۆڵەکردنی وتارەکەیدا بەکاریدێنێت، تا پێمانبڵێت؛ "ئەم شەڕەی ئازادکردنی موسڵ درۆیەکی گەورەیەو بۆ لەناوبردنی تیرۆریزمی ئیسلامی نییە"! هەموو کەس دەزانێت شەڕەکە بۆ تەمبێکردنی ئەو باڵە یاخی‌و هەوسارپچڕاوانەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسییە کە زیاد لە حەد پێیان درێژکردووە. بەڵام باشە مادام هەنگاوێکی بەم شێوەیەی ئەمەریکاو ڕۆژئاوا بەکردەوە تەوقی داعش بشکێنێت‌و لە موسڵ وەدەریبنێت، بۆ دەبێت داوای ڕاوەستانی بکرێت! کەوایە بۆ چەند مانگ لەمەوپێش لە شەنگاڵ‌و ڕومادی‌و فەللوجە داوای ڕاوەستانی ئەو شەڕەتان نەکرد؟! پرسیار ئەوەیە، ئایا بە ڕاستی لە شەنگاڵ‌و ڕومادی‌و فەللوجە تا ئێستا داعش بمایە باشتر بوو؟! ئایا مەحکومکردن‌و بەرزکردنەوەی دروشمی ڕاوەستانی شەڕ لەنێو ڕای گشتی جیهان‌و ناوچەکەو عێراقیشدا بڕشت‌و ئاسەوارێکی هەیە یاخود دەیبێت؟! ئایا داوای وەستانی شەڕێک کە بەگوێرەی پێناسە هەموو خەڵکی جیهان بە تاسەوە چاوەڕوانی ئاکامەکەی دەکات، یانی کەوتنی داعش، سەرپەڕی‌و لاکەوتەیی‌و خۆفریودان نییە؟!

ئاشکرایە کە نە ئامانجی شەڕەکەی ئێستای موسڵ‌ بۆ لەبەینبردنی تیرۆریزمی ئیسلامییە، نە جەنگی سەردەمی ١١ی سێپتێمبەریش لەژێر ناوی ڕاونانی بنلادن‌و لێدان لە تاڵیبان‌ ئامانجێکی وەهای بووە، وە نە سەرتاپای کێشمەکێشەکانیش لەگەڵ جەمسەری ئیسلامی سیاسی بۆ لەناوبردن یاخود تەنانەت کەمکردنەوەی تیرۆریزمی ئیسلامی بووە. ئامانجی ئەمەریکاو ڕۆژئاوا لە شەڕیان لەگەڵ ئیسلامی سیاسی بە گشتی‌و ئەو تیرۆریزمە ئیسلامییەی لەنێو داعشدا بەرجەستەبووە، بە دیاریکراوی لەم جەنگەی موسڵدا، کۆتاییهێنانە بەو پەڵەی نەنگییەو نەفرەت‌و ناڕەزایەتییەک کە بەهۆی یاخیبوونی داعشەوە بەرانبەر ئەمەریکاو کردەوە قێزەونەکانییەوە لەنێو ویژدانی ڕای گشتی جیهان‌و خەڵکی ناوچەکەشدا دروستبووە. بە تایبەتیش کە ئێستا داعش وەکو ئامڕازێکی شوێنگرتنی ئامانجەکانی ئەمەریکاو لایەنەکانی دیکە ڕۆڵی کۆتاییهاتووە. بەهۆی سیاسەتی داعشیانەو سەربڕینەکان‌و قەسابیکردنە ئیسلامییەکانییەوە ناڕەزایەتییەکی گەورەی جیهانی شارستانی لێ کەوتۆتەوە بەرانبەر بە سیاسەتی سەپاندنی هەیمەنەی ئەمەریکاو دابەشکردنی ناوچەکانی نفوز لە جیهان. هەڵوێستی واقعبینانەو مارکسیستی لێرەداو لەم هاوکێشەیەی ئێستای نێوان بزووتنەوەی کۆمۆنیستی‌و جیهانی شارستانی‌و سەرمایەداریی جیهانیدا ئەوەیە؛ لێگەڕێین ئەم پەڵەی نەنگی‌و شەرمەزارییەی ئەمەریکاو ڕۆژئاوا خۆیان زەحمەتی لەناوبردنی بکێشن. بێگومان لە هاوشانی مەحکوم نەکردنی لێدان لە داعش‌و دەرپەڕاندنی لە موسڵ، بۆردومانی شوێنی ژیانی هاوڵاتیان‌و کاولکردنی پردو ڕێگاوبان‌و ماڵ‌و مەدرەسەو خەستەخانەکان، وە کوشتاری هاوڵاتیانی بێ‌دیفاع‌و سڤیل کردەوەیەکی تیرۆریستییەو مەحکومەو دەبێت ڕابگیرێت.

سەبارەت ئاکامەکانی دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ‌و کاردانەوەو ڕێزبەستنە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و حیزبییەکان، زۆر ڕۆشنە ئێمە دەبێت خوازیاری ئەوە بین خەڵکی خۆیان چارەنووسی خۆیان بەدەستەوەبگرن‌و دانیشتوانی شاری موسڵ بەبێ جیاوازی لەگەڵ یەک بژین. ڕێگانەدەن بە هەڵاواردنی ناسیۆنالیی‌و مەزهەبی‌و باوەشێنی ئەم جۆرە ئەحساساتە شەڕو پێکدادان‌و نائەمنی باڵبکێشێت بەسەر ژیانیاندا. هەروەها زۆر مەسەلەی وەک شەڕی تائیفی لە عێراق‌و ناوچە کێشە لەسەرەکان‌، قازانج‌و زیانی دەوڵەتانی ناوچەکەو لایەنە ناوخۆییەکانی عێراق، ڕۆڵی ئێستاو داهاتووی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان‌و هاوپەیمانانیان، داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و عێراق‌و کوردستان‌و مەسەلەی دەوڵەت لە کوردستان‌و مەسەلەی قەیرانی ئابوری کوردستان‌و قەیرانە سیاسییەکان‌و پرس‌و بابەتەکانی دوای ئازادکردنی موسڵ لەدەستی داعش، لە کات‌و شوێنی خۆیاندا دەبێت هەڵوێستەیان لەسەر بگرین‌و بە تایبەت هەڵوێستگیری لەبارەیانەوە بەڕای هەموو لایەک دوای کۆتایی پرۆسەی موسڵ ئەبێتە کارێکی ئێجگار فەوری‌و چارەنووسساز.

لە کۆتاییدا لەنێو هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و عێراقیشدا، پێویستە ئەم هەڵوێستەی ڕابەرایەتی هەردوو حیزب بە چڕی ببرێتە ژێر ڕەخنەوەو کادیران‌و ئەندامان‌و تەنانەت هاوسۆزان‌و لایەنگرانی کۆمۆنیزمی کرێکاری‌ ڕابەرایەتی هەردوو حیزب ناچاربکەن بەم هەڵوێستەیاندا بچنەوەو هیوادارم ڕابەرایەتی دوو حیزبی کوردستان‌و عێراق ئەم هەنگاوە هەڵگرن. ئومێدەوارم لە ڕیزی هەردوو حیزبدا ژمارەیەکی زۆر لە کادیران‌و ئەندامان نه چنە ژێر باری ئەم سیاسەتەو ئەم هەڵوێستە پاسیفیستییەی ئێستای ڕابەرایەتییەوە. بە شوێن ڕاگەیاندنی ئەم هەڵویستە نامارکسیستی‌‌و زیانبارەی ڕابەرایەتیی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان‌و عێراقدا، ئه رکی کۆمونیستی ئه وه یه شەپۆلێک لە ڕەخنەو جموجووڵی دیفاع لە مارکسیزم‌و باوەڕە کۆمۆنیستییەکان لە ناوەوەو دەرەوەی هەردوو حیزب بێتەئاراوە.
___________________________
بەستەری وتارەکەی ڕێبوار ئەحمەد:
ئازادی موسڵ یان شەڕی کۆنەپەرستانەی جەمسەرەکان؟!
بەستەری ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان: با بەربەکوشتاری خەڵکی موسڵ و وێرانکاری بگرین.
بەستەری ڕاگەیاندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق: www.facebook.com/kamil.ahmed.3956/posts/10155373139349488

 

١٧\١٠\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی حه‌مه ‌غه‌فور

 

 

------------------------------------------------------------------------------------

 

 

ئەم جەنگە پێویستە بوەستێ!

ئاوابوونی خوێناویی ''سیستەمی نوێی جیهانی''ی ئەمەریکا!

سامان کەریم     

 

جەنگێک کە لە سوریادا لە ئارادیە جەنگێکی جیهانی یە. ئەوەی ئەمرۆ لە جەنگی سوریا و بەرە جیاوازەکانی شەڕ لە عێراق و لیبیاو یەمەندا دەگوزەرێت، لە لایەن دوو ‌زلهێزی سەرەکی جەنگەوە، بەشیوەی ڕاستەوخۆو ناراستەوخۆ، ‌ئەوەندە شەرم هێنەرە تا ئاستی ئەوەی کە شیوازی تیرۆریزمی دەوڵەتی لەم جەنگەدا، کردۆتە مۆدێلی زاڵ. هەردوو لا لە کوشتنی خەڵکی بێتاوان، منداڵان و پیرساڵان، کاولکردنی خەستەخانەو قوتابخانە، وێرانکردنی ژێر خانی ئابوری، درێخیان نەکردوە. ئەمەریکا، نەک تیرۆریزمی دەوڵەتی خۆی بەڵکو ناچارە تیرۆریزمی ئیسلامی دەستگیرۆیی و هاوکاری بکات، لەوەش زیاتر لە کاتی تەنگانەدا ڕزگاریان بکات لە ژێر ناوی "کۆمەکی مرۆیی" کردنەوەی " کۆریدۆری ئامن"دا. ئەمرۆ دەهۆڵکوتی ماس میدیای جیهانی ڕۆژئاواو ئەمەریکا بۆ تیرۆریزمی دەولەتی و ئیسلامی بۆتە ئاراستەی سیاسی و ڕاگەیاندنی باو. دووڕووی سیاسی ، هەڵگێڕانەوەی ڕاستیەکان و پێکەوەنانی درۆو نیفاق نیشاندانیان وەک واقع کاری سەرەکی و بەردەوامی میدیاکانیانە. روسیا وچین لە بەرانبەردا، پڕوپاگەندەکانیان ڕووی لە فرمێسک هەڵڕشتنە بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و بڕیارەکانی شورای ئاسایش، کارکردن بە یاسا نیونەتەوەیەکان، پاراستنی سنوری وڵاتان و ئیدانەکردنی دەخاڵەتی پێش وەختەو دەخاڵەتی " نامەشروع" لە وڵاتاندا بە بێ پرسکردنی حکومەتەکانیان بەکورتی" گێڕانەوەی شەرعیەت و هەیبەت بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان و بڕیارەکانی" ، مەسەلەی سەرەکی ئەم لایەنە ئەوەیە کە شەری سیستەمێکی چەند جەمسەری دەکەن لە ئاستی جیهانیدا . جەنگ و ململانێو کێبەرکێیەکی توندو تیژو خوێناوی لەسەر زەوی وڵاتانی دیکە، لە سایەی پرۆسێسێکی ڕاگەیاندن و میدیایی سەرسامهێنەری درۆزنانەو ڕیاکارانەو شاردنەوەی ڕاستیەکان و سەرنج لادانی خەڵک لەسەر کیشە واقعیەکان، لە نیوان وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداریی دونیادا دەگوزەرێت، جەنگێک بە ئامانجی یەکلایکردنەوەی " سیستەمێکی نوێی جیهانی". ئەوەی ئەمەریکا دەیەوێت مانەوەی خۆیەتی وەک ڕابەری بێ مونافسی سەرمایەداریی جیهانی و هاوپەیمانی رۆژئاواو مانەوەی دامو دەزگاکانی، بەرەی بەرانبەریش چین و روسیا ... سیستەمێکی جیهانی نوێی چەند جەمسەری.


لە واقعدا بەرەکانی ئەم جەنگە دوو بەرەن، دوو بەرەی سەرمایەداریی زلهێزی سەربازی ئەمەریکاو ڕوسیا و هاوپەیمانەکانیان. بەلام هەم دوو بەرەیەو هەم لەهەمانکاتدا چەندین ‌هێزی دیکە لە نیوانیاندا دێتە پێش چاو، کە هەریەکەیان بە دوای دابینکردنی بەرژەوەندی خۆیەوەیەتی. بەلام ئەو دوو‌هێزەی کە لەم قۆناغە مێژوویەدا ئەم ململانێ و کێبەرکێ یە یەکلادەکاتەوە دوو بەرەی ئەمەریکاو روسیاو هاوپەیمانەکانیان.


هێزەکانی دیکەی نیوان ئەم دوو جەمسەرە، لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا، لە وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی وەک - ئیسڕائیل، تورکیا، سعودیەو ئیران" دا خۆی دەبینێتەوە، لەگەل ‌هێزگەلیکی تیرۆریستی وەک داعش و نەسرەو و ئەوانی دیکە وچەندین میلیشایی گەورەی شیعی وەک حیزب اللە و حوسیەکان و حەشدی شەعبی... لە ڕاستیدا ئەم ڕیز بەندییەی دوایی چ وڵاتانی ناوچەکە وە چ ‌هێزە تیرۆریستیەکان، پێگەیەکی تاڕادەیەک مۆلەق و ناجیگیریان هەیەو بەپێی هێز هاوسەنگی ئەو دوو بەرە سەرەکیەی سەرمایە پێگەیان دەگورێت لەم قۆناغە ئینتقالی یەدا، و زۆرجار دەرگیر دەبین لە ئالوگۆری سیاسی گەورەو تەنانەت بادانەوەی گەورەی سیاسی، واتە گۆڕینی ئیستراتیژ لە پێناو گەیستن بە هەمان ئامانج. لەمبارەوە نموونەی بادانەوەی یان نزیک بونەوەی تورکیا لە جەمسەری ڕوسی لەم چەند مانگەی دوایی دا لەم چوارچیوەیەدا لێک دەدڕیتەوە. هێزە تیرۆریستیەکانی وەک داعش و نەسرەو"فەتح ئەلشام" ئەحراری شام و ڕیکخراوی ئەنساری شەریعە وڕێکخراوی ئۆزبکستانی ئیسلامی ئیگۆرییەکان....هەموو ئەوانە بەپێێ پێگەی خۆیان و ولە ڕوانگەی گەیشتن بە ئامانجی سیاسی خۆیان لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی " ئیسلامی سوننی"دا هەم سود لە ململانیو قەڵشتی نێوان دوو بەرەی جەنگەکە دەکەن وەهەم بەگشتی لە سایەی سیاسەتی گشتی ئەمەریکاو ڕۆژئاوادا شەری خۆیان پەرە پیدەدەنو لە بارەی مێژویشەوە ئیسلامی سیاسی لە بەرەی ئەمەریکاو ڕۆژئاوادا بوە. هەروەک لە باسێکی پێشوودا سەبارەت بە تیرۆریزم ئاماژەم پێداوە و نوسیومە:" بەگشتی و بەجیا لەوەی کە ئەم بزووتنەوەیە لەهەردوو بارەکەیدا دەبینرێت واتە هەم لەباری ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ ئەمەریکادا و هەم لە باری هاوشانی و هاوکاری و نزیکایەتی لەگەڵیدا، بەڵام هەروەک ئاماژەمان پێکرد لە باری ئامانجی سیاسی یەوە لەگەڵ ئەمەریکادا جووتە. واتە لەباری ئەوەی کە دەوڵەتێک پێک بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا ئەویش دەولەتی ئیسلامی سوننی بێت. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی وهەروەها ئیسلامی سیاسی لە ئیخوانەوە بگرە تا داعش و ئەوانی دیکە لەسەر ئەم ئامانجە سیاسیەیان مکوڕن. "( پەتای تیرۆریزم و چونیەتی ڕوبەڕوبونەوەی!) میلیشایی شیعەکان بەگشتی لە چوارچیوەی سیاسەت و ئیستراتیژی ئێراندان و بەم پێ یە لەم ئێستادا لە بەرەی روسیادان لە بەرانبەر ئەمەریکادا.

بۆ تێگەیشتن لەم بارە ئالۆزەی ئەم هەلومەرجە پیویستە لە قۆناغی مێژووی ئەمرۆ تێبگەین "قۆناغی ئینتقالی" کە بەشێوەیەکی فراونتر لە باسی " پەتای تیرۆریزم و چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەی!"داباسم کردوە. لیرەدا زۆر بەکورتی ئەم بڕگەیە لەو نوسراوەیە دەهـێنمەوە:" لەنێوان سیستەمی تاکڕەوانەی داڕووخاوی ئەمەریکاو بنیات نانی سیسستەمێکی جیهانی چەند جەمسەریدا قۆناغێک هەیە کە قۆناغێکی ڕاگوزەرە، قۆناغی ئێستا. ئەم قۆناغە واتە سیستەمی پێشوو ئاوا نەبوەو ڕازی نیە بەوەی لە ئێستادا ئاوابێت و بچێتە ناو تاریکایی مێژوەوە، لە هەمانکاتدا جیهانی چەند جەمسەری وەکو جیهانێک کە جێگای ڕێکەوتنی گشت زلهێزەکان بێت تا ئێستا فەراهەم نەبوە. بەم پێ یە لەم قۆناغەدا ‌هیچ دیاردەو دەستورو یاساو بڕیارێکی جیهانی کە لەسایەی نەتەوەیەکگرتوەکان و مەجلیسی ئاسایشەوە بڕیاری لەسەر دراوە... بە پێی لۆجیکی ئەم ڕێکخراوە جیهانیانە ناچێتە پیشەوە. ئەم ڕیکخراوە جیهانیانە خۆیان لە ژێر پرسیاردان و ئالوگۆڕی گەورەیان بەسەردادێت. بەمانایەکی دیکە بورژوایی گەورەی دونیا نەگەیشتۆتە ئاستێک لە ڕیکەوتن ودابەشکردنی بەشەکانیان لە ئاستی جیهانیدا. جا بەجەنگی ڕاستەوخۆ بیت یان بە دانوسان و جەنگە ناراستەوخۆکانی ئێستا."

ئەم جەنگە جەنگێکی جیهانی یە بە هەموو مانایەک. تەنها ئەو هێزانەی کە دەرگیرن لە مەیدانەکانی شەڕی حەلەب "ئەلیبۆ" لە سوریادا بە ڕۆشنی ئەوە دەردەخات کە جگە لە سوریاو روسیاو ئەمەریکا وڵاتانی تورکیاو قەتەرو ئێرانو فەرەنساو بەریتانیا و عیراق و لوبنان و دانمارک و کەنداو ئوسترالیا ونیوزلاند و ئەردەن و لە موسڵیش بەهەمان شیوەیە .... چەندین وڵاتانی دیکە بە شیوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشدارن. ئەمە نیشانەی جەنگێکی جیهانی گەورەیە بە وەکالەت لەسەر زەوی وڵاتی سوریاو وڵاتانی دیکەی وەک عیراق و لیبیاو یەمەن. جەنگێک کە هەردوو بەرەی جەنگەکە ڕوسیاو ئەمەریکا لە سەر زەوی خۆیان ناجەنگن، وە هەردوولایان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هێزی سەربازی پیادەی خۆیان بەکارناهێنن، وە هەردوو لایان لە ژێر ناوی دژی تیرۆردا پاساو بۆ کارەکانیان دەهێننەوە. بەلام لەم نێوەدا گەورەترین تیرۆریزمی دەوڵەتی بەکاردەهێنرێت، بە تایبەت لە لایەن ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیەوە.


سەنتەرو مەیدانی سەرەکی ئەم جەنگە جیهانیە لە ئێستادا وڵاتی سوریایە، بەلام بەرەکانی شەرەکە ‌فراوانترەو سەرجەم وولاتانی ناوچەکە و گەڵیك جێگای دیکە لە جیهاندا دەگرێتەوە. بەرەکانی جەنگ کە هەرئێستا شەر تیایدا گەرمە : عێراق و لیبیا و یەمەن و بە ئاستی جیاوازو کەمتر بەحرەین و میسرو فەلەستین و ئیسڕائیلە... بڕیارە جەنگی سوریا چارەنوسی کۆی ئەم شەڕانەی ناوچەکە دیاری بکات و بەمانایەکی دیکە " سیستەمی نوێی جیهانی لە سوریاوە دەست پێدەکات" سەرکەوتنی هەر بەرەیەک لە سوریادا، کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر یەکلایکردنەوەی سیستەمی نوێی جیهانی بە قازانجی ئەو جەمسەرە سەرکەوتوە.


باسەکە ئەوەیە ئەمەریکا لێرە لە سوریا ڕوبەرووی ڕوسیا بۆتەوە، لە سوریا بۆ یەکەمجار بە ئەمەریکا وترا نەخێر و تا ئێستا ٥ ڤیتؤ بە ڕووی دا دراوە لە لایەن ڕوسیاوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی لە سوریادا. لێرەوە لە سوریاوە روسیا هەوڵی دا وەک زلهێزێک بگەڕێتەوە نێو سیستەمی جیهانی ئەمرۆو ڕێگری دروست بکات بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ئەمەریکاو رۆژئاوا. ڕوسیا بەهۆی هێز نیشاندانی لە سوریاوە و بەتایبەت بە دابەزینی ڕاستەوخۆی بە هێزی فرۆکە جەنگیەکانی لە پایزی ٢٠١٥وە توانی پەل بهاوێت و کاریگەری هەبێت لەسەر هەلومەرجی عیراق و یەمەن و لیبیا و ئێستا لە هەموو ئەم وڵاتانە ‌هێزگەلێک هەن کە پشت بە ڕوسیا دەبەستن ئەمە بەجیا لەوەی کە تا ڕادەیەکی زۆر وولاتی میسری لە ژێر پەلی نفوزی ئەمەریکا دەرکێشاوەو ئەمەریکا ترسی ئەوەی هەیە کە تورکیا وەک دەوڵەتێک لە سایەی ئۆتۆریتەی سیاسی رؤژئاواو ناتۆدا نەمێنێت" لە ئیستادا ئەمە دور دێتە پیش چاو"... خاڵی بەهێزی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستو جیهانی عەرەبدا سوریایە. ئەمەریکا دەیەوێت لێرە بیشکێنێت، وەلە ئێستادا تەنها لێرەوە دەشکێ. بە هەمان شێوە روسیا دەیەوێت لێرە لە سوریا لە خاڵی بەهێزی خۆیەوە شان بە ئەمەریکا دابدات. بەم پێیە سەنتەری ململانێ و جەنگەکە ئەمرۆ لە سوریایە. نەک لە بەرئەوەی گوایا سوریا وڵاتێکی هێجگار جیۆپۆلتیک و گرینگە، بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی کە ڕوسیا لیرەیەو لێرەوە بەهێز دەبێت یان دەشکێت. بەڵام وەک هەر جەنگێکی تر، ئەمە مانای ئەوەنیە کە بەرەکانی دیکەی شەرەکە کاریگەریان نەبێت بۆسەر جەنگەکە و سوریا. هەر هانگاوێکی سەرکەوتوی هەر لایەکیان لە بەرەکانی جەنگدا، حەتمەن کاریگەری دەبیت لە سەر هەلومەرجی سوریاو گشت جەنگەکە. جەنگی عیراق و بەتایبەت شەڕی موسڵ کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر سوریاو بەرەکانی دیکەی جەنگەکە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی دواکەوتنی شەڕی موسڵ تا ئێستا ئەم پەیوەندییە کە ئەمەریکاو هاوپەیمانانی دەیانەوێت بە قازانجی خۆیان لە سوریا یەکلایی بکەنەوە. دەنگۆی ڕێکەوتنی سعودیە و ئەمەریکا بۆ کردنەوەی ڕیگایەکی ئامن بۆ داعشەکان لە موسڵەوە بە ئاراستەی سوریا هەر چەند وەک پروپاگەندەیەکی جەنگی پیویستە سەرنج بدرێت بەلام لەهەمانکاتدا بێ هۆ نیە، گریمانەیەکە پیویستە لە بەرچاو بگیرێت وە حسابی بۆ بکرێت.


سەنتەری جەنگەکە سوریایە، بەڵام ئەو مەسائیلانەی کە بڕیارە بەهۆی ئەم جەنگەوە یەکلای بکرێنەوە، کێشەو مەسائیلەکانی ئەمڕۆی جیهانی سەرمایەداریین. چارەنوسی ئەم جەنگە یان شکستی تەواوی ئامانجی ئەمەریکا دەبێت بۆ بەدیهێنانی سیستەمی نوێی جیهانی بەڕابەری خۆی، بەم پیێە جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداریی دەگاتە سیستەمێکی چەند جەمسەری یان هەنگاوێکی گەورەیە لەم ڕاستایەدا. باسەکە ئەوەیە ئایا ئەمەریکا پاش دۆراندنی لەم ناوچەیە مل دەدات بە دابەش بونەوەی نەخشەی ناوچەکە لەسەر پایەی جیهانێکی چەند جەمسەری؟! یان دەرگیر دەبیت لەگەڵ چین و کێشەی کوریای باکور گەورە دەکات و ئیسلامیەکانی ئاسیای ناوەراست زیندو وە گەورە دەکاتەوە و بەکورتی شوێنی جەنگەکە دەگورێت. لە هەمانکاتدا ئایا ڕوسیا چین ئەگەر سەرکەون لە سوریادا ئایا بەوەندە ڕازی دەبن ومل دەدەن بە بەشی گەورەتری ئەمەریکا؟! وەلامی هەردوو پرسیارەکە مەنفی یە. ئاراستەی ڕوداوەکان لەماوەی چەند ساڵی ڕابوردوو دا نەک تەنها لە سوریادا بەلکو لە ئاستی جیهانیدا، ئەوە نیشان دەدەن کە ئەمەریکا ناتوانێت، وەک تاکە هێزی باڵا دەستی دونیا بەردەوام بیت. هەروەک ئاماژەم پیکرد ناوەڕۆکی کێشەکە لە دوا لێکدانەوەدا دەگات بەوەی کە ئایا ڕێکەوتنێک دەبیت لەسەر دوبارە دارشتنەوەی ناوچەکانی ‌دەسەلاتو نفوز؟! ئەگەر ببێت ئەوە دەکرێت هەر ئێستا ئەوکارە بکرێت بەلام سەرمایەداریی تا دوا هەناسە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا دەجەنگێ و لەم نێوەشدا هەزارەها هتلەرو بۆش و بلیرو ئۆباماو پوتینی هەیە. بەهەرحاڵ هەم ڕوداوەکانی مێژووی چەند ساڵێ ڕابوردوو، وە هەم فەشەلی سیاسەتەکانی لە عیراق و ئەفغانستان و پاشان لە پڕۆسەی " بەهاری عەرەبیدا" و هەروەها پێگەی لاوازی ئابوری بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای سەدەدا، ئەوە نیشان دەدەن کە شکستی ئەمەریکا لەم ناوچەیەدا ملی ڕێگای گرتوەوە سەر بەرەو خوارە. ئایا ئەم هەلومەرجەو ئەم کێبەرکێ تیرۆریستی یە گەورەیە بە وەکالەت دەگاتە جەنگێكی جیهانی ڕاستەوخۆ؟! قانونمەندی بزووتنەوەی سەرمایە لە مێژودا نەفی جەنگی جیهانی سێهەم ناکاتەوە، وە نەفی بەکارهینانی بۆمبی ئەتۆمی ناکاتەوە، هێرۆشیما لە یادی هەموو مرۆڤ دۆستێکدایە.


یان ئەوەتا ئەمەریکا شکست بە ڕوسیا و هاوپەیمانەکانی دەهێنێت و وبەم پێ یە نەک ڕابەری بۆ سەرمایەداریی رۆژئاوا تازە دەکاتەوە، بەڵکو لە ئاستی جیهانیشدا ڕابەری سەرمایەداریی جیهانی ئەمرۆ مسۆگەر دەکات. کە لەڕوانگەی منەوە ئەم گریمانە فەشلی هێناوەو ماوەی بەسەرچوە. هەوڵەکانی ئەمەریکا لە روانگەی منەوە، دواین پەلەقاژەیە بۆ مانەوەی خۆی. پەلە قاژەو هەوڵیک کە بە کوشتنی سەدان هەزار کەسی و بگرە زیاتر ، کاولکردنی تەواوی ژیر بینای ئابوری و تەنانەت شوێنی ژیانی خەلک تەواو دەبیت. چۆن دوای داڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت لەسەرەتای نەوەتەکانی سەدەی پێشودا پەلاماری عیراقی دا بە قەولی مەنسوری حیکمەت " سەرهەڵدانی خوێناوی نەزمی نوێی جیهان" دەستی پێکرد"، ئاوابونی " تاک جەمسەری ئەمەریکا ونەزمەکەی" نەک تەنها زۆر خوێناوی ترە و بەرەکانی جەنگەکەی زۆر فراونترەو کاولکاری و وێرانکردنی ژێر خانی ئابوری وڵاتان گەڵیک گەورەترە، بەڵکو لە هەمانکاتدا سەدان هێزی‌‌ گەورەو بچوکی تیرۆریستی لە دونیادا بۆ بەرهەم هێناوین و بیرو ئاراستەی کۆنەپەرستی و دواکەتووی لە ئاستی جیهاندا کردۆتە مۆدێلی باو و زاڵ. "سەرمایەداریی خۆێنمژی کۆمەلگای بەشەرییە".


جەنگی ئەمەریکا دژ بە عێراق دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩٩١دا، لە ژێر ناوی " گێڕانەوەی حاکمیەت بۆ کوەیت" و" جیهانی موتەمەدن" و " دیموکراسی" و "لێدانی دیکتاتۆرەکان". بەهەرحاڵ بەزمو سەفای مافی مرۆڤ و دیموکراسی، ئەوکات لەزەت بەخش و سەرنج ڕاکێش و مۆدێلێکی باو سەراسەری و جیهانی بوو... مۆدێلیک کە لەسەر مەرگی " کۆمۆنیزمی سۆڤیەت" تەپڵی بۆ دەکوتراو ژونالیزمی نۆکەرو کۆمپانیاکانیان"میدیای ئازاد" خەریکی گەرمکردنی فریوکاری و گەوجکردنی رای گشتی بوون. بڵێسەی سیستەمی نویی جیهانی یان مانەوەی " باڵادەستی" ئەمەریکا بۆ جیهانی سەرمایەداریی ئەوکات، لە عێراقەوە چەخماخەیەکی خوێناوی لێداو دەستیپێکرد. هەر ئەوکات وئیستاشی لەگەڵدا بیت ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا مانەوەی بوو وەک ڕابەری رؤژئاوای سەرمایەداریی و یابان و ئوستراڵیاو لێک نەترازانی ئەم هاوپەیمانیە بە ڕابەڕی خۆی و مانەوەی دامو دەزگاکانی لە ناوتۆە بگرە تا دەگاتە بانک و سندوقی پولی جیهانی ئەوانی دیکە. مەیدانی شەڕەکە عیراق بوو، بەڵام بڕیار بوو مەسائیل و کێشە گەورەکانی نیو خودی رۆژئاوا یەکلایی بکاتەوە وە لە ڕوانگەی منەوە ئەوکات و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو ئامانجەی ئەمەریکای پێکاوە. تا ئێستا ئەوروپا بەبێ ئەمەریکا ناتوانێت هەنگاو بنێت و پارێزگاری لەخۆی بکات. وە تا ئێستا توانیویەتی قڵشتی نیوان ڕوسیا و ئەوروپا فراون بکاتەوە، بەم پێیە ڕێگا لە نزیک بونەوەیان بگرێت.


لە سایەی هەمان ئامانجی سیاسی و جیهانی دا ئەمەریکا گەڵێک ئیسترتیژاژی جیاوازی گرتەبەرو بە شیوەیەکی پراتیکی پیادەی کرد.. لە جەنگی دژی تیرۆرەوە بگرە بەتایبەت دوای ١١ی سێبتەمبەر بە میکانیزمی " جەنگی پێش وەختەوە" تا دەگاتە بە کارهێنانی هێزی نەرم " سۆفت پاوەر" کە لە پرۆسیسی " بەهاری عەرەبی"دا بە کارهێنراو هەروەها لە ڕیگای بەکار‌هینانی ڕاستەوخۆی تیرۆرریزمەوە وەک لە سوریاو لیبیا دەیبینین. عێراق لە وڵاتێکی تاڕادەیەک ئاسایش و بە ئاستێکی گونجاو موتەمەدن، بۆتە یەکێک لە ترسناکترین و مەترسییدارترین وڵاتانی دونیاو کۆنەپەرستی و تەراتێنی تێرۆرو ملیشیا ئیسلامی ونەتەوەییەکان مۆنگ دەخوات تیایدا. وڵاتێک کە دیاردەی تائیفی سیاسی و دابەش بوونی کۆمەلایەتی لەسەرپایەی تائیفە زۆر تیایدا لاواز بوو، ئەمڕۆ تائیفەگەری بۆ دیاردەیەکی فراوانی سیاسی و کۆمەلایەتی مەترسییدار، وڵاتێک لە خوێن و ترس، پڕ لە بێکاری و هەژاری و برسێتی. سوریا کە یەکێک بوو لە ووڵانانی موتەمەدنی عەرەبی و وتیایدا نەک تەنها تائیفەگەری دینی بەڵکو تەنەنات ئیسلام بە گشتی هێجگار لاواز بوو تیایدا، چەند ساڵە وە ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەوڵێکی فراوان و گەورەی جیهانی و ناوچەیی هەیە بۆ لێکترازانی" خەلكی" سوریا بەپێی تائیفەو دینی جیاواز. سوننە و شیعە کەس گوێبیستی نەبوو ئیستا عەلەوی وسوننە و دورزو مەسیحی بۆتە سەر دیری گۆڤارو رۆژنامە وماس میدیای گەورە سەرمایەی دونیا... لیبیایەک کە ڕادەی هەژاری تیادا تاڕادەی سفر بوو ئیستا خەڵکەکەی لە برسا کۆچ دەکەن. هەموو ئەم کاولكاری و نا ئەمنی و برسێتی و کاولکاری و ئاوارەیی ودەربەدەری وکوشتارە، لە ڕوانگەی ئەمەریکاوە پێداویستی دابینکردنی سیستەمە نوێکەی بوون. بەڵام مایەپوچ ماوەتەوە، لایەنی کەم تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجەکەی بپیكێت. وە نایپێکێت.


پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت!


ئەم سیاسەتە بەشێوەیەکی کورتر بۆ کۆبونەوەی پیشووی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کڕیکاری عیراق نوسی. کە لە ناوەراستی مانگی ڕابوردوو "ئەیلول"دا بەسترا. ئەوکات لە پەیوەند بە هەلومەرجی سیاسی عیراقەوە لە ژێر ناوی باسی " چەند سەرنجێک لەسە هەلومەرجی سیاسی و گشتی عێراق و کاری کۆمۆنیستی". بەڵام ئەمڕۆ لە چوارچێوەیەکی تازەدا دارێژراوەتەوەو بە شیوەیەکی فراونتر. ئەم جەنگە جەنگێکی جیهانی گەورەیە ، ڕۆژانە سەدان و بگرە هەزاران مرۆڤ دەکوژرێن یان بریندار یان ئاوارەو دەربەدەر دەبن. ئەمە بەجیا لە بڵاوبونەوەی ژەهری کۆنەپەرستی و فەرهەنگی تائیفی و جیهادی خۆکوژیی و مۆدێلی جۆراوجۆری بیرو فەرهەنگی دارزیوی وەها کە لە قولایی تاریکستانی مێژودا پەیدا نابن . پێش هەر مەسەلەیەک وە هەر کێشەیەکی دیکەی گەورە و لەوانە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر یان وەستانەوە دژ بەداعش نابێت بەهیچ شێوەیەک لە هەلومەرجی ئێستادا، مەسەلەی سەرەکی ئەمڕۆ و سیاسەتی ئەم قۆناغە مێژوویەمان لە بەرچاو وون یان تەنانەت لێل بکات. سیاسەت و ئامانجی وەستانی " ئەم جەنگە جیهانی یە". سیاسەتی مارکسستی لەم هەلومەرجەدا بە وەستانەوە دژی داعش و تیرۆریستەکان مەیسەر نابێت.


سیاسەتێک ئەمرؤ دەتوانێت وەڵام بە خواستی ملیارەها خەلک بداتەوە لە ئاستی جیهانیدا کە بەر بەم نەزیفی خوێن و کاولکاریی و نائەمنیەتە بگرێت. سیاسەتی مارکسستی لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە: " پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت". بۆ هێزێکی کۆمۆنیست و مارکسیست شۆرشی کرێکاریی لەم قۆناغە مێژوویە دیاریکراوەدا لەم کەناڵەوە دەگوزەرێت. تاکتیکی کۆمۆنیستی لەم قۆناغەدا لەم ڕێگایەوە جێبەجێدەبیت.


پێویستە جەنگ بوەستێت" تەنها بەمانای وەستانی" تەقە" نیە. بەڵکو بەمانای نەمانی تەواوی کەشتی یە جەنگی و سەربازییەکانی ئەمەریکاو ڕوسیا و وڵاتانی دیکەیە لە ناوچەکە و دەریای سپی ناوەراست و تەواوی پێگەو بنکە سەربازییەکانیان. جیهانی ئەمرۆ نە پێویستی بە بارچاوەشی ئەمەریکایە وە نە بە حەیتەی ڕوسیا. هەروەها بەمانای وەستانی ناردنی " جیهادییەکان" و وەستانی فێرکردن و پەروەردەکردنیانە، وەستانی کۆمەکی مالی و مرۆیی و، هەواڵگری و سەربازییە بەم هیزانە، بڕینی کەناڵەکانی ڕاگەیاندیانە لە کەناڵە ئاسمانیەکانەوە بگرە تا دەگاتە فەیسبوک و تویتەرو لە هێزە تیرۆرسیتەکان و فەتواچیەکانیان. قەدەغەکردنی موتلەقی رەوانەکردنی چەکە بۆ ڕێکخراوو هیزو گروپە تیرۆر یست و میلیشیا جیاوازەکانیان. جەنگ دەبیت بە فەوری بوەستێت. هەموو دونیا تەنانەت ئەوانەش کە زۆر گوێندانە بیستنی هەوالەکان یان ئەوانەی کە ئاگری شەڕەکانیان زۆر لێدورە لە نیوزلاندەوە بگرە تا دەگاتە ئالاسکا... لە جیهانێکی ئامن و ئارامدا گوزەران ناکەن. وەستانی جەنگ بەرژەوەندی هەموو ئەوانەش دابین دەکات چ جا بگات بە ملیارەها مرۆڤ کە لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست و جیهانی عەرەب و ئەوروپاو روسیاو ئەمەریکا دەژین. واتە ئەوانەی لە ناوجەرگەی جەنگ و دەوروبەرەکەیدا گوزەران دەکەن، یان وولاتەکانیان دەرگیرە لەم جەنگەدا.


سەرەتا دەبێت ئەم جەنگە بوەستێت. بەلام وەستانی واقعی جەنگی نێوان ئەمەریکاو هاوپەیمانانی لە بەرانبەر روسیاو هاوپەیمانانیدا...واتە وەستانی واقعی جەنگی بە وەکالەت. کە ئیتر بەرەی نەسرەو داعش و جەیش ئەلئیسلام و هەموو جند اللە و مەقدەسەکان و ڕیكخراوی تورکمەنستانی یە ئیگۆریەکان و حکومەتی سوریاو پیویستە تەقە ڕابگرن وەک هەنگاوی یەکەم. کە دەلێم پیوسیتە تەقە ڕابگرن، مەسەلەکە ئەوەیە وە پێم وابێت دوای شەرو قەیرانی شاری ئەلیبۆ بۆ هەموو کەس ڕۆشنە کە ئەو هێزانە بە ئەمری سعودیەو ئەمەریکاو قەتەر و تورکیا سیاسەتی تیرۆریستی خۆیان پیادەکەن. بەهەمان شیوە سوریاو حیزب اللە و میلیشیاکانی دیکە بە ئەمری روسیاو ئێران. مەسەلەی سەرەکی سەرەتا وەستانی جەنگە لە سەنتەری کێشەی ناوچەکەدا سوریاو بە دیاریکراوی لە " حەلەب" ئەلیبۆدا. لە حەلەبەوە چارەنوسی بەرەکانی دیکەی جەنگ و مەیدانە جیاوازەکانی شەڕ یەکلا دەبێتەوە، لە یەمەن و لیبیاو عیراق... وە تەنانەت هەلبژادنەوەی سەرۆکی تازە بۆ لوبنان کە دووساڵ زیاترە ستۆکە. شەڕی موسڵ مەیدانیکە بەلام هێجگار ‌هێمن تر دێتە پیش چاو بە بەراورد لەگەڵ " ئەلیبۆ"دا. تەنانەت دواکەوتنی شەڕی موسڵ تا ئێستا بە ئاستێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ یەکلای نەبونەوەی حەلەب. بەمانایەک پێکەوە بەستنەوەی گرتنەوەی موسڵ بە خواردنی بەرژەوەندی نەک تەنها لە عیراقدا بەڵکو پێش ئەوە لە سوریادا وە دابینکردنی ئەم ئامانجە، ئامانجێک کە پێم وانیە لە دوا لێکدانەوەدا سەر بگرێت بە تایبەت بۆ ئەمەریکاو سعودیە. شەڕی موسڵ گرینگە، بەڵام لە پیشەوە ڕۆشنە کە بە قازانجی کام بەرەی ئەم جەنگە جیهانیە تەواو دەبێت. بۆیە کیشە و قەیڕان و شەڕی موسڵ پێش ئەوەی شەرەکە دەست پێبکات ئەنجامەکەی ڕۆشن بوەو کاریگەرییەکی یەکلایکەرەوەی نابێت بۆسەر جەنگەکە لە ناوچەکەو تەنانەت بۆیەکلایکردنەوەی مەسەلەی دەسەلات لە عێراقدا.


پرسیار دەکریت و دەوترێت ئەی شەڕی دژی داعش و هێزە تیرۆریستیەکانی دیکە چۆنە و چی بەسەر دێت؟ ئەوە نیە موسڵ بە دەست داعشەوەیە، ئەی نابێت رزگار بکریت؟! ئەی نابێت سوریا و حەلەب لە جەبهەی نوسرەو" جەیش ئەلفەتح" تیرۆریستەکانی دیکە پاک بکرێتەوە؟! ئەی ئەگەر ئەمەریکا دژی تیرۆریزم کار ناکات و درۆ دەکات ئەی روسیا ئەوە نیە لە تیرۆریستەکان دەدات؟! ئەی نابێت حسابی خۆمان لەگەل هێزێکی تیرۆریست و دڕندەی وەک داعش یەکلا بکەینەوە؟! وە پرسیار گەلێکی دیکەی لەم بابەتە.


"شەڕ دژی تیرۆر" ی نێوان وڵاتانی زلهێز یەکێکە لە درۆ گەورەکانی میژووی ئەم سەردەمە. بەشداریکردن لە هەرشەڕێکدا بە قازانجی لایەکی شەرەکە لە دوا لیکدانەوەدا بە قازانجی جەمسەرێکی جیهانی تەواو دەبێت. لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانێت دژی " داعش" بجەنگیت لە بەرەکانی شەڕدا بەلام سەر بەلایەک لە لایەنەکانی ئەم جەنگە فراوانە نەبیت. " یەدەپە" لە سوریا زۆر هەوڵی دا کە وانیشان بدات کە هێزێکی سەربەخۆیە، ئێستا ڕۆشنە لە پاڵ کێدا دەجەنگێت. لە بناغەوە مەسەلەکە ئەوەیە، کە جەنگ و شەری ئێستا جەنگ نیە دژ بە تیرۆرو تیرۆریزمی ئیسلامی داعش و نەسرەو ئەوانی دیکە. دەرکەوتن وبەهێز بوونی هەموو ئەو‌ هێزە تیرۆریستی و ملیشیاکانی دیکەی وەک حەشدو حۆسیەکان و... لە بناغەوە بە هۆی ئەم جەنگە گەورەیەوە بوە لە ناوچەکەدا. بە نەمانی داعش لە موسڵ و بەرەی نەسرە لە ئەلیبۆدا جەنگە کۆتای پێ نایەت ئەگەرچی هەریەکەیان ئاماژەیە بۆ سەرکەوتنی لایەکی جەنگەکە.


پێویستە ئەم جەنگە بوەستێت. هەر هێزو کەس و لایەنێک بە واقعی خەباتکارە دژ بە تیرۆریزمی ئیسلامی سیاسی و دەیەوێت باری گرانی ئەم بزووتنەوە سیاسی یەو تیرۆرەکەی بەسەر شانی خەڵکی ناوچەکەو جیهانەوە نەهێلێت پیویستە ‌لایەن و هێزێک بێت دژ بە جەنگ و خەباتی خۆی فراوانتر و ڕیکخراوتر بکات لە پێناو وەستانی جەنگدا، بۆئەوەی پێگەو هێزو نفوزی تیرۆریزم و هێزە تیرۆریستەکانی وەک داعش و نەسرە، ناکام بێ کاریگەر بکرێنەوەو دواتر لە پرۆسەیەکەی دواتری دوای جەنگدا بە کاری سیاسی و هزریی و سەربازیی بەتەواوی رۆل و پێگەی ئەم هێزانە نابوت بکرێت.


بەهیچ شیوەیەک نابێت تیڕوانین و بیرۆکەی دژی" تیرۆر" یان دژ بە "ئیسلامی سیاسی" سایە بکشێتە سەر بیرکردنەوەو هەنگاوە عەمەلی و سیاسەکاندا. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە بناغەوە بزووتنەوەی دژ بە ئیسلامی سیاسی و هیچ بزووتنەوەیەکی دیکە نیە، بەڵکو بزووتنەوەیەکە دژ بە سەرمایەو سەرمایەداریی. ئیمە ناتوانین بە فعلی دژی تیرۆر بین و لە هەمانکاتدا ئەلیبۆو موسڵ و .... بسپێرین بە نادیار، بسپێرین کە هەموو هیزێک دەتوانیت دژ بە تیرۆر بێت یان ناتوانین ڕێگایان پێ بگرین. پیویستە جەنگ بوەستێت، بۆ ئەوەی فعلەن ڕیگایان پێ بگرین کە نەتوانن دەخاڵەت بکەنو ئاگری جەنگەکە فراوان بکەنەوە. فراوان بونەوەی جەنگەکەو مەیدانی شەڕەکان تا زۆر تربن و دەخاڵەتی وڵاتانی زلهێزو کۆنەپەرستانی سەرمایەداریی ناوچەکەی تیدا بێت بەهەمان ئاست ئێمە لە بنەبرکردنی تیرۆرو هێزە تیرۆریستەکان دور دەکەوینەوە. موسڵ بە هیچ شیوەیەک بەجەنگی ئەو هیزانە پاک ناکرێتەوە لە تیرۆریزم، بەشیکی زۆری تیرۆریستەکانی ئەم شارە خەڵکی موسڵن و کۆنە بەعسین و چەکەکانیان دادەنێن و لەوێ دەمێننەوەو دەبن بە داعشی مەدەنی. لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە وەبەتایبەت کە بەندو بەست و ڕیکەوتنی نهێنی لەم نێوەدا ڕۆڵی خۆی دەگێرێت، وە بەتایبەت کاتێک کە ئەمەریکاو سعودیە چاویان بڕیوەتە بەرژەوەندییەکانیان لە سوریا. بۆیە دەستەواژەی" دژی تیرۆر" “distraction - الهاء - یەکی سیاسی گەورەیە کە هەموو میدیای " ئازادی" جیهان تیایدا کارایە. واتە تەنها بۆ بەلاڕیدا بردنی خەلک و رای گشتی دونیایە. ئەگەر نا لەم قۆناغەدا تا ئەو ‌هێزانە لێی بدەن تیرۆریزم گەورەتر ئەبێت. ئەفغانستان سەرەتاکەی بوو، ئەگەر چی ئەوکات چوارچیوەی گشتی سیاسەت و پێگەی هێزەکان زۆر جیاوازی هەبوو، روسیاو چین بێ هیز بوون و ئیدعایەکی گەورەی وەکو ئێستایان نەبوو، ئەمەریکاو هەر بۆ خۆی بوو. بەڵام بە لیدانی تالیبان و قاعیدە لەوێ، لەلایەن ئەمەریکاوە، ئەو ئەنجامەی هەیە کە ئێستا دەیبینین. ئەوکات سیاسەتی بزووتنەوەی ئێمە سیاسەتێکی ناکارا بوو.


هەر بزووتنەوەو جوڵانەوەیەکی دیکە لە پێناو مافە سیاسی و مەدەنیەکاندا، ئەگەر توانای سەرهەڵدان و گەشەسەندنی هەبیت لەم هەلومەرجەدا پێویستە لەم ڕاستایەدا بەگەر بخرێت. تەنانەت چارەسەری برسیتی و هەژاری لەم قۆناغە دیاریکراوەدا مێژوویەدا بەستراوەتەوە بە وەستانی جەنگەوە.


" پیویستە ئەم جەنگە بوەستێت" میکانیزم و هەنگاوە پراتیکیەکانی جێبەجیکردنی ئەم ئامانجە، کارێکی گەورەو ماجستیانەی پیویستە لە ئاستی ناوخۆی وڵاتانی زلهێز وئەو وولاتانەی کە دەرگیرن لە گەڵ جەنگداو وە هەروەها لە ئاستی جیهانیدا. لیرەدا ئەم خاڵە گشتیانە دەخەمەڕوو.


یەکەم: بەگەرخستنی بزووتنەوەی دژی جەنگ لە ئاستی جیهانیدا: ئەمکارە لە هەلومەرجی ئێستادا. کارێکی سەخت و بەردەوام وڕێکخراوی پێویستە. خەڵک وە رای گشتی جیهانی بەگشتی زۆر چۆتە دواوەو لەدوای ٢٠٠٣ ەوە کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی بزووتنەوەی دژی جەنگی ئەمەریکا بۆ سەر عیراق دوبارەنەبیتەوەو. ڕؤژئاوا لەم کارەیدا سەرکەوتوبوە. میدیای ئازادی نۆکەر ڕۆڵی کاریگەرو بەرچاوی هەبوە لە جێخستنی ئەم دیاردەی پاشەکشەی ڕەئی گستی و خەڵكی ئەوروپا بە قازانجی بورژوایی وڵاتانی خۆیان و تێڕاونینی ئەوروپا- سەنتەر. هەڵقەی سەرەکی ئەمکارە کۆمۆنیستەکانن. بەفەوری پیویستە دەست بەمکارە بکرێت. کەسایەتیە ئازادیخوازو چەپ و ڕابەرانی کڕیکاری و هەوڵدان بۆ دەرکەوتن و گەیاندنی ئەم سیاسەتە بەهەر شیوەیەکی گونجاو و سود وەرگرتن لە فەیس بوک و تویتەر... دەکەونە چوارچیوەی ئەو کارانەوە کە پیویستن. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە دژی جەنگەو بەم پێ یە جێگای هەموو کەس و هێزو لایەن و ڕێکخراو سەندیکاو ...یەکی تیدا دەبێتەوە کە دژی ئەم جەنگە جیهانی یە، بە هەر بۆچون و تێڕوانینێکەوە کە هەیانە. ئەمکارە لە هەر وڵاتیکەوە دەکرێت دەست پێ بکرێت: ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەلمانیا، سوریا، عێراق، هەر وڵاتێکی دیکە. لە هەر وڵاتێکدا دەکرێت وەک سەرەتایەک " کۆمیتەکانی دژی جەنگ" پێک بهێنرێت لە چەند کەسایەتی و حیزب ولایەنێک.


دووەم: لەناوخۆی ئەو وڵاتانەی کە دەرگیرن لەگەڵ جەنگ: لە سوریا و عیراق و وولاتانی دیکە. وەستانەوە بەرانبەر بە جەنگ لەم وڵاتانەدا هەم لەلایەن روسیا و ئەمەریکاو سوریاو عیراقەوە وەهەم لەلایەن میلشیا جۆراوجۆرەکانەوە میدیای ئازادی نۆکەر وای نیشان دەدات کە بزووتنەوەی لەم چەشنە لەگەڵ تیرۆریستەکانە.

 

بۆیە لەمبارەوە پیویستی بەکاری زیاترە. کاری زیاترو چرتر لە پەیوەند بە ڕیسواکردنی ناوەرۆکی ئەم جەنگە، ئاشکراکردن و ڕیسواکردنی سیاسەتەکانی تەواوی لایەنەکانی ئەم جەنگە. هێنانە مەیدانی بزووتنەوەی فراوان بەرانبەر بە جەنگ. ڕۆشنکردنەوەی فراوانی ئەوەئ کە دژ بە جەنگ بوون وە وەستانی جەنگ لە باری واقعیەوە بەمانای دژی تیرۆرو هێزە تیرۆریستەکانە، خەباتکارانی سەرەکی دژی تیرۆر، خەباتکارانی سەرەکی دژی جەنگن. ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتاوە دەبیت بە ڕۆشنی مەوقعیەتی خۆی بناسێت و لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا بۆ پێشەوە هەوڵ بدات خۆی چەکدار و رێکخراو بکات. پشتگیری هەر بزووتنەوەو ناڕەزایەتیەکی جەماوەری وکڕیکاری لە پێناو مافە سیاسی و ئابوریەکاندا ئەگەر هاتە بەرەوە. هەر ئیستا لە کوردوستان جولانەوەیەک بۆ موچە لە ئارادایە، لەمبارەوە پیویستە پشتگیریی بکریتو هەوڵ بدرێت بۆ بە دەستهێنانی خواستەکانیان" دابینکردنی موچە". بەڵام کاری کۆمۆنیستەکان لەوە زیاترە.

 
سێهەم: دەرکێشانی بەیانێکی هاوبەشی کۆمۆنیستی نێوان هیزە کۆمۆنیستی یەکان: لەمبارەو مەبەست لە نوسینی بەیانیکی هاوبەش نیە بەتەنها. بەڵکو کاری هاوبەش لە ئاستی دەرەوەو هەر جێگایەک کە گونجاوە. هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هێزە کۆمۆنیستەکان لەسەر پایەی سیاسەتی دژی ئەم جەنگەو دروشمی" پیویستە ئەم جەنگە بوەستێت". هەنگاوئ دووەمی ئەمکارە ڕوکردنە هەموو لایەنو هێزیكی دیکەی سیاسی چەپ، و دەست پێکردنی کەمپینێکی سیاسی فراوان لە نێو رێکخراوە کریکاری و ئەحیزبی چەپدا. بەشیکی ئەمکارە پڕوپاگەندەیە بۆ برەودان و بلاوکردنەوەی ئەم سیاسەتە وبەشێکی دیکەی بۆ کۆکردنەوەی هێزە.

 

١٥\١٠\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی سامان کەریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک