![]()
|
٢٥\١٠\٢٠٢٦ تێڕوانینی گەوجانە؛ شێواندنی واقیع لە بازنەی ڕۆژانەی مرۆڤدا.
کارزان عەزیز
لەژێر کاریگەریی ئەم دیدە کاڵ و بێئاگایەدا کێشە گەورەکان و قەیرانە قووڵە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکان دەبنە قوربانی شیکارییەکی زۆر سادە و ناتەواو کە ئەمەش وەک بنەمایەکی هەڵە و چەوت بۆ سەرجەم هەنگاوەکانی داهاتوو دەڕوێنێت و تاک لەو پێناوەدا لەبری گەڕانی بوێرانە و زانستی بەدوای ڕاستییە ڕەهاکاندا تەنها ئەوە دەبینێت کە ئارەزوو دەکات بیبینێت یان ئەوەی بۆی بێئەزموونانە و ئاسانترە کە هەستی پێبکات و لە زانستە دەروونی و ڕەفتارییە مۆدێرنەکاندا هەمیشە هێڵێکی پچڕپچڕنەبوو و ڕاستەقینە لە نێوان چۆنیەتی تێگەیشتن و چۆنیەتی دروستبوونی هەڵوێست و پاشان ڕەفتارکردندا بوونی هەیە چونکە کاتێک بەردی بنچینەی فیکری مرۆڤ کە تێگەیشتنە لە سەرەتاوە لێژی تێکەوت بێگومان تەواوی بینای کەسێتی و بڕیاردانی دەڕمێت و کاتێک تێگەیشتنەکە گەوجانە و ناتەواو بوو بێگومان هەڵوێستەکانیش لەبری ئەوەی زانستی و هاوسەنگ و قووڵ بن دەبنە هەڵوێستی سۆزداری و کورتبینانە و بەرگریی توند و توندڕەوانە و لە کۆتاییشدا ڕەفتار وەک دەروازەی کۆتایی کاردانەوەی مرۆڤ ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی ئەو ناڕەستایەتی و هەڵە بنەڕەتییەیە کە لە پێشتردا لە مێشکدا دروست بووبوو، بۆیە زۆرێک لەو شلبوونەوە و ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و فیکریانەی کە کۆمەڵگە بە دەستیانەوە دەناڵێنێت سەرچاوەکەیان ڕاستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی تێگەیشتنێکی گشتگیر و مەعریفی و هۆشیارانە بۆ دەوروبەر.
بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم تێڕوانینە سنووردارە ڕزگاری بێت و ببێتە خاوەن دیدێکی فراوانتر پێویستە پرسیارکردنی بەردەوام و ڕەخنەگرتن لەو زانیاری و تێڕوانینە ئاسانانە بگرێتە بەر کە وەک ڕاستییەکی ڕهای ڕووکەش دێنە پێش چاو و ئاسۆی خوێندنەوە و زانیارییەکانی فراوان بکات و بەدوای سەرچاوەی جیاوازدا بگەڕێت بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکان لە هەموو لایەنە فرەیییەکانەوە نەک تەنها لە یەک زاوای تەنگ و داخراوەوە و دان بە سنوورداربوونی زانیاری خۆیدا بنێت و قبوڵی ئەوە بکات کە زۆرجار ئەو شتەی دەیبینین تەنها بەشێکی بچووکی کێشەکەیە نەک هەموو ڕاستییەکە.
لە سایەی ئەم تێڕوانینە قووڵەوە تێدەگەین کە
هۆشیاریی ڕاستەقینە تەنها کۆکردنەوەی زانیاری ڕووکەش نییە بەڵکو توانای
شیکردنەوەی دروستی دیاردەکانە بە شێوازێک کە تاک لە تاریکی نەزانی و
تێڕوانینی ڕووکەش دەرباز بکات و بخاتە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی تێگەیشتنی
مەعریفی و فەلسەفی، چونکە مرۆڤ تاوەکو زیاتر لە ناوەڕۆکی شتەکان
وردببێتەوە و لە قەفەسی تەنگی دیدە گەوچانییەکان دەرچێت ئەوا بە هەمان
قەبارە دەتوانێت هەڵوێست و ڕەفتارەکانی خۆی لەگەڵ واقیعدا بگونجێنێت و
کۆتایی بەو هەڵە دووبارانە بهێنێت کە هەمیشە ژیانی تاکی کۆمەڵگە دەخەنە
ناو بازنەیەکی داخراوی نەزانینەوە و دوور لە پێشکەوتنی ڕاستەقینە، و لە
تێڕوانینێکی فراوانتری مێژووییشەوە دەبینین کە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان
هەرگیز لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ڕووکەش نەبونیات نراون بەڵکو هەمیشە
قۆناغەکانی گەشەسەندنیان دەگەڕێتەوە بۆ تێپەڕین بەناو ئاڵۆزییەکان و
بەدەستهێنانی مەعریفەی پوخت و قووڵ، چونکە مرۆڤ کاتێک لە تێڕوانینە
سادە و کورتبینەکان دەرباز دەبێت دەتوانێت دیمەنە گەورەکەی ژیان ببینێت
و تێبگات کە هەر هەنگاوێکی هەڵە سەرچاوەکەی لە تێگەیشتنێکی گەوچانییەوە
هەڵقوڵاوە، و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاک هەمیشە لە پرۆسەیەکی
بەردەوامی خۆپەرورەردەکردن و چاککردنی زەینیدا بێت بۆ ئەوەی نەکەوێتە
ناو داو و تەڵەی ئاڕاستە فیکرییە ناتەواوەکانەوە، و لە کۆتایی هەموو
ئەم پرۆسە مەعریفی و فیکریانەدا کە لەسەر بنەمای زانست و بەدواداچوون
بونیات نراون دەگەینە ئەو باوەڕە تەواوەی کە چاککردنی ڕەفتار و
ڕاستکردنەوەی هەڵوێستەکان بێ گۆڕینی چاوی تێگەیشتن و پاککردنەوەی عەقڵ
لە ڕووکەشپەرستی کارێکی مەحاڵە و مرۆڤ تاوەکو ڕوونتر نەبینێت و قووڵتر
تێنەگات ناتوانێت لە جیهانی دەرەوەیدا ڕەفتارێکی دروست و هۆشیارانە و
بەرهەمدار بنوێنێت کە شایستەی پێگەی فیکری و مەعریفی بێت.
|