٢٥\۴\٢٠١٠
ته‌وه‌ری
دژی له سێداره‌دان:
- ١ -
هیدایه‌تی مه‌لاعه‌لی:
سزای
له سێداره‌دان یاسایی کردنه‌وه‌ی کوشتنی مرۆڤه له‌لایه‌ن
ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه.
گفتوگۆی ئه‌م هه‌فته‌یه‌مان
سه‌باره‌ت به‌م پرسه له‌گه‌ڵ (هیدایه‌تی مه‌لاعه‌لی) ئه‌ندامی
ده‌سته‌ی کارگێریی و هه‌ڵسواڕای سه‌نته‌ری دژی له سێداره‌دان
له ووڵاتی دانیمارک ده‌بێ، تا له‌م ریگایه‌وه به‌ڕێزیان تیشک
بخاته سه‌ر لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ئه‌م پرسه.

هیوا ئه‌حمه‌د:
بۆچوون و لیکدانه‌وه‌ی ئیوه سه‌باره‌ت به سزای
له سێداره‌دان و تێروانینتان بۆی چۆنه؟
هیدایه‌تی مه‌لاعه‌لی: سزای له سێداره‌دان
یاسایی کردنه‌وه‌ی کوشتنی مرۆڤه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، بۆ ئه‌م
کوشتنه دادگا، یاسا، زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ترس پێویسته. له‌سێداره‌دان
باشترین میکانیزمی ده‌ستی ده‌سه‌ڵاته سه‌رکوتگه‌ره‌کانه بۆ هێشتنه‌وه‌ی
چه‌وساندنه‌وه و قایم کردنی پێگه‌ی چینایه‌تی و درێژه‌دان به فه‌زای
نائارامی سیاسی. یاسایی کردنه‌وه‌ی کوشتنی مرۆڤ له مێژودا چه‌ندین
شێواز و تایبه‌تمه‌ندی به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام هه‌موویان له‌یه‌ک
ئامانجدا هه‌وڵه‌کانیان کۆکردۆته‌وه ئه‌ویش دروست کردنی چوارچێوه‌یه
بۆ ئازادی و توانایه‌کانی مرۆڤ و له مه‌نگه‌نه‌دانی ئیراده‌یان له
ڕێگای سزای له سێداره‌دانه‌وه. سوتاندن، مه‌قسه‌ڵه، سه‌ربڕین، هه‌ڵواسین،
به‌ردباران، ئه‌مانه ئه‌و شێوازانه‌ن که به‌کار هاتوون بۆ کۆتایهێنان
به ژیانی مرۆڤ له ڕێگای یاساییه‌وه، ئه‌م یاسایه دژی سه‌ره‌تایترین
مافه‌کانی مرۆڤه‌و ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو قانون و سیسته‌می
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی فه‌رمانڕه‌واکاندا ده‌ربهێنرێ. له‌هه‌ر جێگایه‌کی
دنیادا مرۆڤ ساده‌ترین حورمه‌تی هه‌بێت و که‌رامه‌ت و مرۆیی
بوونی پارێزراوبێت ئه‌م سزایه له ده‌ستور و یاسای ئه‌و وڵاتانه‌دا
خراوه‌ته زبڵدانه‌کانی مێژووه، به‌ڵام له‌هه‌ر جێگایه‌کی دنیا برسیه‌تی،
هه‌ژاری، کۆنه‌په‌رستی، نه‌بونی ئازادی، چه‌وساندنه‌وه هه‌بێت ئه‌م
سزایه‌ش ئاماده‌یی هه‌یه و بۆته مۆته‌که‌ی سه‌ر ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی،
مانه‌وه‌ی ئه‌م سزایه هیچ ته‌بریرێکی نیه‌و ته‌نها ڕێگاش کارکردنه بۆ
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی.
هیوا ئه‌حمه‌د: له
مێژه‌وه چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌کان سزای له
سێداره‌دانیان له ده‌ستور و یاسای ووڵاتدا جیگیر کردوه و تا ئێستاش
له لایه‌ن زۆرێک له ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ته‌کانه‌وه له‌به‌رامبه‌ر خه‌لکدا
ئه‌م سزایه جبه‌جێده‌کرێت، به بۆچوونی ئێوه مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی و بنه‌ره‌تی
له به‌رێوه‌بردن و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م سزا دژی مرۆڤایه‌تیه له لایه‌ن
ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه چییه؟
هیدایه‌تی مه‌لاعه‌لی: هه‌موو
ده‌سه‌ڵاته دژه مرۆیی و سه‌رو خه‌ڵکیه‌کان
وه‌ک چۆن سوپا، ده‌زگای سه‌رکوتگه‌ر، زیندان، چه‌کی گه‌وره و
ئه‌تۆمییان ده‌وێت بۆ به‌پێوه وه‌ستانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، سزای له
سێداره‌دانیشیان ده‌وێت، ده‌سه‌ڵاتداران باش ده‌زانن که ده‌سه‌ڵاته
سه‌رکوتگه‌ره‌که‌یان ته‌نها به ترس و تۆقاندن ده‌توانێت به‌رده‌وامی
هه‌بێت، که سزای له سێداره‌دان یه‌کێکه له‌و هه‌وڵه دژی
مرۆیی و ناڕه‌وایانه، کۆمه‌ڵگایه‌ک
به‌رده‌وام وه‌ک بورکان ناڕه‌زایه‌تی له خۆی نیشان بدات به
دڵنیایه‌وه ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێویستی به ترساندن و له سێداره‌دانه.
با تۆزێک سه‌یری کۆمه‌ڵگای عێراق و ئێران بکه‌ین له‌م ناوچه‌یه‌دا،
ئه‌م دوو ده‌سه‌ڵاته تێکه‌ڵاوه له قه‌ومی و ئیسلامی چ سایه‌و
ئومێدێکیان له‌سه‌ر له‌سێداره‌دان داناوه، ڕۆژانه له‌ژێر ده‌یان
بیانووی بێناوه‌ڕۆک خه‌ریکن ئه‌م سزایه جێبه‌جێ ده‌که‌ن. له ئێران
سزای له‌سێداره‌دان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان جێبه‌جێ ده‌کرێت، به‌پێی
هه‌واڵێک له ئاژانسی فورات بڵاوکراوه‌ته‌وه که ته‌نها له یه‌ک
ڕۆژدا جمهوری ئیسلامی ئێران ( 20 ) که‌سی له‌سێداره‌داوه که
هه‌موویان که‌سانی سیاسی بوون. له عێراقیش له‌سه‌ر پێشنیاری نوری
مالیکی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق وه‌زاره‌تی ناخۆی عێراق داوا ده‌کات که
سزای له‌سێداره‌دان له‌هه‌مان ئه‌و شه‌قامانه‌دا جێبه‌جێ بکرێت که
تاوانباره‌که ته‌قینه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجامداوه ( سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ
ماڵپه‌ڕی سبه‌ی ڕێکه‌وتی 10/1/2010 ) ئه‌مه‌ش هه‌وڵێکه بۆ
شه‌رعیه‌تدان به‌و جۆره له‌سێداره‌دانه له عێراقیش که جمهوری
ئیسلامی ئه‌نجامی ده‌دات. ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له عێراق
ڕایگه‌یاندوه که‌له ساڵی 2009 ( سزای له‌سێداره‌دان به‌سه‌ر 77
که‌سدا جێبه‌جێ کراوه ) ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی له ڕێکه‌وتی
25/12/2009 ڕایگه‌یاند که ( 120) که‌س له ساڵی ڕابوردودا له عێراق
له سێداره‌دراون،( سه‌عید به‌مدوحه ) یه‌کێک له قسه‌که‌رانی
ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ڕایگه‌یاند، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی
له سێداره ده‌درێن له عێراق زۆر زۆره‌و به‌رزترین ئاستی هه‌یه له
جیهاندا. له دوای ڕوخانی ڕژێمی ڕه‌شی به‌عسه‌وه جارێکی‌تر له‌ساڵی (
2004 ) وه سزای له سێداره‌دان له عێراق و کوردستان کاری
پێکراوه‌ته‌وه، ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ڕایده‌گه‌یه‌نێت که
ته‌نها له‌ساڵی ( 2008 ) دا نزیکه‌ی ( 285 ) که‌س سزای له
سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچوه به‌ڵام ته‌نها به‌سه‌ر ( 34 ) که‌سدا ئه‌م
سزایه جێبه‌جێ کراوه . بۆ هه‌موو که‌س ئاشکرایه که له سێداره‌دان
و به‌ردباران کردنی مرۆڤ به نهێنی و به ئاشکرا چ کاریگه‌ریه‌ک
له‌سه‌ر باری ده‌رونی و فکری تاک داده‌نێت، ئاشکرایه که
ده‌سه‌ڵاتداران به‌م سزایه و به قوربانیه‌کانی ئه‌م سزایه
ده‌یانه‌وێت په‌یامێکی ترسناک ئاڕاسته‌ی کۆمه‌ڵگا بکه‌ن ، بۆیه
مانه‌وه‌ی ئه‌م سزایه به‌نسبه‌ت ده‌سه‌ڵاته‌وه هیچ نیه بێجگه
تۆقاندنی کۆمه‌ڵگا و سه‌رکوت کردنی ئازادیه‌کانی خه‌ڵک و هێشتنه‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیان.
هیوا ئه‌حمه‌د:
حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران و لایه‌نگرانی سزای له سێداره‌دان، پێویستی
هێشتنه‌وه و جیبه‌جێکردنی ئه‌م سزایه به‌وه پاساو ده‌که‌ن که گوایا
ده‌بێته هۆی نه‌هێشتن و که‌مکردنه‌وه‌ی تاوان له کۆمه‌ڵگادا و
پاراستنی خه‌لک له ده‌ست تاوانکاران، بۆچۆنی ئیوه له‌سه‌ر ئه‌م
پاساوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارن چییه؟ ئایا به واقعی سزای له سێداره‌دان
بۆته هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی تاوان و تاوانکاران له کۆمه‌ڵگادا؟
هیدایه‌تی مه‌لاعه‌لی: بۆ ئه‌وه‌ی به
شێوه‌یه‌کی مه‌لموس وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌ینه‌وه وا باشتره باسی
(35) ساڵ له ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی ( حیزبی به‌عس ) بکه‌ین له
عێراقدا ، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته نه‌ک ته‌نها له سێداره‌دان به‌ڵکو
له‌سێداره‌دانی کردبوویه باشترین شانۆگه‌ری بۆ دروست کردنی فه‌زای ترس
و دوو دڵی لای کۆمه‌ڵگا، هه‌ر ڕۆژێک شارێک و گه‌ڕه‌کێک ته‌رمی که‌سێکی
له‌سێداره‌دراوی بۆ ده‌هاته‌وه، هه‌ندێک جار پێش گه‌شتنه‌وه‌ی ته‌رمی
که‌سی له سێداره‌دراو نامه‌ی مردنی ده‌گه‌شته‌وه ده‌ستی
خێزانه‌کانیان، هه‌ندێک جار ئه‌و که‌سانه‌ی که گوله‌باران ده‌کران
پاره‌ی گوله‌کانیان له که‌س و کاریان وه‌رده‌گرته‌وه. که‌سێک
ده‌توانێت بڵێت ئه‌م هه‌موو له سێداره‌دان و سه‌رکووت و ترسه
توانیبووی ئاستی تاوان له عێراق بهێنێته خواره‌وه، به دڵنیایه‌وه
نه‌خێر چونکه سه‌رچاوی ئه‌نجامدانی تاوان ده‌سه‌ڵات و
سیسته‌مه‌که‌یه‌تی نه‌ک خه‌ڵک، ده‌سه‌ڵاتێک له‌سه‌ر بناغه‌ی
ناعه‌داله‌تی و چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کانه‌وه دامه‌زرابێت ئاشکرایه
تاوان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بۆیه ئه‌وه‌ی تاوانباره ده‌سه‌ڵاته نه‌ک
خه‌ڵک و قوربانیه‌کان. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک بانگه‌واز بۆ ئه‌وه ده‌کات
که بۆ پاراستنی کۆمه‌ڵگا و ئارامی خه‌ڵک سزای له سێداره‌دان ئه‌نجام
ده‌دات، ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش بداته‌وه ئه‌ی شه‌ڕ و
پێکدادانه‌کانیان که گیانی سه‌دان هه‌زار مرۆڤ ده‌سوتێنێت بۆ چیه ؟
ته‌واوی لێکۆڵینه‌وه و ئاماره‌کان له ئاستی دنیادا ئه‌و ڕاستیه
ڕونده‌که‌نه‌وه که هیج کاتێک سزای له سێداره‌دان نه‌یتوانیوه ئاستی
تاوان له هیج کۆمه‌ڵگایه‌کدا بهێنێته خواره‌وه. له سوئید له نێوان
ساڵه‌کانی 1966 تا 1983 ( 1258 ) که‌س که به‌تاوانی کوشتن حوکم
درابوون ته‌نها 25 که‌سیان تووشی تاوانی له‌و جۆره بوونه‌ته‌وه،
ئه‌گه‌ر به‌پێی ئه‌م یاسایه بوایه که له‌سێداره‌دان بۆ نه‌هێشتنی
تاوانه ده‌بوایه له بری پشتگیری له تاوانی ( 25 ) که‌س ( 1258 )
که‌س بکوژرێن یان له سێداره بدرێن، هه‌رگیز سزای له‌سێداره‌دان
ڕێگایه‌ک نیه بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا و که‌مکردنه‌وه
یان کۆتای پێهێنانی تاوان .
هیوا ئه‌حمه‌د:
له مێژه‌وه خه‌بات له دژی سزای له سێداره‌دان له سه‌راسه‌ری
جیهاندا له لایه‌ن بزووتنه‌وه ئازادیخوازه‌کانه‌وه ده‌ستی پێکردوه
و توانراوه به‌هێزی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه له زۆرێک له ووڵاتانی
جیهاندا به تایبه‌ت ووڵاتانی ئه‌وروپا سزای له سێداره‌دان قه‌ده‌غه
بکرێت، ئایاله په‌یوه‌ند به‌م بزووتنه‌وه سه‌راسه‌ریه جیهانیه‌وه
بزووتنه‌وه‌ی دژی سزای له سێداره‌دان له عیراق و کوردستان چۆن
ده‌بینن و به بۆچوونی ئێوه ئه‌و کار و هه‌نگاوه کرده‌وه‌ییانه چین
که ده‌توانرت به هۆیانه‌وه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌رچی زیاتر
به‌هێزتر بکرێت تا بتوانێت ده‌سه‌ڵاتداران ناچار بکات که سزای له
سێداره‌دان قه‌ده‌غه بکه‌ن؟
هیدایه‌تی مه‌لاعه‌لی: ئه‌گه‌ر په‌یامی
ده‌سه‌ڵاته سه‌رکوتگه‌ر و کۆنه‌په‌رسته‌کان بۆ کۆمه‌ڵگا سزای له
سێداره‌دان و هه‌ڵواسینی مرۆڤ بێت ، ئاشکرایه که ئه‌رکی به‌ره‌ی
مرۆڤدۆست و بزوتنه‌وه پێشکه‌وتوخوازه‌کانه
که کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و ده‌رهێنانی ئه‌م سزایه بکه‌ن له ناو
ده‌ستور و یاسای وڵات‌دا، له‌هه‌ر جێگایه‌کی دنیا هاوکێشه‌ی هێز به
قازانجی یه‌کسانیخوازی و مه‌ده‌نیه‌ت بێت ئه‌وا ئه‌م یاسا دژی
مرۆییه لاخراوه و کاری پێ ناکرێت، دیاره
پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته، له‌هه‌ر شۆڕش و ئاڵوگۆڕێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا که
له‌ئاستی دنیادا ڕویدابێت و بۆنی ئازادیخوازی لێهاتبێت و په‌یامێکی
مرۆیی به‌رز کربێته‌وه، ئه‌وا یه‌کسه‌ر یه‌کێک
له‌و هه‌نگاوه گرنگانه‌ی که هه‌ڵیانگرتوه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای
له سێداره‌دان بووه، یه‌کێک له هه‌نگاوه گرنگه‌کانی (کۆمۆنه‌ی
پاریس) سوتاندنی مه‌قسه‌ڵه‌کان بوو وه‌ک ڕه‌مزێک بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
سزای له سێداره‌دان، هه‌ر بۆیه ئێمه‌ش ژماره‌یه‌ک له که‌سایه‌تی
ئازادیخواز و پێشکه‌وتوخواز ( سه‌نته‌ری دژی له سێداره‌دانمان ) له‌ئاستی
عێراق و کوردستاندا پێکهێناوه. ئه‌مڕۆ له ئاستی جیهاندا زیاتر له
(115) وڵات ئه‌م سزایه‌ی به‌یه‌کجاری هه‌ڵگرتووه ، ده‌یان ده‌زگا و
نیهاد و ئۆرگانی نێوده‌وڵه‌تی کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سزایه
ده‌که‌ن، له‌هه‌ر جێگایه‌کی جیهاندا ئه‌م سزایه جێبه‌جێ بکرێت زه‌مینه‌ی
کار کردن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سزایه‌و گرنگی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
له‌بارتره. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خواستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له
سێداره‌دان خواستێکی مرۆیی و فراوان و
جیهانییه ده‌کرێت هاوئاهه‌نگی و لێکهه‌ڵپێکانێک له نێوان ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه
له ئاستی جیهان و ناوچه‌که و عێراق و کوردستاندا بکرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی
که وه‌ستانه‌وه له دژی سزای له‌سێداره‌دان له عێراق و کوردستان
میژوویه‌کی هه‌یه به‌ڵام پرش و بڵاو بووه، ئێمه هه‌ڵسوڕاونی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
سزای له سێداره‌دان به‌شێوه‌یه‌کی ڕێکخراو خاوه‌ن به‌رنامه له سه‌ره‌تای
کارمانداین. بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه به هێز بکه‌ین و
بتوانێت ئه‌و ئه‌رکانه جێبه‌جێ بکات که له‌هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵیگرتوه
من چه‌ند خاڵێک ده‌خه‌مه ڕوو:
1- کۆکردنه‌وه‌ی به‌شێکی فراوان له هه‌ڵسوڕاون
و که‌سایه‌تیه ئازادیخواز و پێشکه‌وتوخوازه‌کان له‌ده‌وری کار کردن بۆ
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له سێداره‌دان بۆ نمونه به‌ده‌سته‌وه گرتنی
( سه‌نته‌ری دژی له سێداره‌دان ) وه‌ک وه‌سیله‌یه‌ک.
2- کارکردن له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌وه‌ی
سزای له سێداره‌دان وه‌ک سزایه‌کی دژه مرۆیی
بناسێت و هه‌وڵ بدرێت کاریگه‌ری توندوتیژی له‌سه‌ر تێگه‌شتن و فکری خه‌ڵک
که‌م بکرێته‌وه .
3- به‌ڕێخستنی که‌مپین، به‌شێوه‌یه‌کی
ڕێکخراو به‌رده‌وام له‌سه‌ر ئه‌م سزایه‌و هه‌وڵدان بۆ ڕونکردنه‌وه‌ی
خاڵه جه‌وهه‌ریه‌کانی ئه‌نجامدانی ئه‌م سزایه له‌لایه‌ن
ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه .
4- پێکهێنانی ده‌زگای ڕاگه‌یاندن تایبه‌ت
بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سزایه‌و، هه‌وڵدان بۆ سود وه‌رگرتن له
ته‌واوی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کان که هاوکاری ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌که‌ن.
5- هه‌وڵدان بۆ فه‌رمی کردنه‌وه‌ی کاری ( سه‌نته‌ری دژی له سێداره‌دان
) له ئاستی عێراق و کورستان و ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌کان .
6- په‌یوه‌ندی توندوتۆڵ له‌گه‌ڵ ته‌واوی
ئه‌و ڕێکخراوه جیهانی و ناوچه‌ی و ناوخۆیانه‌ی که به‌شێک له‌کار و
ئامانجیان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای له سێداره‌دانه یان کار بۆ هه‌مان
ئامانج ده‌که‌ن.
له کۆتاییدا من پێموایه ئێمه هه‌ڵسوڕاوانی ئازادیخواز و
پێشکه‌وتوخواز له عێراق و کوردستان له‌م باره‌وه ئه‌رکێکی زۆر
گه‌وره‌ی مێژووی و مرۆییمان له‌سه‌ر شانه
بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م سزا دژی مرۆییه
که له عێراق و کوردستاندا ئه‌نجام ده‌درێت. من بانگه‌وازی هه‌ر
که‌سێکی مرۆڤدۆست و یه‌کسانیخواز ده‌که‌م
که بێن و هه‌موو پێکه‌وه له ده‌وری ( سه‌نته‌ری دژی له سێداره‌دان
) کۆببینه‌وه‌و به هێزی بکه‌ین و ئاسۆ و به‌رنامه و ئامانجه‌که‌ی
فراوان و گه‌شه پێ بده‌ین .
ماڵپه‌ڕی هیدایه‌ت
مه‌لاعه‌لی
_____________****************_____________
سه‌نته‌ری دژی له‌سێداره‌دان
00447783902098
anti.execution@googlemail.com
|