په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ١٢ -:

شلێر باپیری: 

ئەوە روانینی پیاوسالارییە ھانی ژنکوژیی دەدا و بە بیانووی

پاراستنی ئاین و شەرەف و ئەو شتانە پاساوی بۆ دێنێتەوە.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

شلێر باپیری: بە بۆچوونی من ئەوە کۆمەڵگەیە کە مرۆڤەکان بەو شێوەیە کە ھەن، ئاراستە دەکا. کۆمەڵگەی ئێمە پیاوسالارە و پیاو لە ژن باڵادەسترە. وا نییە تەنیا سروشتی پیاو خۆی وابێ، ئەوە ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگەن کە لە بەرھەمھێنانی ئەم جۆرە پیاوانەدا بەشدارن، دین، دابونەریت، باردۆخی ئابووریی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان کە بە گشتیی کولتوور یان فەرھەنگی کۆمەڵگە پێک دێنن، ھەر یەکەیان لە جێی خۆیاندا بە رێژەیەک ھۆکاری بەردەوامیی پیاوسالاریین.


پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟
 

شلێر باپیری: تەنیا پیاوان ھۆکار نین و لە کۆمەڵگەی دواکەوتووی ئێمەدا کە پێناسەی شتەکان ئاڵۆزە و ھیچ شتێک لە جێگەی خۆیدا نییە، ھەر تاکێک بە ژن و پیاوەوە لە ئامادەکردنی بواری چەوساندنەوەی ژنان و سەپاندنی سیستەمی کۆمەڵایەتیی پیاوسالارییدا بەشدارن، بەڵام پیاوان پتر ئەم رۆڵە دەگێڕن و بێگومان ناھۆشیاریی ژنانیش یەکێک لە ھۆکارە گرنگەکانی چەوساندنەوەی خۆیانە. ئەویش لەبەر ئەوەیە کە ژنانی کۆمەڵگەی ئێمە بەشێکیان بە ھۆی نەخوێندەوارییەوە، نە شوناسی خۆیان دەناسن و نە شارەزای دەرفەتەکانی مافی مرۆڤیشن.

ھەنگاونان بەرەو چارەسەریی زۆر شت لە خۆی دەگرێ و بە ماوەیەکی کەم ئەو نایەکسانییە چارەسەر ناکرێ و مەودایەکی زۆری دەوێ. خەباتێکی دەوێ کە بتوانێ ژنان بە مرۆڤبوونیان ئاشنا بکا، پێویستە ژنان بزانن لە کوێی کۆمەڵگەن، ھەست بە مافە زەوتکراوەکانیان بکەن و بۆ بەدەستهێنانیان کۆشش بکەن. دەبێ ئەو تێگەیشتنە لای ژنان دروست ببێ کە تەنیا بۆ ئەوە دروست نەکراون خزمەت بە پیاو بکەن و ئەوان رازی بکەن. ژنان دەبێ بەو ئاستە لە تێگەیشتن بگەن کە خۆیان مرۆڤی سەربەخۆن و لەگەڵ پیاواندا وەک دوو جۆرە مرۆڤ وەک یەک تەواوکەری یەکترین و وەک یەک رۆڵیان لە دروستکردنی کۆمەڵگەدا ھەیە.


پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟ 
 

شلێر باپیری: دەسەڵاتی سیاسیی لە ھەر وڵاتیکدا لە دابینکردنی ماف و سەپاندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ ھەموو تاکەکان بە ژن و پیاوەوە بەرپرسە. بەو لێکدانەوەیە ئەرکی حکومەت زۆر ھەستیارە. حکومەت چ لە ‌وڵاتانی دیموکرات و چ لە ‌وڵاتانی دیکتاتۆردا، ھەڵقوڵاوی کەلتووری کۆمەڵگەیە. وڵاتێک کە دیموکراسی و مافی مرۆڤ چووبێتە ناو کەلتوورەکەیەوە، نە حکومەتی دیکتاتۆر بەرھەم دەھێن و نە مافی مرۆڤیش پێشێل دەکا. بە بڕوای من ئەوە روانینی پیاوی کۆمەڵگەی پیاوسالار و ژنی بەرھەمهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە کە ھانی ژنکوژیی دەدا و بە بیانووی پاراستنی ئاین و شەرەف و ئەو شتانە پاساوی بۆ دێنێتەوە. کارە ناوازەکانی وەک ژن بە ‌ژن، کچ بە بەرخوێن دان، بە کابان حیسابکردنی ژن، پاراستنی ئابڕووی خێزان، ژیانی ھاوبەشی بەزۆرەملێی نێوان خزمان و پێشگیرییکردن لە دڵداریی و خۆشەویستیی بەر لە زەماوەند و زۆر ھۆکاری دیکەش ئەو دیاردانەن کە کەلتووری ئێمەیان پێکھێناوە و سەرجەمیان ھۆکاری بەردەوامیی ژنکوژیین. ئەرکی حکومەت کە پتر لە دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگە پێک ھاتووە، ئەوەیە کۆشش بکا ھەموو ئەو دیاردانە لە ‌ناو کۆمەڵگەدا لەنێوبەرێ، ئەو کات ژنکوژیی کە دەرئەنجامی ئەو دیاردانەیە لەنێودەچێ.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

شلێر باپیری: ھەر ئەو ھۆکارە کەلتووریی و فەرھەنگییانەی باسم کردن، سەرەتا دەبنە ھۆی ئەوەی ژنان لە بەشدارییکردن لە ھەرچەشنە چالاکییەدا خۆ ببوێرن. ژنێک کە مەترسیی کوشتن یان روانینی نەرێنیی کۆمەڵگە دواکەوتووەکەی خۆی لەسەرە ئامادە نییە لەو چالاکییانەدا بەشدار بێ. ئەو دەسەڵاتە پیاوسالارانەیە کە ھەموو رەھەندەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی گرتووەتەوە بە توندیی دژایەتیی بەشداریی ژنان دەکا یان چالاکییەکانیان دەخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

بە رێژەیەکی زۆر زۆر کەم نەبێ، پیاومان دەست ناکەوێ بڕوای بە یەکسانیی ئەم دوو مرۆڤە ھەبێ کە لە بواری جەستەییەوە جیاوازن. ژنانیش لە ژێر ئەم پەروەردە سەقەتەدا زۆر جار پتر لە پیاوان دژی مافەکانی خۆیانن و ئامادە نین لە چالاکییەکاندا بەشدار بن. 

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟
 

شلێر باپیری: تا ئێستا ژیانی ھاوبەشم پێک نەھێناوە کە بزانم بەرانبەری چۆن دەبم. بۆ باب و برا و دواتر پیاوانی کۆمەڵگەکەمان، ھەستم بە چەوساندنەوەی ئەوتۆ نەکردووە، بەڵام وەک ھەر ژنێک ھەستم بە جیاوازیی رەگەزیی کردووە کە منیش لەو جیاوازییەدا بێبەش نەبووم.

کێشەکان بۆ ئازادبوون لە دەستی رەوتی پیاوسالاریی زۆرن، چونکە وەک گوتم ئەو پیاوسالارییە رەگ و ریشەی لە فەرھەنگ و بیروباوەری تاکەکانی کۆمەلگەکەمدا ھەیە بە بچووک و گەورە و ژن و پیاوەوە، ھەر لە منداڵییەوە بەو بیرەوە پەروەردە دەکرێن، کەواتە بە گۆڕانکاریی لە فەرھەنگ و باوەڕەکان دەتوانین وردە وردە ھەنگاو بۆ نەمان و نەھێشتنی ئەو چەوساندنەوانە ھەڵبھێنین.

رێگە چارەکان زۆر بەرچاون لە بەشی پرسیارەکانی دیکە ئاماژەم پێدان، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە ھەموو لایەکەوە کاری بۆ بکرێ و بە دەسەڵات و بە ژن و بە پیاوەوە باوەڕمان بە گۆڕانکارییە ھزرییەکانی سەردەم و مۆدیرنیزە و مافی تاکەکان ھەبێ.

__________________________________

* شلێر باپیری / رۆژنامەنووس و چالاکی بواری مافی ژنان.

 

ماڵپەڕی شلێر باپیری

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک