په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ١ -:

بەهار مونزیر:
پیاوسالاریی سەرچاوەی چەوسانەوەی ژنە نەک پیاو،  بەڵام لە هەر

وڵاتێک ئاین زۆر زاڵ بێ پیاوان باڵادەستترن و پیاوسالاریی بەهێزترە.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

بەهار مونزیر: بە باوەری من باسەکە ئەوە نییە کە بە پێکهاتەی سروشتی پیاوەوە پەیوەست بێ، ئەوە کۆمەلگا، سیستەم، ئاین، یاسا، سیاسەت، وا دەکات کە پیاو پیاوسالار بی، سیستەمی پیاوسالارییە لە منداڵییەوە جودامان دەکاتەوە کە من ژنم و ئەو پیاوە، ئەو خاوەن هێز و دەسەڵاتە نەک ژن، منداڵی کوڕ و کچ کە لە دایک دەبن جگە لە جەستەیان جیاوازییتریان چییە؟ ئەوە پەروەردەی خێزان و کۆمەلگایە کە ئەوان پەروەردە دەکا. ئەو سیستەمەی کە سوودمەندە لە بە کەم راگرتنی ژن سیستەمێکی ئابوورییە کە پیاوان تێیدا باڵادەستن نەک ژن، باوەڕی من ئەوە نییە کە ژن باڵادەست بێ.. من خوازیاری یەکسانییم.. کەسمان بە هۆی ژنبوون و پیاوبوونەوە مامەڵەنەکرێین بەڵکو مرۆڤبوون بنچینە بێ نەک شتێکتر. هەر وڵاتێک لەوەیتر پێشکەوتووتر بێ ئەوە رۆڵی ژنان تێیدا باڵادەستە و ژنان لە دەسەڵات و ئابووریی و سیاسەتدا جێوڕێی خۆیان کردۆتەوە. من پێم وا نییە هیچ سووچێک لەم جیهانە هەبێ سیستەمەکەی پیاوسالاریی نەبێ بەڵام لە ولاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر زۆر زۆر جیاوازە. لە هەر وڵاتێک ئاین زۆر زاڵ بێ پیاوان باڵادەستترن و پیاوسالاریی بەهێزترە.


پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟

بەهار مونزیر: من وەڵامی ئەو پرسیارەم زۆر بە هەڵە گوێ لێدەبێ کە رۆژانە دەڵین (ژنان سووچی خۆیانە)، زۆر چالاکوانی ژنانیش پێان وایە کە ژنان سووچی خۆیانە لە هەڵومەرجی خراپ دان و پیاوسالاریی قەبووڵ دەکەن. بە باوەری من پیاوانیش گیرۆدەی دەستی ئەو سیستەمەن کە لە سەرەوە باسم کرد نەک هەر ژنان. من ناڵێم پیاو سەرچاوەی چەوسانەوەی ژنە دەڵێم پیاوسالاریی. چەندین پیاو هەن یەکسانییخوازن و جار هەیە لە ژن پتر کار بۆ یەکسانیی دەکەن.. لە ماڵەوە لە هەر شوێنێکیتر. ژنان لە وڵاتێک کە هەڵومەرجی باشیان بۆ دەڕەخسێ بۆ بەشداریی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا و سیاسەت و... هتد ئەوا دەبینین کە ژنبوون واتای نامینێ تا رادەیەک... ژنان دەیسەلمێنن کە هاوشانی پیاوان بەشدار دەبن لە هەموو بوارێکدا. بەڵام تۆ ناتوانی لە وڵاتێکدا چاوەڕوانی گەورەت هەبێ کە کچ و ژنی نەخوێندەوەاری تێدا زۆرە!! ئاستی خوێندن و (مەعریفە) لە ئاستی زۆر نزم دایە؟ کامەیە ئەو ولاتەی ژنان دەستەمۆن و هەڵومەرجی باشیان بۆ رەخساوە بۆ بەشدارییکردن لە دەسەڵات و ئابووریی و.. هتد؟ ئەمە جودای دەکاتەوە ژن لە شوێنەکەوە بۆ شوێنێکیتر دەسەڵاتی کامەیە و چۆنە. بەڵێ ئەو وڵاتانەی بزووتنەوەی یەکسانییخوازیی تێیدا لە ئاستی بەرزدا بێ ژن دەستەمۆ و ناهۆشیار نابێ. رێگەی چارەسەر تەنیا کارکردنە بۆ یەکسانیی لە نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکاندا..

پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟ 

بەهار مونزیر: بەڵێ منیش وا دەڵێم.. ئێمە هاوڵاتین و سیستەمێک لە ئێمە بەرپرسە.. دەبێ بمانپارێزێ، ئەی دەسەلات و حکومەت بۆ چی دروست دەکرێ؟ ئەی چۆن نابێ وا بڵیین؟ لە هەر وڵاتێکیتریش کێشەی تایبەت هەبێ هەر دەبێ روو بکەیتە ئەو کەسانەی خۆیان بە خاوەنی کۆمەڵگا دادەنێن.. مەگەر وانییە؟ ئەی هاوڵاتیان کێ دەبێ بیانپارێزێ؟ کەم تەرخەمیی لێرە زۆر زۆرە بۆیە ژن کوشتن ئەوندە زۆرە، ناهەستیاریی بە پرسی ژن، ئەمە باسێکی راشکاوانەیە.

پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

بەهار مونزیر: پرسی ژن لای من تەنیا هی ژن نییە هی پیاویشە، لەبەر ئەوە بە باوەڕی من ڕیکخراوەکان جەماوەریی نین لەبەر ئەوەی تەنیا کراوە بە باسی ئێمە وەک ژن.. بەڵکو گرنگە پیاوان نەک پشتیوانبوونیان گرنگە بەڵکو ئەرکیانە لە بزووتنەوەی یەکسانییخوازییدا رۆڵی کاریگەریان هەبێ. ژنان بۆیە ناچنە ناو رێکخراوەکانەوە لەبەر ئەوەی رێکخراوەکان بە هی خۆیان نازانن. بەشداریی ژنان لە رێکخراوی راستیی خۆیاندا گرنگە، رێکخراوبوون واتای خۆی هەیە لە ژیانی ژنان.. نموونەی وڵاتانی پێشکەوتوو دیارە کە ژنان بوونیان چەند گرنگ بووە لە بەرەوپێشەوەچوونی ئەو ئاستی یەکسانییەی کە هەیانە.

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟

بەهار مونزیر: من وەک خۆم هیچ کات لە خێزانی خۆم هەستم بە کەمتر نەکردوە لەگەڵ براکانم.. پیاوسالاریی واتای نەبووە لە ژیانی خۆمان و لە خێزانی خۆمدا. جا ئەوەی کە رووبەڕووی پیاوسالاریی دەبینەوە وەک ژن لە کۆمەلگا کەسمان بێبەریی نین لەوەی بە جیاواز سەیر بکرێین لە کۆمەڵگادا بەڵام گرنگ رووبەڕووبونەوەی ئێمەیە بەرامبەر پیاوسالاریی.

 

 

baharpda@yahoo.com

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک