په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ١٤ -:

نیان ئەحمەد:

پیاوسالاریی پێکهاتە‌ی دابونە‌ریت و دین و دە‌سە‌ڵاتە. شەرمە لەمڕۆ

ژن لەسەر ئەوە لەنێوببردرێ کە دەیەوێ دەنگ و رەنگی خۆی هەبێ.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

نیان ئەحمەد: بێ گومان پیاوسالاریی پێکهاتە‌ی دە‌ستی دابونە‌ریت و دین و دە‌سە‌ڵاتە. هیچ پیاوێک بە پیاوسالاریی لە دایک نابێ، بە‌ڵکو هە‌ڵسوکە‌وتی رۆژانە و شوێنپێ هە‌ڵگرتنی شێلگیرانە‌ی سە‌ران و بە ناو لێزانان ئە‌و جۆرە کەسایەتییانە دروست دەکەن. هەڵبەت هەر یەک لە ئافرەت یان پیاو خاوەنی کۆمەڵێک خەسڵەتی جیاوازن کە تایبەتمەندێتیان بونیاد و هەڵکەوتەیە. پیاوسالاریی هێزێکە کە زۆربەی پیاوان لەسەر دەستەبەرکردنی بیروڕایەک بە خۆیانی دەدەن کە تەنیا ئاکار و چوارچێوەیەکی خۆپەرستییە.


هۆکاری پەرەپێدانی ئەو دابونەریتە.. بنەڕەتەکەی بیروباوەڕی دینییە، جگە لەوەش زۆربەی پیاوان دەروونپاکیی ئافرەتان و خۆشەویستیی و ئەمەکدارییان بەرامبەر خێزانەکانیان بەو جۆرەی کە پیاوان سوودی لێ دەبینن بەکار دەهێنن، بە پێی سایکۆلۆژیەتی کەسایەتیی کەسەکان کە لە ژیانیاندا دووچاری چەوسانەوە بوونە لە لایەن کەسی ناو خێزانەکانیان یان کەسێکی دەرەکیی.. دەیانخەنە نێو نەخشە چەوسێنەرییەکانیان، ئەوانە پتر پەنا دەبەنەبەر پیاوسالاریی و لەو رێگەیەوە کۆشش دەکەن ئەو لایەنە بریندارەی کەسایەتییەکان چارەسەر بکەن، ئیتر بە پلان بێ یان بە بێ هۆشیاریی.


پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟
 

نیان ئەحمەد: بە رای من باوی پیاوسالاریی لە هیچ شوێنێک نەماوە.. ژن خۆی پیاوسالاریی دروست دەکا.. خۆی پیاوێک دروست دەکا ستەمی لێ بکا، کە ژن درۆی لەگەڵ ناخی خۆی نەکرد ره‌هایە و هیچ پیاوێک ناتوانێ وای لێ بکا کۆیلەی بکا.


پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟

 

نیان ئەحمەد: هە‌ڵبە‌ت حکومە‌ت رۆڵێکی زۆر نەرێنییانەی هە‌یە لە پاراستنی مافی ئافرە‌تان و توندوتیژیی دژ بە ئا‌فرە‌تان، چونکە کە لە نەخشە و بەرنامەی کابینە‌یە‌کدا، یان سیستە‌می بەرێوە‌بردنی وڵاتێکدا بنەبڕی توندوتیژیی و کاری نایاسایی و نامرۆڤانە دژی تاکەکانی کۆمەڵ نەکرابێ، واتای ئەوەیە کە پشتگیریی کاری ئەو دێوەزمەیەن کە ناوی ژنکوشتنە، چونکە ئەگەر حکومەت یاسایەکی رەها و بێ دانوسانی بهێنابا ئارا و بە توندیی سزای تاوانبارانی بدابا ئەوە بەبێ گومان ئەو دیاردەیە بنەبڕ دەبوو، کە پێویست بوو تا ئێستا بنەبڕ ببووایە و نەبووایە بە باسی نێو پەرتووکان و گۆڤار و رۆژنامە یان ماڵپەڕەکان، شەرمە لە رۆژگاری ئەمڕۆ ئافرەت لەنێو ببردرێ تەنیا لەبەرئەوەی بیەوێ دەنگ و رەنگی هەبێ، یان بیەوێ پیادەی ماف و ئارەزووەکانی خۆی بکا.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

نیان ئەحمەد: نەبوونی متمانە هۆکارێکی گرنگە بۆ پەیوەستنەبوونی ئافرەتان بە کۆمەڵەکانی ژنان یان رێکخراوەکانی سەر بە ئافرەتان. سنووری تەسکی دەسەڵاتی ئەو رێکخراوانە و نەبوونی ئەو پارێزگارییە کۆمەڵایەتییەی کە ئافرەتان پێویستیانە یان خەونی پێوە دەبینن.. وای لە زۆربەی ئافرەتان کردووە کە ئەگەر لە تەنگژەیەکی دەروونیی و خێزانیی زۆر گەورەدا نەبن و بە ناچاریی نەبێ رووی سکاڵا و گازندە نەبەنە لای ئەو رێکخراوانە.

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟

نیان ئەحمەد: هەندێک جار هەندێک ئافرەت خۆیان بە چاوێکی نزم سەیری تواناکانی خۆیان و رێکخراوەکانیان دەکەن و متمانەیان بە تواناکانی خۆیان نییە.. ئەوەش هەنگاویکێ بەرفراوانی چەوسانەوەی کەسەکان خۆیانن. پێویستە مرۆڤ باوەڕی بە توانای بێ سنووری خۆی هەبێ، چونکە لێهاتوویی بریتییە لە کۆشش و کردار.

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک