په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ١٩ -:

سیما نەجم:

ژنکوژیی فەرهەنگی دەسەڵاتە نەک خەڵک، کێشەی من لەگەڵ

دەسەڵاتی چینایەتییە کە باوک و برا و پیاو لە هەر ژنێک دەکاتە دڕندە.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

سیما نەجم: سڵاو! پێش هەموو شتیک زۆر سوپاستان دە‌کەم کە ئەو هە‌لە‌تان رەخساند. بە بڕوای من ئەو شتە کە ئێوە باسی دەکە ن وایە، بەڵام وەڵامدانەوە بەو پرسیارە کە بۆچی پیاوان تەنانەت ئەوانەشی کە خۆیان بە یەکسانییخواز دەزانن لە رەفتار و هەڵسوکەوتی روژانە بەرانبەر بە ژنان هەڵویستی پیاوساڵارانەیان هەیە. ئەگەر لە روانگەیەکی چینایەتیەوە نەدرێتە بەر رەخنە ئێمە دەباتە داوێنی فمێنیزمی بۆرژوایی و رەوتی لیبراڵی لە بزووتنەوەیەی ژناندا، لە پرسیارەکانی دواتردا پتر دەڕۆمە سەر ئەو روانگانە.


بەڵام بە بڕوای من هۆکاری سەرەکیی ئەوە کە بۆ پیاوانی ئازادییخواز لە کۆمەڵگەی ئەمرۆدا تا بە ئەمڕۆ، تەنانەت لە پیشکەوتووترین وڵاتانی سەرمایەدارییدا هەڵسوکەوتی پیاوساڵارانەیان هەیە خۆی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە بە بۆنەی سەمایەداریی و بۆرژوایی لە سەرانسەری دونیا پیاوسالاریی و کاری تەواو وەخت بۆ پیاوان و بەهای کاری پیاو لە هەموو وڵاتانی سەرمایەداریی لە کاری ژن پتر بووە و تا ئەمڕۆش هەیە. دەتوانین بڵیین کە لە سەرانسەری دونیا زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارانەی کە لە دەرەوەی ماڵ دەکرێن بە کاری پیاوانە دەناسرین و پیاو وەکو نانهێنەری ماڵ ناسراوە. ئەو سیستەمە چینایەتییە کە دەیبینین بە بۆنەی ئەوەوە کە جگە لە قازانج بیر لە هیچ شتیک ناکاتەوە، هێزی کاری ژن بە هێزی سەرەکیی نازانێ و هە‌موو کاتیک لە هێزی کاری ژن وەکو هێزی کاری ئەرتەشی زەخیرەی بێکاران کەڵکی وەرگرتوە.

پێویستە ئەوەش بڵێم کە فەرهەنگ و رەوشەتەکان، دین و هەڵسوکەوت و سیاسەت و هونەر و هەموو ئەو شتانەی کە لە مارکسیزم و کۆمۆنیزمدا بە رووخانی چینایەتی ناوی دەبرێ خۆی سەرچاوەی چینایەتی و ئابووریی هەیە. مەبەستم ئەوەیە کە بە پێچەوانەی زۆربەی هەڵسووڕاوانی بە ناو هەڵسووڕاوی ژن پیاوسالاریی پەیوەندیی بە سروشتی پیاوانە و شتی واوە نەبووە و نییە.

پیاوسالاریی بەرهەمی کۆمەڵگەی چینایەتییە و مێژووێکی دوور و درێژی لەگەڵ کۆمەڵگەی چینایەتی هەیە. من پێشتر لە نووسراوە و چاوپێکەوتن لەگەڵ ماڵپەڕەکانی دیکەدا لەسەر ئەوە باسم کردوە و پێم وانییە زۆر پێویست بێ دووپاتی بکەمەوە، بەڵام ئەوە دەڵێم کە رۆڵێکی زۆر لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئێمەدا دەبینن کە ژنان لە جێگە و شوینێکی سەرتر لە پیاواندا بوون و تەنانەت ژنسالاریی لە سەردەمێکدا بایەخی هەبووە. باسکردن لەم مەسەلە بە واتای ئەوە نییە کە من و ەک کۆمەڵێک فمێنیستی بۆرژوایی لایەنگری ژنسالاریی بکەم، بەڵام دەمەوێ ئە‌وە بڵیم کە پێش چینایەتی بوونەوەی کۆمەڵگە، ژنان بە بۆنەی جێگە و ریگایەکی کۆمەڵایەتییەوە کە بوویان سەرتر لە پیاوان بوون. بە بڕوای من ژنسالاریی و پیاوسالاریی هەر دوو روانگەگەلێکی دواکەوتوون و قسەکردن لە (جیاکاریی بە قازانجی ژنان) کە کۆمەڵێک هەڵسووڕاوی فێمێنیست و لیبراڵی بزووتنەوەی ژنان باسی دەکەن ئەگەر لە پیاوسالاریی دواکەوتووتر نەبێ لەو کەمتر نییە!

لەسەر دین دەبێ بڵێم کە دین هەمیشە ئامرازێکی سەرکوتگەرانە لە لایەنی چینی دەسەڵاتدارەوە بۆ سەرکوتی چینی ژێردەست بووە و هەیە. لە کۆمەڵگەی وەکو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دا کە ئیسلام رۆڵێکی زۆرتری هەبووە بارودۆخی ژنان زۆر خراپترە لە ژنانی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریی، بەڵام لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و سکۆلاری سەرمایەداریی رۆژئاواشدا بە دوای قەیرانی ئابوورییدا دەوڵەت و چینی دەسەڵاتدار دەست دەبەنەوە بۆ دین وەکو ئامرازێک بۆ سەرکوت و لەخۆ نامۆکردنی کۆمەڵگە و بە تایبەتیی ژنان وەکو نیوەی کۆمەڵگە. بەڵام ئەگەر دین لە خوددا دژە ژن و دژە ئازادیی و یەکسانیی مرۆڤە، هەر ئەوە سەرمایەداران و پارێزەرانی ئەو بارودۆخەن کە ئەو ئامرازە کۆنە کە لەسەردەمی گەشەی سەرمایەداریی و مۆدێرنیزمدا پاشەکشەی پێکرابوو زیندوو دەکەنەوە و پارەیەکی زۆر بۆ کڵیساکان و مزگەوتەکان وەکو هێمای کۆنەپەرستیی تەرخان دەکەن. بە بڕوای من بە پێچەوانە زۆربەی هەڵسووڕوانی بزووتنەوەی بۆرژوایی ژنان بنەمای نابەرابەریی و پیاوسالاریی دین و فەرهەنگ و سروشت و هیچ کام لەو شتانە بە تەنیا نین، بەڵکو هەروەک گوتم بونیاتی سیستەمی چینایەتی و فەرهەنگ و هەڵسوکەوتی چینایەتی کە سەرچاوەی ئابوورییان هەیە و بە ژێرخانی کۆمەڵگەوە سەرچاوە دەگرن.


پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟
 

سیما نە جم: بە بڕوای من نە پیاوان وەکو تاک و نە ژنانی ''دەستەپاچە'' وەکو ئێوە دەڵین هیچ کامیان هۆکاری نابەرابەری ژنان و پیاوان نین. هەروەک کە گوتم هۆکارەکە چینایەتییە، مێژووێکی چینایەتی هەیە کە تەواوی کۆمەڵگەی چینایەتی گرتۆتەوە.

هەر لەو ئەڵمانیایەی کە ئێوە دەیبینن منداڵ کە لە دایک دەبێ ژن دەبێ سێ ساڵ بە لای منداڵەوە بمێنێتەوە، منداڵداریی وەکو کارێکی ژنانە دەناسرێ! ئەوە هەر ئەو کۆمەڵگە مۆدێرنەیە کە ملیۆنان ژن و گەنج ئامادەن ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە به هەر شێوەیەک هەیە خۆیان بگەیننە ئێرە! هەزاران و لەوانەیە پتر لە ملیۆنێک کەس لە خەڵکی کورستان هەر کام هەزاران دۆلاریان تەرخان کردوە تا بگەنە بەو ''بەهەشت!''ەی کۆمەڵگەی سەرمایەداریی. مەبەستم ئەوەیە کە لە کۆمەڵگەیەکی وادا کە پتر لە نیوەی کۆمەڵگەی مرۆیی و ٩٠٪ی خەڵکی کوردستان خەوی پێوە دەبینن، ئێمە سیستەمێکی ئازاد و یەکسان نابینین کە ژن و پیاو تێیدا بە رەفتار یەکسان بن نەک لەسەر کاغەز! ئەوە راستیی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییە جا بە هەر ئەندازەیەک ریفۆرم و دەستکاریی سەرخانی ئابووریی کۆمەڵگەی تێدا کرابێ! ئێستا وڵاتیکی وەکو عێراق و کوردستان کە ژنکوژیی و لووتبڕین و خەتەنەکردنی کچان بووە بە نۆرم و تەنیا قسە لەسەر نابەرابەریی نییە بەڵکو لە شوێنی وادا کە کارەسات هەموو رۆژیک روودەدا، رێکخراوبوون لە ئاستی خوارەوە - نەک ئەو رێکخراوبوونەی کە تا ئێستا رێکخراوە دەستەسازەکانی دەسەڵاتی کوردی (یەکێتی و پارتی) سازیان کردوە بۆ کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەی کرێکاریی و شۆڕشگێڕانەی ژنان - تەنیا رێگەیە لەبەردەمی ژنانی ئازادییخوازدا. من وەک خۆم بڕوام وایە کە ئەگەرچی زۆربەی هەرە زۆری پیاوانی ئازادییخواز لە کرداردا پیاوسالارن بەڵام دەکرێ هەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان کە لە کرداردا بە هەموو کەموکوڕییەک کە هەیانە شۆڕشگێڕترین هێزی سیاسیی گۆڕەپانی سیاسیین کاری زۆر باش بکری. بێجگە لەوە بە بڕوای من خو قەتیسکردن لە چوارچێوەی رێکخراوە فێمێنیستیی و ناسیونالیستەکانی سەر بە یەکێتی و پارتی و گۆڕان و بە ناو ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامیی و... هتد ئاوڕشتنە نێو جۆگەلەی بۆرژوازیی ناسیونالیست و دەسەڵاتی دوو حیزبە ناسیونالیستە کۆنەپەرستەکەیە لە کوردستان!


پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟

 

سیما نەجم: بە بڕوای من حکومەتێک لە کوردستاندا نییە! لە عیراقیشدا ئەوەی کە هەیە دەسەڵاتیکی ناسیونالیستی و خێڵەکیی و دینیی و مافیاییە کە حکومەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە وەکو ئێران و تورکیا و ئەمەریکا بە تایبەت ئێران خاوەن ماڵی ئەو حکومەتەن، لە کوردستانیش هەروا.. کە گوتم دەسەڵاتێکی خێڵەکیی و دواکەوتووی دوو حیزبی ناسیونالیستی رەگەزپەرست کە هەر کامیان ئامرازی یەکێک لە حکومەتەکانی ناوچەکەن.

یەکێتی و پارتی بە فەرهەنگی ناسیونالیستیی و رەگەزپەرستیی و خێڵەکیی خۆیان و هاوکاریی لەگەڵ دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە و (ئیمتاز)دان بە ئیسلامی سیاسیی و مزگەوت کردنەوەکانیان وەکو هێمای کۆنەپەرستیی و دەستگرتن بە کەلتووری کۆنەنەپەرستانەی ئیسلامییەوە.. نەک هەر ژنکوژییان کۆنترۆڵ نەکردوە بەڵکو زۆر پەرەشیان پێ داوە.

لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا کە ئەو دوو حیزبە کارتونییە لەسەر کاربوون بە پێی ئاماری ئەمنستی ئینتەرناسیونال و ئامارە فەرمییەکان - کە هیچیان بە بڕوای من تەواو نین - هەزاران ژن لە کوردستانی ژێردەسەڵاتی پارتی و یەکێتی کوژراون و لوتیان بڕاوە و ئەتککراون و خۆیان سوتاندوە و هەزاران ژن خەتەنە کروان و... هتد.

ژنکوژیی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەو دوو حیزبە دا بووە بە کەلتوور! زۆربەی هەرە زۆری ژنکوژان نەک هەر ویژدانیان نائارام نەبووە، بەڵکو بە شانازییەوە دەیانگوت کە لەسەر بێ رەوشتیی خوشک یان کەسی خۆیانیان کوشتو، زۆربەی ژنکوژان ئەگەر خۆیان لە نێو دەزگایە ئاسایشییەکان و لە نێو رێزی ملیشیای دوو حیزبەکەدا نەبوووبن دوور و نزیک لە دەسەڵات نزیک بوونە. زۆربەی هەرە زۆریان بە ئازادانە بە ناو شارەکاندا دەخولینەوە و کەس لێیانی نەپرسیوە و ناپرسێ کە بو ئەو کارانەیان کردوە؟!


یەکێتی و پارتی خۆیان پارێزەری سەرەکی ئەو کەلتوورەن. خۆمان بینیمان کە لە کاتی بەردبارانکردنی دوعادا هێزە ئاسایشییەکان لە نزیکەوە سەیری ئەو کارەساتەیان دەکردو هیچ کارێکیان نەدەکرد. هەر ئێستا یەکێتی و پارتی مانگانە پارەیەکی زۆر دەدەن بە سەرۆک خێڵەکان بە ناوی دیوەخانانە! لە سایەی ئەو دەسەڵاتەدا کە خێڵەکییە پەرە بە کۆنەپەرستیی و ژنکوژیی دراوە! بە بڕوای من دەسەڵاتی سیاسیی لە کوردستان وەک داڕووخانی ژێرخانی کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریی لە چەشنە دواکەوتووەکەی سەرەکییترین هۆکاری ژنکوژییە لە کوردستان، ئەو جۆرەی کە مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستدا دەڵێ فەرهەنگی حاکم لە هەر کۆمەڵگەیەکی چینایەتیدا فەرهەنگی چینی حاکمە! ئەوەش فەرهەنگی خەڵکی کوردستان نییە فەرهەنگی چینی دەسەڵاتداری کوردستانە.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

سیما نەجم: پێش هەموو شتێک پێویستە بڵیم کە لە راستییدا لەو سەردەمەدا رێکخراوێکی سەربەخۆ کە لە خواری کۆمەڵگەوە نوێنەری ژنان بێ لە کوردستاندا نییە. ئەوەی کە بوو وەکو رێکخراوی ئافرەتان و رێکخراوە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستەکانی سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق یا رێکخراوە سەربەخۆیە چەپەکان بە دوای هێرشی یەکێتی نیشتمانی بۆ سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق سەرکوت کران، بە دوای ئەوەشدا زۆربەی ئەندامەکانیان رەوانەی ئەوروپا کران. واتە ئێستا لە کوردستاندا رێکخراوێکی شۆڕشگێڕ کە پارێزەری مافی ژنان بێ نییە و من نایبینم! ئەوەش کە ناوی رێکخراوەکانی ژنان و شتی لەو چەشنەی لێنراوە زۆربەی هەرە زۆری دەستکردی دەستی یەکێتی و پارتی یان ئەو حیزبانەن کە بە ناو ئۆپۆزسیۆنن! بەڵام خۆیان لەو سفرەیە کە یەکێتی و پارتی دایانخستوە بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان نان دەخۆن! بە بڕوایی من ئەوانە نە تەنیا پارێزەری مافی ژن نین بەڵکو زۆربەیان بە پێی بیروبڕوا و مەرامەکانیان دژی ژنانن. لە کاتێکدا دەسەڵاتی دژە ژنی کوردی فرەژنیی لە کوردستان ئازاد کرد و یاسایەکی ئیسلامیی و کونەپەرستی لە پەرلەمانە کارتۆنییەکەیاندا بەسەر خەڵکدا سەپاند، بەشیکی زۆر لەو بە ناو هەڵسووڕاوانەی مافەکانی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان دەنگیان بەو یاسایە دژەژنییە دا کە هیچ کام لەوانە پێشتر لە هیچ شوێنێکەوە دیار نەبوون.

ئەوەی کە بەشێک لە چەپ بە داخەوە دوای قەیرانێک کە لەم ساڵانەدا بەسەر چەپ و کۆمۆنیست لە ناوچەکە و بە تایبەتیی عێراق و کوردستاندا هاتووە بە لیبرالیزم هەڵخەڵەتاون و ئەو رێکخراوە کارتۆنییانە لە میدیایە بۆرژوازییەکانەوە بە پارێزەری مافەکانی ژنان ناو دەبەن.. ئەوە لە راستییدا رێکخراوی راستەقینەی ژنان نین و شتێکی جیاوازان.

بە بڕوای من رێکخراوێک کە خۆی دروستکراوی دەسەڵاتیکی دواکەوتوو و دژە ژن بێ ناتوانێ وەکو ئۆپۆزسیۆن دژی هەمان ئەو دەسەڵاتە کار بکا، ئەگەر کەسێکێش وەها لەخشتە بردرابێ ئەوە خۆی سەر بەو دەسەڵاتەیە یان کۆنەپەرستە و پەیوەندیی بە مافی ژنانەوە نییە. بە داخەوە زۆربەی هەرە زۆری رێکخراوەکانی ژنان لەو چەشنەن!

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟
 

سیما نەجم: تا ئەوەی کە بۆ خۆم دەگەڕێتەوە منیش وەکو هەر ژنێکی کۆمۆنیست کۆششم کردوە کە بتوانم تەنانەت لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەدارییدا و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی خێڵەکیی وەکو کوردستاندا بۆ رزگاریی خۆم و هەموو هاوچارەنووسانم لە سەرانسەری دونیا بە تایبەت عێراق و کوردستان کۆشش بکەم و کردوومە و دەشیکەم، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێم کە کێشەی من لەگەڵ باوک و برا و هاوسەر و پیاو بە شێوەیەکی گشتیی نییە، کێشەی من لەگەڵ دەسەڵاتی چینایەتییە کە باوک و برا و پیاو لە من و تۆ و هەر ژنێکیتر دەکاتە دڕندە. ئێمە بە هەر ئەندازەیەک توانیبێتمان دەسەڵاتی سیاسیی پاشەکشە پێ بکەین بەو ئەندازەیەش توانیومانە خانەوادە وەکو بچووککراوەی کۆمەڵ لەسەر مەسەلەی ژنان و پیاوسالاریی پاشەکشە پێ بکەین. بە داخەوە ئەوە هەر بە تەنیا پیاوان نین کە پیاوسالارن بەڵکو زۆربەی ژنان و دایکان و خوشکان و تەنانەت خۆشمان بە بۆنەی ئەوەی کە لەو بارودۆخ و هەڵسوکەوتەدا ژیاوین کەوتوینەتە ژێر کاریگەریی ئەو پیاوسالارییەوە کە لە کۆمەڵگەدا هەیە. خۆم وەکو خۆم لە بنەماڵەیەکی سەر بە حیزبی شیوعی عیراقی کۆن گەورە بووم هێندەی کە لە چوارچێوەی فەرهەنگی پیاوسالاریی و هی دیکە لە لایەن دایکمەوە گوشارم بۆ هاتوە هەرگیز لە لایەن باوکمەوە هێندە لە ژێر گوشاردا نەبووم.

دەبی ئەوەش بڵێم کە من بە خەبات و هەڵسووڕانی هەر رۆژەی خۆم توانیبووم لە ئاستی شاری دەربەندیخان و تەنانەت سلێمانی تا دەگا بە بنەماڵە کاریگەرییەکی سەرەکییم هەبێ. من شانازیی دەکەم که لە ئاستی بنەماڵەیی و لە ئاستی شاری دەربەندیخان و کوردستان و عێراقیشدا هیچ کات ملم بەو قانوونە کۆنەپه‌رستانە نەداوە کە لە لایەن دەسەڵاتەوە دژ بە ژنان واژۆ دەکران و تا ئەمڕۆ سەربەرزانە دژی کۆنەپەرستیی راوەستاوم. هاوسەرەکەشم کۆمۆنیستێکی شۆڕشگێڕە و لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی خۆیندکاریی و ژنان بووە و هەرگیز هەستم بە گوشار لە لایەن ئەوەوە نەکردوە ئەگەر کێشەشم هەبێ لەگەڵی یا بووە لەسەر جیاوازییگەلێک بووە کە پەیوەندیی بە مەسەلەی ژنانەوە نییە!

جارێکیتر سوپاس بۆ ئەو دەرفەتە.
 

star.north1917@yahoo.com

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک