٢٤\١٠\٢٠١٢ تهوهری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ٢٢ -:
سازادانی: پایزە ئەحمەد
لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:
کەژاڵ ئیبراهیم خدر: ژن بوونەوەرێکی مەزنی نێو ئەو کۆمەڵگە فراوانەیە، بوونەوەرێکی نەخشێنراوە بە جوانیی و ناسکیی و هێمنیی، ژن بوونەوەرێکی لەرادەبەدەر مەزن و بە نرخە، ئەو جوانیی بە ژیان دەبەخشیێ، هەر ئەوە نەوەیەک لەنێو منداڵدانی خۆیدا بونیات دەنێ و دەیخاتەوە، ئەوەی ژن لەنێو کۆمەڵگەدا بۆ بەختەوەریی پێکیدەهێنێ هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێ کە سۆز و خۆشەویستیی ببەخشێتەوە، لە دنیادا نەبووە ژن چەوسێنەر و هەڵگیرسێنەری و کوشتن و بڕین بووبێ و دنیا خاپوور بکا، لەپێناوی دەسەڵاتی ژنسالاریی خۆیدا تاکو پێگەی خۆی پتەو بکا؟ ئەوە هەر پیاوە دروست ئەو رێگە ترسناکە دەگرێتەبەر بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات، ژن و پیاو لە پێکەوەژیاندا دوو بوونەوەری خۆشەویستی یەکترین و بە هەردووکیان دەتوانن پێگەی کۆمەڵگە نمایش بکەن، بەڵام بە داخەوە ئەوەی روودەدەا پێچەوانەیە هەر پیاوە لە پێناوی مانەوە و دەسەڵاتی خۆیدا.. لە پێناوی حەز و ئارەزووەکانی خۆیدا باڵی ژیان بە قەدی خۆیدا دەبڕێ، بۆیە دەبینن گوفتار و رەفتارەکان جیاوازن، ئەو چەوسانەوەی کە لە رەگەزی پیاوانەوە دەبینرێ زۆر جیاوازە لەو کردارەی لە هەستی ژنەوە هەیە، بۆیە وەک دەیبینین چەوسانەوە و کوشتن و ماڵوێرانیی جیهانبینیی بەشێکی زۆری پیاوانە، بە داخەوە بۆ ئەو رێرەوە ناشیرینەی کە هەندێکیان گرتوویانەتەبەر.
پایزە ئەحمەد:
ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە
ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە
بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک
کارتێکردنی خۆیان هەیە؟
پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری
ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان
هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی
چارەسەر چین لەو رووەوە؟
کەژاڵ ئیبراهیم خدر: ئەو دوو بونەوەرە مەزنە جیهانبینییەک کۆیان دەکاتەوە ئەویش خۆشەویستییە بۆ ژیان و جوانترکردنی دینایەک کە مرۆڤەکان تێیدا یەکسان بن لە رووی بیرکردنەوە و گۆشکردنیان بە ئاراستەی لێک نزیکبوونەوە، مەخابن کاتێک رۆشنبیریی و زانست و زانیاریی و تێڕامان لە بەخشینەوەی خۆشەویستیی بۆ ژیان عەقڵ میوانی نابێ و کۆتایی دێ، ئا لێرەوە سەرەتای گیروگرفتەکان و کێشەکان دروست دەبن، هەر ئەو دەسەڵاتەشە وایکردووە دوو جیهانی جیاواز لە بیرکردنەوە بو هۆگریی بۆ جوانیی ژیان دروست ببێ، وەنەبێ ژنیش بێ بەش بووبێ لەو کێشانە ئەوانیش بەشی خۆیان بەردەکەوێ بەڵام زۆر بە کەمیی، چونکە ژن هیچ دەسەڵاتێکی بەدەستەوە نییە تا پێگەی خۆی پتەو بکا، بۆیە پێویستە ژنیش بە گوێرەی توانای خۆی لە رووی رۆشنبیریی و زانست و زانیارییەوە کۆشش بکا و پتر رۆبچێتە ناو ململانێکانەوە تاکو کامەرانیی و بەختەوەریی باوەش بۆ هەمووان دەکاتەوە، ژن بە هۆی خستنەوەی نەوە و ئەرکی گرانی رۆژانەی ماڵ و ژیان و گوزەران و هەژاریی و بەخێوکردنی منداڵ و راپەڕاندنی ئیش و کارەکانی رۆژانە نەیتوانیوە بە گوێرەی پێویست بیربکاتەوەو هۆشیارانە رەفتار بکا.
کەژاڵ ئیبراهیم خدر: دەسەڵات باوکی هەموومانە وەکو خۆیان لە قسە و گفتوگۆ و دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردنەکان و بلاوکردنەوەی بۆچوونەکانیان بانگەوازی بۆ دەکەن، ئەوان خۆیان بە یاسا داڕێژەر و خزمەتکاری ئەم کۆمەڵگەیە دەزانن بەڵام بە داخەوە کاتێک دێتە سەر خزمەتکردن بە جۆرێکی تر دەکەوێتەوە، ژن دەسەڵاتی چی بە دەستەوەیە لە ناو کۆمەڵگە و لە ناو حکومەت و حیزبەکاندا، ئەوەتا وەک دەیبینین چەند پۆستێکی نمایشکاری بە دەستەوەیە کە ئەویش حیزبەکان بۆیان دیار دەکەن کە تەنها چەند پۆستێکی کەمە، ئەوەی لە تواناشیدا بێ بۆ خزمەتی کۆمەڵگەکەمان بەرجەستەی دەکا بۆ خۆشگوزەرانیی، بەڵام بە داخەوە دابونەریتی کۆنی بۆماوە وایکردووە کە ژن نەتوانێ بەو شێوەیەی کە خۆی دەیەوێ خزمەت بکا.. هەر ئەوەشە وایکردووە ناکۆکییەکان زۆر بن و دابونەریتەکان رۆبچنە ناو خێزان و کۆمەڵگەوە و یاساش بەو جۆرە نەبێ کە هەموومان لەژێر سایەیدا کۆبکاتەوە، رۆژانە دەیان هەواڵی کوشتن و سوتان و دەربەدەریی و ماڵوێرانیی و بەندکردن دەبینین کە بە داخەوە دەسەڵات لە ئاستیاندا گوێی خۆی خەواندووە و حکومەتیش حکومەتێکی پیاوسالارییە و بە دەنگ کێشەکانەوە ناچێ، بۆیە رۆژانە دەیان هەواڵی جەرگبڕ دەبیستن کە مرۆڤی پێشکەوتووخواز و یەکسانییخوازی تووشی نامۆبوون و سەرسوڕمان کردووە.
کەژاڵ ئیبراهیم خدر: ئەو هیوایەی کە هەموومان ئاواتی بۆ دەخوازین ئەوەیە کە پێویستە دەسەڵاتێکی یەکسانییخواز و پێشکەتوو بە یاسا بێتە کایەوە تاکو هەموومان بە بێ جیاوازیی کۆبکاتەوە، من بۆ خۆم کە ژنم حەز دەکەم هیچ کەسێک یەک پەنجەشی ئازاری پێ نەگا، ئاواتمە یەکسانیی باڵ بەسەر کۆمەڵگەی جیهان بە گشتیی و کوردستان بە تایبەتیی بکێشێ و دووبەرەکیی و چەوسانەوە کۆتایی بێ چونکە زۆربەی زۆرمان تاڵاوی چەوسانەوەمان لە ناو خێزان و کۆمەڵگە و بگرە قوتابخانەش چەشتووە.. لە رابردووی هەمووماندا ئەو بیرەوەرییانە هەن، کاتێک دەستم بە شیعرنووسن کرد نەمتوانی بە ناوی خۆمەوە بڵاوی بکەمەوە، کە بۆ کۆرێک یان سیمینارێک دەچووم چەندین لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکرا، کە لە قەڵادزێ بووم بە هۆی ئەو دابونەریت و دەسەڵاتە خێڵەکییانەوە نەمدەتوانی بە ویستی خۆم حەز و ئارەزووەکانم بێنمە دی، زۆر جار کە شیعرم خوێندۆتەوە لە کۆڕەکان دوای ئەوەش کە ژیانی هاوسەرییشم پێکەوەناوە دەیان جار لەگەڵ براکانم تووشی دەمەقاڵە بوومە و شەوانە فرمێسک بە چاوانمدا هاتۆتە خوارەوە و گریان بۆتە میوانم، لێت ناشارمەوە ئێستا ئەو هەوای ئازادییەی کە هەڵیدەمژم و ئەو رزگاربوونەی کە هەمە سەرچاوەکەی بۆ هاوسەرەکەم دەگەڕێتەوە چونکە ئەو زۆر پشتیوانییم لێ دەکا، بۆیە پێویستە ژنان بە هەموو توانای خۆیانەوە کۆشش بکەن جیهانێکی جیاواز و دوور لە دەسەڵاتی پیاوسالاریی و بیروباوەڕی کۆنەپەرستیی بهێنە کایەوە و رزگاریان ببێ، ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان فەراهەم بکەن تاکو نەوەیەکی پڕشنگدار بۆ کۆمەڵگەکەمان دروست ببێ و دوور بێ لە چەوسانەوە؟
_________________________________________________ لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm
|