په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٢

ته‌وه‌ری پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز. - ٥ -:

خولیا حوسێن:
شەڕی ئێمە دەبێ لەگەڵ دابونەریت و دین و دەسەڵات بێ،
ئەوە چاکترین رێگایە بۆ یەکسانییکردنی ژنان و پیاوان.

سازادانی: پایزە ئەحمەد  

 

لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان - هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:

 

پایزە ئەحمەد: ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک کارتێکردنی خۆیان هەیە؟

 

خولیا حوسێن: پێکهاتەی پیاو وەک بوونەوەرێکی بە هێز بە بێ پشتیوانیی دابونەریت و دین و دەسەلات ناتوانێ ئەو رەفتارە توندوتیژییانە پەیڕەوە بکا لە دژی رەگەزی ژنان. نموونەشمان ئەمەیە کە پیاوانی هەموو دونیا بە هەمان هێز و توانا لە دایک دەبن بەڵام بە پێی دابونەریت و دین و دسەلاتی باو رەفتار دەکەن. هەمانە لەو پیاوانەی کە توانیویانە خۆیان لە نەخۆشیی پیاوسالاریی رزگار بکەن. بەڵام ئەو پیاوانە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستی یارمەتیی کەسێکی رۆشنبیر و یەکسانییخواز یان کەسێکی سۆسیالستیی گەیشتۆتە دەستی و لە وەرەمی پیاوسالاریی رزگاری کردووە. هەموو لێکۆڵینەوەکانی لەسەر توندوتیژییەکانی سەر ژنان کراوە لە لایەن کەسانی کۆمەڵناس و دەروونناس و پرۆفێشناڵ ئەوە دەسەلمێنن کە منداڵیکی نێرینە کە پەروەردەی ناو خیزانێکی پیاوسالار و پەروەردەی دەستی پیاوێکی رەفتار توندوتیژە لە دواڕۆژدا پیاوێکی رەفتار توندوتێژی لێ دەکەوێتەوە. وتەیەکی ئینگلیزی هەیە دەڵێ ''Monkey sees monkey does'' واتە مەیموون چی دەبێنێ ئەوە فێر دەبێ ئاوا رەفتار دەکا. کەواتە ئەگەر دابونەریت و دین و دەسەڵات سووکایەتی و لێدان و ژنکوژیی بە مافی پیاو نەزانن ئەوا هەرگیز ئێمە لە ناو کۆمەلگەی کوردی هێندە بەدبەخت و چارەڕەش نەدەبووین لە ژێر ئەو دابونەریتە نامرۆڤانایەدا هەر رۆژە و ناسکە کیژانی کوردمان بە دڕندانەترین شێوە بە دەستی باوک، برا، مێرد، مام، خاڵ.. ژیانیان لێ نەدەسەندرایەوە یان مارکوژ نەدەکران بە بەرچاوی منداڵانی ناو خێزانەکانیان.


پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی چارەسەر چین لەو رووەوە؟
 

خولیا حوسێن: بێگومان هەموو تاکێکی ناهۆشیار لە ناو کۆمەلگا کۆسپێکە لە بەردەم بەرەوپێشەوەچوون و بنەبڕکردنی توندوتیژییەکانی سەر ژنان. بەڵام ئایە ئەو ژنە ناهۆشیارانە هەست بەوە دەکەن کە زۆرلێکراون؟ بە رای من ئەگەر ئەوانیش وەک من و تۆ هەستیان بە چەوسانەوەی خۆیان بکردایە بێگومان قسەیەک و جوولەیەکیان دەکرد بۆ خۆشکردنی ژیانی خۆیان. چونکە ئەو ژنانەش بە هەمان شیوە پەروەردەی ئەو نۆرم و دین و دەسەڵاتەن کە رازییان کردوون بەوەی رازیی بن و نەزانن کە نازانن چەوساوە و زۆرلێکراون و مافە سەرەتاییەکانیان لێ داگیر کراوە.

بۆیە شەڕی ئێمە وەک بزووتنەوەی یەکسانییخوازیی ژنان دەبێ لەگەڵ دابونەریت و دین و دەسەڵات بێ، ئەوە چاکترین رێگایە بۆ یەکسانییکردنی ژنان و پیاوان لە ناو کۆمەڵگەی ئێمەدا. چونکە ئەو سێکوچکەیەی نۆرم و دین و دەسەڵات، دەسەڵاتی تەواویان داوەتە پیاوان کە بە توندوتیژترین شێوە لە ناو کۆمەلگە و لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا لەبەردەم منداڵەکانیان سووکایەتی بە ژنان بکەن. لێیان بدەن و بە خزمەتکاری خۆیان بزانن و لە هەموو مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێ بەشیان بکەن. هەرکاتێکیش زانییان کە یەکێک لە ژنانی ناوخێزان، ژنیان، دایکیان، خوشکیان، کچیان لە سنووری ویستی پیاوسالاریی ئەوان لایان داوە. بە بیانووی پووچەڵی (شەرەف و نامووس) دەیانکوژن و شانازیی بە مرۆڤکوژیی خۆیان دەکەن.


پایزە ئەحمەد: هەر کەسێک لە ناخەوە بەو ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکار
یی بۆ حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟ 

خولیا حوسێن: هەروەک چۆن دایک و باوک بەرپرسیارن لە پەروەردە و پاراستنی منداڵەکانیان. حکومەتیش رێک بەم شێوەیە بەرپرسیارە لە پەروەردەکردنی کۆمەلگەیەکی تەندروست و تێر و ئارام. بەڵام بە پێچەوانەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بە ژنکوژیی دەستیان پێ کرد. لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی سەدان نموونەی تیرۆرکردنی ژنانمان هەیە کە لەم تەوەرە جێگای باسکردنی کەیسەکانیان نابێتەوە. بەڵام رۆژانە لە رۆژنامەکان لیستی تیررۆر و رەشەکوژیی ژنان بڵاودەبنەوە. هەرەوەها رێگا رەئوف نووسەر و چالاکوانی بواری ژنان دوو پەرتووکی هەیە لە ساڵەکانی
١٩٩٧ و ١٩٩٨ بڵاوکرانەوە کە باس لە رەشەکوژیی ژنانی کوردستان دەکەن. هەروەها سەدان کەیسی کوشتنی ژنان پەردەپۆش کراون. یان چاوی میدیاکان پێیان نەزانیوە یان لە چاوی رێکخراوەکانی ژنانی ئازادییخواز پارێزراون. ئەو رەشەکوژییەی ژنان هەمووی لە کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کوردستان، بە بیانووی جیاواز ئەنجام دراون ئەوا جگە لە سەدان قوربانی تر کە ناچار بە خۆکوشتن و خۆسووتاندن کراون. حکومەتیش نەک هەر هەوڵی بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی نەداوە بەڵکو بە پێجەوانەوە هەتا بۆیان کراوە بکوژانی ژنانیان لە ژێر ئاڵای زەرد و سەوز و سپی پاراستووە و حەشاریانداون. ئەوانەشی کە بە دەگمەن سزایەکی شەرمنانەیان دابن ئەوا لە ژێر گوشاری بزووتنەوەی یەکسانییخوازیی ژناندا بووە. حکوومەت دەبێ خۆی بە بەرپرسیار بزانێ لە بەرامبەر دابینکردنی ژیانێکی ئارام و دوور لە هەرەشەی تیرۆر و توندوتیژییەکانی سەر ژنان. حکومەت دەبێ بودجەی تایبەت تەرخان بکا بۆ پاراستنی ژیانی ئەو ژنانەی دەکەونە بەر هەرەشەی کوشتن. حکومەت دەبێ ئەو ژنکوژانە لە دادگای ئاشکرا بە سزای گونجاو بگەیەنێ تاوەکو بیر و باوەڕی ژنکوژیی ببێتە ترسێک و لە ترسی دادگا و سزای رەوا، کەس نەوێرێ بە هەر بیانگەیەک، بیر لە ژنکوژیی بکاتەوە.


پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز پێکبێ؟

خولیا حوسێن: ئەم پرسیارە لە زۆربەی تەوەرەکانی سەبارەت بە مافەکانی ژنان دووبارە دەبێتەوە. من ناتوانم هێڵی راست و چەپ بێنم بەسەر هەموو ئەو کارانای کە رێکخراوەکانی ژنانی کوردستان ئەنجامیان داوە. دەتوانم بڵێم بزووتنەوەی یەکسانییخوازیی ژنان لە کوردستان لە ساڵەکانی
٩١ تا ٩٨ گوشاری زۆریان لەسەر حیزبە بە هێزەکانی کوردستان هەبوو و زۆرێک لە ژنان و پیاوانی هێنایە سەر گۆڕەپانی خەباتی یەکسانییخوازیی بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژییەکانی سەرژنان. ئەو سیمینارانەی بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمالگەی کوردی بەڕێوەچوون بە رابەریی رێکخکراوی سەربەخۆی ئافرەتان کاریگەریی زۆری هەبوو و هەتا ئێستاش کاریگەریی خۆی هەیە. بەڵام زۆر بە داخەوە کە ئەم ڕیکخراوەیە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن حیزبە دینییەکان هێرشی کرایە سەر لە هەولێر و لە سلێمانیش یەکێتی نیشتمانی کوردستان بنکەکانی بە زەبری چەک پێ داخستن. هەتا ئێستاش خەباتگێڕانی ئەو بزووتنەوەیە بە شێوەی جۆراوجۆر کاری خۆیان دەکەن و بوێرانە کەمپین دەکەن و رای گشتیی بۆ پرسی ژنان کۆدەکەنەوە. سەبارەت بە زۆربەی رکخراوەکانی ژنانی کوردستان دەتوانم بڵێـم؛ ئەوانە کۆسپی بەردەم یەکسانیی ژنانن چونکە ئەو ریکخراوانە زۆربەیان یان نوێنەری حیزبە دەسەڵاتدارەکانن یان رابەری پارتە دینییەکانن و بۆ ئەوە هاتوونەتە مەیدان کە عەبا و پەچە و دەستەوانە و چەفیە ببەخشنەوە کوشتنی نامووسیی شەرعیەت پێ بدەن و لە پەرلەمانیشدا دەستی بەڵێ بەرز بکەنەوە بۆ بەرقەرارکردنی ئەو یاسایانەی کە پلە دووی ژنان زیندوو و تۆختر دەکەنەوە. من بە بێ دوو دڵیی دەڵێم کە زۆربەی ئەو ژنانەی کە نوێنەری ریکخراوەکانی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و مەزهەبیەکانن نەیانتوانیوە کەمترین مافەکانی خۆیان بەدەست بێنن. ئەوانە چۆن دەبن بە رابەری ژنان، خۆ مەرج زۆریی و بۆریی نییە. بەڵی من رام وایە خەباتی ژنان بۆ بنەبڕکردنی توندوتیژیی و بەدەستهێنانی مافی یەکسانیی لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسییدا بە بێ بوونی پیاوانی یەکسانییخواز مەرامێکی ئەندێشەبازانەیە و نایەتە دی.

پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟ رێگەچارەکانت چین؟

خولیا حوسێن: من پەروەردەی ناو خێزانێکی دیندار و پابەند بە هەموو دابونەریتە باوەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردەواریم. زۆر ئازار و ئەشکەنجەم دیوە بە هۆئ ئەوەی کە نەمویستووە پەیوەست بم بەو دابونەریتە کۆنەوە کە بۆ من هەرگیز نەدەبوو بێدەنگ بم بەرامبەریان. زۆر شەڕم بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی خۆم و خەڵک کردووە. زۆر جار بە تەنیا لەسەر رێگانی خەبات بەجێیان هێشتووم. لێم تووڕە بوون و لێیان تووڕە بووم، دڵیان شکاندووم و دڵم شکاندوون. لەگەڵ ئەو هەموو کێشمەکێش و ناکۆکییانەشدا بە راشکاویی دەڵێم من کەسێکی ئازادم و بە ئازادیی رەفتار دەکەم لە هەموو بوارەکانی ژیان خاوەنی خۆم و رای خۆمم. بیرم نایە شتێکم بە مافی خۆم زانیبێ و بە مەرامی کەسێکیتر دەستم لەو شتە هەلگرتبێ. هاوکات ئێمە ئەندامی ناو ئەو کۆمەلگایەین کە ژنان بێ ماف کراون و بە پلە دوو دەژمێردرێن. ئەو کەسانەی باوەڕیان بە ئازادییەکانی ئێمە نییە ئەوانە ئازیز و کەسوکاری ئێمەن و خوێنمان یەکە و خۆشەویستی خۆمانن. بۆیە درۆیە ئەگەر بڵێین لە پێناو رازییکردنی ئەو ئازیزانە جاروبار بۆ کاتێکی کەمیش بێ هەڵسوکەوتی هەندێک کار و کردارمان کردووە کە خۆمان باوەڕمان پێیان نەبووە بەڵام چونکە کاریگەریی زۆر و هەمیشەییان لەسەر ژیانمان نەبووە پەیڕەومان کردوون بۆ رازییکردنی دەوروبەرمان. بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێم تاکەکان تەنیا ئەو کاتە بە تێریی ئازاد دەبن کە دەسەڵاتی سۆشیالیستیی بەرجەستە دەبێ.
سوپاس بۆ ئێوە
.

ماڵپه‌ڕی خولیا حوسێن

 

_________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/teweripiyawanle.htm 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک