٩\١٠\٢٠١٢
تهوهری
پیاوان لە روانگەی ژنانی یەکسانییخواز.
- ٧
-:
تاڤگە سابیر:
تا ژن شۆڕشێک لە ناخی خۆی نەکا، نە بە یاسای داسەپاو
بە مافەکانی خۆی دەگا نە بە یەکسانیی پیشە و سیاسەت
و..

سازادانی:
پایزە ئەحمەد
لەوڕۆدا زۆربەی پیاوان -
هەر یەکەو بە گوێرەی بیروباوەڕی خۆی - بە گفتار دان بە یەکسانیی نێوان
ژنان و پیاواندا دەنێن.. بەڵام بێجگە لە کەمایەتییەکی زۆر کەمیان
زۆربەی هەرە زۆریان لە رەفتاردا پیاوسالار و چەوسێنەرن! بە
بەدووداچوونی ئەوەی کە ئایە کێشەکان و هۆکارەکان چین؟ بەو چەند پرسیارە
پەیوەستدارە ژنان دەدوێنین:
پایزە ئەحمەد:
ئایە خودی پێکهاتەی سروشتی پیاو وەک رەگەزی نێر پیاوان بەو جۆرە
ئافەریدە دەکا؟ یان ئەوە دابونەریت و دین و دەسەڵاتە پیاوان بەو شێوەیە
بەرهەم دەهێنن کە هەن، یان هەردوو هۆکار هەر یەکەو بە ئاست و جۆرێک
کارتێکردنی خۆیان هەیە؟
تاڤگە سابیر: گەر لەم روانگەیەوە سەیری
بکەین رەهەندێکی کێشەی رەگەزی مێینەمان بۆ ئاشکرا دەبێ لە نێوان
چەوساندنەوەی ژن و رێگەگرتن لەو کەلتوورەی ژنان بەرهەمیدێنن.. من وا
هەستدەکەم گرفتی ژنان گرفتی کۆمەڵگایەکە، کە هەموو تواناکانی خۆی بۆ
چوونیەکیی و لەیەکچوون تەرخانکردووە و ناتوانێ قەبووڵی ئەویدیبوون بکا.
گرفتی ژن تەنیا گرفتی بوونەوەرێکی دیاریکراو نییە، کە ستەمی لێدەکرێ و
تراژیدیای کوشتنی دەنگێک نییە، کە دەیەوێ قسە بکا یان گرفتی رەگەزێک
نییە کە لەپەراوێزدا نەبێ جێی نابێتەوە، بەڵکو لەمەش گرنگتر گرفتی
کەلتوور و کۆمەڵگەیەکە کە هەموو کەرستەکانی خۆی بۆ چوونیەککردن و یەک
شوناسیی بۆ کوشتنی هەمەڕەنگیی و جیاوازیی تەرخانکردوو، ژن چاوێریی و
دیسپلین ناکرێ لەبەرئەوەی کە ژنە و پێکهاتەیەکی بایەلۆژیی جیاوازی هەیە
بەڵکو لەبەرئەوەی بوونەوەرێکی جیاوازە و جۆرێک لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی
بەرهەمدەهێنێ کە لەسەر بناغەی لێبووردەیی و قەبووڵکردنی جیاوازیی
راوەستاوە... کۆیلەکردن و کۆنترۆڵکردنی ژن لە ناوەڕۆکدا کونترۆڵکردن و
کۆیلەکردنی جیاوازییە... ئەوەی لە ژندا هەڕەشەئامێزە و کۆمەڵگەی
باوکسالاریی هەموو کەرستەکانی خۆی لە کەلتوور و سیستەمی یاساییەوە بگرە
تا هێز و دەسەڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەرخان دەکا نە هەڕەشەی سێکسیی و نە
ناهۆشمەندیی و لاوازیی کە بە پێی گوتاری باڵادەستیی پیاوسالاریی لە
خەسڵەتەکانی ژنن، بەڵکو ئەوەی هەڕەشەئامێز و جێی مەترسییە ئەزموونی
جیاوازییە و بێهودە نییە، دەبینین زۆربەی کوشتن و سزا توندەکان
پەیوەندییان بەو بارەوە هەیە، کە پەیوەندیی سێکسیی لە نێوان دوو کەسدا
روویداوە... چونکە ئەم پەیوەندییە لووتکەی خۆشەویستیی و قەبووڵکردنی
دوو بوونەوەری جیاوازە بۆ یەکدی.. ئەوەی لەم پرۆسەیەدا هەڕەشەئامێزە
خۆدی رەگەز نییە وەک گوتاری باڵادەست وێنای دەکا، بەڵکو نموونەی
پەیوەندییەکە کە جیاوازیی و لێکنەچوون قەبووڵ دەکا.. دواجار هەموو ژنان
کۆیلە نین هەر هەموویان وەک یەک ناچەوسێندرێنەوە و هەموویان بەر
هەڕەشەی تیرۆر و لێدان ناکەون، بەڵام کەم نین ئەو ژنانەی پاش
گوێڕایەڵیی و کۆنترۆڵکردن دەبن بە هاوبەشی سیستەمی کۆیلایەتی پیاوان و
لەگەڵ سەرجەم دەزگا و یاساکانیدا دەگونجێن و رازی دەبن.
پایزە ئەحمەد: ئایە تەنیا پیاوان هۆکاری
ئەو باری چەوسانەوەی ژنانن یان ژنانی ناهۆشیار و دەستەپاچەش رۆڵی خۆیان
هەیە لە درێژەدانی ئەو بارەی خۆیان؟ چارە چییە.. یان چاکترین رێیەکانی
چارەسەر چین لەو رووەوە؟
تاڤگە سابیر:
ژن تا شوناسی خۆی دیار نەکا ناتوانێ شوناسی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و
رۆشنبیریی بۆ ژنبوونی خۆی نیشان بکا و بۆ فەراهەمبوونی کۆشش بکا.
شوناسی نیشانکردنیش لە ناسینی خودەوە سەرچاوە دەگرێ وەک ئەوەی مرۆڤێک
چۆن خۆی دەناسێ؟ چۆن خودی خۆی دەناسێنێ؟ ئەو ژنانەش کە درک بەوە دەکەن
کە هەر وەکو چۆن وڵاتە زلهێزەکان باوەڕ بە سەروەریی ئە وڵاتانە ناکەن
کە لە خۆیان کەمهێزترن و کەی بیانەوێ سەروەرییان زەوت دەکەن.. بەو
شێوەیە سەروەریی پیاوەکە سەرخراوە بەسەر سەروەریی ژندا. بۆیە ژن ئەگەر
سەرەتا شۆڕشێک لە ناخی خۆیدا نەکا ناتوانێ بە راستیی شتەکان بگا. بۆیە
من پێم وایە ژن نە تەنیا بە یاسای داسەپاو نە بە یەکسانیی پیشە و
سیاسەت و دامودەزگانیتر ناگا بە مافەکانی خۆی.. ناگا بەو ئامانجەی کە
ژن خەونی پێوە دەبینن تا شۆرشی هۆشیارکردنەوەی ژن و کۆمەڵ روونەدا،
دیارە هۆشیاریی ژنیش بە هۆشیاریی کۆمەڵەوە بەندە.
پایزە ئەحمەد:
هەر کەسێک لە ناخەوە بەو
ژنکوژییە زۆرەی ئەو دواییانە رادەچڵەکێ یەکسەر پەنجەی تاوانکاریی بۆ
حکومەت و تەواوی دەسەڵاتداران رادەکێشێ، بەڕێزت لەو بارەوە چ دەبێژی؟
تاڤگە سابیر:
دەسەڵات ئەو یاسایانەی بۆ قەدەغەکردنی کوشتنی ژنە لە مەسەلەی ئابڕوو،
بەڵام لە لە پراکتیکی ژیانی رۆژانەدا هەر یەک لەو یاساغکراوانە
روودەدەن و یاساکان توانای پاراستنی ژنەکانیان نییە، گواستنەوەی
مافەکان لە ئاستی یاسای سەر کاغەزەوە بۆ ناو پراکتیکی کۆمەڵایەتی یەکێک
لەو گرەوە گەورانەیە کە رووبەڕووی ژنی کورد دەبێتەوە.
کێشەیەکی دیکەی ژنانی کورد ئەوەیە تا ئێستاش لە دەستی ئەو وێنە و رۆڵە
سیمبۆڵیکانە دەربازیان نەبووە، کە پیاوی کورد بە درێژایی مێژووی خۆی
بۆی کێشاون کە ژن دەکاتە سیمبۆڵی نیشتیمان و ئابڕووی نەتەوەیی؛ لەشی ژن
و لەشی نەتەوە، سۆزی ژن و سۆزی نشتیمانپەروەریی، نەریتی ژن و نەریتی
رەسەنی نەتەوە.. بە یەکدی یەکسان دەکا. بێگومان یەکسانکردنی ژن بەو
شتانە کۆمەڵێک کاری جیاواز ئەنجام دەدەن، یەکێک لە هەرە
گرنگترینەکانیان کردنی ژنە بە بوونەوەرێکی بێ رەگەز.
پایزە ئەحمەد: لەبەرچی ژنان زۆر بە کەمیی
بەشداریی لە رێکخراوەکانی ژنان دەکەن؟ یان لەبەرچی زۆربەی زۆری ژنان
رێکخراوەکانی ژنان بە پشتوپەنای خۆیان و داکۆکیکەر لە ماف و
ئازادییەکانیان نازانن؟ ئایە ئەوەش بە هۆی دەستتێوەردانی پیاوانە؟ ئایە
بەڕێزت بە باشتری نازانی رێکخراوی ژنان لە ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز
پێکبێ؟
تاڤگە سابیر: ئەو رێکخراوانەی ژنان کە
لەگەڵ دەسەڵاتدارکاندا بەشداریی پرۆژەی ئەتککردن و رووشاندنی شکۆمەندیی
و لەناوبردنی ژن دەکەن خۆیان لە رێکخراو و ناوەند و کۆمەڵە جیاوازەکانی
ژناندا توند کردووە بۆ لەناوبردنی شوناسی ژنبوون. ئەو رێکخراوانەی بە
ناوی ژن هەن لە کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ژنی تێدا کۆیلە
بکەن.. تێیدا ببێتە ژنێکی گوێرایەڵ و بەڵێ کار بۆ سەرجەم گوتار و
جیهانبینیی پیاوان و پراکتیزەکاریی سەرجەم میکرۆبە نامەعریفییە
کۆمەڵایەتییەکانی پیاوانی سیاسەتمەدار و بڵاوکردنەوەی ئەو میکرۆبە
کوشندەیە بە نێو هۆش و ئاوەزی سەرجەم ژناندا لە رێگەی ئەو جۆرە
نوێنەرانەوەی.. بەو شێوەیە ژن فریای ئەوە ناکەوێ بیر لە کۆششێکی
مەعریفی و عەقڵانی بکاتەوە، چونکە ئەو ژنانە بە سیاسەتی حیزبایەتی چەوت
پەروەردەی هزریی کراون و خاوەنی باکگراوندێکی مەعریفی و مرۆیی و
تەنانەت نەتەوەییش نین کە بتوانن ببنە خاوەنی گوتاری ژنانە.. هەروا
سیاسەتی کوردیی و جیهانییش نەک هەر ژن بەڵکو هیچ مرۆڤ و تاکێکی خاوەن
گوتاری مەعریفی لە نایاندا جێگەی نابێتەوە، چونکە لە بنەمادا گوتاری
مەعریفی کە بۆ دەرکەوتنی راستیی و جوانکردنی ناشیرینەکانە و گوتاری
سیاسییش گوتاری درۆ و ناشیرینکردنی جوانییەکانە.. بە بڕوای من بە
شاردنەوەی راستییەکان ژنان کەمتر دەتوانن لەو جیهانە درۆیە نزیک ببنەوە
تا پیاوان کەمتر دەربارەی هونەری دووفاقیی و درۆ گەورەکانی ژێر کڵاوی
سیاسەتمەداریی تێنەگا.. هەر بۆیە رێژەی ژنانی سیاسەتمەدار و هەبوونیان
لە رێکخراوەکانی بڕیاردان لە کوردستان کەمە کە دەرکەوتنیان مایەی
شەرمەزارییە.
پایزە ئەحمەد: خۆت وەک ژن تا چەند لە
بەرانبەر هاوسەر یان باوک و برا یان هەر نێرێک کە لەگەڵی دەژی لە
چەوسانەوەی پیاوسالاریی رزگار بووی؟ کێشەکان چین کە تا ئێستا خۆت یان
خۆت لە چوارچێوەی ژنان بە گشتیی بە تەواویی لە بندەستی پیاوانی
کۆنەپەرست و چەوسێنەر یان سیستەمی پیاوسالاریی ئازاد نەبووی؟
رێگەچارەکانت چین؟
تاڤگە سابیر: .......... .
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
_________________________________________________
لینکی وەڵامەکانی هەموو
بەشداربووەکان:
www.emrro.com/teweripiyawanle.htm
|