په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠١٢

تەوەری ساغکردنەوەی چەمکی یەکسانیی لە گفتارەوە بۆ رەفتار. - ٧ -:

ئاسۆ کەمال:  

لابردنی پەیوەندییە مادییەکانی خێزان، ژنان لە دەسەلاتی

باوک و برا و مێرد و سزا یاسایی و دینییە پیاوسالارییەکان رزگار دەکا.

سازادانی: نەجیبە مەحمود

 

بارودۆخی جڤاکیی و پرسی یه‌کسانیی نێوان ژنان و پیاوان، قسه‌ و باسی زۆر هه‌ڵده‌گرن، هەڵبەتە سەرەکییترین و پڕ بایەخترین خاڵی چەمکی یەکسانیی بریتییە لە ساغکردنەوەی ئه‌و چه‌مکه‌ له‌ گفتارەوە بۆ رەفتار، پێمان باش بوو ته‌وه‌رێکی تایبه‌ت لەو رووەوە ساز بدەین، هەر بۆ ئەو مەبەستە هێندێک نووسەر و رۆژنامەنووس یاخود هێندێک لەو کەسانەی کە له‌ بواری چالاکیی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی چالاکن یان هەر خۆیان وەک تاک چالاکیی لەو بارەوە دەنوێنن.. دەدوێنین و بە هاوکاریی ئەم ماڵپەڕە وەڵامەکانیان بڵاودەکەینەوە.

 

نەجیبە مەحمود: بەڕێزت وەک کەسێک کە بانگەشەی یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان دەکەی و خوازیاری ئەوەی ژنانیش وەک پیاوان لە گشت ماف و ئازادییەکان بەهرەمەند بن.. دەکرێ لە کار و چالاکییەکانت لەو بارەوە بدوێی کە بە گفتار یان بە رەفتار ئەنجامت داون؟

 

ئاسۆ کەمال: روووداوی کوشتنی دوعا زۆر کاری تێکردم و گەڕامەوە بۆ کوردستان تا کارێ بکەم دژی کوشتاری ژنان و چالاکوانەکانی ریکخراوەکانی ژنان و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەر و کەسانی یەکسانییخوازمان کۆکردەوە و کۆنفرانسمان گرت و دواتر کەمپینێکی راگەیاندنی سەراسەرییمان لە هەموو کەناڵی راگەیاندنی تەلەفزیۆنی و رادیۆیی و رۆژنامە و پەیامی مۆبایلدا کرد دژی کوشتن و توندوتیژیی ژنان. لەم رێگەیەوە میدیای فرانس پرێس و بی بی سی و زۆر سایتی جیهانیی راپۆرتی ئەو چاوپیکەتنەیان بڵاوکردەوە کە ئاماری کوشتنی ژنانم بە ١٢ هەزار ژن باسکردبوو. دواتر سەردانی شێڵتەری ژنانمان کرد لە سلێمانی و ئەوەی گرنگ بوو بەلامەوە ئەو ژنانەی توندوتیژییان لەسەر بوو گوێ بیستێکیان پەیداکرد و لە بیستنی دەنگیان لە رادیۆ و بینینی ئەو ژنانە لە شێلتەر و کارکردن لەگەڵ چالاکوانەکانی ژناندا هەستم کرد بە کردەوە کارم بە باوەڕی یەکسانییخوازییم کردوە و گرنگیی راوەستانی پیاوی یەکسانییخوازم لە بزووتنەوەی ژناندا لە نزیکەوە هەست پێکرد، کە لە وتار و چاوپێکەوتندا لەبارەوەیان دەدوێم.


جارێکی تریش لە ٨ی مارسی ٢٠١١ لە سەرای ئازادیی ئەو پیاوانەی بڵندگۆکەیان بەدەستەوە بوو دەیانویست بەرنامەکە کورت بکەنەوە کە ژنان بەڕێوەیان دەبرد. بۆ پشتیوانی لە دەنگی وتار و بڕیارەکانی ٨ی مارس بە حەماسەوە بۆ پشتیوانی لە ژنان و هاتنەمەیدانی ئازادییان قسەم کرد و لە کۆتاییدا "دروشمی ئازادیی و یەکسانیی داخوازی هەموومانی"م ووت زیاتر لە ١٠٠ ژن و کچ بە گەرمیی لەگەڵیان دەوتمەوە و جەماوەری هەزاران کەسیش دەیانوتەوە، لە بینینی روخساری گەشاوەی ژنەکان و دەنگی بەرزیان لە وتنەوەی دروشمی یەکسانییدا گەشامەوە و دەمزانی ئەمە دڵی کەسانی کۆنەپەرستی ئەو مەیدانەی تەنگ کردوە و ئەوانی بێدەنگ کردبوو. دوایی ئەندامێکی لایەنێکی ئیسلامیی لە ئەنجومەنی مەیدانی ئازادیی پێی وتم "ئەمڕۆ رۆژی دژی فرەژنیی بوو"،پێم وت ئەوە مانای ٨ی مارسە.

 

نەجیبە مەحمود: ئایە ئێوە وەک پیاوێک بە هەمان شێوەی هەر ژنێک - جا ئەو ژنە هاوسەرتە یان کیژ یان خوشک یان دایکتە یان هەر ژنێکە کە لەگەڵی دەژی - کاری خزمەتگوزاریی نێو ماڵ و بەخێوکردنی منداڵ ئەنجام دەدەن؟


ئاسۆ کەمال: من لە خێزانێکی کرێکارییەوە هاتوم و دایکم نان هێنەری ماڵ بوو. ئەم دوو هۆیە بونە مایەی ئەوەی کاتێک خۆم بە کۆمۆنیست زانی یەکسانیی و ڕیزی ژن جەوی هاوڕێیەتی لەگەڵ دایکم و خوشکەکانمدا دروست کرد و لە سەرەتاوە هاوکاری کاری ماڵم دەکرد و دواتر کە هاوسەرگیرییم کرد کاری ماڵ و بەخێوکردنی منداڵم بە هاوبەشیی ئەنجامدا و کاردابەشکردنی ئێستامان ئەنجامدانی کاری پێکەوەییە هەر کەس بەپێی کات و توانای و هاوڕێیەتی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی بنەمای ژیان و کاری ناوماڵ و دەرەوەی ماڵمانە.

 

نەجیبە مەحمود: ئایا ئەگەر هاوسەرکەت یان کیژ یان خوشک یان دایکت یان هەر ژنێک کە لێتەوە نزیکە هەڵسوکەوتێکی سێکسیی لە دەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجام بدا وەک ئەوەی کە ئەگەر تۆ ئەنجامت دابێ یان ئەنجامت داوە.. هەڵوێستت چی دەبێ؟ ئایە هەر هەمان هەڵوێستت دەبێ بەرانبەریان وەک ئەوەی لە بەرانبەر کوڕ یان برا یان باوکت یان خۆت دەتبێ کە هەمان هەڵسوکەوتی سێکسیی ئەنجام دەدەن؟ ئەگەر نا.. ئایە یەکسانییخوازییەکەت نابێتە قسەیەکی رووت و بێ کردەوە؟


ئاسۆ کەمال: هاوسەرگیریی و ژیانی پێکەوەیی و تەنانەت خۆشەویستیی و پەیوەندیی بۆی فرێند و گێڵ فرێند (هاوڕێی کوڕ یا هاوڕێی کچ) هەرکامەیان کاریگەری لەسەر پەیوەندیی سێکسیی مرۆڤ هەیە. پیاو یا ژن لە هەر کام لەم پەیوەندییانەدا بێ وەکو یەک و یەکسانن لەوەی پەیوەندیی سێکسیی خۆیان چۆن دەبەن بەڕێوە. تەنیا ئەو دوو کەسە باڵغەی سەروو ١٦ساڵن و پەیوەندیی سێکسییان هەیە لەوە بەرپرسیارن کە ئەو پەیوەندییە سێکسییەیان چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی پێکەوەیی و خۆشەویستییان هەیە. لەوانەیە لەکاتی بونی هاوسەردا پەیوەندیی سێکسیی لەگەڵ کەسی تردا ژیانی هاوسەرییت هەڵوەشێنێتەوە و لەوانەیە ئەم مەسەلەیە چارەسەر بکرێ بە بێ جیابوونەوە. بەڵام نابێ هیچ دەسەڵاتێکی دەوڵەتی و خێزانی و دینیی دەستوەربداتە ئەم کێشە کەسییەوە و کێشەی ئەو دوو کەسەی لەسەر پەیوەندییەکی سێکسیی دروست بووە کاری ئەو دوو کەسەیە و چارەسەری بەدەست ئەوانە کە لەسەر چ شتێک ڕیدەکەون. دانانی چوارچێوەی پیرۆزی خێزان لە کۆمەڵگا چینایەتییەکاندا و دانانی سزا یاسایی و دینییەکان بۆ ژن یا پیاو کە لەو چوارچێوەیە دەردەچن بۆ پاراستنی موڵکایەتی و میراتیی ئەو یەکە ئابوورییە - کۆمەڵایەتیەیە کە بە خێزان ناودەبرێ. ژنان لەم چوارچێوەدا هەمیشە کۆیلە و بەستراوە و ژێردەستەبوون لەم دامەزراوە کۆمەڵایەتییەدا. لابردنی ئەم پەیوەندییە مادییە لەسەر پەیوەندیی ژن و پیاو ،خێزان و ژیانی پێکەوەبوونی دوو مرۆڤ لە یاسا و سزاکان رزگاردەکا. ژنان لە دەسەڵاتی باوک و برا و مێرد ڕزگار دەکا کە لە کوردستان ئەم پیاوسالارییە لە سایەی دەسەڵاتێکی بنەماڵەیی و خێلەکیی و میلیشیایی سیاسییدا کردۆتە هەرێمێک بۆ ژن کوشتن.

 

نەجیبە مەحمود: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیاوانن ئه‌نجامده‌ری ده‌ستدرێژیین بۆ سه‌ر ژنان، هاوکات هه‌ر ئه‌و پیاوانه‌ن که‌ ژن به‌ شه‌ره‌فی خێزان دەزانن، تۆ ئه‌و دوو جۆر هه‌ڵسوکه‌وت و دوو که‌سایه‌تییەی پیاوان چۆن هەڵدەسە‌نگێنی؟

 

ئاسۆ کەمال: پیاو وەکو بوونەوەرێک بەرپرس نییە و ڕەخنە لە رەگەزی نێرینە نییە. سەرچاوەی ئەم تاوانانەی پیاوان ئەنجامی دەدەن، ئەو سیستەمە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەیە کە لەسەر جیاکاریی ژن و پیاو بنیات نراوە و پیاوی کردۆتە باڵادەست و ژنیش ژێردەستەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی. سیستەمێک لەسەر دەسەڵاتی پیاوسالاریی و موڵکایەتی تایبەت و پاراستنی میراتیی دامەزراوە. دین و یاساکان بۆ پیاوان دانراوە کە ئەو ئەرک و دەسەڵاتە بەجێ بگەیەنن. پیاوان کاتێ لەم دەمارگیرییەی دژ بە ژنان ڕزگاریان دەبێ کاتێ خۆیان بە مرۆڤی یەکسان بزانن و لە راستیدا مرۆڤایەتییەک کە دین و پیاوسالاریی لێی زەوت کردون و ئایدیۆلۆژیی و دنیابینیی باڵادەستیان بەسەر ژنان و مافی چەند ژنە و بە نیوە حساب کردنی ژنان لە میرات و شایەتی و نەبونی ئازادیی تەڵاق و سەرپەرشتیی منداڵ و دانانیان بە شەرەفی پیاو و خێزان. ئەم سیستەمی خێزانیی و دەستدرێژیی سێکسیی و لەشفرۆشتتە پاکێجێکن پێکەوە کە پیاو قوربانی ئەم سیستەمەیە کە ژن و پیاوی تێدا یەکسان نییە. لەم سیستەمەدا ژن لەناو خێزاندا بێ یا لە دەرەوەی خێزان پارێزراو نییە. لەناو خێزاندا بە شەرەفی کەسی تر دادەنرێ و ئەگەر لەم چوارچیوەیە دەرچێ ئەو کەسە مافی کوشتن و سزادانی هەیە. ئەگەر کەسێک دەستدرێژیی سێکسییش بکاتە سەری هەر ژنەکە تاوانبارە بەوەی شەرەفی خاوەنەکەی لەدەستداوە. ئەم خاوەندارێتییە کە لە سیستەمی خێزانی سەرمایەدارییدا هەیە، لە سایەی دەسەڵاتێکی سیاسیی خێلەکیی و شەریعەتیی دا کۆت و بەندەکانی توندکراوەتەوە و ٢٠ ساڵە ئەم دوو حیزبە میلیشیایە و ئیسلامییەکانی کوردستان وەکو یاسا و سوڵحی عەشایەریی و خوتبەی رۆژانی هەینی مێشکی پیاو و کۆمەڵگەی کوردستانیان پێ قانداوە. رزگاریی لە دەست ئەم جیاکارییەی ژن و پیاو ئەرکی بزووتنەوەی یەکسانییخوازانەی کرێکاران و ئازادییخوازانی کوردستانە بە ژنان و پیاوانە وە کە کۆمەڵگە لەدەست ئەم دەسەڵاتە پیاوسالاریی و کۆنەپەرستانەی حیزبە ناسیونالیست و ئیسلامییەکان و سیستەمە سەرمایەدارییەکەیان ڕزگار بکەن و ئیعتبار و مافی مرۆیی بۆ ژنان و پیاوانی ئەم کۆمەڵگەیە بگێڕنەوە.

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

___________________________________________________

لینکی وەڵامەکانی هەموو بەشداربووەکان: www.emrro.com/tewerisaxkirdinewe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک