١\۴\٢٠١٠
ته‌ونی
مردن.
به‌رزان
هه‌ستیار
له‌ئه‌زه‌له‌وه ، خه‌به‌رم له شه‌ڕی مردن هه‌بوایه
به‌گه‌مه‌ی ژیان قایل نه ئه‌بووم
*******
بەر لەوەی دەنگم بگاتە ئەو بەر
ڕەنگە ، مردن قەرزەکەی خۆی داوا بکاتەوە ،....
دەیسا من چیم کرد ؟!
*******
تەنها شتێک کە مردنم بیر بەرێتەوە و
مەرگم چه‌ند سه‌ده‌یه‌ک دوا بخات ، عیشقە
*******
مردن لەمسەرەوە بێت ،......
من لەو سەرەوە بۆی دەرئەچم
مادام ، ئەو ، بێ وادە دێت
منیش ئەوەندە خۆمی لێ ئەشارمەوە ، .......
هەتاکو ئەژنۆی شل ئەبێت
*******
یەکەم خاوەن ماڵم میوان دەر بکەم
گەر بۆم بکرێت دەرگاشی لێ ناکەمەوە ؛...
مردن میوانێکی بێ ئه‌ده‌به !
*******
هەمیشە به درۆوه پێئەکەنم
بۆ ئەوەی مردن وا بزانێت منەتم پێی نییە و
وێڵم کات
*******
سوپای مردن لە پێشم و
ده‌ریای مردن لە دوامەوە ،.
بۆ ئاسمان هه‌ڵئەکشێم ،
ئه‌چم به ناخی ئه‌رزا....
تا کەمێک کات بکوژم
*******
ئەوە ، مردن شه‌رم ناکات
لەبەر چاوی منداڵان ئەمانڕفێنێت!!؟
*******
دەستم بە پەلەکەی هەوریشەوە بێت
مردن لە کۆڵم نابێتەوە ،
سەیریکه‌ن چه‌ند چاو برسییه!!
*******
مردن ، ڕاشمکێشێتە ڕاڕەوەکانی خۆیەوە
دان بەدۆڕاندنی خۆمدا نانێم
*******
که مردن دێت ، من مه‌ستم و
دراوسێکان له‌دووم ئه‌نێرن
بانگ به‌گوێی مناڵه‌کانیانا بده‌م !
*******
مادام تۆ هاتیت ،
تا ئه‌به‌د ، به بۆنی خۆشی تۆوه
له‌وبه‌ر ماڵی مردنه‌وه ژیان بژار ئه‌که‌م
*******
نازانم ، مردن ، بۆ وەک قوتابییەکی تەممەڵ
بۆ ئافەرینێک ،......
خۆی سەرقاڵ کردووە بە ئێمەوە ؟!
*******
که دواهه‌میین پیاسه‌م له‌گه‌ڵ مردن‌دا .....
به که‌ناره‌کانی "وجود" دا کرد
ئه‌وه‌نده به گه‌رمیی له شته‌کان ڕائه‌مێنم
مردن به ساردییه‌وه سه‌یرم کات !
نۆڤێمبه‌ر و دیسێمبه‌ری
2009
ئه‌ڵمانیا- کۆلن
bhastiar@yahoo.de |