په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠١٤

تەیمووری ئەنفال؛ گەشتێکی مێژوویی بەرەو شوێنێکی نادیار؟!


ستار محەمەد قادر   


تەیمووری ئەنفالم بۆ سێیەمین جار خوێندەوە؛ کتێبەکەم لەنێو کتێبخانەکە دانا و تەیمووری دوازدە ساڵیش لە نێو هزر و ناخم، بە ڕاستی ئەوە حوکمی قەدەرە تەیمووری دوازدە ساڵی نەکرد بە یەکێک لە قوربانییەکانی ئەنفال و بیابان، قەدەر ئەوی رادەستی دەستێکی پاک و ئەمین کرد، راستە تەیموور لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەموو کەسوکاری لەدەستدا، بەڵام خێزانێکی پێبەخشی نە ئەو لە زوبانیان شتێکی دەزانی و نە ئەوانیش لە تەیموور تێدەگەیشتن، ئەلبێر کامۆ دەڵێ: ژیان گەشتێکە لە رەحمی دایکەوە بۆ گۆڕ، لێ تەیموور گۆڕ بەجێدەهێڵێ و نازانێت بۆ کوێ گەشت دەکا و چارەنووسی بە کوێ دەگات؟ گەشتەکەی تەیمووری دوازدە ساڵ، ئەوەی کریستۆف کۆڵۆمبس نییە، نە ئەوەی (ماوتسی تۆنگ)یش، بەڵکو گەشتێکی نادیارە، ئەو خێزانە عارەبە دەیانتوانی بۆ جارێکی تر تەیمووری دوازدە ساڵ بکەن بە یەکێکی دیکە لە قوربانییەکان، لەو کاتەشدا جیهانێکی مردوو، هەرگیز لە توانایدا نەدەبوو تاقە یەک مرۆڤی زیندوو وەکو شایەتحاڵێک پێشکەش بە جیهان بکات. گەشتەکەی تەیموور، داستانێکە لەپێناو ئاشکراکردنی راستیەکاندا!


راستە تەیموور لەو تەمەنەدا لە منداڵێک زیاتر نەبووە، بەڵام خاوەن رۆحێکی زیندوو بووە، نەیویستووە خۆی رادەستی شەقی زەمانە بکا و بێ ئیرادە دەربکەوێت، بۆیە بە هەر نرخێک بووبێت لە هەوڵی ئەوەدا بووە لە دەلاقەی ئەو گەشتەوە بە شوێن چارەنووسی خۆیدا بگەڕێت!


تەیموور ئەمڕۆ تەنها موڵکی خۆی نییە، وەکو کاک عارف قوربانی لەسەر بەرگی کتێبەکەی ئاماژەی پێدەکات، تاقە رزگار بووی گۆڕی بەکۆمەڵی ژن و منداڵە ئەنفالکراوەکانە، تەیموور تا لەژیاندا بێت، نوێنەرایەتی رۆحی پاک و بێ گەردی ئەوان دەکات، تەیموور و ئەنفال دوو شتی گرێدراوی یەکن، ئەگەر ئەنفال لە لای ئێمە زامێکی قووڵ بێت، دەبێت هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا ببین برینیەکانی نێو ناخی تەیموور ساڕێژ بکەین.


من لێرەدا سوپاسگوزاری برای بەڕێز و بنووسی خەم و ئازارەکانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە کاک "عارف قوربانی " دەکەم، بەرایی وامدەزانی تەنها شوێنێک لە کتێبخانەکەم دەگرێت، لێ ئێستا تەیمووری ئەنفال بەشێکی دانەبڕاوە لە ژیانم، کاک کاردۆ راستی فەرموو: ئەگەر رستەیەک لەم کتێبە بخوێنیتەوە، ئیتر ناتوانیت دەسبەرداری ببیت.


تەیموور دەڵێ: " ئەوەی بە من بکرێت بە هیچ شێوەیەک درێغی ناکەم، بە دڵنیاییەوە هەموو کارێک لەگەڵ هەموو نووسەرێک دەکەم بۆ ئەوەی ئەو تاوانەی کە لە بەرانبەر نەتەوەکەمدا ئەنجام دراوە ئاشکرای بکەم بۆ ئەوەی بە شاردراوەیی نەمێنێتەوە، خوای گەورە منی رزگار کرد، بۆ ئەوەی ئەو تاوانە ئاشکرا بکەم، هەمیشە قسە دەکەم لە شوێنی ئەو کەسانەی وا بۆ جارێکی تر ناتوانن قسە بکەن و بەرگری لەخۆیان بکەن "!


بێ گومان تەیمووری ئەنفال بەرهەمی رۆماننووسێک نییە کە لەخەیاڵدانیدا بەرجەستە بووبێت، فلیمێکی سینەماییش نییە تا دەرهێنەر و سیناریست لەپشتیەوە بێت، ئەمە چیرۆکێکی راستەقینەیە، چیرۆکێک ئەگەر لە نێو ئێمەی کوردا رووی نەدایە، وەکو گۆرانی شاعیر دەڵێ:


بەڵێ دیارە لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لێخندا
بەڵام تەختی روفاهو تاجی حورمەت میللەتی هۆشیار
بە ئوستادێ ئەدا وەک تۆ لە ناو شمشاڵی کون کوندا
بەڵام چی بکەین لەناو چاوی رەشی بەعزێ زەکای گەورە
وەکو تۆوی گوڵی دەم_ با لەسەر بەردێکی رەق ئەڕوێن
ئەگەر خیلقەت نەسیبی عومری تۆی مەحکوم ئەم دەورە
نەکردایە ... خودا عالیم ... لەکام عەرشت ئەسوو داوێن؟!


لە کۆتاییدا پێم باشە ئەم پێشنیارانە بخەمە بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان:


١- پێویستە رێکخراوێکی خێرخوازی بە نێوی تەیمووری ئەنفال لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.
٢- بەڵێنەکەی هەڤاڵ مام جەلال بە کردنەوەی نەخۆشخانە و خوێندگایەک لە سەماوە جێبەجێ بکرێت.
٣- کتێبی تەیمووری ئەنفال بخرێتە نێو مەنهەجی خوێندنەوە.


جگە لە پەنجەگوشین و دەستخۆشیی لە برای بەڕێز و خۆشەویستم، مامۆستا عارف قوربانی، پێیدەڵێم: تۆ عارفی و هەر بە عارفی بمێنەرەوەو زۆر قوربانی تر هەن چاوەڕوانی دەست و خامەی تۆ دەکەن، سەرفراز و سەرکەوتو بیت.

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک